رۆڵی راگەیاندن لەهێورکردنەوەی شڵەژانی پاش هێدمە

چمك، هەرێمی كوردستان: لەپێناو دروستكردنی كتێبخانەیەكی ئەلكترۆنیی تایبەت بەكایەی راگەیاندن و رۆژنامەگەری؛ دیجیتەڵمیدیای رێكخراوی چاودێریی میدیای كوردی (چمك)  تێزە ئەكادیمییەكانی ماستەر و دكتۆرا بەهەر سێ زمانی كوردی، ئینگیزیی و عەرەبیی بڵاودەكاتەوە. لەو چوارچێوەیەشدا تێزی دكتۆرای پاڤێ جەمیل ئەحمەد بڵاودەكاتەوە كە ساڵی 2018 پێشكەشی بەشی راگەیاندن لەكۆلیژی ئەدەبیاتی زانكۆی سەڵاحەدین-ی كردووە، بەناونیشانی: ڕۆڵی ڕاگەیاندن لە هێورکردنەوەی شڵەژانی پاش هێدمە؛ ئاوارەكانی شەڕی داعش لە پارێزگای سلێمانی بە نمونە. هەروەك لەپوختەی توێژینەوەكەیدا هاتووە:

ناونیشانی ئەم توێژینەوەیە بریتیە لە دیاریكردنی ڕۆڵی ڕاگەیاندن لە هێورکردنەوەی شڵەژانی پاش هێدمە؛ ئاوارەكانی شەڕی داعش لە پارێزگای سلێمانی بە نمونە. لەم توێژینەوەیەدا هەوڵدراوە جۆری ئەو پەیوەندییە بدۆزرێتەوە لە نێوان هەردوو گۆڕاوی (ڕاگەیاندن و شڵەژانی پاش هێدمە) لای ئاوارەكان كە لە ئەنجامی جەنگ و ڕووداو و كارەساتەكانی كە بەسەریانهاتووە تووشیان هاتووە. ئەم بابەتە بابەتێكی گرنگە لەهەمانكاتدا توێژەر بەپێی گەڕان و پرسیاركردنی خۆیەوە توێژینەوەیەكی هاوشێوەی ئەم توێژینەوەیەی بەدی نەكردوە، بە جۆرێك توێژەر بە پێویستی زانیوە لێتوێژینەوە لە بارەیەوەبكات بە هۆكاری ئەوەی ئەم دوو گۆڕاوە زۆر گرنگن لە ڕووی پەیوەندییەوە چونكە ڕاگەیاندن لە ئێستادا فراوانە. لە ڕێگەی ئامڕازەكانیەوە لای زۆرینەی خەڵك بەردەستە بۆیە بەئاسانی دەكرێت ڕۆڵی هەبێت لەسەر ئەو تاكانەی كە نەخۆشی شڵەژانی پاش هێدمە یان هەیە بە هەر هۆكارێك بێت چارەسەر نەكراوون. لێتوێژینەوەی رۆڵی راگەیاندن لە كایە جیاوازەكاندا، بە یەكێك لە بابەتە جێبایەخەكان هەژماردەكرێت، چونكە پەیوەندییەكی تۆكمەی بە ژیانی تاك و كۆمەڵەوە هەیە. لەم ڕوانگەیەوە دەست بە تاووتوێکردنی ئەم بابەتە کرا کەوا ڕاپێوی گۆشەنیگای ئاوارەکان کرا، چونکە ئاوارەکان چینێکی گرنگن و کاریگەریان هەیە. هەربۆیە هەموو ئەو هۆكارانە وایان لە توێژەر كردووە بە پشتبەستن بە میتۆدی زانستی لەم بوارەدا بكۆڵێتەوە، بۆئەوەی بتوانرێت ناڕۆشنی و تەمومژاویبونی “رۆڵی راگەیاندن لە هێورکردنەوەی شڵەژانی پاش هێدمە” رونبکرێتەوە. كە سەرەكیترین كێشەی توێینەوەكەیە.

ئەم توێژینەوەیە لە چوار بەش پێکهاتووە، بەشی یەکەمی توێژینەوەکە بریتییه له رێبازنامەی توێژینەوەکە، کە ئەم تەوەرانەی لەخۆ گرتووە (ڕەهەندەکانی توێژینەوەکە، دیاریکردنی چەمکەکانی توێژینەوەکە)، بەشی دووەمی توێژینەوەکە تایبەتە بە چوارچێوەی تیۆری و توێژینەوەکانی پێشوو، کە بەسەر چوار باسدا دابەشکراوە (باسی یەکەم تەرخانکراوە بۆ ڕۆڵی ڕاگەیاندن هەروەها باسی دووەمیش تیۆری توێژینەوەکە و شیکردنەوەی چوارچێوەی میتۆدی توێژینەوەکە، باسی سێیەم تەرخانکراوە بۆ باسکردنی شڵەژانی پاش هێدمە، باسی چوارەم توێژینەوەکانی پێشووی گرتۆتەخۆ). هەروەک بەشی سێیەمی توێژینەوەکە ڕێکارەکانی توێژینەوەکە لەخۆدەگرێت، بەشی چوارەمی توێژینەوەکە لایەنی مەیدانی توێژینەوەکە لەخۆدەگرێت، تایبەتە بە خستنەڕووی تێڕوانینی ئاوارەکان، سەبارەت بە ڕۆڵی راگەیاندن لە هێورکردنەوەی شڵەژانی پاش هێدمە و شرۆڤەکردنیان هەروەها خستنەڕووی دەرەنجام و ڕاسپاردە و پێشنیازەکانی توێژینەوەکەو سەرچاوەکان. لە گرنگترین ئامانجی ئەم توێژینەوەیە (دەرخستنی رۆڵی راگەیاندنە لە هێورکردنەوەی شڵەژانی پاش هێدمەیە). بۆ بەدیهێنانی لایەنی مەیدانی توێژینەوە میتۆدی وەسفی ڕێکاری ڕوپێوی بەکارهێنراوە و دواتر بە شێوەی سادە سامپڵی توێژینەوە وەرگیراوە کە بریتیبووە لە (418) ئاوارە لە کەمپەکانی پارێزگای سلێمانی کۆمەڵی توێژینەوەكەمان دەستنیشانكرد كە بریتی بوو لەو ئاوارانەی كە تەمەنیان لە هەژدەساڵ و بەرەوسەرەوەیە.

بە مەبەستی بەدیهێنانی ئامانجەكانی توێژینەوەكە و كۆكردنەوەی زانیاری، پەنامان بردە بەر دروستكردنی پێوەرێك كەلە (75) پرسیار و بڕگە پێك هاتبوو، بۆ دڵنیابوون لە شیاویی پێوەرەكە لە ڕووی زانستیەوە، درایە ژمارەیەك لە پسپۆران لە بوارەكانی (ڕاگەیاندن، دەرونناسی، كۆمەڵناسی) بۆ هەڵسەنگاندن و بڕیاردان لەسەر ئاستی راستگۆیی پێوەرەكە، بەم شێوەیە ئاستی ڕاستگۆیی پێوەرەكە بریتی بوو لە (92%) دوای لەبەرچاوگرتنی تێبینی و هەڵسەنگاندنی پسپۆران، دوایین شێوازی پێوەرەكە ئاماددە بوو، پاشان پرۆسەی جێگیركردنمان ئەنجام دا لە ڕێگەی دووبارە تاقیكردنەوە (اعادە الاختبار) كە ئاستی جێگیری بریتی بوو لە (0.92). بۆشیكردنەوەی ئەنجامەكانی توێژینەوەكە هەریەك لە ئامڕازە ئامارییەكانی (ڕێژەی سەدی، ناوەند ژمێری، لادانی پێوەری، هاوكێشەی پەیوەستی سپێرمان، ناوەندی سەنگكراو، ناوەندی گریمانەیی، هاوكێشەی ANOVA , T.test ) بەكارهاتوون. لە ڕێی پرۆگرامی ئاماری گونجاو (SPSS ) لە گرنگترین دەرەنجامانەی توێژینەوەكە پێی گەیشت بریتین لە:

1. ڕاگەیاندن ڕۆڵی نه‌رێنی هه‌بووه‌ لەسەر ئاواره‌كان بۆ ڕەوینەوە و هێورکردنەوەی ئەو شڵەژانەی کە تووشیان بووە، لە ئەنجامی ئەو کارەساتانەی کە بەسەریان هاتووە. هەربۆیە ڕاگەیاندن ڕۆڵی نه‌رێنی هه‌بووه‌ له‌ زیادکردنی نیشانەکانی شڵەژانی پاش هێدمە لای ئاواره‌كان.

2. ڕاگەیاندن ڕۆڵی نەرێنی هه‌بووه‌ کە نەیتوانییوە هاوکاربێت بۆ ڕێنوێیکردن و پێدانی زانیاری پێویست بە ئاوارەکان بۆ زانینی چۆنییەتی مامەڵەکردن و خۆگونجاندن لە گەڵ خودی خۆیی و دەورووبەردا.

3. ڕاگەیاندن کەمتەرخەم بووە و نەیتوانییوە بەبەرنامە پەیامەکانی بڵاوبکاتەوە و ڕەچاوی لایەنی دەروونی بکات، هاوکاری مەعنەوی پێشکەش بە ئاوارەکان بکات.

4. ڕاگەیاندن ڕۆڵی نەرێنی هه‌بووه‌ لە درووستکردنەوەی کەسایەتی ئاوارەکان بەجۆرێک نەیتوانییوە بەشێوەیەکی بەرچاو رۆڵی گەورەی هەبێت لەگەڕاندنەوەی هیواو گەشبینی بۆ ئاوارەکان و ئارامکردنەوەیان.

5. ڕاگەیاندن ڕۆڵی نەرێنی هه‌بووه‌ لە چارەسەرکردن و ئاسایی بوونەوەی رووداوەکە، کەمکردنەوەی ئەو خەمە گەورەییەی کەبەسەر ئاوارەکانەوە جێماوە.

6-ڕاگەیاندن نەیتوانیوە ڕۆڵی چارەسەرسازێکی دەروونی ببینێت کەوەک چارەسەرێکی سەرەتایی بێت یان بە ئەرکی خۆی بزانێت لە کاتەهەستیارەکاندا ڕۆڵی گەورەی هەبێت بۆ هێورکردنەوە و نەهێشتنی ڕاڕایی و دوودڵی ئاوارەکان.

7- بوونی شڵەژانی پاش هێدمە لای ئاوارەکان بە پلەیەکی بەرز لەناخی ئەو قوربانیانەدا ماوەتەوە و کاریگەری گەورەی لەناخیاندا درووستکردووە، بەهۆکاری ئەو ڕووداوانەی کە بەسەریاندا هاتووە لە ماڵ وێرانبوون و دەستدرێژی و کوشتنی کەسانی نزیکیان و تە قینەوەی ماڵ و شوێنی پیرۆزیان هەروەها سوکایەتی پێکردنیان وپاشماوەی کارەسات و ڕووداوەکان کەبەسەر ئاوارەکان هاتووە، بە ئاستی جیاواز بەجۆرێک شڵەژانی پاش هێدمە لای ڕەگەزی مێ زیاترە بە بەراورد بە ڕەگەزی نێر.

8. ڕاگەیاندن ڕۆڵی نه‌رێنی هه‌بووه‌ کە نەیتوانییوە هاوکاری و پشتیوانییەکانی بۆ ئاوارەکان دەسەبەربکات لەسەر ئاستی دەرەوە و ناوخۆیدا لە ئاست گەورەیی ڕەوش و دۆخ و قەبارەی کارەساتەکەدابێت.

9. ڕاگەیاندن ڕۆڵی ئەرێنی هه‌بووه‌ لە پرسی مرۆڤ دۆستیدا، توانییویەتی بەشێوەیەکی بەرچاو رۆڵێکی گەورە ببینێت لە ڕووی ویژدانییەوە کاریگەری لەسەر ئاوارەکان بکات. لە دەرخستنی تاوان و ناشرینکردنی تووندووتیژی دژ بە مرۆڤایەتی.

10. ئاوارەکان لە ڕووی دیمۆگرافییەوە جیاوازن و ڕاگەیاندنێکی دیاریکراو نیە کۆیان بکاتەوە و یەکجۆر کاریگەری درووستبکات لەسەریان.هەرئەمەش وای کردووە بە ئاستی جیاواز پشت بە ئامڕازەکانی ڕاگەیاندن ببەستن، جیاوازی لە نێوان هەردوو ڕەگەزی نێر و مێ هەیە لە ئاستی پشتبەستنیان بە ئامڕازەکانی ڕاگەیاندن کە لە بەرژەوەندی ڕەگەزی نێرە.

بۆ خوێندنەوەی ناوەڕۆكی دكتۆرانامەكەی پاڤێ جەمیل ئەحمەد كرتە لەم بەستەرەی خوارەوە بكە:

دیجیتەڵمیدیای چمك؛ تێزی دكتۆرای پاڤێ جەمیل ئەحمەد 2018

دەنگدان

بە بڕوای تۆ راگەیاندنەكان لەهەرێمی كوردستاندا؛ ناسەربەخۆن؟