د. شوان ئادەم ئەیڤەس دەبێتە ئەندامی دەستەی نووسەرانی گۆڤاری نێودەوڵەتیی IJLLH

چمک، هەرێمی کوردستان، 18ی ئابی 2025: لەسەر بانگهێشتی فەرميى  گۆڤارى نێودەوڵەتیی International Journal of Literature, Linguistics, and Humanities (IJLLH) سەرۆکی ڕێکخراوی چاودێری میدیای کوردی (چمک)، د. شوان ئادەم ئەیڤەس، دەبێتە ئەندامی دەستەی نووسەرانی ئەو گۆڤارە ئەكاديميىە کە بە زمانی ئینگلیزیی لە سویسرا چاپ و بڵاودەکرێتەوە.

لە بانگهێشتی فەرمیی ئەو گۆڤارە نێودەوڵەتییە نوێییەدا هاتووە: “بە جۆش و خرۆشێكی زۆرەوە بانگهێشتتان دەکەین بۆ بەشداريی لە پۆستی دەستەی ڕاوێژکاريی سەرنووسەر/سەرنووسەری میوان لە گۆڤارەکەماندا. بابەتەکانمان بە هەڵسەنگێنەرە هاوتاکان (peer reviewer) پێداچوونەوە دەکرێت و دەتوانرێت بە سەرچاوەیەکی سەرەکيی بۆ بڵاوکردنەوە و پێداچوونەوەی پسپۆڕان لە بوارەکان: ئەدەبیات، زمانەوانیی، زانستە مرۆییەکان-دا بەکاربێت. خۆشحاڵین کە تۆ وەک نموونەیەکی سەرنووسەر، دەستەی ڕاوێژکاريی سەرنووسەر یان سەرنووسەری میوان کاندید بکەین بۆ ڕوڵی ناوازە و ناوبانگت لە پیشەکەتدا.”

ڕۆڵی سەرەکيی ئەندامى دەستەى نووسەرانى گۆڤارێكی زانستیی نێودەوڵەتیی لە چوار خاڵی سەرەکيیدا نیشاندراوە، لەوانە: پێداچوونەوە و پێدانی فیدباک لەسەر دەستنووسی توێژینەوە پێشکەشکراوەکان، پێشنیازکردنی پێشکەشکردنی توێژینەوەی کوالیتی بەرز و بابەتگەلی تایبەت، ڕاوێژکاريی سەبارەت بە بابەتی گۆڤارەکان، ستانداردەکانی کوالیتی و ئیتیكی بڵاوکردنەوە، پێشخستنی گۆڤارەکە لە تۆڕە ئەکادیمیی و پیشەییەکاندا.

د. شوان ئادەم ئەیڤەس، پڕۆفیسۆری یاریدەدەر لە خوێندنی كەمیونیكەیشن، كولتوور و میدیا لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی و سەرنووسەری گۆڤاری پەروەردەی میدیایی دەرگاوان، لە لێدوانێکیدا وتی: “ئەم بانگهێشتە شەرەفيَكی گەورەیە بۆ هەوڵە ئەکادیمی و پیشەییەکانم و نیشاندانی هاوکاريی نێوان کولتوورە جياوازەکان کە تۆڕە ئەکادیمییە جیهانییەکان دابینيان کردووە. ئەم بانگهێشتە؛ یەك خاڵی ئەرێنیی دڵخۆشكەری تێدایە كە پەیپێبردن و پێزانینە بە هەوڵ و هەنگاوی ئەكادیمیی و پیشەیی بەندە لەلایەن كەسانێك كە ڕەنگ و ڕەگەز و ئایین و ئایینزا و نەتەوە و زار و زمانیان لەگەڵمدا جیاوازە. سووپاس بۆ “گوندە بچووكەكە”ی ئینتەرنێت و خزمەتگوزارییە بێسنوورەكانی كە بەندە-ی لە نەتەوەیەكی بێكەسی بێدەوڵەتەوە كردە هاو”گوند”ی كەسانێكی كەسداری جیهانیی دەوڵەتدار!”

د. ئەیڤەس نووسەرى کتێبی “کولتوورەکانی ڕۆژنامەگەريی کوردی” بە زمانی ئینگلیزیی، لە گۆڤارە نێودەوڵەتيی و ناوخۆییەكاندا بە شێوەیەکی بەرفراوان توێژینەوەکانی لەبارەی بەكارهێنانەكانی ژیریی دەستكرد لە بەرهەمهێنانی ناوەڕۆكی میدیاییدا، پێوەرەكانی ڕێسا پیشەییەكانی ڕاگەیاندن، ڕێكخستنی سیاسەتی تایبەتمەندێتیی لە كولتوورەكانی ڕۆژنامەگەرییدا، پەروەردەی خوێندەواریی میدیایی بڵاودەکاتەوە و بە بەشدارییە نايابەکانی لە توێژینەوەی میدیاييدا ناسراوە.

دەنگدان

بە بڕوای تۆ راگەیاندنەكان لەهەرێمی كوردستاندا؛ ناسەربەخۆن؟