چمک، سلێمانی: رێکخراوی چاودێریی میدیای کوردی (چمک) و زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی (SPU)؛ ئامادەکاریی بۆ واژۆکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوانیان و رێکخستنی زنجیرە چالاکییەکی ھاوبەش دەکەن.
سەرلەبەیانی رۆژی یەکشەممە (23ی ئایاری 2021)؛ پرۆفیسۆر ئالان فەرەیدون عەلی ئەمین سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانیی پێشوازی لە د.شوان ئادەم ئەیڤەس سەرۆکی رێکخراوی چاودێریی میدیای کوردیی کرد. ھەردوولا؛ پێویستیی نزیکبوونەوەی نێوەند ئەکادیمییەکان و کۆمەڵگەیان دووپاتکردەوەو ھەر لەو چوارچێوەیەشدا ئامادەیی کارکردنی ھاوبەش و واژۆکردنی یاداشتی لێگەیشتنی نێوانیان بە گرنگ زانی. بەتایبەت ئێستا کە دۆخی یاسایی و پیشەیی راگەیاندن و رۆژنامەگەریی و پرسی ئازادییەکانی دەربڕین و رۆژنامەگەریی ھەرێمی کوردستان لەدۆخێکی ناتەندروستدایە و پێویستیی بە ھەڵوێست و ھەنگاوی کرداریی ھەردوولایە بۆ وروژاندنی کێشەکان و ھەوڵدان بۆ خستنەرووی پلان و پرۆژە و پرۆگرامی ھاوچەرخ؛ بەئامانجی بەرگرتن لە زیاتر خراپ بەکارھێنانی میدیای کوردیی و پەیامەکانی.
چاودێریى میدیاى کوردى (چمك)؛ رێکخراوێکی قازانجنەویستى، ناحکومی، سەربەخۆىیە. لەساڵى 2017دا لەلایەن چەند کەسایەتییەکى ئەکادیمییەوە دامەزرا. تایبەتمەندە بەچاودێرییکردن، هەڵسەنگاندن، راپۆرتکردن و توێژینەوەى خەوش و پێشلکارییە پیشەییەکانی میدیاو رەوشی رۆژنامەگەری کوردی. جەختکردنەوەى سەرەکیی ئەم رێکخراوە، لەسەر بەرزکردنەوەى ئاستى هۆشیارى مافەکانى تاکەکەس و کۆمەڵگەى کوردییە لەهەمبەر پەڕاوێزخستن و دەستێوەردانى ناپیشەیی میدیاو میدیاوانانى کوردستان. چالاکیی و خزمەتگوزارییەکانى ئەم رێکخراوە بۆ رووماڵکردنى بەرهەمە جۆربەجۆرەکانى میدیاى کوردییە، بەمەبەستى گەڵاڵەکردن و خستنەڕووى کارنامەیەکى پیشەییترى کرداریی بۆ راستکردنەوەى هەڵە باوەکانى میدیاو شێوازى کارکردنى میدیاوانانى کوردستان.
پۆلیتهكنیكى سلێمانى؛ زانکۆیەکی حکومیی ھەرێمی کوردستانی عێراقە و ئەندامە لەیەکێتیی زانکۆکانى جیهان و یەکێتیی زانکۆکانى وڵاتانی عەرەبى. ئەم زانکۆیە گرنگیی زیاتر به لایهنى پراكتیكى و تهكنیكى دهدات؛ ئێستا لە پێنج کۆلیژ و حەوت پهیمانگە پێکدێت و ئامانجی پێگهیاندنى پسپۆرو كادرى ناوهندیی تهكنیكییه بۆ گهشهپێدانى كۆمهڵ و دام و دهزگاكانى حكومهت و كهرتى تایبهت. ھاوکات خاوەنی چەند بەشێکی زانستیی تایبەت بە خوێندنی تەکنیکی میدیا، پەیوەندییە گشتییەکان و بازاڕگەری_یەو لەپلانیدایە بۆ ساڵی خوێندنی 2021-2022 بەشی دیجیتاڵمیدیا لە کۆلیژی تەکنیکی کارگێڕیی بکاتەوە.