ئامادەکارییەكانی سێهەمین کۆڕبەندی نیشتیمانیی چمک بۆ ڕیفۆرمی میدیایی درێژەیان هەیە

چمک؛ لەندەن: سێهەمین کۆڕبەندی نیشتیمانیی چمک بۆ ڕیفۆرمی میدیایی؛ لە 128ساڵڕۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردیی لە وڵاتی بەڕیتانیا ڕێکدەخرێت و ئامادەکارییەکانی ڕێکخستنی درێژەیان هەیە و تا ڕۆژی 15ی كانوونی دووهەمی 2026 پتر لە 25 پوختەی توێژینەوە گەیشتوونەتە لیژنەی سەرپەرشتیاری كۆڕبەند.

لەو چوارچێوەیەدا و لە شاری لەندەن؛ ڕۆژی پێنجشەممە (23ی تشرینی دووهەمی 2025) سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کاروان جەمال تاهیر پێشوازیی لە پ.ی.د.شوان ئادەم ئەیڤەس، سەرۆکی ڕێکخراوی چاودێریی میدیای کوردی (چمک) کرد.

لەمیانی پێشوازییلێکردنیاندا؛ سەرۆکی ڕێکخراوی (چمک) پوخته‌یه‌کی ده‌رباره‌ی کارو چالاکییه‌کانی ڕێکخراوه‌که‌ و پڕۆژەی «سێهەمین کۆڕبەندی نیشتیمانیی چمک بۆ ڕیفۆرمی میدیایی» و پێویستیی ڕێکخستنی لە وڵاتی بەریتانیا خستەڕوو . دواتر پێداگریی له‌سەر ڕۆڵ و کاریگەریی ڕێکخراوە‌ ناحکوومییەکان له‌ به‌شدارییکردنیان له‌ کەرت و کایە جیاوازەکانی کۆمه‌ڵگه‌ و پرۆسه‌ی دیمووکراسیی و سەرپێخستنی میدیای نیشتیمانیی پیشەگەردا کردەوە. هەروەک بە پێویست زانرا؛ سوود لە تێڕوانینی جیاواز و ئەزموونی ڕیفۆرمی میدیایی لە وڵاتانی خۆرئاوا و ئەوروپا و لەنێویشیاندا به‌ریتانیا وەربگیرێت.

لەو ڕووەوە؛ سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە شانشینی یەکگرتووی بەریتانیا به‌ڵێنی هەماهەنگیی و هاوکاریی خۆیان له‌ باشتر ڕێکخستنی سێهەمین کۆڕبەندی نیشتیمانیی چمک بۆ ڕیفۆرمی میدیایی لە شاری لەندەن دووپاتکردەوە.

ئەو کۆڕبەندە؛ بڕیارە لە ڕۆژانی 21 و 22ی نیسانی 2026دا لە شاری لەندەن-ی پایتەختی بەریتانیا بە دەستپێشخەریی ڕێكخراوی چاودێریی میدیای كوردی (چمك) و بەشداریی چەند زانکۆیەکی نێوخۆیی و نێودەوڵەتیی لە 128ساڵڕۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردییدا لە ژێر ناونیشانی؛ ڕیفۆرمی میدیایی لە ناوچەکانی پاش-ململانێدا: کۆنفرانسێکی زانستیی نێودەوڵەتیی لەسەر نەخشەڕێگەی سیاسەتی ستراتیژیی کوردستان ڕێکبخرێت. ئەم كۆڕبەندە لە ڕۆژی 15ی تشرینی دووهەمی 2025 ڕاگەیاندرا و تا ڕۆژی 15ی كانوونی دووهەمی 2026 پتر لە 25 پوختەی توێژینەوە بە زمانەكانی كوردیی و ئینگلیزیی لەلایەن پتر لە 30 توێژەر لە زانكۆكانی كوردستان، عێراق و نێوەندە ئەكادیمییەكانی بەریتانیا و نەرویج گەیشتوونەتە لیژنەی سەرپەرشتیاری سێهەمین كۆڕبەندی نیشتیمانیی چمك و ڕۆژی 25ی ئاداری 2026 وەك دوا وادەی ناردنی تەواوی توێژینەوەكان دیارییكراوە و پاش هەڵسەنگاندن و یەكلاكردنەوەی ئەنجامەكانیان، وا بڕیارە لە ڕۆژانی 21-22ی نیسانی 2026دا توێژینەوە پەسەندكراوەكان پێشكەشدەكرێن.

دەنگدان

بە بڕوای تۆ راگەیاندنەكان لەهەرێمی كوردستاندا؛ ناسەربەخۆن؟