رێکخراوی چاودێریی میدیای کوردی (چمک) بەتووندی سەرکۆنەی پەیامی نابەرپرسیارانەی ھەندێک لە میدیا کوردییەکان دەکات کە ھەوڵی گەرمکردنی ئاگری شەڕی ناوخۆ و تێکدانی ئاسایشی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی دەدەن.
لەدوای ناکۆکییە ناوخۆییەکانی ھاوسەرۆکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە رۆژی پێنجشەممە (08ی تەموزی 2021)ەوە؛ بە ئاشکرا ھەست بە پەیامی نابەرپرسیارانەی بەشێک لە میدیای کوردیی و پەیج و ئەکاونتەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیان دەکرێت کە ھەوڵی بازاڕسازیی و برەدان بە گەورەکردنی کەلێنی نێوان ھاوسەرۆکان و کێشە ناوخۆییەکانی ئەو حزبە دەدرێت.
لەپێشھاتێکی مەترسییداریشدا؛ #دەنگی_تاراوگە لەرێی وروژاندنی پرسێکی مەبەستدارەوە دەیەوێت ئاڕاستەی ناکۆکییەکان لە جیھانی گریمانەیی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ نێو جیھانی واقیعیی ئەندام و لایەنگرانی یەکێتیی و ھاوسەرۆکانی بەرێت. ھەربۆیە #رێکخراوی_چمک ئەم ھەوڵ و ھەڵمەتە نابەرپرسیارانەی بەشێک لەمیدیای کوردیی سەرکۆنە دەکات و دەخوازێت ئەم ناکۆکییە حزبییە بکرێت بە دەرفەتێک بۆ کۆتاییھێنان بە میدیای کەسیی و دەستکردن بە ریفۆرمی میدیایی لەمیدیاکانی حزب و کەسایەتییە رکەبەرەکانی نێو حزبە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستاندا.
لەبارەی ئەو ھەوڵ و ھەڵمەتە نابەرپرسیارانەی ھەندێک لە میدیا کوردییەکانەوە؛ د.شوان ئادەم ئەیڤەس سەرۆکی رێکخراوی چاودێریی میدیای کوردی (چمک) ئاشکراییکرد کە رێکخراوەکەیان بە وردیی چاودێریی خراپ بەکارھێنانی پەیامی میدیایی و ئاڕاستەی نابەرپرسیارانەی ھەندێک لە میدیا کوردییەکان و پارەپێدەرانی پشت پەیج و ئەکاونتەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیان دەکات. ھەروەک ھۆشداریی ئەوەشی بە بەکارھێنەرانی میدیای کوردیی دا کە خۆیان بەدووربگرن لەزیاتر بڵاوکردنەوەی پەیامی رق و دووبەرەکیی نێوان ھێز و کەسایەتییە جۆربەجۆرەکانی کۆمەڵگەی کوردی. ھاوکات د.شوان ئادەم ئەیڤەس دووپاتییکردەوە کە ھیچ بەھایەکی ھەواڵیی و بەرژەوەندییەکی گشتیی و بایەخێکی کۆمەڵایەتیی لە رووماڵکردنی ژیانی تایبەتیی کەسەکان و بە کەسییکردنی پرسە گشتییەکاندا نییە، بۆیە باشترە رۆژنامەوانان و دەزگاکانیان رێز لە پێوەرەکانی رێسا پیشەییەکانی راگەیاندن و یاسا بەرکارەکان بگرن و پیشەییانە کاربکەن، نەک برەو بە زانیاریی ساختە و ھەواڵی پشتڕاستنەکراوە بدەن، چونکە نە ھەڵە بە ھەڵە چارەسەر دەکرێت، نەچارەسەرییش لەھاندانی جەماوەرە بۆ ئەنجامدانی تاوان.
چاودێریى میدیاى کوردى (چمك)؛ رێکخراوێکی قازانجنەویستى، ناحکومی، سەربەخۆىیە. لەساڵى 2017دا لەلایەن چەند کەسایەتییەکى ئەکادیمییەوە لەشارى سلێمانى، دامەزرا. تایبەتمەندە بەچاودێرییکردن، هەڵسەنگاندن، راپۆرتکردن و توێژینەوەى خەوش و پێشلکارییە پیشەییەکانی میدیاو رەوشی رۆژنامەگەری کوردی. هەربۆیە جەختکردنەوەى سەرەکیی ئەم رێکخراوە، لەسەر بەرزکردنەوەى ئاستى هۆشیارى مافەکانى تاکەکەس و کۆمەڵگەى کوردییە لەهەمبەر پەڕاوێزخستن و دەستێوەردانى ناپیشەیی میدیاو میدیاوانانى کوردستان. چالاکیی و خزمەتگوزارییەکانى ئەم رێکخراوە بۆ رووماڵکردنى بەرهەمە جۆربەجۆرەکانى میدیاى کوردییە، بەمەبەستى گەڵاڵەکردن و خستنەڕووى کارنامەیەکى پیشەییترى کرداریی بۆ راستکردنەوەى هەڵە باوەکانى میدیاو شێوازى کارکردنى میدیاوانانى کوردستان.