سنووردارکردنی ئازاديی ئەکادیمی؛ دۆسییەی دکتۆر شوان ئادەم ئەیڤەس وەک نموونە

چمك، هەرێمی كوردستان: پەسەندکردنی سزای د.شوان ئادەم ئەیڤەس؛ ماف و ئازادیی ئەکادیمیی توێژەران و مامۆستایانی زانکۆ دەخاتەژێر هەڕەشە و مەترسییەوە

دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانی؛ بڕیاری سزادانی مامۆستایەکی زانکۆ لە پای دانانی پرسیاری تاقیکردنەوە پەسەند دەکات و وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستییش دووپاتیدەکاتەوە کە «تاوانی نەکردووە ئەگینا لە زانکۆ لیژنەی لێکۆڵینەوەمان پێکدەهێنا.»

رۆژی چوارشەممە (10ی تەمووزی 2024) سەرۆکایەتیی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانی «بە کۆی دەنگ»ی ئەندامانی؛ بڕیاری سزادانی د.شوان ئادەم ئەیڤەس بە سێ مانگ بەندکردن لەگەڵ راگرتنی جێبەجێکردنی بە مەرجی دووبارەنەکردنەوەی لەماوەی سێ ساڵدا پەسەندکرد کە چوارساڵ لەمەوپێش و لە پرسیاری تاقیکردنەوەدا مانشێتی چەند هەواڵێکی میدیا کوردییەکانی وەک پرسیار هێنابوەوە، تاوەکوو خوێندکاران راست و هەڵەیان دەستنیشان بکەن و هەڵەکانیش راستبکەنەوە.

دکتۆر شوان ئادەم ئەیڤەس؛ پڕۆفیسۆری یاریدەدەر لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی لە ساڵی خوێندنی 2020-2021دا لەلایەن سەرۆکایەتیی زانکۆی هەڵەبجەوە میواندارییکرا، تا وەک پسپۆڕێکی رێسا پیشەییەکانی راگەیاندن بابەتەکانی «ئیتیکی میدیا» بە خوێندکارانی قۆناغی دووەمی بەشی راگەیاندنی کۆلیژی زانستە مرۆڤایەتییەکانی زانکۆی میوان بڵێتەوە، بەڵام رۆژی دووشەممە (03ی حوزەیرانی 2024) بە تاوانی ناوزڕاندن لە پرسیاری تاقیکردنەوەدا لەلایەن دادگای کەتنی سلێمانی/2 سزا درا.

پەسەندکردن یاخوود راستاندنی ئەو سزایە لە کاتێکدایە کە د.ئارام محەمەد؛ وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی بە نووسراوی ژمارە 12484 لە رۆژی پێنجشەممە (04ی تەمووزی 2024)دا روونکردنەوەیەکی لەبارەی دۆسییەکەوە ئاڕاستەی سەرۆک و ئەندامانی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانی کردووە و تێیدا بێتاوانیی پ.ی.د.شوان ئادەم ئەیڤەس دووپاتدەکاتەوە. هەروەک لە روونکردنەوەکەی وەزیردا هاتووە: «کاتێ وتەی نوێنەری یاسایی وەزارەتمان وەرگیراوە ئێمە پشتگیریمان بۆ (د.شوان) دەربڕیوە کە تاوانی نەکردووە ئەگینا لە زانکۆ لیژنەی لێکۆڵینەوەمان پێکدەهێنا هەروەها بەپێی ستانداردەکانی وانە ووتنەوە پێویستە پرسیاری تاقیکردنەوەکان بە نموونەی زیندو و واقیعی دەوڵەمەند بکرێت و خوێندکارانی پێ ئاشنا بکرێت چونکە پێویستە شێوازی خوێندنی هاوچەرخ بێتە ئاراوە.»

د.شوان ئادەم ئەیڤەس؛ سەرۆکی رێکخراوی چاودێریی میدیای کوردیی (چمک) و سەرنوسەری گۆڤاری دەرگاوان و خاوەنی زیاد لە 20 ساڵ ئەزموونی کاری رۆژنامەوانیی و مامۆستایی، لە چەندین کۆلیژ و پەیمانگە و نێوەندی پیشەییدا وانە و خوولی راهێنانی وتووەتەوە. هاوکات لە چەندین بۆنە و پرۆژەیاسادا؛ وەک پسپۆڕ و راوێژکاری میدیایی بۆچوونەکانی بە هەند وەرگیراون و بەشداریی دەیان کۆڕ و کۆبوونەوە و کۆڕبەند و کۆنفرانسی نێوخۆیی و نێودەوڵەتییشی کردووە. پێشتریش تۆڕی ئەکادیمیی کوردیی لە راگەیەنراوێكدا پێداگریی لەسەر ئەوە کردبوو کە سزادانی د.شوان ئادەم ئەیڤەس «لەسەر بڕگەکانی پرسیاری تاقیکردنەوە و لە پای هێنانەوەی نمونەی زیندوو لە هەواڵ و بابەتی رۆژنامەوانیی میدیای کوردیی؛ بە پێشلکارییەکی زەق و دیاری ئازادییەکانی دەربڕین و رۆژنامەگەریی و ئەرک و مافی کارکردنی ئەکادیمیی و ئەکادیمییانی کوردستانی دەزانین. … ئەگەر ئەم بڕیارە هەڵنەوەشێتەوە؛ ژیان و ماف و ئازادییەکانی هیچ ئەکادیمییەکی کورد و کوردستان پارێزراونابێت و بە ناچاریی دەبێت دەست لە هێنانەوەی نمونەی زیندوو لە پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن یاخود کنە و پشکنین و توێژینەوەی وردی زانستیی هەڵبگرن، وەگەرنا بۆ باسکردنی خەوشییەکانی کورستان، دەبێت بە زمانی جەستە یاخود نمونە لە وڵات و کولتور کەلەپوری دیکە وەربگرن.»

لەلایەکی دیکەوە؛ رێکخراوی رێکخراوی چاودێریی میدیای کوردیی (چمک)؛ سەرکۆنەی سزادانی سەرۆکەکەیان کردبوو و رایانگەیاندبوو کە «… سەرگرتنی ئەم بڕیارە دەبێتە پێشهاتێکی مەترسییدار لەبەردەم ئازادییەکانی دەربڕین، رۆژنامەگەریی، وانەوتنەوە و توێژینەوەی ئەکادیمیی و کاری پیشەیی ئەکادیمییانی کوردستان. هەربۆیە ئێمە ئەم سزایە بە سزایەکی تاکەکەسیی نازانین و پێمانوایە سزایەکی گشتییە بۆسەر ماف و ئازادییەکانی سەرجەم مامۆستایان و توێژەرانی میدیایی لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا. لێرەوە بە دەنگی بەرز روو لە ئازادییخوازانی ناوەوەو دەرەوەی کوردستان دەکەین: نا بۆ بەرتەسککردنەوەی ماف و ئازادیی ئەکادیمیی.»

بە بڕوای یاساناسان؛ سزادانی مامۆستایەکی زانکۆ لەپای پێکەوەگرێدانی لایەنی تیۆریی و پراکتیکی لە پرسیاری تاقیکردنەوەدا، بە پێشهاتێکی مەترسییدار و دژ و پێچەوانەی کارنامەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ئامانجی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی بۆ ئاوێزانکردنی بابەتی تیۆریی بە بازاڕی کاری پسپۆڕییە جیاوازەکان دادەنرێت. پەسەندکردنی ئەو سزایەش؛ دوای تانەدان بوو لە بڕیاری دادگەی کەتنی دووی سلێمانی کە کارمەند مەحموود؛ پارێزەری خۆبەخشی د.شوان ئادەم ئەیڤەس بە 25خاڵ نایاساییبوونی بڕیارەکەی دادگای سەلماندبوو، لەوانە: نەبوونی بەڵگەی یاسایی و نەبوونی پای مەعنەویی تاوان، لەگەڵ رەچاونەکردنی پێگە و پایەی کەسایەتیی سکاڵالەسەرکراو و بەهەندوەرنەگرتنی وتەی بەرپرسان لە شوێنی روودانی رووداوەکە!

دەنگدان

بە بڕوای تۆ راگەیاندنەكان لەهەرێمی كوردستاندا؛ ناسەربەخۆن؟