میدیای کوردی و جیاکاریی جێندەری

هەرێمی كوردستان، سلێمانی: میدیای کوردی و جیاکاریی جێندەری، ناونیشانی یەکەمین کۆڕی رەخنەیی رێکخراوی چاودێریی میدیای کوردی (چمک) بوو کە ئەمڕۆ بە دروشمی میدیاو پێویستیی چاودێرییکردنی بۆ هەریەک لە د.نەزاکەت حەمەحسێن و خانم رەحیم رێکخرا.

لەسەرەتای کۆڕەکەدا، د.هەتاو حەمەساڵح وەک ئەندامێکی دامەزرێنەری رێکخراوی چاودێریی میدیای کوردی، کورتە باسێکی لە بارەی رێکخراوەکەو پێویستیی دامەزراندنی و ئامانجەکانی خستەڕوو. پاشتر تیشکی خستەسەر رۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژ بەمێیینەو ئەو ئامارە نوێیانەی لەوبارەوە پێشکەشکراون.

لەبەشی یەکەمی ئێوارە کۆڕەکەدا، د.نەزاکەت حەمەحسێن، پرۆفیسۆری یاریدەدەر لەبەشی راگەیاندنی زانکۆی سلێمانی ئاماژەی بەچەند لایەنێکی پرسەکانی ژنان دا لەنێو میدیای کوردییدا کە بەجۆرێک شێوێنراون ژن وێنەی قوربانییەکی سێکسی، دەمەوەرو کێشەدروستکەری داوە بەدەستەوە. هاوکات، ژنان و رێکخراوەکانی ژنانیشی بەهۆکارێکی دیکەی ئەو وێنە شێوێنراوە زانی کە نەیانتوانییوە داکۆکیی لەمافەکانی ژنان بکەن و رێگەنەدەن ژن وەک کاڵایەکی سێکسیی و هاووڵاتییەکی پلە دوو وێنابکرێت. هەروەها جەختی لەوەشکردەوە کە بەدەگمەن نەبێت، هیچ دەزگایەکی میدیایی کوردی زەمینەسازیی بۆهاتنەپێشەوەی ژنان نەکردووە تاوەکو لەئاستە باڵاکانی بڕیاردان و بەڕێوەبردندا بن و وەک نێرینە هاوپیشەکانیان چانسی دەرکەوتن و سەرکەوتنیان بۆ بڕەخسێنرێت.

لەبەشی دووەمی ئێوارە کۆڕەکەدا، خانم رەحیم بەڕێوبەری رێکخراوی ئاسودە بۆ پرسەکانی ژنان، تیشکیخستەسەر دیارترین ئەو هەواڵ و راپۆرت و پەیامە رۆژنامەوانییانەی میدیا کوردییەکان کە ناونیشان و ناوەڕۆکیان لێکجیاوازەو بەمەبەست هەوڵی ئەوە دەدرێت کە ژن وەک بونەوەرێکی دەستەمۆو بێدەسەڵات پیشان بدرێت. هاوکات، دیارترین دەرەنجامەکانی راپۆرتێکی رێکخراوەکەی خستەڕوو کە میدیا دیارەکانی کوردستان وەک پێویست رووماڵی پرس و کێشەکانی ژنان ناکەن.

دوابەدوای پێشکەشکردنی باسەکان، بەشێکی زۆر لەئامادەبووان بەپرسیارو سەرنجەکانیان ئێوارە کۆڕەکەیان دەوڵەمەندکرد. هەندێکیان رەخنەی ئەوەیان لەژنان گرت کە خۆیان هۆکاری ئەو وێنە ناشیرینەن کە میدیای کوردی بۆی دروستکردوون، بگرە زۆرجار ژن تەنها بۆ جوانکاریی دەزگا میدیاییەکان بەکاردەهێنرێن نەک پشتبەستن بەتواناو سەلیقەو لێهاتوویی پیشەییان.

ئەم زنجیرە کۆڕانەی رێکخراوی چمک بەسپۆنسەری بەڕێوەبەرێتی رۆشنبیری و هونەری سلێمانی، چاپخانەی ئاسا و گەلەری ئورفە بەڕێوەدەبرێن.