ئەرسەلان ڕەحمان*
دابەشبوونی میدیا بەسەر زۆنی سیاسیی، زیانێکی گەورەی لە پیشەییبوونی شێواز و داڕشتن و ئاراستەکردنی گوتاری میدیایی داوە. ئەو لادانە ئیتیکی و یاساییانەی هەن، سەریانکێشاوە بۆ درووستکردنی مەترسی لەسەر ژیانی کۆمەڵگە.
(بە ڕێژەیی) کردنەوەی کەناڵە ئاسمانییە پڕ خەرجییەکان، بە بێ بوونی هەلومەرجێکی بابەتییانە بۆ دامەزراندنیان و هەبوونی عەقڵێکی پیشەییانەی میدیایی بۆ بەڕێوبردنیان و داڕشتنی سیاسەتێکی پیشەییانەی میدیایی، سەرەتایەکی نوێی بۆ تۆخکردنەوەی هێڵەکانی جیاکاری، دابەشبوونی جوگرافی، زەقکردنەوەی ناکۆکییەکان، تێکدانی شیرازەی کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگە، تیرۆری فیکری، بەرهەمهێنانی گوتاری ڕق و کینە و دابڕ دابڕ کردنی کۆمەڵی کوردەواری، هێناوەتە ئاراوە.
گوتاری ڕقاوی
ڕووداوەکانی لاجان، “لە سەرەتادا” دەستەپاچەیی لایەنە پەیوەندیدارەکانی لە “ئیدارەدانی گرفتەکان بە ئامانجی چارەسەر پیشاندا”، لەگەڵ ئەوەشدا ڕۆڵ و کاریگەری میدیای وابەستە بە ئەجێندای سیاسیی زەقتر پیشانداین، کە چەندێک ئەو گوتارەی بەرهەمی دەهێنێت، هۆکارە بۆ تێکدانی شیرازەی ژیانی گشتیی و مەترسییە بۆ سەر ئاسایشی کۆمەڵایەتی، سیاسیی، ئابووری و تەنانەت دەروونیی کۆمەڵگە.
لە لالەزارەوە بۆ لاجان
ئەوەی لە لالەزار گوزەرا، تا دەگاتە ڕووداوەکانی خەبات، کۆرمۆر و ئێستاش لاجان، پیشاندەری واقیعێکی نوێی میدیاییە لە هەرێمی کوردستاندا، کە لە پێناو شکاندنی یەکدی، بەشێک لە میدیای وابەستە بە گوتاری خەندەقی سیاسیی ڕکابەرەکان، باکی بە هیچ شتێک نیە، سڵ لە پێشێلی یاسای کاری ڕۆژنامەگەری، یاسا بەرکارەکانی دیکە، ئیتیکی پیشە و بنەماکانی “بەڵێننامەی شەرەفی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی ڕۆژنامەنووسان” ناکات، کە ئەمەی دواییان هێزی یاسایی دراوەتێ و بووەتە بەشێک لە یاسای کاری ڕۆژنامەگەری ژمارە 35ی 2007.
کارکردن بە هەویای: تۆڵەسەندنەوە، شکاندنی نەیاری سیاسیی، بڵاوکردنەوەی گوتاری ڕق و کینە، بەرهەمهێنانی گوتاری پڕ لە تیرۆری فیکری، نانەوەی پشێوی، درووستکردنی ئاژاوە و لەبەریەک هەڵوەشاندنی شیرازەی کۆمەڵگە، تا دەگاتە دەستبردن بۆ “ئاسایشی نیشتمانی” و شێواندنی وێنای هەرێمی کوردستان، پێشێلکاری زەق و بێ چەندوچوونی بنەما پیشەیی و یاسایی و ئیتیکییەکانی کاری ڕۆژنامەوانین.
درووستبوونی بۆشایی زانین
هەڵبەت، ئەو بۆشاییەی لە ڕووی پێدانی زانیارییەوە لە ڕووداوەکەی لاجان درووست بووە، (بە تایبەت کە لایەنی پەیوەندیدار لە ئیدارەی ئەمنیی و کارگێڕی و خودی کۆمپانیاکە نەهاتنە دەنگ و قسەیەکیان لە سەرەتاوە نەبوو)، هۆکارێکی سەرەکی ئەو پشێوییەیە، کە گوتاری هەندێک کەناڵ، بە ئاراستەی دنەدانی پەخشیان دەکرد. ئەمەش دەبێت وەک خاڵێکی نەرێنی لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەولێر چاوی لێبکرێت، چونکە ناگونجێت، بێدەنگی لە هەمبەر ڕووداوێک بکرێت، کە پەیوەندی بە ژیانی گشتییەوە هەیە، چونکە دواتر ئەو بۆشاییەی زانین، بە وتی وتی، دەنگۆ، شێواندن، بەلاڕێدابردن و فەیک پڕ دەکرێتەوە. ئەمە بۆ هەموو ڕووداوێکی بچووک تا گەورە ڕاستە.
لە نێوان هەستیاری دۆخ و ڕووماڵی پیشەییدا
خاڵێکی دیکە، بێدەنگی کەناڵە ئاسمانییەکان بوو لە هەولێر، ئەویش هۆکارێکی بە سەرچاوەکردنی کەناڵەکانی سلێمانی بوو لە بارەی ڕووداوەکەوە. ئەگەر عەقڵێکی میدیایی شارەزا ئیدارەی کەناڵەکانی هەولێری کردبا، دەکرا، ڕێگر بن لەوەی وەرگری خۆیان حەوجێ بە سەرچاوەی دیکە بکەن و گوێ لە ڕووداوی ئەمڕۆی لاجان و دوێنیی خەبات بگرن. لە میدیادا، پڕۆسەی “چارەسەری هەواڵیانە و چارەسەری میدیایی”، بنەمای سەرەکین بۆ داڕشتنی گوتاری میدیایی و ئاراستەکردنی بۆ وەرگر، کاتێک کوردستان24، ڕووداو، ئاڤامیدیا و کوردستان تی ڤی لە هەولێر هیچ زانیارییەک لە بارەی ڕووداوەکەوە ناگوازنەوە، کە بە پرۆسەی “چارەسەری میدیاییدا” تێپەڕیبێت، لە بەرامبەردا کەناڵ هەشت، کوردساتنیوز، گەلی کوردستان و ئێن ئاڕتی هەن، بە ئاراستەی پێچەوانەدا کاری لەسەر بکەن. هاوکات سۆشیالمیدیا سەرچاوەیەکی دیکەی بەردەست و زۆر خێرایە لە پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە زانینەی درووست بووە، لێرەوە مەترسی لە گرێژنەدەرچوونی ڕووداوەکان و ئاڵۆزبوونی کێشەکان دێتەئاراوە.
مافی خەڵک و ئەرکی میدیا
دەستڕاگەیشتن بە زانیاری و بڵاوکردنەوەیان یەکێکە لە ئەرکی میدیا لە لایەک و مافی خەڵکیشە لە لایەکی دیکەوە زانیاری پێبگات، هەستیاری دۆخ، مانای شاردنەوەی ڕاستیی و بێدەنگی لە ئاست ڕووداو ناگەیەنێت، دەکرێت هەستیارترین ڕووداو بەو پەڕی بەرپرسیارێتی و پابەندێتی بە ئیتیک و یاسا و لە چوارچێوەی پڕۆسەی چارەسەری میدیاییدا ڕووماڵ بکرێت. جێی سەرنجە، کەناڵ هەشت، لە دەستپێکی پەخشییەوە، هەوڵەکانی بە ئاراستەی هێشتنەوەی پانتاییەک بوو بۆ دەنگ و ڕەنگی جیا، بە ڕادەیەک، کەناڵەکە خۆیشی نەیدەزانی بۆ دامەزراوە و گوتارەکەی دەبێ چ تام و بۆیەکی بێت، بەڵام لە چەند مانگی ڕابردوودا هەست بە گۆڕانکارییەکی بەرچاو لە گوتاری دەکرێت، بە جۆرێک وەک ئەوەی “وشەی نهێنی” ئازاردانی نەیارە سیاسییەکەی دۆزیبێتەوە، سڵ لە پێشێلکارییە ئیتیکی و یاساییەکان ناکات و ڕووماڵی لاجان بەو پەڕی هەناسەسواری دەکات.
پاشکۆ
دەقی یاسایی لە یاسای کاری ڕۆژنامەگەری لە کوردستان ژمارە 35ی 2007:
ماددەی 9، بڕگە یەک: «ڕۆژنامەنووس و سەرنووسەر، بە بڕێک پارە غەرامە دەکرێت، کە لە یەک ملیۆن دینار کەمتر و لە پێنج ملیۆن دینار پتر نەبێت، کاتێک یەکێک لەم خاڵانەی خوارەوەی بڵاوکردەوە:
1. چاندنی تۆوی ڕق و کینە و لێکترازاندنی پێکهاتەکانی کۆمەڵ.
5. جنێودان و توانجی ناڕەوا و ناوزڕاندن.
6. هەر بابەتێک زیان بە ڕێکاری لێکۆڵینەوەی دادوەری بگەیەنێ، تەنیا مەگەر دادگا ڕێگەی بە بڵاوکردنەوەی دابێ.
7. پێشێلکردنی پرەنسیپەکانی بەڵێننامەی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی ساڵی 1954ی هەموارکراو، کە پاشکۆی یاساکەیە.
دەق: بەڵێننامەی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی ڕۆژنامەنووسان:
خاڵی سێیەم: «ڕۆژنامەنووس ئەو هەواڵانە تەنیا بە پێی دڵنیابوونی لە سەرچاوەکان بڵاودەکاتەوە و بۆی نییە زانیاری گرنگ بشارێتەوە، یاخود بەڵگەنامەکان بشێوێنێ”.
خاڵی حەوتەم: «دەبێ ڕۆژنامەنووس هۆشدار بێت لەو مەترسییانەی، کە ڕەنگە لە ئاکامی ئەو جیاکاری و ناکۆکیانە بێتە ئاراوە، کە لەوانەیە بە هۆی ڕاگەیاندنەوە ڕووبدات. هەروەها هەموو تواناکانی بخاتەگەڕ بۆ ڕێگرتن لەو بانگەشانەی، کە لەوانەیە بنەمایەکی ڕەگەزپەرستی، یان ڕەگەزی، زمان، ئایین، یاخود بیروڕای سیاسی و هەر بیروباوەڕێکی دیکە، یان جیاوازی ناسنامە و بنەچەی کۆمەڵایەتی هەبێت”.
دەق: یاسای کاری ڕۆژنامەگەری ژمارە 35ی 2007، ماددەی 9، خاڵی چوارەم: «داواکاری گشتیی و زیان پێ گەیشتوو، بۆیان هەیە بە پێی یاسا داوا تۆمار بکەن”.
*چاودێری میدیایی وخاوەن بڕوانامەی ماستەر لە زانستی ڕاگەیاندن_دا











