لەهەولێر یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان ڕێکخراوی چمک و دەزگای ڤیژن ئەید واژۆ کرا

چمک، هەولێر: ڕێکخراوی چاودێریی میدیای کوردی (چمک) و دەزگای ڤیژن ئەید (VisionAID) بۆ گەشەپێدانی نێودەوڵەتیی؛ یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوانیان واژۆکرد.

دەقی ئەو یاداشتە؛ ڕۆژی سێشەممە (17ی شووباتی 2026) لە شاری هەولێر لەنێوان پ.د.محەمەد حوسێن ئەحمەد؛ سەرۆکی دەزگای ڤیژن ئەید و پ.ی.د.شوان ئادەم ئەیڤەس؛ سەرۆکی ڕێکخراوی چمک واژۆ کرا و هەردوولا لەسەر پلان و پڕۆژە و پڕۆگرامی هاوبەش لە ناوەوە و دەرەوەی هەرێمی کوردستانی عێڕاق ڕێککەوتن. بەتایبەت لە ڕووی گەشەپێدانی نێودەوڵەتیی میدیا و برەودان بە پەروەردەی خوێندەواریی دیجیتاڵیی. هەروەک ڕۆڵ و گرنگیی کارکردنی هاوبەشی نێوان دەزگە و دامەزراوە نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان لە ناوەوە و دەرەوەی کوردستان بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی پەروەردەیی و ئەکادیمیی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی دووپاتکرایەوە. لەو چوارچێوەیەشدا؛ بڕیار درا هەماهەنگیی زیاتر بکرێت بۆ هەرچی باشتر یادکردنەوەی 128ساڵەی ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردیی و هەڵسەنگاندنی، بەشێوەیەکی تەواو جیاواز.

چاودێریی میدیای کوردی (چمك)؛ ڕێکخراوێکی ناحکوومیی قازانجنەویستی سەربەخۆییە. لەساڵی 2017دا؛ لەلایەن چەند کەسایەتییەکی ئەکادیمییەوە دامەزرا و تایبەتمەندە بەچاودێرییکردن، هەڵسەنگاندن، ڕاپۆرتکردن و توێژینەوەی خەوش و پێشلکارییە پیشەییەکانی میدیاو ڕەوشی رۆژنامەگەریی کوردی. جەختکردنەوەی سەرەکیی ئەم ڕێکخراوە؛ لەسەر بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی مافەکانی تاکەکەس و کۆمەڵگەی کوردییە لەهەمبەر پەڕاوێزخستن و دەستێوەردانی ناپیشەیی میدیا و میدیاوانانی کوردستان. چالاکیی و خزمەتگوزارییەکانی چمک؛ بۆ ڕووماڵکردنی بەرهەمە جۆربەجۆرەکانی میدیای کوردییە، بەمەبەستی گەڵاڵەکردن و خستنەڕووی کارنامەیەکی پیشەییتری کرداریی بۆ ڕاستکردنەوەی هەڵە باوەکانی میدیا و شێوازی کارکردنی میدیاوانانی کوردستان.

دەزگای دیدگا ئەید (Vision Aid) بۆ گەشەپێدانی نێودەوڵەتیی؛ ڕێكخراوێكی ناحكوومیی سەربەخۆیە و ئامانجییەتی ببێت بە پردێک لە نێوان کۆمەڵگە ناوخۆیی و جیهانییەکاندا. هاوکات بەرنامەی گشتگیر بۆ چارەسەرکردنی ئاستەنگە گرنگەکان لە بواری پەروەردە، دادپەروەریی، گەشەپێدانی مرۆیی بەردەوام پێشکەشدەکات. پێکهاتەکەی لە لێپرسینەوە و گشتگیریی و گونجاندن لەگەڵ پێداویستییە دینامیکییەکانی دیمەنی جیهانیی و ناوخۆیی مسۆگەر دەکات.

دەنگدان

بە بڕوای تۆ راگەیاندنەكان لەهەرێمی كوردستاندا؛ ناسەربەخۆن؟