سەرنجی یاسایی لەبارەی پێشنیازە یاسای ڕێكخستنی میدیای ئەلكترۆنی لە هەرێمی كوردستاندا*

 دانا دارا حسێن **

ڕاستە لە هەرێمی كوردستان چەند یاسایەك هەندێك لە بواری كاری ئەلكترۆنی ڕێك دەخەن وەك : یاسای ژمارە 6ی ساڵی 2008ی قەدەغەكردنی خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندیكردن لە هەرێمی كوردستان – عێراق , و یاسای ژمارە 35ی ساڵی 2007ی ڕۆژنامەگەری لە هەرێمی كوردستان , و یاسای ژمارە 3ی ساڵی 2006 ی بەرەنگاربونەوەی تیرۆر لە هەرێمی كوردستان , بەڵام ڕێكخستنی كۆی بوارەكانی ئەم شۆڕشە مەعلوماتیە تا ئێستا بەیاسایەكی سەربەخۆ نەكراوە .

ئاستەنگەكانی بەردەم ئەم پێشنیازە یاسایە:

  1. تەقنین كردنی ئەم بوارە ووریاییەكی زۆر باشی دەوێت , لەبەر ئەوەی سەرجەم بوارەكانی تەكنەلۆجیا سنورەكان ناناسێت , وە شكۆی وڵات و سەروەریەكەی و تایبەتمەندی كۆمەڵگاكان ڕەچاو ناكات , تەنانەت باز دەدات بەسەر سەروەری یاسا و ڕەهەندە نیشتیمانیەكانیشدا.
  2. ڕێكخستنی بوارێك كە سەرچاوەكەی لەبەردەستی تۆنیە , كارێكی زۆر قورس و گرانە.
  3. تۆڕەكانی ئینتەرنێت سەرجەمیان لەلایەن كەرتی تایبەتەوە خاوەندارێتی و بەڕێوە دەبرێن , وە بەشێوەیەكە كە كەرتی حكومیش وەك هاوڵاتیان بەشدارن و یەكێكن لە كڕیارەكانی.
  4. زۆری بوارەكانی ڕێكخستنی ئەم بوارە وادەكات كە خودی دادگاكان تا ڕادەیەك دەست بەستراو بن لەبەرامبەر ئەو تاوانانەی وەك لادان یاخود تاوانە ئەلكترۆنیەكان , ئەنجام دەدرێن.
  5. ڕێكخستنی ئەم بوارە بەیاسایەك بۆ ئەوەی نەبێتە هۆكار بۆ تەسك كردنەوەی بواری ئازادی ڕادەربڕین , پێویستە یاسادانەر هاوسەنگی لە نێوان پاراستنی داب و سیستەمی گشتی لەلایەك و پاراستنی ئازادیەكان بەتایبەت لە نێو میدیاو تۆڕی جاڵجاڵۆكەیی بەم یاسایە بپارێزێت و یاساكە نەكاتە قەدەغەكردن بە پشتیوانی یاسایی.
  6. ئەو ئەزمونانەی لە پێشن بۆ ڕێكخستنی ئەم بوارە بەم شێوەیەن ( ئەزمونی میصریەكان كە لەنێو وڵاتە عەرەبیەكاندا بە یەكەم ئەزمون دادەنرێت , پاشان ئەزمونی تونسە لەم بوارەدا , پاشان وڵاتانی تریش بەدوایاندا هاتن: ئەردەن، مەغریب، جەزائیر، كوەیت، عێڕاق ).
  7. نمونەی ڕێكەوتننامە و یاساكانی ئەم بوارە بریتین لەمانە :

– ڕێكەوتننامەی بۆدابست 2001

– ڕێكەوتننامەی عەرەبی بۆ قەڵاچۆكردنی تاوانە ئەلكترۆنیەكان .

– یاسای ڕێكخستنی ڕاگەیاندنی ئەلكترۆنی كوەیتی ژمارە 8ی ساڵی 2016

– ڕەشنوسی یاسای تاوانە ئەلكترۆنیەكان ی عێڕاق .

  1. ڕەشنوسی یاسا عێراقیەكە بەناوی ( قانون الجرائم المعلوماتیە العراقي ) كە ساڵی 2011 لە ئەنجومەنی نوێنەران خوێندنەوەی یەكەمی بۆ كراوە و تا ئێستاش نازانرێت كە چارەنوسی چۆنە , ڕەخنە و سەرنجی زۆری لەسەر وترا , نمونەی وەك ڕێكخراوی (هیومان رایتس ۆچ ) زۆرترین سەرنجی هەبوو لەسەری و لەبارەیەوە ڕاپۆڕتێكی بڵاوكردەوە بەناوی (قانون سیء الصیاغە و عقوبات وحشیة تنتهك حقوق و اجرائات التقاضي السلیمة و حریة التعبیر ) .

 سەرنجەكان لەسەر پێشنیازە یاساكە :

  1. پێشنیازە یاساكە لەبری پەنا بردن بۆ هەمواری یاسای ژمارە 35ی ساڵی 2007ی ڕۆژنامەگەری لە هەرێم , هاتوە یاسایەكی نوێ‌ ی بۆ ئەم بوارە دەركردوە كە بەهۆیەوە جۆرێك لە فەوزای تەشریعی دروست دەكات , وەك زانراویشە كە پێشنیازەكە بۆ ڕێكخستنی بواری میدیای ئەلكتۆنیە , نەك سەرجەم بوارەكان بەتایبەت تاوانە ئەلكترۆنیەكان.
  2. سەبارەت بە ناونیشانی تەشریعەكە , ئەگەر بویسترێت كە تەواوی چالاكیە ئەلكترۆنیەكان بگرێتەوە , ئەوا دەبێت ناوی تەشریعەكە بە شێوەیەك كە گونجاو بێت دەستكاری بكرێت.
  3. ماددەی 1 كە پێناسەی چەمك و دەستەواژەكانە , تیایدا خزمەتگوزاری بە یان لەگەڵ ڕیكلامی بازرگانی كراوەتە دوو شتی جودا . پێویستە چاك بكرێت , هەروەها بەبازاڕكردن و كڕین و فرۆشی ئەلكترۆنی و پاشان بە خاڵێكی جودا چەمكی (حكومەتی ئەلكترۆنی ) پێناسە و بۆ زیاد بكرێت.
  4. ماددەی 4 ی پێشنیارە یاساكە كە تەرخانە بۆ (بواری جێبەجێكردنی یاساكە ) دەبێت لەڕوی ڕیزبەندیەوە بخرێتە دوای ماددەی یەكەمەوە.
  5. وە سەبارەت بە خاڵی كۆتایی هەمان ماددە , كە حوكمەكانی ناو ئەم یاسایە لاپەڕەی ناو تۆڕەكۆمەڵایەتیەكان دەگرێتەوە , پێویستە بنوسرێت كە ( ئەوانەی بەناوی خاوەنی ڕاستەقینەیانەوەن ) و و پاشان پێویستە كەلە هەمان بڕگەدا ناوی سەرجەم ئەو تۆڕە كۆمەڵایەتیانە بهێنرێت كە حوكمەكانی ئەم یاسایە دەیان گرێتەوە.
  6. ماددەی 5ی پێشنیارەكە ببرێتە بەشێكی كۆتایی بەناوی (حوكمە كۆتاییەكان)ی یاساكە.
  7. ماددەی 6 و 7 ی پڕۆژەكە لە مەرجی خاوەن ئیمتیاز و سەرنوسەردا , تەمەنی 21 ساڵی وەك تەمەنی یاسایی و كامڵ بونی ئەهلیەت داناوە , ئەمەو لەكاتێكدا بەپێی یاسای شارستانی عێراقی بەركار تەمەنی یاسایی تەواوكردنی تەمەنی 18 ساڵیە.
  8. ماددەی 9 لە پێشنیارەكە دەستەواژەی (بیفرۆشێ‌) بكرێتە وشەیەكی تر.
  9. ماددە 11 مافی پۆزش هێنانەوە بۆ هەموو كەس بنوسرێت , هەروەها دەستەواژەی (بەدرۆخستنەوە ) بۆ دەقی تەشریعی جوان نییە پێشنیار دەكەم بگۆڕێت.
  10. ماددەكانی 12+13+14 لە پێشنیارەكە , بكرێت بە بەشێكی سەربەخۆ بەناوی (حوكمە سزاییەكان)ەوە.
  11. ماددەی 15 كە دوو مافی ژماردون و زۆر بە كورتیە , بەبێ‌ ئەوەی كە ناونیشانێكیش بەناوی ئەركەكان دیاربێت , پێویستە بخرێتە سەرەتای بەشەكەوە و ناونیشانیش وەربگرێت.
  12. ماددەی 16 پێویستە ناونیشانی حوكمە سزاییەكان وەربگرێت و بڕگە بگە بكرێت.
  13. لە بڕگەی یەكەمی ماددەكە , دەستەواژەی (پەلامار ) بكرێت بە (دەست درێژی ).
  14. وە دێڕەكانی چوارەم و پێنجەم بكرێت بە بڕگەی سەربەخۆ چونكە لێك جودان , وە تەواوی بڕگەكانی ئەم ماددەیە وەك حوكمی سزایی داڕشتنەوەی بۆ بكرێتەوە.
  15. ماددەی 17 لە پێشنیارەكە كە ماوەی 3 مانگی بۆ تەقادومی هەر تاوانێكی ئەلكترۆنی داناوە وەك تاوانی تەشهیری ڕۆژنامەنوس , ئەوا باش و گونجاوە , بەڵام پێویستە پرسی (شروعیش ) لە ماددەكەدا باس بكرێت.
  16. ماددەی 22 كە تەرخانە بۆ ماددە پڕۆتۆكۆلیەكان و ڕاستەوخۆ دوای بڵاوكردنەوە جێ‌بەجێ‌ دەكرێت , گونجاوە كە بنوسرێت دوای 30 ڕۆژ لە بڵاوبونەوەی , ئەمەش لەپێناوی ئەوەی كە بگات بە عیلمی تەواوی هاوڵاتیان.
  17. لەكۆتایدا هۆیەكانی دەرچون بكرێت بە هۆكارە پێویستەكان , كە یاساییە و وەرگێڕانی دەستەواژە عەرەبیەكەشە بەشێوەیەكی زانستی .

* ئەم بۆچوونە لە “دۆز و دۆسییەی میدیایی” لەبارەی یار و نەیاری پرۆژەیاسای میدیای ئەلكترۆنیی لەهەرێمی كوردستاندا لە یەكەم ژمارەی گۆڤاری دەرگاوان-دا چاپ و بڵاوكراوەتەوە.

**راوێژكاری ياسايى پەڕلەمانی كوردستان

 

دەنگدان

بە بڕوای تۆ راگەیاندنەكان لەهەرێمی كوردستاندا؛ ناسەربەخۆن؟

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content