- ئامادەكردنی: رێكخراوی چاودێریی میدیای كوردی (چمك)
رۆژی چوارشەممە «16ی تشرینی یەکەمی 2019» چوارەمین مژاری مێزگردی ھاوبەشی رێکخراوی چاودێریی میدیای کوردی «چمک» و فیدراسیۆنی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیی بەناونیشانی «گرفت و گەشەی خوێندنی راگەیاندن، پەیوەندییە گشتییەکان و بازاڕگەریی لەنێوەندە ئەکادیمییەکانی ھەرێمی کوردستاندا» تاووتوێکرا. لەو مێزگردەدا کە لە ئینستیوتی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان بەئامادەبوونی نوێنەرانی زانکۆکانی پۆلیتەکنیکی سلێمانی، ھەڵەبجە و گەشەپێدانی مرۆیی بەڕێوەچوو؛ ھەریەک لە پ.ی.د. حەکیم عوسمان، د.شوان ئادەم ئەیڤەس، د.ھەتاو حەمەساڵح و پ.ی.د.ئەحمەد عومەربلی بەشدارییان کرد و جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە کە گرفتە باوەکانی دۆخی گشتیی پەروەردە و خوێندنی باڵا لەھەرێمی کوردستاندا رەنگدانەوەیان بەسەر تەواوی بەشە زانستییەکانی نێوەندە ئەکادیمییەکانەوە ھەیە.
خوێندن و پەروەردەی میدیایی لەمێزگردێكی رێکخراوی چمک و فیدراسیۆنی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنييدا.
فۆتۆ: ئارام حەمەعەلى
د.شوان ئادەم ئەیڤەس: بەحوكمی ئەوەی بەڕێزتان كەسانی ئەكادیمیین و لەنێو زانكۆكانی خۆتاندا بەرپرسیارێتیی كارگێڕییتان هەیە، پێمانخۆشە لەزمانی ئێوەوە دەرفەت و بەربەستەكانی بەردەم خوێندنی بوارەكانی راگەیاندن، پەیوەندییە گشتییەكان و بازاڕگەریی بزانین؟
د.حەكیم عوسمان: بەحوكمی ئەزمونی كارگێڕیی و وانەبێژییم، لەهەنگاوەكانی كردنەوەی یەكەمین بەشی رۆژنامەنووسیی لە پەیمانگای تەكنیكی سلێمانیی لەساڵی 2000دا كە بەتوانایەكی مادیی و مرۆیی زۆر سادەوە دەستمانپێكرد بەشداربووم و دواتریش لەو بەشەدا هەموو قۆناغەكانم بینی تا دواتر وەك سەرۆك بەش بۆ ماوەیەكی زۆر و گۆڕانكارییەكی زۆر لەو بەشەو كاری ئەو بەشەدا كردمان. پاشان دامەزراندنی بەشێكی تەكنیكی میدیا لە كۆلیجی تەكنیكی كارگێڕیی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی لەساڵی 2013و پاش دوو سێ ساڵی دواتر، لە دامەزراندنی بەشی پەیوەندییە گشتییەكان و ماركتێنیگ لەهەمان كۆلیژ كە یەكێكە لەو بەشانەی ئەمساڵ قۆناغی چوارمان هەیە، توانیویەتی رۆڵێكی ئەكادیمیی لەبوارەكەدا بگێڕێت. ئێمە باسی ساڵانی 2000 و دواتر دەكەین كە لەساڵی 2001دا یەكەم دەستەی رۆژنامەوانانی ئەكادیمیی لە پەیمانگای تەكنیكی سلێمانی دەرچوون كە كۆمەڵێك دنیابینیی و تێگەیشتن و بیركردنەوەی جیاوازییان لەسەر كاری راگەیاندن هەبوو. هەر یەكێك لەوانە، بەو پێیەی گروپی یەكەم بوون و بەشی زۆریان رۆژنامەنووس بوونو لەدامو دەزگاكاندا كارییان دەكرد، هەوڵیاندەدا ئەو بۆچوونانە بخەنە ناو كەناڵەكانی خۆیانەوە و هێواش هیَواش ئەو تێگەیشتنە زانستیی و ئەكادیمییە بۆ ژانرەكان، بۆ ئیدارە، بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ دامودەزگاكانی تر، بۆ ئەو مافانەی هەیانە، بۆ ئەو ئەركانەی لەسەر شانیانە، بۆ رۆڵیان لەكۆمەڵگە و بۆ ئەو كاریگەرییانەی كە هەیانە، بەشێوەیەكی تر بەرچاوڕوونییان پێدراوە كە ئەوانیش هەوڵیاندا بڵاویبكەنەوە. دیارە ئەمانە لەزانكۆدا بەشێوەیەكی بەرفراوانتر خوێندراوە كە بەسەریەكەوە ماوەی بیست ساڵێكە خوێندنی ئەكادیمیی میدیا لەم ناوچەیەدا دەستیپێكردوە. بەشێك لەو دامەزراوانە توانیویانە لەرووی مادییەوە لانیكەمی پێداویستییەكان دابین بكەن. لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا، خوێندنی باڵا كە وەزارەتێكە لە وەزارەتەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و كۆمەڵێك زانكۆ و كۆلیجی تیایە، بۆنمونە تەكنیكی میدیا بەشێكە لەو ستراكچەرەی كە هەیە؛ دابینكردنی پێداویستییەكان نابێت بەهەوڵو ماندووبونی شەخسیی من بێت وەك سەرۆك بەش. راستە من بەدوای مامەڵەكەیدا دەڕۆم، بەڵام دابینكردنی لایەنە داراییەكە نابێت بكەوێتە سەرشانی من كە بەشێك دادەمەزرێنین دەبێت بودجەی بۆ دابین بكرێت. پار لەخولێكی تایبەت بووین لەبەریتانیا كە باسی دامەزراندنی بەشێكی دەكرد، پرسیارمان كرد ئێوە بەشی میكانیكتان نییە، وتی نیمانە، چونكە یەك ملیۆن و پێنج سەد پاوەندی تێدەچێت، هەتاوەكو بەتەواوەتی سەرجەم پێداویستییەكان دابین نەكەین، ئەو بەشە دانامەزرێنین و دواتریش پێویستیی بەتوانای مرۆیی هەیە. ئێمە لەسەرەتادا بەتوانایەكی زۆر سەرەتایی دەستمانپێكرد و هەوڵدرا بەهەر شێوەیەك بێت دروستبكرێت، بەڵام ئێستا لەرووی توانای مرۆییەوە توانراوە تواناكان دابین بكرێن، هەرچەندە لەهەندێك تایبەتمەندییدا كەمو كوڕیمان هەیە. بۆنمونە، من كەسێك ئەخەمە بازاڕی كار، ئەبێت مونتاژ و بەكارهێنانی رووناكیی و ئامێرەكان بزانێت و شارەزای بەكارهێنانی ئەو سۆفتوێردانە بێت كە لەبوارەكەدا ئیشیان پێدەكات؛ ئێمە بەشی زۆرییمان دابینكردووە.
بازاڕی كار لەگەڵ ناوەندە ئەكادیمییەكاندا هەمیشە بۆشاییەك لەنێواندایە و هاوشان لەگەڵ یەكدا ناڕۆن. هۆكارەكەیشی زۆر ئاسانە، ئێمە ناتوانین ئەوەی تازە هاتۆتە بازارەوە، بیخەینە مەنهەجەوە، ئەم قسەیە بۆ هەموو بوارەكانی تری وەك پزیشكیی و ئەندازیارییش هەمان شتە. |
د.شوان ئادەم ئەیڤەس: هەموو سیستمێكی پەروەردەیی لەسەر چوار پایەی سەرەكیی: خوێندكار، مامۆستا، پرۆگرامی خوێندن و ژینگەی خوێندن دادەمەزرێت و گەشەدەكات؛ ئایا كام لەم پایانە لەهەرێمی كوردستاندا كێشە و كەموكورتیی تێدایە؟
د.حەكیم عوسمان: ئێستا ئێمە ژمارەی پێویستی ستاف و كامیرا و ستۆدیۆی باشمان هەیە كە بەرنامەی زۆر جوانی پێكراوە. ئەو شتانەی كە بۆ پرۆسەی وێنەگرتن پێویستە لەگەڵ ستۆدێویەكی بچووكی موتەكامیلمان هەیە كە دەتوانرێت بەرهەمێكی تەلەڤزێونیی تیادا بەرهەمبهێنرێت. نیوزرووم_ێكمان دروستكرد كە دەستكەوتێكی گەورەیە، هەر كەسێك بچێتە كەناڵێكی راگەیاندن و كار بكات لەوێ دەستیدەكەوێت، ئەوەی كە ئێمە هەمانە كەلێنەكەی بۆ پڕكردووینەتەوە. واتە، ئەو خوێندكارەی لای ئێمە دەردەچێت تووشی نامۆیی ناكات و لەگەڵ گۆڕانكاریی و پێشكەوتنەكانی تەكنەلۆجیادا دەڕوات. لەرووی پرۆگرامی خوێندنەوە، تا رادەیەكی زۆر دەستەڵات دراوە بە ئێمە كە ئەگەر لەگەڵ ئەم سیستمی بۆلۆنیایەدا خۆمان رابهێنین؛ چ مامۆستا و چ خوێندكار سوودمەند دەبن. بۆلۆنیاپرۆسێس، سیستمێكی تازەیە و من خۆم لەگەڵیدام كە ئەمیش هاوشێوەی سیستمەكانی پێشتر لایەنی باشو خراپی هەیە. ئەو پێداویستییو رێخۆشكردنانەی لەرووی پرۆگرامەوە هەن، تاڕادەیەكی زۆر داخڵمان كردوون. لەوانە، بابەتی نوێ كە ساڵانە ئەبدەبیتی دەكەینەوەو دەستەڵاتێكیش دراوە بە ئێمە بۆئەوەی گۆڕانكاریی لەو بابەتانەدا بكەین كە هەن. ئێستا ئەگەر ئێوە بێن سەیری پرۆگرامەكان بكەن، لەئەنجامی وتووێژو قەناعەتی ئەو كەسانەی سەرپەرشتیی ئەو بەشانە دەكەن كە دەشيَ ئەمانیش مرۆڤن و لەژینگەیەكدا دەژین كە پەیوەندییان لەگەڵ دنیای دەرەوەدا نەبێت لەو پێداویستییە زۆرانە یان شتە زۆر نوێیەكاندا شارەزانەبن، بەڵام خۆشبەختانە لای ئێمە تێگەیشتنەكەش هەیە و دەستەڵاتیشمان هەیە ساڵانە ئەو نەرمییە لەدەستكاریكردن و بەردەوام تازەكردنەوەی بابەتەكاندا بكەین كە ئەوەش خاڵێكی باشە، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە كە ئێمە تەواو كامڵین. ئەوەی كە هەمانە بۆ ئێستا باشە و قەناعەتم پێیەتی، پێبینییدەكەم ساڵی داهاتوو هەندێك قەناعەت و بابەتی دیكەش بگۆڕین. ئەمساڵ چەند ماددەیەكی تازەمان داناوە وەك پەپڵیك سپیكەر؛ هێنامانە ناو مەنهەجەوە و دەرسێك دوو دەرسمان داخڵ كرد كە دەستكراوەمان دەكات لەوەی دەرسی زۆر بچێتە ناو مەنهەجەوە. ئەگەر راوێژی زیاتر بكەین، دەتوانین شتی باشتر بكەین. لەرووی مامۆستاكانەوە، بۆشاییەك لەو گۆڕانكارییە خێرایانەدا هەیە كە لەبواری میدیادا دەكرێن، چونكە بازاڕی كار لەگەڵ ناوەندە ئەكادیمییەكاندا هەمیشە بۆشاییەك لەنێواندایە و هاوشان لەگەڵ یەكدا ناڕۆن. هۆكارەكەیشی زۆر ئاسانە، ئێمە ناتوانین ئەوەی تازە هاتۆتە بازارەوە، بیخەینە مەنهەجەوە، ئەم قسەیە بۆ هەموو بوارەكانی تری وەك پزیشكیی و ئەندازیارییش هەمان شتە. بۆنمونە، تیۆرییەك كە تازە هاتووە من ناتوانم بیخەمە مەنهەجەوە، چونكە ئێمە ئیش لەسەر ئەوە دەكەین كە سەلمێنراوە. زۆرجار ئەمە بۆ مامۆستا، قورسە كە شتێك هێشتا تاقینەكراوەتەوە بە خوێندكاری بڵێت. بازاڕی كار لەپێش سیستمی ئەكادیمییەوەیە، چونكە كێشەیان نییە كە شكست دەهێنێت، شتێكی تر دەهێنێتە شوێنی. ئەم كێشەیە هەر لێرە نییە لەدەرەوەی وڵاتیش هەیە، چونكە ئەم دوو بوارە بەیەك هێڵ ناڕۆن، بۆیە ئێمە لەبوارە تیۆرییەكاندا دەگەڕێینەوە سەر بابەتە بنچینەییەكان. واتە، ئەو تیۆرییە بنچینەییانەی كە لەسەری یەكلابوينەتەوە، ئەوەیتر مامۆستاكان رۆڵدەبینن كە ئەگەر بۆنمونە هەردووكیشمان دكتورامان لەبواری راهێناندا هەبێت، ئەوا شێوازی وانەوتنەوەمان هەر جیاواز دەبێت. هەندێكجار پەیوەندیی بەتوانای تاكەكەسییەوە هەیە، مامۆستا هەیە ماستەری هەیە و باشتر بابەتەكە دەگەیەنێت یان هەندێكجار خوێندكار بەدەمو چاوی مامۆستاكەی ئاسوودە نییە یان خوێندكار بەشێوەیەكی تر مامەڵەی لەگەڵدا دەكات. ئەمانە بەگشتیی تێكەڵاو دەبن، بەڵام هەندێك تایبەتمەندێتیی هەیە ئێمە نیمانە. بۆنمونە، ئەمساڵ بۆ پرۆگرامی دیزاینی پەپلیشەر پەنام بردووەتەبەر مامۆستایەكی بەشی ئینفۆرماتێك كە كەسێكە لەپرۆگرامێكدا لەگەڵ ئەندازیاری پەیوەندییەكاندا ئیش دەكات. واتە پەیوەندییەكی زۆر بەتینمان لەگەڵ پرۆگرامە نوێكاندا هەیە و ئێمەو پسپۆڕییەكانی دیكەش بەردەوام كارمان بەیەكتری دەبێت، بەڵام یەكێك لەو كێشانەی رووبەروومان دەبێتەوە، پرسی بڕوانامەیە. هەندێكجار هەندێك كەس لەبوارێك لەبوارەكاندا زۆر شارەزایە، بەڵام ئەكادیمیی نییە و لەلایەن وەزارەتەوە قبوڵناكرێت و كێشە دروستدەبێت. بەگشتی، ئەمانە هەندێك لەو كێشانەن كە لەبواری پراكتیكیی نوێدا تووشمان دەبێت.
د.هەتاو حەمەساڵح: لەراستییدا، زۆربەی بەشەكان هەوڵیان بۆ دۆزینەوەی هەلی كار داوە بۆ ئەو خوێندكارانەی كە لەبەشەكانیاندا دەردەچن، بەڵام دەكرێت بەشەكانی میدیا، پەیوەندییە گشتییەكان و بازاڕگەری، هەوڵی زیاتریان بۆ بدرێت و كاری جدیتر لەسەر خوێندكارانیان بكرێت. ئێمە ئەگەر بتوانین بەجوانیی ئیش لەسەر خوێندكاران بكەین، ئەوا دەتوانن لەچەند بوارێكدا ئیشیان دەستبكەوێت. بۆنمونە، ئێستا زۆربەی كۆمپانیاكان پێویستییان بەدەرچووانی ئەم بەشانە هەیە كە ئەگەر بەجوانیی پێگەیاندرابێتن لەو رووەوە كە بازاڕی كار دەیخوازێت. بەتایبەت ئەوەی كە ببنە یارمەتیدەری كڕیاران (customers service)ێكی بەهێز یان چۆن بتوانن پێشوازی لەخەڵك بكەن و وەڵامی خەڵك بدەنەوە، لەرووی پراكتێكییەوە ئەتەكێتی پێشوازییكردن و بەڕێكردنی كڕیارانی هەبێت كە بەداخەوە زۆر كەم ئیشیان لەسەر كردووە. رەنگە پەیوەندییە گشتییەكان، ئەمساڵ یەكەم دەستەی دەرچووانی هەبێت، بەڵام بەشەكانی میدیا نەیانتوانیوە كادر بۆ بازاڕ پێبگەیەنن. خۆئەگەر باسی ئەو چوار پایە بكەین كە ئاماژەتان پێدا، ئەوا لەرووی دڵنیایی جۆرییەوە مامۆستاكان نەیانتوانیوە ساڵانە خۆیان تازەبكەنەوە. لەئەوروپادا، هەر مامۆستایەك لەرووی زانستییەوە نەتوانێت خۆی بەرێتە پێشەوە، وردەوردە دەهێنرێتەدواوە. بۆنمونە، دكتورێك ئەگەر ساڵانە نەتوانێت لەگەڵ ئەو زانستەی خۆیدا بڕوات؛ گرێبەستەكەى بۆ تازەناكەنەوە. گرفتی ئێمە ئەوەیە گرێبەستمان زۆر كەم و دامەزراندنمان زۆر زۆرە، بۆیە پشتی ئەستورە و خۆی ماندوو ناكات، بەڵام لەوڵاتانی خۆرئاوادا 85%ی ستاف بەگرێبەست ئیش دەكەن، ئەگەر بزانرێت لەو ئاستەدا نییە، ئەوا بۆی تازە ناكرێتەوە. لەرووی پرۆگرامەوە، من ئاگام لە پرۆگرامەكانی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی نییە، بەڵام كەم تازۆر ئاگام لە پرۆگرامەكانی زانكۆكانی تر هەیە كە ئەبدەیت لە پرۆگرامەكانیاندا نییە. ئەوەی ئێمە لە 2000دا خوێندومانە، ئێستاش هەر ئەوە دەخوێنرێت. واتە، شتێكی تازە نابینم هاتبێتە ناو پرۆگرامەكە. خۆشتان دەزانن ئەوەی لەزانستی میدیادا هەیە، ئەگەر نەڵێم مانگانە، ئەوا رۆژانە گۆڕانكاری گەورە روودەدات. ئەمە چۆن دەبێت ئێمە دڵنیابین لەوەی كە بتوانین خوێندكارێكی زۆر بەهێز بهێنینەبەرهەم كە بەداخەوە لەوانەیە نەبێت، خوێندكارەكان خۆيشیان كاتێك كە وەردەگیرێن یەكێك لەگرفتی ئەم وڵاتەی ئێمە ئەوەیە لەسەر ئاستی بەهرە ئیش ناكات، بەڵكو لەسەر ئاستی نمرە كار دەكات. ئەوەی كە نمرەی زۆر زۆر نزم بوو، دێنە بەشەكانی ئێمە، كاتێكیش كە هەر شتێكی بەسەردا دەدەیت، دەڵێت؛ مامۆستا ئەگەر زیرەك بومایە دەچوومە پزیشكیی و ئەندازیاری، ئێستا تۆ دەتەوێت چی لەمن دروستبكەیت. بۆیە، من زۆر داكۆكی دەكەم و پێمخۆشە لەمجۆرە چالاكییانەدا جەخت لەسەر ئەوە بكەینەوە كە رۆژنامەنووس، لانیكەم دەبێت زمانێكی بیانیی بزانێت جا عەرەبیی بێت یان ئینگلیزی. ئێمە لەگەڵ كردنەوەی بەشی راگەیاندنی زانكۆی هەڵەبجەدا زۆر داكۆكیمان لەسەر ئەوەكرد كە لەساڵی یەكەمدا، خوێندكاران فێری زمانی ئینگلیزیی ببن. ئێمە وایدادەنێین كە ئەو خوێندكارە هیچ نازانێت و ئاستی زمانیی زۆر زۆر نزمە، چونكە من خۆم وانەم وتۆتەوە ئەزانم كە ئاستی زانینی زمانی ئینگلیزیی لەناو زانستە مرۆڤایەتیەكاندا زۆر زۆر نزمە. كەواتە، ئێمە دەبێت زۆر گرنگیی بە زمان بدەین، بەتایبەتیش زمانی ئینگلیزی. ئەوەی ئێستا د.حەكیم باسیكرد لەوانەیە ساڵانی نەوەدەكان خوێندبێتی كە پەنجا سەعات پراكتیكیی هەبووە، بەڵام ئایا ئێستا خوێندكار پەنجا سەعات پراكتیكیی هەیە. ئەمە گرفتە و هەستدەكەم ئەو لایەنە پراكتیكییەی لەنێو زانكۆكاندا هەیە زۆرزۆر كەمە. ئەوەش دەچێتە بواری ئەوەی تاچەند سەرۆكی زانكۆكان و ئەنجومەنی زانكۆكانیان بایەخ بە بەشی میدیا دەدەن، چونكە بەداخەوە زۆرجار میدیا بەدەهۆڵلێدان وەسفكراوە كە بۆخۆم لەدوو زانكۆ بیستوومەو پێموتراوە كە ئەمجۆرە قسانەش، مرۆڤ والێدەكات تەحەدا دروستببێت. لەرووی توێژینەوەوە، دەبێت خوێندكاری ئەمجۆرە بەشانە لەبوارێكدا خۆی بدۆزێتەوە؛ ئایا دەبێت بەرۆژنامەنووسێكی زۆر زۆر سەركەوتوو یان كەسێكە لەرووی ئەتەكێتو پەپڵێك ریلەیشنەوە بەهێز دەردەچێت یان دەبێتە توێژەرێكی باش لەبوارەكەی خۆیدا. ئایا ئێمە چۆن توانیومانە لەرووی میدیاییەوە توێژینەوەكانمان لەئاستێكدابێت كە سوودی لێ ببینرێت؟ ئایا ئەو توێژینەوانە تاچەند هەڵسەنگێنراون؟ پێویستە ئەو سۆفتوێرەی كە ئێمە لەبەریتانیا بەكارمان هێناوە بۆ دەرخستنی پلایجەریزم بێتە ناو زانكۆكانی كوردستان. لەم مانگەی پێشوودا، توێژینەوەیەكی عەرەبیی هاتەبەردەستم كە 70-80%ی كۆپی بوو، بڕگە بەبڕگە لەگۆگڵ دۆزیمەوە، بۆیە تائێستا دوو توێژینەوەم رەتكردۆتەوە، بەڵام بەداخەوە دوای سێ بۆ چوار مانگ دەڵێن؛ تەواوبوەو بڵاوبۆتەوە! بۆیە، زۆر گرنگە پرۆگرامی پلایجەرزیم بهێنرێتەناو خوێندنی باڵاوەو لەناو زانكۆكاندا ئەو سۆفتوێرە دابنرێت كە زۆر بەئاسانیی وشەبەوشە زانیارییە دزراوەكان ئەدۆزێتەوە كە لەكوێوە هێنراون، تەنانەت نەك وشە، بەڵكو پەرەگراف بەپەرەگراف بۆت دەهێنێت. بەراستی، نووسین ئەوەندە ئاسان نییە كەسێك بتوانێت لەساڵێكدا سێ چوار توێژینەوە بكات. هەمووی هاتۆتە سەرئەوەی، كۆپی پەیست بكات. من باس لەبەشە ئەبستراكتەكان ناكەم، بەس لەبەشەكانی ئێمە زۆر بەئاسانیی پلەیجەریزم دەكرێت؛ گومانم لەتوێژینەوەكان هەیە كە ئەگەر لیژنەیەك پێكبهێنرێت و پێداچونەوەیەك بكرێت، زۆربەی زۆری توێژینەوەكان دەكەونەژێر پرسیارەوە. بۆیە، زۆر داكۆكیی لەسەر دروستكردنی دەستەیەك یان رێكخراوێك دەكەم، بۆئەوەی لەئاستی زانكۆكاندا ئیش بۆ دۆزینەوەی هەلی كار بۆ دەرچووانی بەشەكانی میدیا، پەبڵیك ریلەیشن و ماركێتینگ بكات. هەروەها پێویستە لەئاستی زانكۆكاندا، كۆبونەوەی بەردەوام بۆ یەكخستنی پرۆگرامی ئەو بەشانە هەبێت، تاوەكو بزانرێت كە پرۆگرامەكانی خوێندن تاچەند لەیەك نزیكن و چی باشتر بكەن و چی زیادەیە لایبدەن؟
لەم مانگەی پێشوودا، توێژینەوەیەكی عەرەبیی هاتەبەردەستم كە 70-80%ی كۆپی بوو، بڕگە بەبڕگە لەگۆگڵ دۆزیمەوە، بۆیە تائێستا دوو توێژینەوەم رەتكردۆتەوە، بەڵام بەداخەوە دوای سێ بۆ چوار مانگ دەڵێن؛ تەواوبووەو بڵاوبۆتەوە! بۆیە، زۆر گرنگە پرۆگرامی پلایجەرزیم بهێنرێتەناو خوێندنی باڵاوە. |
د.شوان ئادەم ئەیڤەس: لەدەرەوەی زانكۆ حكومییەكان زۆرجار بانگەشەی ئەوە دەكرێت كە دەرچووانی بەشی دبلۆماسیی و پەیوەندییە گشتییەكانی زانكۆیەكی ناحكومیی وەك گەشەپێدانی مرۆیی كە د.ئەحمەد عومەربلی سەرۆكییەتی، زووترو باشتر ئیشیان دەستدەكەوێت، ئایا ئەو نهێنییە چییە كە ئەم زانكۆیە دۆزیویەتەوەو زانكۆكانی دیكە نەیاندۆزیوەتەوە؟
د. ئەحمەد عومەربلی: جگەلەخوێندنی راگەیاندن، من خولێكی پلانی خوێندنم خوێندەوە. بۆنمونە، یەكێتی ئەوروپا چوارچێوەیەكی تیۆرییان هەیە كە پێویستە چەند بەهرە یان توانیایەك لەهەر بەشێكدا هەبێت، بۆ ئەوەی خوێندكار لەدوای تەواوكردنی بەشەكەی و دەرچوونی دەستیبكەوێت. ئەم چوارچێوەیە دەكرێت هاوشێوەی بەشە زانستییە پەتییەكان بەسەر بەشە زانستییە مرۆییەكانی وەك ئەوانەی ئێمەشدا جێبەجێ بكرێن. بۆنمونە، ئەوەی ئەو چوارچێوە تیۆرییە جەختی لەسەردەكاتەوە بریتییە لەخشتەی خوێندن و پێدانی ئاوت كەم و موفرەداتی پەروەردەیی. لەو رووەوە دەكرێت، سەرۆكی بەش پلانێك دابڕێژێت و پاشتر داوا لەهەموو مامۆستاكان بكات كە ئایا ئەو بەشەوانانەی كە ئەوان هەیانە لەگەڵ پلانەكەیدا یەكدەگرنەوە یان نا؟ ناوەخنی پلانەكە دەبێت هەریەك لەپێوەرەكانی مەعریفە، بەهرە،بیركردنەوەی رەخنەگرانە و پرۆفیشناڵێتیی بگرێتەخۆ. واتە، كەسەكە دەبێت بەشێوەیەكی پرۆفیشناڵانە فێرببێت. من ئەزمونی خۆمانم لەبەردەستدایە، كێشەی مەعریفە ئەوەیە كە هەندێكجار گومان لە پرۆگرامی خوێندنەكە دەكەین كە ئەبدەیت نییە. بۆنمونە، ئەوەی لەبەریتانیاو ئیتاڵیاو ئەڵمانیا دەخوێنرێت هەمان ئەوەیە كە لای ئێمە هەیە یان نە ئێمە لەگومانداین. بۆ چارەسەركردنی ئەمە دەكرێت بەپلانی دەرسێك لەچەند زانكۆیەك وەربگیرێت و هەڵسەنگێنرێت، باشتروایە خودی مامۆستاكە ئەم كارە بكات. بۆنمونە، سەرۆكی بەش داوا لەمامۆستاكە بكات ئەزموونی ئەو دەرسەی خۆی بەپلانێك لەچەند زانكۆیەكدا بڵێتەوە، بەجۆرێك ئەوەی كە بۆ ئەمساڵ داتناوە تەنیا قسەی خۆت نەبێت، بەڵكو بریتيی بێت لەوەی لەبەردەم ئاوێنەی وڵاتێكی تردا بۆم بهێنە. بەمە دەتوانین چارەسەری پرسی ئەبدەیتكردنەوەی پرۆگرامی خوێندن بكەین. بۆ ئەمەیان زمانی ئینگلیزیی زۆر گرنگە، چونكە ئەگەر خوێندن بە ئینگلیزیی بوو، ئەوا هەمان ئەزموونی ئەمەریكا بۆ ئوسترالیا بەرهەم دەهێنین. بەكورتییەكەی تۆ لەو تەكنیكە دەردەهێنێت كە ئەوان ساڵانە بەرهەمی دیێنن. واتە بەئینگلیزییكردنی خوێندن، هەوڵ و عەقڵی هەموو ئەو خەڵكانە ئەهێنێتە لای خۆتو بەكاریدەهێنێت بۆ چارەسەركردنی كێشەی مەعریفە. لێرەدا، دەكرێت مامۆستاكە بەرهەمەكان وەربگێڕێتە سەر زمانی كوردی یان خوێندن بەزمانی ئینگلیزیی بێت. لەپرسی بەهرە(skill)كاندا دەبێت راستگۆ بێن. بۆنمونە، مامۆستایەك وانەی پراكتیكی هەیە و دەڵێت فێری مۆنتاجت دەكەم، فێری ئەوەت دەكەم كە لەمونتاجدا ئەو سۆفتوێرە بەكاربهێنیت. واتە ژینگەی زانكۆ، تاقیگەكان، ئامێر و كەرەستەكەكانی، ژمارەی ئەو خوێندكار و شوێنەی كە هەتە لەگەڵ شێوازی وانەوتنەوەو پرۆسەی هەڵسەنگاندندا یەكبگرێتەوە. ئەمانە هەموو سێگۆشەیەكیان دروستكردووە كە “ئامانجەكانی فێربوون” دەكەوێتە ناوەڕاستی سێگۆشەكەوە و پێویستە لەگەڵ “شێوازی وانەوتنەوەی مامۆستا”ەكەدا بگونجێت. مامۆستای بەتوانامان دەوێت بۆ وتنەوەی ئەو شێوازەی كە دەیەوێت، بۆیە “هەڵسەنگاندن” رێگەیەكە بۆ خوێندكار كە ترسی هەڵسەنگاندن فێربێت. لە وانە پراكتیكییەكاندا، میدیا لەبەشەكانی تری زانكۆ باشترە، چونكە ئەوان هێشتا بەتاقیكردنەوەی تیۆری، خوێندكار هەڵدەسەنگێنن. مامۆستای پراكتیكیی میدیا، بەپرۆجێكت هەڵسەنگاندن بۆ ئاستی فێربوونی خوێنكار دەكات، ئەمە هەنگاوێكی باشە لەبەشەكانی میدیادا هەیە، بەڵام پێویستە پشتگیریی بكرێت و وانە پراكتیكییەكان تەنیا پراكتیكیی بن. لەدەرەوە، شێوازی وانەوتنەوە و شێوازی هەڵسەنگاندن، هەردووكی بەیەكەوەن و دوو دیوی یەك دراون. بۆنمونە، مامۆستا ئەڵێت؛ سێ سۆفتوێرم هەیە و فێرتان دەكەم لەم سێ سۆفتوێرەوە كە بۆ ئەم دەرسە بەكاریدەهێنم، تۆ پرۆجێكتێكم بۆ بكە. كەواتە، هەڵسەنگاندنی ئاستی فێربوونی سێ سۆفتوێردەكە لەرێی پرۆجێكتەكەوە دەكات. بۆیە خوێندكارەكە، زۆر ئاساییە لای كە مامۆستاكە لەناوەڕاستی پرۆسەكەدا پێیبڵێت؛ كاكە گیان تۆ بەم پرۆجێكتە خۆت سەلماند كە هەر سێ سۆفتوێرەكە ئەزانێت و ئەوە من لەئەمڕۆوە نمرەت ئەدەمێ و بۆ تاقیكردنەوەی كۆتایی مەیەرەوە. واتە، لەسەر بنەمای لێهاتوویی خوێندكارەكە فێربووە و دەبێت ئەو دەستەڵاتەش بدەیتە مامۆستا كە بەمشێوەیە هەڵسەنگاندن بۆ ئاستی فێربوونی خوێندكارەكانی بكات. بۆیە، دەبێت سەرلەنوێ پێداچوونەوە بە”شێوازی وانەوتنەوە”دا بكرێت، بۆئەوەی خوێندكار بەشتێكەوە هیلاك نەكەین كە سوودی لێنابینێت. لایەنێكی ترمان هەیە كە ئایا ئەو كەسەی لەلای ئێمە دەردەچێت شیاوی ئەوەیە یان رێگەپێدراوە بیخەینە بازاڕی كار؟ كرۆكی خوێندن ئەمەیە كە پێویستدەكات پرۆگرام لەخزمەتی بازاڕدا بێت، بازاڕ چی پێویست بێت پێویستە تۆ ئەوەی بۆ بكەیت. بۆچارەسەركردنی لایەنی پراكتیكی، سیستمی خوێندنی عێراقیی لەساڵانی شەست و حەفتا و هەشتاكاندا، “مەشقی هاوینە”ی داناوە كە بۆكاتی خۆی باشبوو، بەڵام لەئەوروپادا “مەشقی هاوینە” نییە، بەڵكو “وۆرك پلەیسمێنت” هەیە. بۆنمونە، لەقۆناغەكانی سێیەم و چوارەمدا و بەپێی پۆلۆنیاپرۆسێس یەك وانەی تیاناخوێنرێت، بەڵكو خوێندكارەكان دەنێرێن بۆ چەند دامەزراوەیەك یان چەند كەناڵێك و مامۆستای سەرپەرشتیاری بۆ دادەنرێت. لەنێوان مامۆستای سەرپەرشتیار و كەناڵەكەدا یان دامەزراوەكەدا رێككەوتن دەكرێت، بەمەرجێك ژمارەی خوێندكارەكان لەگەڵ ئەو شوێنانەی كە بۆی دەنێردرێت گونجاو بێت. بۆنمونە، من 40 خوێندكارم هەیە دەیانێرم بۆ پێنج كەناڵ، واتە هەر كەناڵە و هەشت خوێندكاری بۆ دەنێرم، بەڵام ئایا مامۆستایەك دەتوانێت سەرپەرشتیی چەند خوێندكار لەمانە بكات. گریمان دوو مامۆستا دەتوانن سەرپەرشتیان بكەن، ئەوكات بەپێی رێككەوتنێك لەگەڵ بەڕێوەبەری كەناڵەكەدا، 50%ی پێوەری هەڵسەنگاندن دەدەین بەوان، لەگەڵ خوێندكارەكەشدا لەسەر ئەوە رێكدەكەوین كە ئەگەر كەناڵەكە تۆی دەرنەچاند، واتە لەلای ئێمەش دەرناچیت. لێرەدا دەبێت كەناڵەكە چەند پێوەرێك بۆ هەڵسەنگاندنی خوێندكارەكان دابنێت كە بریتیە لەوەی من بۆیە خوێندكارێك دەنێرم، تاوەكو تاقیبكەمەوە كە لەرووی داڕشتن، وێنەگرتن و مۆنتاجەوە چۆنە و لە چ ئاستێكدایە. بۆیە، دەبێت كەناڵەكە داوای بەرهەم و ئیشی لێبكات لەسەر ئەو سێ بنەمایەی كە من مەبەستمە ئەوان هەڵسەنگاندنی بۆ بكەن. لەو نێوەندەشدا كام یەك لەخوێندكارەكان بەتواناتر بوون لەلایەن كەناڵەكانەوە گلدەدرێنەوەو هەلی كاركردنیان بۆ دەڕەخسێنرێت. بۆنمونە، من ئەمساڵ بە خوێندكارەكانم وتووە، ئەگەر ناردمانن بۆ هەر كۆمپانیایەك و كۆمپانیاكەت قەناعەت پێهێناو تۆی گلدایەوە، ئەوا من 100 نمرەت بەبێ هیچ تاقیكردنەوەیەك دەدەمێ، چونكە ئەمە بریتییە لەهەڵسەنگاندنێكی باش.
د. شوان ئادەم ئەیڤەس: بەدڵنیاییەوە، ئیشكردنی خوێندكار لەگەڵ كۆمپانیایەك یان كەناڵێك گرنگترە لەمەشقی هاوینە، بەڵام ئایا ئەمە بوارێك بۆ گەندەڵیی و واستەكردن ناكاتەوە؟
د. ئەحمەد عومەربلی: ئەم قسەیەم زۆر بەدڵە. ئێمە ئەبێت لەبەدیهێنانی دادپەروەریی نەترسین، چونكە من بەم پرۆسەیە دەتوانم كێبركێ لەناو خوێندكاراندا دروستبكەم، دەتوانم لە 20 خوێندكاری یەكەمدا 18یان راستگۆیانە خۆی فێر بكات؛ قەیچییەكا با دووان بەواستە جێی خۆی بكاتەوە كە دەشێت ئەمەش نەبێت. بەم رێگایە، توانیم هەلی كار بۆ 18 كەسی چالاك دروستبكەم، ئەو دووانەی تریش كەیفی خۆیان، گرنگە ئەو 18 كەسە تواناو وزەی خۆی بەگەڕ بخات. ئەگەر بەدیلی ئەمە، ئەوەیە كە بەتاقیكردنەوە و نمرە چارەسەری بنەڕەتیی لایەنی پراكتیكیی بكەم كە ناكرێت و دادپەروەریی بەدینایەت، چونكە نەمتوانی دەرفەت بۆ 18 كەسەكە دروستبكەمو ناچارمكردن، كەواتە دادپەروەر نەبووم لەبەرامبەر ئەوەی ئەو دوو خوێندكارە فێڵم لێنەكات، دادپەروەر نەبووم بەرامبەر هەر 20 كەسەكە. لەبەرئەوەی پۆلۆنیاپرۆسێس، بەوشێوەیەیە كە مەركەزییەت بكات بەلامەركەزییەت و دەستەڵات دەداتە دەستی مامۆستاكە، چونكە ئەو دەزانێت چۆن ئەم بەشە بەڕێوەدەبرێت نەك وەزارەت و تیمی زانكۆ؛ پۆلۆنیاپرۆسیس ئەمەمان پێدەبەخشێت، كەواتە ئێمە چیمان پێویستە؟ بۆ وانە پراكتیكییەكان، پێویستە شێوازی وانەوتنەوەو هەڵسەنگاندن بگۆڕێن، ئینجا بگەڕێین بەدوای ئەوەی “ئامانجەكانی فێربوون” كە پێشتر دامناون؛ بەدەستهاتوون یان نا؟ هەروەها دەكرێت “وۆرك پلەیسمێنت” لەبری “مەشقی هاوینە” زیندوو بكەینەوەو ساڵی چوارەم هەر “ۆرك پلەیسمێنت” بێت، بەوەش كۆمپانیاكان چانسی ئەوەیان دەبێت كەسی شیاوی خۆیان بدۆزنەوە. لێرەدا، ئیش دۆزینەوە یەكسان نابێت بەوەرەقەیەكی مۆركراو، بەڵكو یەكسان دەبێت بەسەلماندنی توانا (كفائة). هاوكات پێویستە وانە پراكتیكییەكان زیاتر بكرێن و خوێندكار بە پرۆجێكت هەڵسەنگێنرێت، چونكە ئەمە دەبێتە بەڵگەیەكی زیندوو بەدەست خوێندكارەكەوە. كەواتە پێویستە بەپۆلۆنیاپرۆسیسو ۆرك پلەیسمێنت چارەسەری ئەم كێشانە بكەین و مەشقی هاوینە نەمێنێت، چونكە خوێندكار لەمەشقی هاوینەدا زیاتر واستە دەكات. بۆیە پێویستە بەتەنيا لەكۆتایی خوێندنەكەییدا، باسێكی تیۆریی لەسەر ئەوەی فێری بووە پێیبنووسرێت و هەڵسەنگاندنی شوێنەكە لەسەر ۆرك پلەیسمینتەكە بكرێتە پێوەر، بەڵام ئەگەر دامەزراوە و بازاڕی ئێمە ئەوەندە توانای نەبوو كە ئەو هەموو خوێندكارە وەربگرێت. كەواتە، لێرەدا توشی كێشەی شوێن ئەبین كە لەكوێ جێگەیان بكەینەوە، تۆ چەند خوێندكار وەردەگریت و تاچەند لە بازاڕو دامەزراوەكاندا جێگەی دەبێتەوە، چونكە خۆیان دیارییكراون؛ دەبێت چارەسەر بكرێت و حكومەت سیستمێكی باشی بۆ دابنێت. هەربۆیە، پێویستە لەئەبدەیتكردنەوەی پرۆگرامەكانی خوێندندا دەستكراوەبین و ئامانجەكانی فێربوون لەسەر هەر چوار بنەمای مەعریفە، بەهرەكان (مهارات)، بیركردنەوەی رەخنەگرانە و پرۆفیشناڵێتیی دابنێین.
د. حەكیم عوسمان: ئێمە لەگەڵ بارودۆخەكە ژیاوین و كێشەشمان توشبوە كە زۆرجار نەمانتوانیووە چارەسەری بكەین. هۆكارەكەش ئەوەیە كە دامەزراوەیەكی وەك وەزارەتی خوێندنی باڵا لە وەزارەتەكانی دیكە دابڕاونییە؛ هەموویان بەیەكەوە پەیوەندیان هەیە و ناكرێت تۆ بەسەربەخۆیی تەماشای بكەیت. پۆلۆنیاپرۆسێس، سیستمێكی گرنگە و پێویستیی بە بەهرە و لێكتێگەیشتن هەیە لەنێوان وەزارەتی خوێندنی باڵاو داراییدا، چونكە زۆربەی ئەو گۆڕانكارییانەی لەوێ دەكرێن، پێویستیی بەرێگەپێدانی دارایی هەیە، چونكە ئەمشێوازە، هەڵسەنگاندنە لەگەڵ مامەڵەی خوێندكاردا. بەبێئەوەی یاسایەك یان رێنماییەك هەبێت، ناتوانین ئەوەی لەسیستمی پۆلۆنیاپرۆسێسدا هەیە جێبەجێی بكەین و لەدەرەوەی هۆڵەكانی خوێندندا، مامۆستا لەنێو دامەزراوەیەك یان كەناڵێكدا سەرپەرشتیی خوێندكاران بكات و هیچ شایستەیەكی دارایی بۆ خەرجنەكرێت. لەرابردوودا، ئێمە 20 – 30 خوێندكارمان هەبووەو دامەزراوەكانیش زۆر بوون؛ لەرووی دارایشەوە كێشەمان نەبوو، زۆربەی خوێندكارەكان لەم دامەزراوانەدا دادەمەزران. لەرووی پەیكەری داراییەوە، بەشەكانی ئێمە زۆر دواكەوتوون و پێویستە سۆفتوێری گەشەسەندوو بهێنین و كاریان لەسەر بكەین. بۆنمونە، لەوڵاتانی دەرەوەدا كە زۆربەیجار خوێندن بەپارەیە، جۆرە سەربەخۆیی و دەستكراوەییەك دەدات بەوان، هەم بۆ ئەبدەیتكردن و هەم بۆ كادرەكان. ئەو پارەیە وایلێدەكات بكەوێتە كێبركێوە، چونكە خەڵك هەڵبژاردن لەنێوان زانكۆكاندا دەكات و ئەو پارەیەی لەخوێندندا خەرجی دەكات دواتر دەستیدەكەوێتەوە، بەبێ ئەو مەرج و رێگریانەی كە ئێستا لەوڵاتانی خۆماندا بۆ داهاتی تاكەكەس لەچۆنییەتی خەرجكردن و خەرجنەكردنییدا هەیە. واتە، ئەوكات خوێندكار بەهۆی نمرەكانی پۆلی 12 نایهێنێتە زانكۆ، بەڵكو بەهرە و توانای خۆی دەیهێنێت بۆ ئەو شوێنەی كە دەیەوێت لێی سودمەندبێت. راستە خوێندن پێویستە، بەڵام خوێندنی باڵا پێویست نییە. كەموكورتی بەشەكانی میدیا كە هەیە، جگەلەوەی كە جیاوازییەك لەرووی پێداویستیی مادیی و مەعنەویی یان ژینگەكەی هەیە، بەڵام لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا ئەم كێشانە پەیوەندیی بەتەواوی ئەو كێشانەوە هەیە كە لەكۆی سیستمی پەروەردە و خوێندنی باڵای ئەم وڵاتەدا بەهەموو بەشەكانییەوە هەیە.
د. شوان ئادەم ئەیڤەس: رەنگە یەكێك لەهۆكارەكانی؛ خودی مامۆستا بێت كە ساڵانە خۆی نوێ ناكاتەوە.
د.حەكیم عوسمان: ئەوە دەبەستمەوە بەخودی مامۆستاكە بۆ خۆسەلماندنی. بۆنمونە، ئەو مامۆستایەی كە وانەكەی تەواوناكات یان ئامادەبوونی كەمە هەندی رێوشوێنی لەگەڵدا دەگیرێتەبەر بەوەی رەنگە ساڵێكی دیكە وانەی نەدرێتێ یان بەشەوانەكانی كەمدەكرێتەوە، بەڵام ئەو رێوشوێنانە بەجۆرێك نییە كە بتوانیت رێگەی كاركردنی لێبگریت، چونكە ئەوان بەفەرمانی وەزاریی دامەزراون و لێرە كار بەشێوازی گرێبەست ناكرێت كە ئاستی باش نەبوو، بتوانیت بۆی تازەنەكەیتەوە.
د. ئەحمەد عومەربلی: حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەم چەند ساڵەی دواییدا پابەندنەبووە بە مافەكانی مامۆستایان. بۆیە متمانە نەماوە و ناتوانیت گرنگی بەهیچشتێك بدەیت. بەراستی، لێرە دەرفەتەكان كەم و تەحەدییەكان زۆرن.
د.حەكیم عوسمان: كێشەكە ئەوەیە شتەكان هەمووی بەیەكەوە بەستراوەتەوە، بوار نییە و ناتوانێ ژینگەی خوێندكاران، ژینگەی فێركردن، ژینگەی خوێندنی باڵا بەدوور و بەجیا لە ژینگە گشتییەكە و لەدۆخە گشتییەكە باس بكەیت كە ئەمەش رەنگدانەوەی ئەو كەموكورتیی و كێشانەیە ئێمە باسیدەكەین كە لێرەو لەزۆر شوێنی تریش هەیە. كێشەیەكی تریش هەیە كە پەیوەندیی بەتەواوی وەزارەتەكانی حكومەتی هەرێمەوە هەیە كە هەركەسێك دێت لەسفرەوە دەستپێدەكات. واتە، ئەوەی پێشتریش لەسەر فەلسەفە و میكانیزمو بڕیارێك داڕێژراوە كە بەشێكی زۆری لەسەر بوون و میزاجی شەخسەكە بیناكراوە، هیوادارم ئەو بابەتانە بەشێوەیەكی تر مامەڵەیان لەگەڵدا بكرێت و چارەسەریان بۆ بدۆزرێتەوە.
د.هەتاو حەمەساڵح: ئێمە تا چەند بتوانین زانكۆكان بەئەلكترۆنیی بكەین و ئەكاونتی تایبەت بۆ هەموو خوێندكاران و مامۆستایان بكەینەوە، كێشەكانمان زۆر زۆر ئاسان دەبێت؛ بۆ چاودێرییكردن و بەدواداچوونیان لەلایەن راگر و سەرۆك بەشەكانەوە. بۆنمونە، چاودێریی كارەكانی مامۆستا كە تاچەند كارەكانی ئەنجام داوە، كەواتە ئێمە ئەگەر لەسەرەتادا نەتوانین سیستەمەكە دابنێین، دواتر چۆن دەتوانین داوای جێبەجێكردنی پرۆسەیەكی وەك بۆلۆنیا بكەین. ئێستا بەشێكی زۆری دامو دەزگاكان دووچاری هەڵاوسانی فەرمانبەر بوون. ئەوە جگەلەوەی كە تۆ خوێندكارێك فێردەكەیت چۆن ئیش بكات، بەڵام تۆ نایخەیتە ئەو ئاستەوە كە دەزگایەك بەڕێوەببات، چونكە ئەو دەزگایانەی ئێمە هەمووی حزبییە و خاوەن ئەجندای تایبەت بەخۆیانن كە ئامانجەكانیان دیارییكراوە؛ بەدڵتە فەرموو ئیش بكەو بەدڵت نییە خوات لەگەڵ. لێرە خەڵك ئەبێ لەگەڵ ئایدولۆژیای ئەو شوێنەدا بگونجێت كە ئیشی تیادەكات، بۆیە خوێندكار بەئاسانیی ناتوانێت هەلی كاری دەستبكەوێت. ئەم سیستمی پۆلۆنیاپرۆسێسە، دەبێت حكومەتی هەرێم تێگەیشتنی بۆی هەبێت و رێوشوێنی بۆ دابنێت، ئەگینا پرۆسەكە توشی شكست دەبێت.
د.شوان ئادەم ئەیڤەس: باستان لەكەمیی مامۆمستای شارەزا لەهەندێ بواری تەكنیكییدا كرد؛ ئایا كە ساڵانە كورسی خوێندنی باڵای ماستەر و دكتۆرا دەكرێتەوە بۆچی لەو بوارانەدا ناكرێنەوە كە بەش و كۆلیژەكانی زانكۆ پێویستیی پێیانە؟
د.حەكیم عوسمان: ئێستا یەكەم دەستەی ماستەر لەبەشی تەكنیكی میدیای زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی ئێستا سەرقاڵی خوێندنی ئەو بوارانەن كە پێویستمانن، ساڵی داهاتووش كورسی دیكەی خوێندنی باڵا بۆ ئەو بوارانە دەكەینەوە كە پێویستیی بەشەكەن لەبواری مۆنتاژ و دیزایین و بەشە تەكنیكییەكانی دیكەدا.
د.ئەحمەد عومەربلی: ئێستا بابەتی خوێندنی فرەپسپۆڕی (inter disciplinary) لەدنیادا زۆر باوە. بۆنمونە، ئاوێزانكردنی دوو بەش بەیەكەوەو دروستكردنی بەشێكی نوێ لێی، بۆئەوەی خوێندكار بەباشیی فێری چەند پسپۆڕییەك بكەین. بۆنمونە، ئەگەر بەم پسپۆڕییەیان ئیشی دەستنەكەوێت بەپسپۆڕییەكەی تر دەستیبكەوێت، بەمەش بەڵگەیەكی لۆژیكیی دەستدەكەوێت كە دووان بەیەكەوە دادەنێن و فۆڕمی دەستكەوتنی هەلی كاری هەمەڕەنگ دەخرێتەبەردەست. واتە ئەو بەشە نوێیانە دروستدەكەین كە لەگەڵ بازاڕی كاردا بگونجێن. بۆنمونە، ئاڕاستەی ئەوروپیی 2015 داوادەكات؛ پرۆگرامی فێركاریی هەمەڕەنگ و هەمەپسپۆڕیی دروستبكەن، واتە بوار و پسپۆڕی تازە بۆ خوێندكاری بەكالۆریوس بدۆزرێتەوە، تاوەكو توێژینەوەی هاوبەش لەنێوان بەشە جیاوازەكاندا بكرێن. لەزانكۆكانی دەرەوەدا، بۆنمونە پێنج وانە لەهەر سیستمێك دانراوە كە یەك وانەی ئیجبارییە و پێنج بەشیشی هەیە كە پانزە وانەی بۆ داناوە. ئەگەر لای خۆمان بێت، پێنج بەشەكە یەكی پێنج وانەی بۆ دادەنێن و دەبێت بە 25 وانە، بەڵام لای ئەوان پێنج بەشەكە پێنج وانەی سەرەكیی هەیە لەگەڵ 10 وانەی تر. واتە، بە هەشت بۆ نۆ وانە، دەتوانێت ئیدارەی پێنج بەش بكات. ئێستا بۆلۆنیاپرۆسێس هاتووە كە دەرفەتێكە و دەتوانرێت سودی لێ ببینرێت و سەرلەنوێ پێداچوونەوە بە كۆی سیستمی پەروەردە و خوێندنی باڵادا بكرێت. جا بۆئەوەی لەگەڵ ئەو پرۆسەیەدا بگونجێنرێت، ئەمە بنچینەیەكی باشە و دەكرێت بەشەكانی میدیا، ماركێتینگ، پەبلیك ریلەیشن و دبلۆماسیی بەپێی ژمارەی مامۆستا و یەكەی خوێندن لەگەڵ ئەو كەرەستانەی لەبەردەستیاندایە خوێندكار وەربگرن، چونكە ئەمە چارەسەری بەشێكی زۆری كێشەكان دەكات.
د.حەكیم عوسمان: هەندێجار ئەو چارەسەرانەی كە پێشكەشدەكرێن لەچوارچێوەی ئەو كێشانەدایە كە هەیە. بۆنمونە، هەندێ كێشەمان هەیە كە پەیوەندییدارە بەگواستنەوەی ئەو شارەزا و ئەو یەكە و ئەو پسپۆڕییانەی كە كەم و دەگمەنن.
* مژاری ئەم مێزگردە بەدەستپێشخەریی رێكخراوی چاودێریی میدیای كوردیی و لەچوارچێوەی پرۆژەی هاوبەشی فیدراسیۆنی رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی؛ لەلایەن د.شوان ئادەم ئەیڤەس ئامادە و بەڕێوەبراوە. دواتر لەدوو توێی كتێبی “ئازادییەكانی دەربڕین و رۆژنامەگەریی لەهەرێمی كوردستاندا” چاپكرا، بەڵام لەبەر گرنگیی ناوەڕۆكەكەی لە “مژار و مێزگرد”ی یەكەم ژمارەی گۆڤاری دەرگاوان-دا بڵاوكرایەوە.