بلۆککرنی پەیجەکان و سنووردارکردنی تیرۆری دیجیتاڵیی

نەبەز سابوونچی*

لەپێناو لغاوکردنی ئەو زمانە زبر و جنێوفرۆشانەی کە بوونەتە پەتایەکی کوشندەی ناو کۆمەڵگە و بۆ پاککردنەوەی پەیجەکان لەو مرۆڤە دەمپیس و ناخ بۆگەنانەی کە شکۆی مرۆڤایەتییان لەکەدار کردووە؛ بۆ گسکدانی ئەو خڵتە و زبڵە فیکرییەی کە سۆشیالمیدیای کردووەتە زبڵدانێکی قێزەون، بۆ پێدانی باشترین وەڵام بەو کەسە ناحاڵیییانەی کە لە وەهمی پاڵەوانێتیدا دەژین، بۆ شکاندنی غـروری پووچ و فشکردنەوەی ئەو هەوا زیادەیەی کە تێیاندایە، تا بگەڕێنەوە بۆ قەبارەی ڕاستەقینەی خۆیان و لە سەرووی هەمووشیانەوە، بۆ گەڕانەوەی شکۆ و ڕێز بۆ کولتووری گفتوگۆ و ڕەخنەی بونیادنەر، بەخاتری هەموو ئەمانە، چارەسەر تەنها یەک ئەرکی پچوکە، ئەویش کلیکی بلۆک بکە، وەک پەرچەکردارێکی شۆڕشگێڕانە بەرامبەریان.

ئەو جەنگە دوو بەرەی سەرەکیی هەیە: یەکەمیان؛ شێرپەنجەی ئەو پەیجانەن کە درۆ و چەواشەکاری بڵاودەکەنەوە و ژەهری پشێوی و دڵەڕاوکێ دەڕێژنە ناو کۆمەڵگەوە. بەرەی دووەمیش کە هیچی لەوەی یەکەم کەمتر نییە، تیرۆری ئەخلاقیی ئەو کچە مۆدێلە درۆزنانەیە کە لەژێر ناوی بریقەداردا، جەستەیان کردووەتە کاڵایەکی هەرزان و بازرگانیی پێوەدەکەن. هەردوو بەرەکە یەک ئامانجیان هەیە، ڕیکلامی پووچگەرایی و بەدەستهێنانی ناوبانگ لەسەر حسابی تێکدانی شیرازەی کۆمەڵایەتی. بۆیە وەڵامی هەردووکیان یەک شتە: بلۆکێکی یەکلاکەرەوەی بێبەزەیی.

گەورەترین دووفاقیی و خۆگێلکردن لێرەدایە، چۆن دەکرێ لە لایەک ڕەخنە لەم بەڕەڵاییە مۆدێرنە بگریت و لەهەمانکاتدا لایک و کۆمێنت بکەیتە سووتەمەنیی بۆ بەردەوامی بڵێسەی ئاگرەکەیان؟ قسەکەت هەرگیز ناگات؛ کاتێک لایک و فۆڵۆو-ەکەت دەبێتە مۆری شەرعییەت و پشتیوانی بۆیان. هەر لایکێک، خیانەتە و درۆیەکە لەگەڵ خۆتدا و تۆش بەشداریی لەو پڕۆسەیەی ئەوان دەیکەن و دانپیانانێکی بێدەنگە بەو ڕەوشتە نزمە. تۆ ناتوانیت لەیەککاتدا هەم داواکاری گشتیی بیت و هەم پارێزەری تاوانبار. کەواتە، با ئەمە بانگەوازێک بێت بۆ هەڵمەتێکی هۆشیاریی بەکۆمەڵ. با هەموومان پێکەوە دوگمەی بلۆک وەک چەکێکی شارستانیی و کاریگەر بەکاربهێنین بۆ ڕاپەڕین دژی ئەم فەوزایە، بۆ گەڕاندنەوەی شکۆ بۆ بەهای کۆمەڵگەو بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو تیرۆرە ئەخلاقییەی کە هەڕەشە لە کۆمەڵگەکەمان دەکات. با بە کردەوە نیشانی بدەین کە چیتر ڕێگە بە ژەهراویکردنی فەزای دیجیتاڵیی نادەین لە پێناو ئاسایشی ئەخلاق و ئارامی وڵات.

*چاودێری میدیایی و خوێندکاری ماستەر لە بەشی تەکنیکی میدیا لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی

دەنگدان

بە بڕوای تۆ راگەیاندنەكان لەهەرێمی كوردستاندا؛ ناسەربەخۆن؟