پرۆژە و چالاكیی میدیایی

بەخستنەڕووی پوختەی توێژینەوەیەك سەرۆكی رێكخراوی چمك بەشداریی سیمۆزیۆمی  ژن و میدیا دەكات

 دەرگاوان، سلێمانی: سەرۆکی رێکخراوی چاودێریی میدیای کوردیی بەپێشکەشکردنی بابەتێک بەشداریی پانێڵێکی سیمپۆزیۆمی ژن و میدیا دەکات کە بەبۆنەی رۆژی جیهانیی خانمان؛ سەنتەری یەکسانی جێندەریی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی و بەشی تەکنیکی میدیای پەیمانگای تەکنیکی سلێمانی، رێکیانخست.

د.شوان ئادەم ئەیڤەس، سەرۆکی رێکخراوی چاودێریی میدیای کوردی (چمک) بابەتێکی لەسەر «رۆڵی پرۆگرامە کۆمیدییەکان لەبەرھەمھێنانی جیاکاریی جێندەرییدا» پێشکەشکرد كە تیاییدا پوختەی توێژینەوەیەكی هاوبەشی خۆی و پ.د.مهاباد كامل-ی خستەڕوو كە خراپ بەكارهێنانی ئاستەكانی زمانی راگەیاندن لە بەرنامەی بەزمی بەزم-ی كەناڵی كوردماكس-دا؛ كاریگەرییێكی نەرێنیی لەسەر بینەرانی بەرنامەكە هەبووە. بەجۆرێک زۆرینەیان ئەو بۆچوونانە پشتڕاست دەكەنەوە كە ئەگەرچی كوردماكس؛ وەک كەناڵێكی خۆشباری (ترفیهی) كوردیی لەلایەن زۆرترین بینەرەوە سەیری بەرنامە سەرەكییەكانی دەكرێت، بەڵام لەگەڵ ئەو بۆچوونەدا هاوڕان كە بەرنامەی بەزمی بەزم لە كەناڵی كوردماكس؛ بووەتە سەكۆیەكی میللیی بۆ ئاساییكردنەوەی جنێودان، بەخشینەوەی تۆمەت و ناوزڕاندنی كەس و گروپەكانی كۆمەڵگە و هۆكارێک بۆ شێواندنی زمانی كوردیی و شێوەزارەكانی، بەرهەمهێنانی توندوتیژی زارەكیی و دەروونیی و تۆخكردنەوەی جیاوازییە رەگەزییەكانی نێوان نێر و مێ. ئەوە جگەلەوەی كە بەرنامەکە بووەتە هۆی تێكدانی زەوق و سەلیقەی بینەرانی و رێزنەگرتنی خواستەكانیان؛ زیاتر بەدگۆیی و لاساریی منداڵان و هەرزەكاران و هۆكاری بێبەهاكردنی ئەتەكێتی كاركردنی هونەریی و بنەما پەروەردەییەكان و سوكایەتییكردن بەخێزان و كولتوری كوردیی و تایبەتمەندییەكانی.

ئەو بابەتەش لەمیانی پانێلی یەكەمی سیمپۆزیۆمەكەدا پێشكەشكرا كە رۆژی یەکشەممە (13ی ئاداری 2022) لە ھۆڵی پیرەمێرد_ی سەرۆکایەتیی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی لەلایەن م.ی.عەباس جومعە بەڕێوەدەبرا و هەریەك لە پ.ی.د.پاڤێ جەمیل لەزانکۆی سلێمانی بابەتێکی لەسەر «وێنای ژن لە میدیای کوردییدا» پێشکەشکرد و مامۆستا تاژان دڵشاد لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی بابەتێکی لەبارەی «ژن و سۆشیاڵ میدیای کوردی» خستەڕوو. لە پانێڵی دووەمیشدا کە  لەلایەن م.ی یاریدەدەر ڤیان عومەر خدر بەڕێوەدەبرا؛ م.د.نەوزاد سدیق لە بەشی تەکنیکی میدیا باسی لە «بابەتە جێندەرییەکان لە میدیادا» کرد. دواتر م.ی ھەرمن شێرکۆ لەپەیمانگەی تەکنیکی دوکان تیشکی خستەسەر «وێنای ڕاگەیاندنکاری ژن لە کەناڵە کوردییەکاندا». دوابابەتی سیمپۆزیۆمەکەیش لەبارەی «رۆڵی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەدەرخستنی دەنگ و رەنگی ژنی کورددا» لەلایەن م.د.هونەر رەسوڵ لەپەیمانگەی تەکنیکی سلێمانی پێشکەشکرا. پرسیارەکانی ئامادەبووان و وەڵامەکانی پانێڵیستەکان؛ ناوەڕۆکی بابەتەکانی دوو پانێڵەکەی دەوڵەمەند کرد. لە کۆتایی سیمپۆزیۆمەکەیشدا؛ سوپاس و پێزانین_ی سەرۆکایەتیی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی لەلایەن پ.د.ئالان فەرەیدون عەلی ئەمین پێشکەش بە پانێلیستەکان کرا.

خالقی؛ ئەزموونی رۆژنامەگەریی گێڕایەوە و رێزلێنانی پێدرا

دەرگاوان، سلێمانی: لەلایەن رێکخراوی چاودێریی میدیای کوردی (چمک) و سەنتەری توێژینەوەی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی و بە سپۆنسەری دەزگای میدیای کوردسات «دیداری خالقی؛ بۆ گێڕانەوەی ئەزموونی رۆژنامەگەری» رێکخرا.

لەدەستپێکی ئەو دیدارەدا كە رۆژی دووشەممە (28ی شوباتی 2022) لەهۆڵی نالی رێكخرا؛ پرۆفیسۆر د.ئالان فەرەیدون سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی بەخێرھاتنی ئامادەبووانی کرد و رایگەیاند: شانازییه‌ بۆ زانكۆمان و رێکخراوی چمک کە دیداری خالقی؛ بۆ گێڕانه‌وه‌ی ئه‌زموونی رۆژنامه‌گه‌ریی رێکدەخەن. ئه‌ستێره‌یه‌كی مۆسیقی و ئاوازی كوردیی میوانه‌ لامان؛ تا باسی ئه‌زموونی خۆیمان بۆ بکات. ئه‌زموونی پڕ سه‌روه‌ری و خۆشه‌ویستیی گه‌ل و وڵات. ئه‌مڕۆ كوردستان و جیهان گوێبستی مێژووی ئه‌م گه‌وره‌ پیاوه‌ ده‌بێت كه‌ هه‌موومانی فێری یه‌كه‌م ئاوازی كوردیی زمانی دایك کرد. پاشان پ.ی.د.عەلی محەمەد وتاری ھاوبەشی سەنتەری توێژینەوەی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی و رێکخراوی چاودێریی میدیای کوردی (چمک)ی خوێندەوەو ئاماژەی بە گرنگیی ئەمجۆرە دیدارە ھاوبەشانە کرد.

دواتر وتووێژی نێو دیدارەکە بەوتەی د.شوان ئادەم ئەیڤەس سەرۆکی رێکخراوی چمک دەستیپێکرد کە وێڕای خستنەڕووی پوختەیەک لەژیاننامەی خالقی و رۆڵ و گرنگیی تۆمارکردنی کولتوری زارەکیی لە زمانی شایەتحاڵەکانەوە بۆ توێژینەوەکان وەک سەرچاوەی رەسەن و یەکەمی؛ بۆ یەکەمجار و بەشێوەیەکی راستەوخۆ مەزھەری خالقی سەرۆکی ئینستیوتی کەلەپوری کوردیی ئەزموونی کارکردنی رۆژنامەوانیی خۆی لەمیدیای پەخشکراودا بۆ ئامادەبووانی دیدارەکە خستەڕوو. بەتایبەت لە رادیۆکانی سنە، تاران و کرماشان و سەروەختی بەڕێوەبردنی رادیۆ و تەلەڤزیۆنی ناوچەی خۆرئاوای ئێران لە پێش شۆڕشی ئیسلامیی ئێران و دواتریش سەروەختی دامەزراندنی رادیۆی نەوا لەپاش ساڵی 2005دا. ھەروەک دووپاتیشیکردەوە کە میدیای کوردیی ئێستا بە قۆناغێکی سەختدا تێدەپەڕێت کە زۆرجار ئەرک و بەرپرسیارێتیی خۆی لەیاددەکات. له‌ كۆتایی دیداره‌كه‌شدا؛ سەرنج و پرسیارەکانی ئامادەبووان و وەڵامەکانی مه‌زهه‌ری خالقی ناوەخنی دیداره‌كه‌ی زیاتر روونکردەوە. پاشانیش دیاریی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی له‌لایه‌ن پرۆفیسۆر د.ئالان فەرەیدون عەلی ئەمین و بڕوانامەی رێزلێنان و چەند کتێبێکی زنجیرە چاپکراوەکانی رێکخراوی چاودێریی میدیای کوردیی لەلایەن د.شوان ئادەم ئەیڤەس پێشكه‌ش به‌ مه‌زهه‌ری خالقی كرا.

رۆڵی تەکنۆلۆژیا و پەیامی میدیایی لەوۆرکشۆپێکدا تاووتوێكران

دەرگاوان، سلێمانی: وۆرکشۆپێکی یەک رۆژی لەژێر ناونیشانی «توێژینەوەی میدیایی و ھەنگاوەکانی بڵاوکردنەوەی لەجۆرناڵە نێودەوڵەتییەکاندا» بۆ توێژەرانی میدیایی لەلایەن رێکخراوی چاودێریی میدیای کوردی (چمک) رێکخرا.

لەو وۆرکشۆپەدا کە رۆژی دووشەممە (21ی شوباتی 2022) لەھۆڵی کۆنفرانسەکانی CDO بەڕێوەچوو؛ د.شوان ئادەم ئەیڤەس سەرۆکی رێکخراوی چاودێریی میدیای کوردیی پوختەیەکی مێژوو یی لەبارەی رێکخراوەکە و چالاکییەکانی و پرۆژەی توێژینەوەی «رۆڵی تەکنۆلۆژیا لە بەرھەمھێنان و بەکارھێنانی پەیامی میدیاییدا» خستەڕوو.

دواتر د.کارزان وەکیل خاوەنی 100 توێژینەوەی بڵاوکراوە لەجۆرناڵە نێودەوڵەتییەکاندا؛ ناوەڕۆکی وۆرکشۆپەکەی خستەروو کە بریتییبوو لە قۆناغەکانی ئامادەکردن و نووسین و بڵاوکردنەوەی توێژینەوەی میدیایی. ھاوکات بانگھێشتی ئامادەبوانی کرد بۆ بەشدارییکردن لە پرۆژەی زنجیرە توێژینەوەکانی #رێکخراوی_چمک کە جەخت لەسەر بەرھەمھێنان و بەکارھێنانی پەیامی میدیایی پشتبەست بە تەکنۆلۆژیا دەکاتەوە. لەکۆتاییشدا؛ ئامادەبووان سەرنج و تێبینی خۆیان لەسەر ناوەڕۆکی وۆرکشۆپەکە خستەروو ، پاشان پێشنیازی خۆیان بۆ دەوڵەمەندکردنی تەوەرەکانی توێژینەوەکان ئاشکرا کرد.

لەھەولێر و سلێمانی؛ 12 دەرگای دەرگاوان خرانەسەرپشت

یەکەمین ژمارەی دەرگاوان وەک گۆڤارێکی وەرزیی تایبەتمەند بە پەروەردەی میدیایی لەساڵۆنەكانی كوردستانی نوێ و لاپەڕە 09 بەخوێنەرانی گۆڤارەکە لە سلێمانی و ھەولێر ناسێندرا.

ئێوارەی رۆژی شەممە (12ی شوباتی 2022) لە کۆڕێکدا کە رۆژنامەی کوردستانی نوێ لەچوارچێوەی چالاکیی ھەفتانەییدا بۆ د.شوان ئادەم ئەیڤەس؛ سەرنووسەری گۆڤاری دەرگاوان رێکیخستبوو، ئامانجەکانی دەرچوونی گۆڤارەکە و ھۆکارەکانی ھەڵبژاردنی دەرگاوان بۆ ناوی گۆڤارەکە و ناوەڕۆکی تەوەرە سەرەکییەکانی یەکەمین ژمارەی خرایەڕوو کە خۆی لە 12 دەرگای جۆربەجۆردا دەبینییەوە، لەوانە: خوێندن و پەروەردەی میدیایی، رێنمایی و ھۆشیاری میدیایی، تێز و توێژینەوەی میدیایی، مژار و مێزگردی میدیایی، دۆز و دۆسیەی میدیایی، دیدار و دیڤچوونی میدیایی، راز و رێبەری میدیایی، ھەڵبژاردە و ھەڵسەنگاندنی میدیایی، کاریکاتێر و تێزی میدیایی، چاپکراو و بەرھەمی میدیایی، پرۆژە و چالاکیی میدیایی، وشەدان و فەرھەنگی میدیایی. ھەر لەو ئێوارە کۆڕەدا کە ئەرکان جەبار بەڕێوەی دەبرد؛ سەرنووسەری گۆڤاری دەرگاوان وەڵامی پرسیار و سەرنجی ئامادەبووانی دایەوە. ھاوکات گرنگیی و پێویستیی ھەبوونی گۆڤارێکی تایبەتمەند بە پەروەردەی میدیایی لەواقیعی ئەمڕۆی ھەرێمی کوردستان بۆ ھەڵسەنگاندن و رێکخستنەوە ناوەڕۆکی راگەیاندن و بەرفراوانکردنی سنورەکانی ئازادیی دەربڕین و رۆژنامەگەریی و بەکارھێنانی وەک سەرچاوەیەکی زانستیی بۆ پێگەیاندنی نەوەی نوێی رۆژنامەوانان لەلایەن ئامادەبووانەوە دووپاتکرایەوە. هەفتەیەك دواتر و لە رۆژی شەممە (19ی شوباتی 2022)؛ بەئامادەبونی ژمارەیەک لەرۆشنبیران و نووسەران و رۆژنامەنووسان ساڵۆنی لاپەرە نۆ_ی ناوەندی هەولێری مەکتەبی راگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان میوانداریی د.شوان ئادەم ئەیڤەس؛ سەرنووسەری گۆڤاری دەرگاوان_ی کرد بۆ ناساندنی 12 دەرگای جیاوازی گۆڤارەکە. لەو کۆڕەدا؛ د.شوان ئادەم ئەیڤەس وێڕای روونکردنەوەی ھۆکاری ناونانی گۆڤارەکە بە دەرگاوان (Gatekeeper) و ئامانجەکانی پشت چاپکردن و بڵاوکردنەوەی، لەوەڵامی پرسیار و سەرنجی ئامادەبوواندا دووپاتییکردەوە کە ئاڕاستەی کارکردنی گۆڤارەکە بەرەو زیاتر رەخساندنی زەمینەی بەرفراوانکردنی سنووری ئازادییەکانی دەربڕین و رۆژنامەگەرییە، نەک بەپێچەوانەوە. ھاوکات پێداگریی لەسەر ئەوەیش کردەوە کە پێویستە نەوەی نوێی رۆژنامەوانان و نێوەندە ئەکادیمیی و پیشەییەکانی بواری راگەیاندن و رۆژنامەوانیی باشتر و خێراتر لە توێژەکانی دیکەی کۆمەڵگە سوود لە بابەت و تەوەرەکانی گۆڤاری دەرگاوان وەربگرن، چونکە کەرت و کایەیەکی ژیاریی گرنگی رۆژانەی بەرھەمھێنەر و بەکارھێنەرانی پەیامی میدیاییە.

لەسەر پرسیاری میدیایی؛ مامۆستایەکی زانکۆ دادگایی دەکرێت

دەرگاوان، سلێمانی: دوای ساڵێک لە دانانی پرسیاری میدیایی بۆ تاقیکردنەوەی خوێندکارانی بەشێکی زانستیی زانکۆی ھەڵەبجە؛ مامۆستایەکی میوانی زانکۆکە ئاگادار دەکرێتەوە کە رۆژی چوارشەممە (13ی نیسانی 2022) بۆ یەکەم دانیشتنی دادگاییکردن لە دادگای کەتنی دووی سلێمانی ئامادەبێت.

دانانی پرسیاری تاقیکردنەوەی وانەی «ئیتیک و یاسای راگەیاندن» لەبارەی دەستنیشانکردنی راست و ھەڵەی ھەندێک مانشێتی میدیا کوردییەکان لەرووی پێڕەوکردن یاخود پێشلکردنی پێوەرەکانی رێسا پیشەییەکانی راگەیاندن؛ دەبێتە ھۆکاری تۆمارکردنی سکاڵایەکی یاسایی «فەرمانبەر»ێکی دەرەوەی زانکۆ لەسەر مامۆستایەکی میوانی زانکۆی ھەڵەبجە کە لە وەرزی یەکەمی ساڵی خوێندنی 2020_2021دا ھێنابووەوە.

د.شوان ئادەم ئەیڤەس کە لەو وەرزەی خوێندندا وەک مامۆستایەکی پسپۆڕ بۆ وتنەوەی بابەتی یاسا و رێسا پیشەییەکانی راگەیاندن لەلایەن زانکۆی ھەڵەبجەوە میوانداریی کرابوو؛ لەلێدوانێکی تایبەتییدا بۆ دەرگاوان وێڕای رەتکردنەوەی ھەرجۆرە ناسین و کێشەیەکی پێشوەختە لەگەڵ سکاڵاکاردا، ھاوکات دووپاتیکردەوە کە ئەو پرسیارانە بۆ خوێندکارانی قۆناغی دووەمی بەشی راگەیاندنی کۆلیژی زانستە مرۆڤایەتییەکانی زانکۆی ھەڵەبجە ھێنراونەتەوە، «پێشتر 13 ھەفتە محازەرەی چڕوپڕیان لەسەر رێسا پیشەییەکانی راگەیاندن (Media Ethics) و پێوەرەکانی لەلایەن بەندەوە پێوتراوە کە ئامانج لێی؛ ھەڵسەنگاندنی ئاستی مەعریفیی خوێندکارەکانمانە لەسەر چۆنییەتی تێگەیشتنیان لەو بابەتانەی کە خوێندوویانە، ئەویش پشتبەست بە کتێبێکی بەندە بەناونیشانی «ئیتیک لە رۆژنامەوانیی کوردییدا» کە یەکێکە لەچاپکراوەکانی رێکخراوی چاودێریی میدیای کوردی (چمک). تەواوی ئەو پرسیارانەش؛ لەسەر بنەمای ئەو زانیاریی و ھەواڵ و بابەتانە ھێنراونەتەوە کە پێشتر لە میدیای کوردییدا بڵاوکراونەتەوە. ئامانج لەوەش ئەوەیە کە خوێندکاران باشتر لەپێشلکاریی پێوەرەکانی رێسای پیشەیی راگەیاندن تێبگەن و جیایی بکەنەوە کە چ بابەتێک لەرووی پیشەییەوە رێگەپێدراوەو چ بابەتێکیش رێگەپێنەدراوە لەمیدیاکاندا بڵاوبکرێتەوە.»

ئەو مامۆستا میوانەی زانکۆ؛ روونکردنەوەی زیاتری دا و وتی: «لەدوای ئەوەی تاقیکردنەوەی کۆتایی سیمستەری یەکەم لەزانکۆی ھەڵەبجە لەرۆژی یەکشەممە (21ی شوباتی 2021) بە وانەکەی بەندە لە بەشی راگەیاندن دەستیپێکرد، بەھۆی وەرنەگرتنەوەی پرسیاری تاقیکردنەوەکە لەخوێندکاران، بەمەبەست بێت یان بێمەبەست ھەر زوو بۆ ھەندێک پەیج و سایت دزەیان پێکرا. بەداخەوە، بەبێ تێگەیشتن لەناوەڕۆکی پرسیارەکان و ئامانجە زانستییەکانی؛ ھەمان ناوەڕۆک لەم پەیج و سایت بۆ ئەو پەیج و سایت کۆپی و پەیست دەکرا، بەبێ ئەوەی بەفلتەرێکدا تێپەڕێت و گوێ بە بەرپرسیارێتیی بڵاوکردنەوەی بابەتێک بدرێت کە دوور ونزیک پەیوەندیی بەھەموو کەسێکەوە نییە کە خوێندکاری بەشی راگەیاندن نەبێت! بەھەر حاڵ لەماوەی کەمتر لە 24کاتژمێردا؛ ھەندێکیان ھەڵەی خۆیان زانی و لەپەیجەکانیان سڕیانەوە و ھەندێکشیان درێژەیان پێدا و ناو و ناوبانگی بەندەیان زڕاند. جا ئێمە کە خۆمان بووین بە قوربانیی ئازادیی دەربڕین و رۆژنامەگەری؛ ھەرگیز بیرمان لەوە نەکردووەتەوە کەس و لایەنێکی دیکە بەھۆی ئێمەوە ببێتە قوربانی، بۆیە داوای لێبووردن دەکەین کە بەبێ مەبەست و بەھۆی بڕگەیەک یان زیاتری پرسیارەکانەوە کەسێک یان لایەنێک لەرووی دەروونییەوە ئازاری پێگەیشتبێت، چونکە ئێمە کارمان لەسەر نموونەی زیندووی نێو میدیای کوردیی کردووە نەک خەیاڵ و فەنتازیای خۆمان. ئەگەر کەس و لایەنێکیش شیاوی ئەوبێت سکاڵای یاسایی لەسەر تۆماربکرێت، ئەوا بەدڵنیاییەوە نابێت ئێمە بین، بەڵکو دەبێت لەسەر ئەو میدیاوان و میدیایانە تۆماربکرێن کە یەکەمجار و بەبێ گوێدانە ھیچ بەھا و پێوەرێکی پیشەیی، رووماڵی رووداوەکان دەکەن و زانیاریی ھەڵە و شێوێنراو دەگوێزنەوە.»

بەپێی ئەو زانیاریانەی گەیشتوونەتە دەرگاوان؛ دادوەرێک لەسەرۆکایەتیی دادگای تێھەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانی، دادگای لێکۆڵینەوەی شەش_ی ئاگادار کردووەتەوە کە بەپێی پسوڵەی ژمارە 2534/ک/2021 ھەریەک لە تۆمەتبار و سکاڵاکار و شایەتەکەی لە کات و شوێنی دیارییکراودا ئامادەبن. بەپێچەوانەوە، بەپێی ماددە 119 لە یاسای بنەماکانی دادگاییکردنە سزاییەکانی ژمارە 23ی ساڵی 1971ی کارپێکراو؛ فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەردەکرێت.

دەرگاوان؛ لەچەند کاتێکی جیاوازدا پەیوەندیی بە سکاڵاکاری دۆسییەکەوە کرد، بەڵام ھیچ جارێک بەردەست نەبوو.

پرۆژەی توێژینەوەی میدیا و تەكنۆلۆژیا-ى دوو توێژەری كورد راگەیەنرا

دەرگاوان، سلێمانی: د.شوان ئادەم ئەیڤەس لە زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی و د.كارزان وەكیل لە زانكۆی هەڵەبجە پرۆژەیەك بۆ نووسینی زنجیرە توێژینەوەیەك لەبارەی رۆڵی تەكنۆلۆژیا لە میدیادا رادەگەیەنن.

ئەو دوو توێژەرە بەئامانجی برەودان بە کولتوری توێژینەوەی فرەپسپۆڕیی و بەھەماھەنگیی رێکخراوی چمک و تۆڕی ئەکادیمیی کوردی؛ پرۆژەی نووسینی زنجیرە توێژینەوەیەکی زانستیی لەسەر رۆڵ و کاریگەرییەکانی تەکنۆلۆژیا لە میدیا دا رادەگەیەنن. لەپێناو باشتر و زووتر بەدیھێنانی ئەو ئامانجەشدا؛ پێویستيان بە ھاوکاریی و بەشدارییکردنی کردەکی توێژەرانی دیکە بەگشتیی و دەرچووان و خوێندکارانی دوایین قۆناغی بەشە زانستییەکانی کۆمپیوتەر، راگەیاندن، تەکنیکی میدیا و دیجیتاڵمیدیا لە زانکۆ و پەیمانگەکانی ھەرێمی کوردستاندا بەتایبەت دەبێت. ئەوەیش بەمەبەستی کنە و پشکنین و کۆکردنەوەی زانیاریی راست و دروست و شیکردنەوەیان لەسەر یەکێک یان زیاتر لەم تەوەرانەی خوارەوە و دواتر ناونووسینیان لەسەر دەقی کۆتایی توێژینەوەکان:

  1. بەکارھێنانی پرۆگرامەکانی کۆمپیوتەر لە بەرھەمھێنانی میدیاییدا
  2. بەکارھێنانی خزمەتگوزارییەکانی ئینتەرنێت لە بەرھەمھێنانی میدیاییدا
  3. بەکارھێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە بەرھەمھێنانی میدیاییدا
  4. بەکارھێنانی ئەپڵیکەیشنەکانی مۆبایلی زیرەک لە بەرھەمھێنانی میدیاییدا
  5. بەکارھێنانی تاقیگەی میدیایی لە بەرھەمھێنانی میدیاییدا
  6. ئاسانکارییەکانی تەکنۆلۆژیا لە بەکارھێنانی پەیامی میدیاییدا
  7. ئاسانکارییەکانی تەکنۆلۆژیای میدیایی لە دەستتێوەردانە نێو ژیانی تایبەتیی کەسەکاندا
  8. ئاسانکارییەکانی پێواژۆی بۆڵۆنیا لە برەودان بە تەکنۆلۆژیای میدیایی و خوێندنی ئەلکترۆنییدا
  9. ئاسانکارییەکانی تەکنۆلۆژیا لە خوێندن و پەروەردەی میدیاییدا
  10. ئاسانکارییەکانی تەکنۆلۆژیای میدیایی لە دۆزینەوەی بازاڕی کار دا

جا ھەر کەسێک ئارەزووی خۆبەخشانە ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستیی ھەیە؛ دەتوانێت پەیوەندیی بەم ناونیشانانەی خوارەوە بکات:

د.کارزان وەکیل

زانکۆی ھەڵەبجە

کۆلیژی زانستە مرۆڤایەتییەکان

بەشی راگەیاندن

[email protected]

د.شوان ئادەم ئەیڤەس

زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی

کۆلیژی تەکنیکی کارگێڕی

بەشی تەکنیکی میدیا

[email protected]

 

دەنگدان

بە بڕوای تۆ راگەیاندنەكان لەهەرێمی كوردستاندا؛ ناسەربەخۆن؟