چمک و کانگا هاوبەشییەکی ستراتیژیی بۆ تواناسازیی ڕەوەندی کوردیی ڕادەگەیەنن

چمک، لەندەن: لە هەنگاوێکی گرینگدا بۆ پەرەپێدانی ئاستی هۆشیاریی و پەروەردەیی گەنجانی کورد لە تاراوگە، ڕێکخراوی چاودێریی میدیای کوردی (چمک) و دامەزراوەی پەروەردەیی کانگا (کیف) هاوبەشییەکی ستراتیژیی نێودەوڵەتییان واژۆ کرد. ئەم ڕێککەوتنە کە لەسەر بنەمای یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتنی پێشوو لە نێوان د. شوان ئادەم ئەیڤەس و شەوبۆ محەمەد لە ١٣ی تشرینی دووهەمی ٢٠٢٥ داڕێژراوە، ئامانجی سەرەکیی برەودانە بە خوێندەواریی میدیایی و دابینکردنی پەروەردەیەکی کوالیتی بەرز بۆ نەوەی نوێی ڕەوەندی کوردی.

ئەم هاوپەیمانییە؛ تیشکدەخاتەسەر سێ تەوەری سەرەکیی، لەوانە: پەروەردەی خوێندەواریی میدیایی، چاکسازیی پیشەیی لە کایەی میدیادا و بەهێزکردنی هزریی گەنجان. کارنامەی ئەم هاوبەشییە هاوتەریبە لەگەڵ ئامانجەکانی گەشەپێدانی بەردەوامی نەتەوە یەکگرتووەکان (SDGs)دا، بەتایبەتی: ئامانجی ٤: دابینکردنی پەروەردەی جۆریی و ئامانجی ١٦: برەودان بە ئاشتی، دادپەروەریی و دامەزراوە بەهێزەکان. ئەم پڕۆژەیە بە تێکەڵکردنی شارەزایی زانستیی و پیشەیی چمک لە چاودێرییکردنی میدیا و ژێرخانی پەروەردەیی کانگا لە بەریتانیا، هەوڵدەدات بۆشایی نێوان کولتووری میدیای خۆرئاوایی و کوردیی پڕ بکاتەوە و وەبەرهێنان لە “سەرمایەی هزریی” گەنجانی کورددا بکات.

بەپێی مەرجەکانی یاداشتەکە، دامەزراوەی پەروەردەیی کانگا (کیف) وەک سکرتاریەتی فەرمیی نێودەوڵەتیی و بەریتانیای ڕێکخراوی چاودێریی میدیای کوردیی (چمک) کار دەکات. هەروەها وەک میوانداری دارایی سەرەکی بەرپرس دەبێت لە بەڕێوەبردنی بودجە و پێشکەشکردنی داواکاریی بۆ بەدەستهێنانی یارمەتییە داراییەکان لە دەزگە خێرخوازییەکانی بەریتانیا و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان-دا، ئەمەش بەردەوامیی و کاریگەریی درێژخایەنی پڕۆژەکان مسۆگەر دەکات. لەوبارەوە د. شوان ئادەم ئەیڤەس، سەرۆکی ڕێکخراوی چمک ڕایگەیاند:

  • “ئەم هاوبەشییە وەبەرهێنانێکی نیشتمانییە لە گەنجەکانمان-دا. ئێمە تەنها چاودێریی میدیا ناکەین، بەڵکوو نەوەیەک پێدەگەیەنین کە خاوەن بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە و هاوڵاتییەکی دیجیتاڵیی بەرپرسیار بن.”

هاوبەشییەکە لە ڕێگەی چەندین چالاکیی کاریگەرەوە دەستپێدەکات، لەوانە:
١. وۆرکشۆپی خوێندەواریی میدیایی: ڕاهێنانی تایبەت بۆ گەنجانی ڕەوەندی کورد لە لەندەن و شارەکانی دیکەی بەریتانیا.
٢. کۆڕبەندی نیشتمانیی چمک: میواندارییکردنی سێهەمین کۆڕبەندی نیشتیمانیی چمک بۆ ڕیفۆرمی میدیایی بە بەشداری ئەکادیمیست و پسپۆڕانی نێودەوڵەتیی.
٣. دیالۆگی نێوان کولتوورەکان: سازدانی مێزگردی ڕەخنەیی بۆ بەرەنگاربوونەوەی زانیاریی هەڵە (Misinformation) و پاراستنی تایبەتمەندییە کەسییەکان لە جیهانی دیجیتاڵیدا.

چمک: ڕێکخراوێکی سەربەخۆی قازانجنەویستە، لەلایەن ئەکادیمیستانی کوردەوە دامەزراوە و کار لەسەر بەرزکردنەوەی ستانداردەکانی میدیا و بەها دیموکراسییەکان دەکات.
کانگا: ڕێکخراوێکی خێرخوازی تۆمارکراوی بەریتانیایە (ژمارە: 1204416)، کار بۆ پشتگیریی پەروەردەیی و تواناسازیی گروپە پەراوێزخراوەکان دەکات.

دەنگدان

بە بڕوای تۆ راگەیاندنەكان لەهەرێمی كوردستاندا؛ ناسەربەخۆن؟