لە سیمپۆزیۆمی دیجیتەڵ میدیای كوردی؛ لە بەرفراوانكردنی ئازادیی رادەربڕینەوە بۆ تیرۆری كەسایەتی، د. شوان ئادەم ئەیڤەس دەقی وتاری رێكخراوی چاودێریی میدیای كوردی “چمك” خوێندەوە كە ئەمەی خوارەوە دەقەكەیەتی:
ئامادەبووانی بەڕێز، میوانە خۆشەویستەكان، ئەم كاتەتان باش و بەخێرهاتن
دیجیتەڵ میدیا؛ مەبەست لێی نێوەڕۆكێكی راگەیاندنی ژمارەییە كە دەشێت لە رێی ئینتەرنێت یان تۆڕەكانی كۆمپیوتەرەوە بگوازرێتەوە. ئەویش لە رێی دەق و دەنگ و رەنگ و گرافیك یان وەرگرتنی زانیاریی و هەواڵ لە تۆڕەكانی تەلەڤزیۆن، رادیۆ، رۆژنامە و ئامرازەكانی دیكەی راگەیاندنی كلاسیكیی كە لەسەر ماڵپەرەكانی ئینتەرنێت و بلۆگەكان پێشكەشدەكرێن. بەپێی سەرچاوە زانستییەكان؛ دیجیتەڵ میدیا زۆرتر پشت بە وەرگێڕانی ئەنەلۆگ داتا بۆ دیجیتەڵ داتا دەبەستێت. هەروەك جیاواز لە رابردوو، گەشەسەندنی ئینتەرنێت بە تۆماركردن و هەڵگرتنی دەقەكان لەسەر تۆڕەكانی دەستیپێكرد وەك لە هەڵگرتنیان لەنێو گەنجینەكان و دووتوێی لاپەڕەكاندا. هەربۆیە بە ماوەیەكی كەم لەدوای دانانی دەقەكان لە نێو كۆمپیوتەردا؛ وێنەكانیشی بەدوادا هات و پاشان هەریەك لە دەنگ و رەنگ یان وێنە و ڤیدیۆ لەسەر ئینتەرنێت جێگیركران. لەم ساڵانەی دواییشدا ماڵپەرەكان و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانى دیجیتەڵ میدیا؛ گەشەسەندنێكی بەرچاويان بەخۆیانەوە بینی. بەجۆرێك ئێستا تەنها لەماوەی یەك خولەكدا، زیاتر لە 4.1 ملیۆن كەس سەیری ئەو ڤیدیۆیانە دەكەن كە لە یوتیوبدا بڵاودەكرێنەوە و 3.5 ملیۆن و نیو لە گوگڵدا بەدوای زانیاریی و بابەتی جیاوازدا دەگەڕێن و 375هەزار ئەپڵیكەیشنی جیاوازیش لە ئەندرۆید و ئەپڵ داونلۆد دەكرێن. هاوكات 65هەزار وێنە لە ناو ئینستەگرامدا دادەنرێن، 900 هەزار كەس فەیسبوك بەكاردێنن و 455هەزار تویتیش لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەردا بڵاودەبنەوە.
ئەگەر رۆژگارێك پێدان و وەرگرتنی زانیاری؛ پێویستیی بە نێوەندێكی راگەیاندنی كلاسیكیی وەك رۆژنامە و رادیۆ و تەلەڤزیۆن هەبوایە، ئێستا زۆر قورس و سەختە بیرکردنەوە لە ژیانێك بەبێ هەبوون و بەكارهێنانی خزمەتگوزاریی ماَڵپەرە ئەلكترۆنییەكان و فۆڵۆوكردن و چات و ئیمۆجی و لایك و شەیر و سەبسكرایبی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی وەك ئینستەگرام، سناپ، فەیسبووک، تویتەر، یوتیوب و ئەپڵیكەیشنەكانی وەك ڤایبەر و وەتسئەپ و تەلەگرام و هاوشێوەكانیان. زیاتر لەوەش، شێوازی كۆكردنەوە و داڕشتنەوە و پەخشكردنەوەی زانیارییەكان لەهەرێمی كوردستاندا بەجۆرێك بارگاوی بوون؛ وایلێهاتووە لە ئاستە پیشەییەكەشدا هێڵێكی جیاكەرەوەی ئەوتۆ لەنێوان رۆژنامەگەرییەكی بەرپرسیار و رووزەرد دا نەمێنێتەوە و فلتەرە پیشەیی و یاساییەكانییش زووتر و زیاتر لە جاران بەرەو كاڵبوونەوەو نەمان بچن. ئەوەش لەلایەك بەهۆی نەبوونی سیستمێكی دیموكرات و هاوچەرخی سیاسیی و میدیاییەوەیە، لەلایەكی دیكەشەوە بەهۆی سەروەرنەبوونی یاساكان و پێشلكردنی رێسا پیشەییەكانی راگەیاندن و رۆژنامەگەرییە. ئەوە جگەلە دەگمەنیی نمونەیەكی سەركەوتووی رێكخستنی یاسایی؛ بۆ بەكارهێنانی ئامێرە نوێكانی تەكنۆلۆژیا و جیهانی سایبەرسپەیس.
هەرچەندە تۆڕی جاڵجاڵۆكەیی ئینتەرنێت و خزمەتگوزارییە بێسنور و هەمەچەشنەكانی؛ ئاسانكاریی زۆریان بۆ بەیەكگەیشتن و تێگەیشتن و فێربوونی بەكارهێنەران كردووە و لایەنی ئەرێنیی زۆر باشیان لەدروستكردنی گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕی زانیاریی و گواستنەوەی بیروبۆچوونە دژ و تەباكاندا هەیە، هاوكات بوونەتە پانتاییەكی گشتیی نێوخۆیی و دەرەكییش بۆ بەرفراوانكردنی سنورەكانی ئازادیی دەربڕین و رۆژنامەگەری، بەڵام ئەو كەس و لایەن و گروپانەش كەم نین كە ئەم پانتاییەیان بۆ مەبەست و ئامانجی نامرۆیی و ناپیشەیی قۆستوەتەوە و ئینتەرنێتیان كردوەتە سەكۆیەكی سەرەكیی شێواندنی شیرازەی پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان و لاوازكردنی گیانی لێبوردەیی و بێبەهاكردنی هەستی نیشتمانیی و دەستوەردانە نێو ژیانی تایبەتی تاكەكان و تیرۆركردنی كەسایەتییان؛ بەتایبەت لەسەروەختی ململانێ و قەیران و هەڵمەتەكانی بانگەشەی هەڵبژاردندا.
ئێمە وەك چاودێریی میدیای كوردی كە رێکخراوێکی ناحكومی، قازانجنهویستی، سهربهخۆیین؛ کار بۆ چاودێرییكردن، ههڵسهنگاندن، راپۆرتكردن و توێژینهوهی خهوش و پێشلكارییه پیشهییهكانی میدیا و رهوشی رۆژنامهگهری كوردیی دەکەین. هەروەك جهختكردنهوهی سهرهكیی رێكخراوەكەشمان، لهسهر بهرزكردنهوهی ئاستی هۆشیاری تاكهكهس و كۆمهڵگهی كوردییه له ههمبهر پێشلكردنی مافەكانیان و پهڕاوێزخستن و دهستێوهردانی ناپیشهیی میدیا و میدیاوانانی كوردستان. چالاكیی و پرۆژهكانی ئهم رێكخراوەمان زیاتر بۆ هەڵسەنگاندنی بهرههمه جۆربهجۆرهكانی میدیای كوردییه، بهمهبهستی گهڵاڵهكردن و خستنهڕووی كارنامهیهكی پیشهییتری كرداریی بۆ راستكردنهوهی ههڵه باوهكانی میدیا و شێوازی كاركردنی میدیاوانان لەهەرێمی كوردستاندا. هەربۆیە ئەمڕۆ رێكخراوی چاودێریی میدیای كوردی بە هاوبەشیی زانكۆی راپەڕین سەرنجتان بۆ زنجیرە باسی كۆڕبەندێكی رەخنەیی رادەكێشن لەبارەی دیجیتەڵ میدیای كوردی و رۆڵی لە بەرفراوانكردنی ئازادیی رادەربڕینەوە بۆ تیرۆكردنی كەسایەتی. ئەویش بە میوانداری پۆلێك لە كەسانی خاوەن باكگراوندی پیشەیی و ئەكادیمیی زانكۆو پەیمانگاكانی كوردستان.
دووبارە سوپاس بۆ ئامادەبوون و بەشداریكردنتان، بەهیوای رەخساندنی زەمینەی بیركردنەوەیەكی لۆژیكیی و وتوێژێكی بەرهەمداری بابەتیی لەسەر خزمەتگوزارییە هەمەچەشن و بێسنورەكانی دیجیتەڵ میدیا و زیاتر لەبەرچاوگرتنی یاسا و رێسا پیشەییەكان .
رێكخراوی چاودێریی میدیای كوردی
11ی كانونی یەكەمی 2018
فۆتۆ : هاوکار زرار