125 ساڵەی رۆژنامەگەریی كوردیی و چەند رەخنەیەك

مەم بورهان قانع

بۆ یادی 125 ساڵەی رۆژنامەگەریی كوردیی، بەكورتی ئەم چەند سەرنجە رەخنەییە دەخەمەروو:

1- بەهۆی سیاسەتی ناشیرینی بەشێكی زۆری حزبە سیاسییەكان و ركابەرییەكانیان بەرانبەر بەیەكدی لە هەرێمی كوردستان، میدیای كوردیی بەسیاسیكراوە و لە ئەركە پیشەییەكانی خاڵیكراوەتەوە.
2- میدیای كوردیی لە بێسەروبەریی زۆردایە، لەروی رەچاونەكردنی بەرپرسیارێتیی و پابەندبون بەتەواوی پرەنسیپەكانی پیشەییبونەوە.
3- بەداخەوە دوای 125 ساڵ لە تەمەنی رۆژنامەگەرییەكەمان، لەئێستادا لەدۆخی ناشیرینی بەسیاسیكردنی میدیاداین و میدیا وەكو بەشێك لە ئەجێندای سیاسیی ئاڕاستەكراوە و دەكرێت و بەشێكە لە ئەجێندای كارەكتەرە سیاسییە ناشیرینەكانی كوردستان و، بەشداریشە لە “تەسفییەی حسابات”ی سیاسیی و كەسیی.
4- پابەندبون بە پرەنسیپەكانی ئێتیكی میدیاییەوە، لە قەیرانێكی قوڵ دایە و تەڵاقدانێكی ترسناك هەیە بۆ پرەنسیپەكانی ئێتیكی میدیایی.
5- نەدەسەڵات بەرپرسیارێتیی خۆی رەچاوكردوە بەرانبەر بە میدیا و نە میدیایش توانیویەتی بەرپرسیاربێت، واتا لەدۆخێكداین، یان میدیا بوەتە زوڕڕنای سیاسەتە ناشیرینەكانی سیاسەتكردن لەم هەرێمە، یاخود میدیا بەچاوی رق و تۆڵەكردنەوە، سیاسەتە میدیاییەكەی بەرانبەر بە دەسەڵاتی حكومڕان ئاڕاستەدەكات، كە هیچ كام لەم دو سیاسەتە میدیاییە، لەگەڵ سیاسەتێكی دروستی میدیای پیشەیی و بەرپرسیاردا یەكناگرنەوە.
6- بۆ ئەوەی میدیا و حكومڕانیی و دەسەڵات لەدۆخێكی تەندروستدابن، دەبێت پەیوەندیی نێوان میدیا و دەسەڵات، پەیوەندیی “هاوبەرپرسیارێتیی” بێت، بەڵام لە هەرێمی كوردستان دا، ئەم پەیوەندییە دروستنەبوە و بەشێكی هەرە زۆری ئەم دروستنەبونەیش، روبەروی دەسەڵاتی حكومڕان دەبێتەوە.
7- حكومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوامە لە پێشێلكردنی هەردو یاسای “رۆژنامەگەریی لە كوردستان” و یاسای “مافی دەسكەوتنی زانیاریی لە هەرێمی كوردستان” و لەمبارەیەیشەوە چەندین جار وەكو پەرلەمانتارێك لە لیژنەی رۆشنبیریی و كۆمەڵگای مەدەنیی و وەرزش و لاوان و هەم وەكو لیژنەكەیشمان، هۆشیداریمان داوەتە حكومەت و وەزارەتی “رۆشنبیریی و لاوان” لەسەر ئەو پێشێلكارییانە، بەڵام لەدۆخێكدا، كە پەیوەندیی نێوان حكومەت و پەرلەمان، هاوشێوەی پەیوەندیی نێوان دەسەڵات و میدیا بێت لە كوردستان، ئەم هۆشدارییانە نەیانتوانیوە بەربگرن لە بەردەوامیدان لەسەر پێشێلكارییەكانی ئەو دو یاسایە.
8- پێویستمان بە بونی یاسای مۆدێرنە بۆ رێكخستنی میدیا بەگشتیی و بوارە جیاجیاكانی میدیا و سۆشیالمێدیا لە هەرێمی كوردستان، بەڵام لەدۆخی ئێستای پەرلەمانی كوردستان و پێكهاتە و مۆزائیكی ئێستای پەرلەمان و هاوكات پەیوەندیی خراپی نێوان پەرلەمان و حكومەت، دەرچواندنی هەر یاسایەكی لەوجۆرە، ترسی ئەوەی لێدەكەوێتەوە بەخراپ بۆ سەر رەوشی رۆژنامەگەریی كوردیی بشكێتەوە، لەبری ئەوەی ببنە جۆرێ‌ لە فریادرەس بۆ باشكردنی ئەم دۆخە شپرزە و شێواوەی میدیای كوردیی.
9- هەتاكو میدیای كوردیی خاوەنی لیستی دور و درێژ بێت لە “بلاك لیست”كردنی كارەكتەرە سیاسیی و فیگەرە دیارەكانی كوردستان، میدیا ناتوانێت هەنگاوێك بنێت بۆ پابەندبون بە پیشەییبون و پرەنسیپەكانی ئێتیكەوە، لەسەرویانەوە راستگۆیی، بێلایەنیی و بابەتیبون.
10- ناوەندە ئەكادیمییەكان، بەتایبەتی لە بواری میدیادا، نەیانتوانیوە وەكو پێویست هاوكار و بەشدارببن لە دروستكردنی كارەكتەری میدیاكاری پیشەگەر و هاوكات چاودێریكردنی پێشێلكارییەكانی پەیوەندیدار بە ئێتیكی كاری میدیایی.
11- میدیای سێبەر، كە كارەكتەرە سیاسییەكانی لەپشتەوەیە، مۆدێلێكی ناشیرینیان لە كاری میدیایی و خاڵیبونەوە لە ئێتیك و بەرپرسیارێتیی میدیایی، تۆماركردوە.
12- بە تەحەداوە دیڵێم و لەروی زانستیی و پیشەییشەوە راستیی ئەم قسەیەم دەسەلمێنم: دوای 125 ساڵ لەرۆژنامەگەریی كوردیی، یەك میدیامان نییە لە كوردستان دا، كە میدیای پیشەیی عەییار 21 بێت، نەك 24، كە ئەمەیش جێی داخێكی قوڵە و ئێرە شوێنی رونكردنەوەی تەواوی بنەماكانی پیشەییبونی میدیایی نییە، كە لەنێو میدیای كوردیی دا غائیبن.
ئەوانەی سەرەوە، چەند سەرنجێكی خێران بۆ رەوشی ئەمڕۆی رۆژنامەگەریی كوردیی-مان و دەشێ‌ وردتر برینەكانی ئەم دردە كوشندەیەی دۆخی ئەمڕۆی میدیای كوردیی دیاریبكەین و سیاسییەكان و میدیاكارانیش رەخنە لەخۆیان بگرن و ئیرادەی جدییمان هەبێت بۆ تیماركردنیان، كە بەداخەوە لە ئێستادا نەك هەر ئەم ئیرادەیە نییە، بەڵكو رۆژ بەرۆژ خانە شێرپەنجەییەكانی ئەم برینە لەپەرەسەندندان…
رۆحی هەردو رەوانشاد “میقدادمەدحەت بەردخان و عەبدولرەحمان بەدرخان” شادبێت، كە 125 ساڵ لەمەوبەر و لە تاراوگە (قاهیر)،
توانیان یەكەمین ژمارەی رۆژنامەی “كردستان” چاپبكەن و كوردستان بخەنە سەر نەخشەی رۆژنامەگەریی لەسەر ئاستی جیهان. هەروەها رۆحی رۆژنامەنوسانی شەهید و ماندونەناسەكانی بواری پیشەیی و راستگۆیی و بێلایەنیی و بابەتیبونی نێو ئەم كاروانە رۆژنامەگەرییە، شادبێت.

دەنگدان

بە بڕوای تۆ راگەیاندنەكان لەهەرێمی كوردستاندا؛ ناسەربەخۆن؟