نووسینی: د.شوان ئادەم ئەیڤەس
ناسینی میدیا یاخوود میدیاناسیی لە ڕێگەی خوێندنەوەی تیۆر و تێز و ڕانانی کتێبی میدیایی-ەوە؛ یەکێکە لەو پلان و پڕۆژە و پڕۆگرامە ستراتیژییانەی لە دوای تەواوکردنی تێزی دکتۆرا-کەم لە بەریتانیا بە بەردەوامیی بیری لێدەکەمەوە، چوونکە سەدان کتێبی ناوازەی میدیایی کەوتن و دەکەونە بەردەستم کە پێشتر چانسی ناسینی ناونیشان و بە وردیی خوێندنەوەی ناوەڕۆکیانم نەبووە و نییە!
«بەخێربێن بۆ گوندە بچکۆلەکە»؛ نۆبەرەی بەرهەمە چاپکراوەکانی ئاراس سەعید-ە. ئەو گەنجە خوێنەرە خوێنگەرمە خۆشەویستەی لە دوا ساڵی خوێندنی بەکالۆریۆس لە بەشی ڕاگەیاندن لە کۆلیژی زانستە مرۆڤایەتییەکانی زانکۆی سلێمانی؛ چاپ و بڵاویکردەوە. کاتێک لە ڕێگەی ناسیاوێکییەوە بە دیاریی کتێبەکەی پێشکەشکردم؛ لەگەڵ سێ ئەکادیمیی دیکەدا (دووان پڕۆفیسۆر و دووان پڕۆفیسۆری یاریدەدەر)، لە هۆڵێکی زانکۆی سلێمانی سەرگەرمی تاووتوێکردنی ماستەرنامەیەکی تایبەت بە «تیکتۆک و لێکەوتەکانی» بووین!
جگەلە ناونیشان؛ ئەوەی لە چەند دێڕی «دیاری و پێشکەشە»ی یەکهەم لاپەڕەی کتێبەکەییدا بە من سەرنجی ڕاکێشام، بە هەڵەنووسینی ناوی سێهەمی خۆم بوو کە بە ڕاستیی نەینووسیبوو: ئەیڤەس! هەڵبەت ئەم نووسەرە گەنجە؛ یەکهەم و دواهەم کەس نییە و نابێت کە بە درووستیی ناوی سێهەمی بەندە گۆناکەن و هێشتا حونجەکردنیان بە زمانی شیرینی کوردیی ڕاستنییە، بەڵام ئەمجۆرە «هەڵە»یە درووست وەکئەوە وایە بە فەرمیی بانگهێشتی بۆنەیەکی گەورە و گرنگ بکرێیت، بەڵام لە شوێنی شیاوی خۆتدا داتنەنێن یان بەهۆی ئاماژەی کارمەندێکی هەراشی پڕۆتۆکۆل-ەوە، شوێنی دانیشتنت لێ بگۆڕدرێت. ئیتر سیحری بۆنەکە و بەشێک لە گرنگییەکەی؛ بەهۆی «هەڵە»یەکەوە تەرکیز-ت پەرتدەکات و بە ئاسانیی بۆت کۆناکرێتەوە!
چەند ڕۆژێک دوای چلەی زستانی 2025 و لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا بەبێ وەستان؛ کتێبی «بەخێربێن بۆ گوندە بچکۆلەکە»ی ئاراس سەعید-م خوێندەوە. کتێبێک کە ناونیشانی سەر بەرگەکەی؛ لە ناونیشانی یەکێک لە وتارەکانی ناوی وەرگیراوە و لەبارەی تێزەکانی گەورە تیۆریسێن و «باوە گەورەی بواری میدیا»؛ مارشاڵ مەکلۆهان نووسراوە. لەوێدا ئاماژە بە هەریەک لە کتێبی «تێگەیشتن لە میدیا» و «میدیا؛ پەیامەکەیە» و «جیهانی گۆتەنبەرگ» دراوە و ئەو وتەزا بەناوبانگەی مەکلۆهان شرۆڤە کراوە کە لە نیوەی دووهەمی سەدەی بیست نووسیبووی: «گەشەکردنی تەکنیکی پەیوەندیکردن جیهان دەگۆڕێت بۆ گوندێکی بچکۆلە.» (سەعید، 2025: 100)، چوونکە بەهۆی گەشەی میدیایی-وە؛ دنیا وەک گوندێکی جیهانیی (Global Village)ی لێهاتووە کە هەمووان بە ئاسانیی یەکتری دەدۆزنەوە و ئاشنا و ئاگاداری یەکتر دەبن. ئەو تێزە؛ لە ساڵانی شەستەکانی سەدەی ڕابردوودا بەرهەمهاتووە، بەدڵنیاییەوە ئەگەر ئێستا و لە سەروەختی گەشەی ژیریی دەستکرد و خزمەتگوزارییە بێسنوور و بێسانسۆرەکانی_دا بووایە، بەشێوەیەکی دیکە بەرهەمدەهاتەوە و تیۆرایزەی کاریگەرییەکانی میدیا دەکرا. هەروەک دەوترێت: لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا هیچکەسێک لە کاریگەرییەکانی میدیا دەربازی نابێت، چوونکە شارستانییەت لەو ساتەوە دەستیپێکردووە کە مرۆڤ لەبری بەرد، وشە-ی لەنێو دەست و دەمی ڕیزکردووە. کەواتە؛ هەرگیز هێزی میدیایی بە کەم مەزانە و بەکاری مەهێنە کە توانای کۆنترۆڵکردنییت نییە، چوونکە ڕاستە ئێمەی مرۆڤ بەرهەمهێنەری تەکنیکی میدیا و پەیامەکانین، بەڵام دواتر میدیا و تەکنیکەکانی، ئێمە بەرهەمدەهێننەوە و بەکارماندەهێنن (بڕوانە سەعید، 2025: 17، 38، 101، 103).
«بەخێربێن بۆ گوندە بچکۆلەکە»؛ کتێبێکی قەبارە مامناوەندیی 112 لاپەڕەییە کە چاپخانەی چوارچرا لە شاری سلێمانی بە تیراژی 500دانە چاپیکردووە و لە 13 «هزرەوتار» پێکهاتووە، لەوانە: «پڕۆمیتۆس، ئەفسانەی تەکنۆلۆژیا»، «کۆمۆنیکەیشن»، «تێگەیشتن لە میدیا»، «ڕەخنەگرتن لە میدیا»، «پیشەسازی کولتووری و فریودانی بینەر»، «منی دیجیتاڵی، منی سێڵفی»، «پرسی شوناس، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان»، «بۆچی خوێندەواریی میدیایی؟»، «ساختەهەواڵ»، «ئاوا ژۆرنالیستەکان درۆ دەکەن»، «هەر خزمەتگوزارییەک بەخۆڕایی بوو، تۆ کاڵاکەیت»، «چارەنووسی مرۆڤ لە سایەی زیرەکیی دەستکرددا». واتە لە ئامادەکردن، وەرگێڕان و نووسینی ئەم کتێبەدا؛ پشت بە دەیان سەرچاوەی خۆماڵیی و بیانیی بەستراوە و لە ڕێگەیانەوە دۆخی هەنووکەیی میدیا و کاریگەرییەکانی تاووتوێ کراوە کە وا دەکات نووسەر، شیاوی دەستخۆشیی و ئافەرین بێت.
ئەو کتێبە بەدەر لە ڕەخنە و پێشنیاز و سەرنجەکانم؛ لەلای بەندە گەورە و گرنگە، چوونکە گەنجێک پەرچڤە و ئامادەیکردووە کە هێشتا نەبووەتە خاوەن بڕوانامەی بەکالۆریۆس لە بواری ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەگەریی-دا، لەکاتێکدا دەیان خاوەن بڕوانامەی بەرزتر هەن کە خاوەن ناسناوی زانستیی بەرزتری وەک پڕۆفیسۆر، پڕۆفیسۆری یاریدەدەر، مامۆستا و مامۆستای یاریدەدەر لە نێوەندە پەروەردەیی و ئەکادیمییەکان-دا وانەگەلی میدیایی دەڵێنەوە، بەڵام بە ساڵ و دە ساڵ بە هێندی ئاراس سەعید دەنگ و ڕەنگیان نەبووە و نییە، بگرە هەندێکیان هەر تایبەتمەندییەکانی پەروەردەی خوێندەواریی میدیایی نازانن و ناناسن. لەوەیش خراپتر؛ بەهۆی «پۆزی سەقەت» و غیرە و غرووری ئەکادیمیی خۆیان، بوون و دەبن بە بەربەستی بەردەم دەرکەوتن و سەرکەوتنی خوێندکاری خوێنگەرمی هاوشێوەی ئەم نووسەرە گەنجە کە خاوەنی سەدان خەونی گەورەی ئەکادیمیی و پیشەیی هاوچەرخە. دڵنیام ئاراس سەعید؛ «مشتێک-ە، لە نموونەی خەروارێک» لە میدیاوانی نوێی ئەکادیمیی کە چاوەڕوانیی ئەوەیان لێدەکرێت لە داهاتوودا هاوشێوەی مەکلۆهان تیۆریزەی دۆخی باوی میدیاوان و میدیای کوردیی بکەن و شرۆڤەی وردتری دەرفەت و ئاڵنگارییەکانی بەردەمیان بکەن. هەربۆیە دەستخستن و خوێندنەوەی ئەم کتێبە بە پلەی یەکهەم بۆ خوێنەرانی گشتیی، ڕۆژنامەوانان، مامۆستایان و خوێندکارانی تایبەتمەندی بەشە زانستییەکانی ڕاگەیاندن گرنگ و پێویستە. هەروەکچۆن کتێبخانەی میدیایی لە کوردستان-دا؛ پێویستی بە لەخۆگرتنی سەدان بەرهەمی هاوشێوە هەیە کە ببن بە ڕێبەری نەوەکانی داهاتوو بۆ خوێندنی میدیایی بە شێوەیەکی ئەکادیمیی و دواتر یاسا و ڕێسا پیشەییەکانی ڕاگەیاندن بە شێوەیەکی درووستتر پیادەبکەن.
*گۆشەیەکی پەروەردەی میدیایی تایبەتمەندە لەلایەن د.شوان ئادەم ئەیڤەس؛ پڕۆفیسۆری یاریدەدەر لە خوێندنی کەمیونیکەیشن، کولتوور و میدیا دەنووسرێت.











