چالاک عومەر ڕەشید*
ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق تاقیکردنەوەیەکی قورس بوو بۆ میدیا کوردییەکان.
ئەم قسانەم بۆ ئەو میدیایانەیە کە راستەوخۆ سەر بە حیزب و لایەنەکان نین، چونکە میدیای حیزبی تەواو خۆی یەکلاکردووەتەوە چۆن خزمەت بە حیزبەکەی بکات، بەڵام میدیاکانی دیکە کە سێبەر و دۆستی حیزبەکانن ئەم قسانە دەیانگرێتەوە.
بۆیە کردووشمە بە دوو بەشەوە، چونکە بەشی سێیەم و میدیای بێلایەن بوونی نییە، ئەو دەستەواژەیە زۆر دەمێکە لە میدیادا بەکارنایەت، میدیا دەکرێت بوێر بێت، راستگۆ بێت، هاوسەنگ بێت، ئامانجداربێت، تایبەتمەند بێت، شەفاف بێت، بەرپرسیار بێت، ئازاد بێت، بنیادنەر و داهێنەر بێت، بەڵام میدیای بێلایەن بوونی نییە، چونکە لە خاڵێکدا هەر لایەنگریی دەکات.
لەم هەڵبژاردنەدا ئەو میدیایانەی کە راستەوخۆ حیزبی نەبوون هەندێکیان هێندە ریکلامی کاندید و لیستەکانیان بڵاودەکردەوە بیریان لای ئەرکە میدیاییەکەی خۆیان نەمابوو، ئەمەش گەیشتبووە ئاستێک بێزارکەر بوو.
میدیایەکمان نەدی بە ستراتیژ و قۆناغ بە قۆناغ لە بانگەشەی هەڵبژاردنەکەدا بەرهەمهێنانی رۆژنامەوانیی ئاستبەرز بکات، لەکاتێکدا ئەم هەڵبژاردنە ماتریاڵی میدیایی زۆر باش بوونیان هەبوو، چونکە دوو لیستی هەڵبژاردنەکە سەرۆکەکانیان لە زینداندا بوون و بەشداری هەڵبژاردن بوون، پرسیاری خەڵک زۆر بوو، میدیاکان نە درکیان بە پرسیارەکان کرد نە جەماوەریش وەڵامی چنگ کەوت.
پەیامی حیزبە کوردییەکان هێندەی ئاڕاستەی یەکدی و ناوخۆ بوون هێندە روو لە بەغداد و عێراق نەبوون، سەرۆکی پارتی کە دەڵێت نەماندەویست بچینە ئەم هەڵبژاردنەوە، میدیایەک نەهات کۆدی پشت ئەم قسەیە بخوێنێتەوە بۆمان، کە کورسی کورد دیاریکراو بێت لە سێ بازنەکەی هەرێمی کوردستان و هیچ پارتێکی غەیرە کوردیان تێدا نەبێت، کەواتە مسۆگەر ئەم کورسییانە بۆ کوردن و ململانێکان دەبوو لە کەرکوک و نەینەوا و دیالە و سەڵاحەدین چڕتر بن، بەڵام بۆ حیزبە کوردییەکان ئەو ململانێیانەیان لەوێ چڕتر نەکردەوە؟!! دەبوو میدیا ئەم وەڵامەمان بۆ وەربگرێت.
پرسیاری جددی و چاوپێکەوتنی کەسی یەکەمی پارتە کوردییەکان ئەرکی لەپێشینەی میدیاکان بوو، بەڵام جگە لە جێگری سەرۆکی پارتی چاوپێکەوتنی کەسی دیکەی باڵای پارتەکانمان نەدی، دیبەیت و رووبەڕووبوونەوەی میدیایی لایەنە رکابەرەکانمان نەدی.
میدیایەک نەهات پێمانبڵێت تێچووی بانگەشەی هەڵبژاردن چەند بووە و چۆن دابینکراوە. هەموو پارتەکان جارێکی دیکە بەڵێنی گەورە و بەهێزبوونیان لە بەغدا بەگوێماندا دەوت، بەڵام نەمانزانی چۆن لە بەغدا بەهێزدەبن، چۆن بە ٦٠ کورسییەوە دەتوانن بەرامبەر زیاتر لە ٢٥٠ کوردسی لایەنەکانی دیکەی عێراق بەهێزبن؟!!
میدیاکان دەبوو کەسانی دوور لە لایەنەکان و شرۆڤەکاران و شارەزایانی یاسا و هەڵبژاردن بانگبکەن و تێمانبگەیەنن گریمانەکانی ئەم هەڵبژاردنە چۆن دەبن، ناوەڕاست و باشوور دەکوڵێن لەسەر باسی بەهێزبوونی سوننەکان و ناکۆکیی نێو ماڵی شیعە و هەڕەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل و دەستوەردانی ئێران لە هەڵبژاردنەکە، بەڵام ئایا کورد لە کوێی ئەم باسانەدایە؟!!
میدیا نابێت جۆش داماو و توتی ئاسا بەس هەڵمەتی بانگەشە و ریکلامی کاندید و لیست بگوێزێتەوە، ئەرکی میدیایە پێمانبڵێت چی دەگوزەرێت، ئەگەر ئەمە نەکات میدیا حیزبییەکان ریکلام و بانگەشەی خۆیانمان پێدەدەن و ئیتر رۆڵی میدیاکانی دوور لە حیزبەکان سفرە.
*چاودێری میدیایی و خاوەن بڕوانامەی ماستەر لە پەیوەندییە گشتییەکان_دا











