شەهرام عەبدوڵلآ
دەرکەوتنی ناسنامەی نەتەوەیی میدیاکار لە میدیای ئەویدیدا؛ میدیاکاری کوردی BBC وەک نموونە. ئەم خوێندنەوەیە دەرکەوتنی ناسنامەی نەتەوەیی میدیاکار لە میدیای پیشەیی ئەویدیدا دەخاتە روو، بۆ ئەم مەبەستەیش BBC بە نموونەی گونجاوی میدیای پیشەیی وەرگرتووە. ئەم خوێندنەوەیە جگە لە خستنە رووی دەرکەوتنی ناسنامەی نەتەوەیی میدیاکار لە میدیای پیشەیی ئەویدیدا، هیچ مەبەستێکی دیکەی پێوەندیدار بە کەسی میدیاکار یا دامەزراوەی BBC، نییە.
BBC خۆی بەم شێوەیە پێناسە دەکات: “ئێمە بێلایەنین و سەربەخۆین، هەموو رۆژێک بەرنامە و بابەتی جیاواز لە ئاستی جیهاندا بەرهەم دەهێنین، ملیۆنان کەس لە بەریتانیا و سەرتاسەری جیهان لە زانیاری گەیاندن، فێرکاری و ماوە خۆشەکانی ئێمە سوود وەردەگرن”. BBC بە زیاتر لە ٤٠ زمان پەخشی تێلەڤیزیۆنی، رادیۆیی و ئۆنلاینی هەیە. یەکێک لەو زمانانە فارسییە، کە دیارە پەخشەکەی لە ژێر ناویBBC PERSIAN NEWS دا، بۆ فارسیزمانانی جیهان، بە تایبەت بۆ سێ وڵاتی فارسیزمانی ئێران، تاجیکستان و ئەفغانستانە. زۆرینەی ستافی BBC PERSIAN NEWS، لە کەسانی خەڵکی ئەو سێ وڵاتە پێک هاتوون و لە تێلەڤیزیۆن و رادیۆ، رۆژانە چەند سەعاتێک و لە دیجیتال میدیایش بە شێوەی ٢٤ کاتژمێریی گەیاندنیان هەیە. لە ناو ستافی ئێرانی BBC PERSIAN NEWS دا، کارمەندی کوردی رۆژهەڵات هەن کە وەک ئێرانی یا سەر بە پێکهاتەیەکی ئەتنی ناو ئێران، بە زمانی فارسی بابەتی میدیایی بەرهەم دەهێنن. هاوشێوەی ئەو کارمەندە فارسانەی کە هەر یەکە و خەڵکی ناوچەیەکی ئێرانن و سەر بە پێکهاتەیەکی ئەتنی دیکەی ناو ئێرانن. بەشێک لە کارە میدیاییەکانی ئەو میدیاکارانە بە زمانی ئینگلیزی و لە BBC WORLD NEWS یش بڵاو دەبنەوە. وردبوونەوە لە کاری میدیایی ئەو میدیاکارانە، چەند تایبەتمەندییەک ئاشکرا دەکات کە دەمانگەیێنن بەو ئەنجامەی؛ ناسنامەی نەتەوەییان، لە کارە میدیاییەکانیاندا دەرکەوتووە. دیارە دەزگای میدیایی و لە ناویشیاندا BBC، رەچاوی ئەوە دەکەن بۆ بەرهەمهێنانی بابەتی میدیایی لە ناوچە یا جیۆگرافیاییەکی تایبەتدا، سوود لە پێگەی ئەتنی میدیاکار وەربگرن و تەنانەت پەیامنێرانیان لە ناو میدیاکارانی خەڵکی ئەو ناوچانەدا هەڵبژێرن. هەرچەند ئەمە خۆی لە خۆیدا دەرفەتێک دەڕەخسێنێت بۆ ئەوەی کە بکرێت لە پێناو بەرژەوەندییەکانی پێکهاتەیەکی ئەتنی یا ناوچەیەکدا سوودی لێ وەربگیرێت، بەڵام ئەم دەرفەتە لە بنەمادا بۆ هێنانە دی سیاسەتەکان و بەرژەوەندییەکانی میدیاکە رەخساوە و بە پێچەوانە یاخود لە زیانی سیاسەتەکان و بەرژەوەندییەکانی ئەو میدیایە سوودی لێ وەرناگیرێت. هەرچەند دەکرێت هەندێکجار بەرژەوەندییەکان بە رێککەوت یا خود لە بازنەی کاری بێلایەنانە و پێشەییدا هاوتەریب بن. بۆ ئەم خوێندنەوەیە، میدیاکاری کوردیBBC (ژیار گوڵ) وەک نموونە دەستنیشان کراوە، کە خەڵکی شاری سنەی کوردستانی رۆژهەڵاتە و ریپۆرتەری مەیدانی دیاری BBC PERSIAN NEWS و BBC WORDL NEWSە، بەڵام زیاتر لە BBC PERSIAN NEWS دەردەکەوێت.
تایبەتمەندییەکانی ناسنامەی نەتەوەیی و دەرکەوتنەکانی
پێش تاوتوێکردنی کارە میدیاییەکانی (ژیار گوڵ)، پێویستە وەستانێک لە سەر چەمکی ناسنامەی نەتەوەیی بکەین. لە پێناسەکردنی ناسنامەی نەتەوەییدا، گەلێک تایبەتمەندیی دەستنیشان کراون کە هەندێکیان بریتین لە: خاک، نەژاد، زمان، مێژوو، دەوڵەت، نەریت، ئەفسانەکان، پاڵەوانەکان و …، کە ئەمانە پێکەوە لە سەر هەست و نەست و بیر و باوەڕی هەر تاکێکی سەر بە هەر نەتەوەیەک، شوێنی خۆیان دادەنێن و لە پرۆسەیەکدا واتای ناسنامەی نەتەوەیی بۆ دروست دەکەن. بەشێکی بەرچاوی ئەم تایبەتمەندییانە و لێکەوتەکانیان، بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش لە کارە میدیاییەکانی (ژیار گوڵ)دا، وەک تاکێکی سەر بە نەتەوەی کورد کە خاوەنی ناسنامەی نەتەوەیی تایبەت بە خۆیەتی، دەرکەوتوون و لەم خوێندنەوەیەدا ۳ تایبەتمەندی لەوانە دەستنیشان کراون. نموونەی ئەو کارانە لە ماڵپەڕەکانی BBC PERSIAN NEWS و BBC WORDL NEWS وەرگیراوە و بە گەڕان بۆ ناوی (ژیار گل – JIYAR GOL) لەو ماڵپەڕانەدا، نموونەی زیاتریان دەبینرێن. سێ تایبەتمەندی سەرەکی ناسنامەی نەتەوەیی لە پەرەگرافەکانی خوارەوەدا و لە ناو کارە میدیاییەکانی میدیاکار (ژیار گوڵ)دا، دەستنیشان کراون و باس دەکرێن.
خاک
لە کارە میدیاییەکانی میدیاکاردا کە دەکەونە بازنەی ئەم خوێندنەوەیەوە، (خاک) ئەو سنوورەیە کە لە ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا بە کوردستانی گەورە ناسراوە و لە ئەدەبیاتی سیاسی کورددا بە کوردستانی چوار پارچەکراو ناوی دەهێندرێت، کە لە نێوان چوار دەوڵەتی تورکیا، ئێران، عێراق و سوریادا دابەش کراوە و یەکێکە لە بنەڕەتیترین تایبەمەندییەکان کە نەتەوەی کوردی پێ دەناسرێتەوە و بنەمایەکی سەرەکی ناسنامەی نەتەوەیی کورد پێک دەهێنێت. هەرچەند میدیاکار خەڵکی رۆژهەڵاتی ئەو خاکە واتە کوردستانی رۆژهەڵاتە، بەڵام کارە میدیاییەکانی لە سنووری زێدەکەی خۆیدا قەتیس نەبوون و ئەو سنوورانەی بەزاندووە کە دەوڵەتەکان دایان ناوە. واتە لە بازنەی ناسنامەی هەرێمیی پەڕیوەتەوە بۆ ناسنامەی نەتەوەیی. چوار راپۆرتی مەیدانی (ژیار گوڵ) وەک نموونە دەهێنینەوە، کە هەر یەکە و لە سەر خاکی پارچەیەکی ئەو سنوورە (کوردستانی گەورە)دا و لە بارەی پرسێکی تایبەت بەو پارچەیە ئامادە کراون.
١- خاکی کوردستانی رۆژئاوا
ناونیشانی راپۆرت: احتمال وقوع جنایت جنگی در مناگق کردنشین شمال سوریه – ئەگەری روودانی تاوانی جەنگ لە ناوچە کوردنشینەکانی باکوری سوریا.
جۆری راپۆرت: مەیدانی
شوێنی ئامادەکردنی راپۆرت: شاری قامیشلۆ
کاتی پەخشکردنی راپۆرت لە ماڵپەڕی BBC: ٢ی نۆڤەمبەری ٢٠١٩
کورتەیەک لە بارەی راپۆرت: ئەم راپۆرتە لەگەڵ گێڕانەوەی چیرۆکی خۆڕاگری رۆژئاوا لە بەرامبەر هێرشی چەکدارانی داعش و قوربانیدانی زۆریان لەو پێناوەدا، باس لە هێرشی سوپای تورکیا و چەکدارە ئیسلامییەکانی سەر بە تورکیا بۆ رۆژئاوا دەکات و بە هێنانەوەی چەند نموونەیەک، ئەگەری تێوەگلانی سوپای تورکیا و چەکدارە ئیسلامییەکانی سەر بەو وڵاتە، لە تاوانەکانی جەنگ تاوتوێ دەکات، کە بەرامبەر کوردانی رۆژئاوا کردبێتیان.
لینکی راپۆرت:
https://www.bbc.com/persian/world-50275782
٢- خاکی کوردستانی باکور
ناونیشانی راپۆرت: همایش کردهای علوی در دیاربکر ترکیه – کۆڕبەندی کوردانی عەلەوی لە دیاربەکری تورکیا.
جۆری راپۆرت: مەیدانی
شوێنی ئامادەکردنی راپۆرت: شاری دیاربەکر
کاتی پەخشکردنی راپۆرت لە ماڵپەڕی BBC: ١٠ی فێبریڤەری ٢٠١٣
کورتەیەک لە بارەی راپۆرت: ئەم راپۆرتە، کۆڕبەندی دوو رۆژەی کوردانی عەلەوی روماڵ کردووە کە لە لایەن کۆنگرەی دیموکراتیکی گەلان، لە شاری دیاربەکر بەڕێوە چووە و تیایدا باس لەو ستەم و پێشێلکارییە مێژووییە دەکرێت کە لە سەردەمی دەسەڵاتدارێتی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانییەوە تا قۆناغی هاوچەرخ لە کوردانی عەلەوی کراوە و دەکرێت. راپۆرتەکە وردەکاری ئاراستەی ئایینی و سیاسی کوردانی عەلەوی دەخاتە روو و لە کۆتاییدا جەخت لەوە دەکات کە پەرلەمانتارانی کۆنگرەی دیموکراتی گەلان و پارتی ئاشتی و دیموکراتی، لە پەرلەمانی تورکیا، پشتگیری ئەوە دەکەن لە دەستووری تورکیادا مافەکانی کوردانی عەلەوی بە فەرمی دانیان پیادا بنرێت.
لینکی راپۆرت: https://www.bbc.com/persian/world/2013/02/130209_l93_alavi
٣- خاکی کوردستانی باشور
ناونیشانی راپۆرت: همهپرسی کردستان عراق در اربیل – ریفراندۆمی کوردستانی عێراق لە هەولێر
جۆری راپۆرت: مەیدانی
شوێنی ئامادەکردنی راپۆرت: شاری هەولێر
کاتی پەخشکردنی راپۆرت لە ماڵپەڕی BBC: ٢٦ی سێپتەمبەری ٢٠١٧
کورتەیەک لە بارەی راپۆرت: ئەم راپۆرتە روماڵی بەشداریکردنی دانیشتووانی هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان دەکات، لە پرۆسەی دەنگدان بە ریفراندۆمی سەربەخۆیی کە لە ٢٥ی سێپتەمبەری ٢٠١٧ لە هەرێمی کوردستان بەڕێوە چوو. باس لە جۆش و خرۆش و بەشداریکردنی هەزاران کەس دەکات لە پرۆسەی دەنگدان بە ریفراندۆمی سەربەخۆیی و لەگەڵ ئەوەی مەسعود بارزانی سەرۆکی ئەو کاتی هەرێمی کوردستان بە ئەندازیاری ریفراندۆم ناو دەبات، ئاماژە بە نیگەرانی ئەو لایەنانەیش دەکات کە بە ریفراندۆم رازی نین و پێشبینی باش بۆ ئەنجامەکەی ناکەن.
لینکی راپۆرت:
https://www.bbc.com/persian/world-41403757
٤- خاکی کوردستانی رۆژهەڵات
ناونیشانی راپۆرت: سفر به مرز ایران؛ دیدار ژیار گل با کولبران – گەشتێک بۆ سنووری ئێران؛ دیداری ژیار گوڵ لەگەڵ کۆڵبەرەکان
جۆری راپۆرت: مەیدانی
شوێنی ئامادەکردنی راپۆرت: خاڵی سفری سنووریی رۆژهەڵاتی کوردستان
کاتی پەخشکردنی راپۆرت لە ماڵپەڕی BBC: ٢٩ی جۆنیڤەری ٢٠١٧
کورتەیەک لە بارەی راپۆرت: ئەم راپۆرتە دۆخی کۆڵبەرانی کوردستانی رۆژهەڵات باس دەکات کە بۆ بە دەستهێنانی بژێوی، بە ناچاری، بە نایاسایی سنوورەکان دەبڕن و گیانی خۆیان دەخەنە بەر مەترسییەکانی تەقەی پاسەوانانی سنووری ئێران، مین، هەرەسی بەفر، سەرما و … تا لە بەرامبەردا بڕە پارەیەکی کەم وەربگرن. هەروەها دۆخی کوردستانی رۆژهەڵات لە رووی ئابوورییەوە بە گەشە نەسەندوو باس دەکات، بە جۆرێک کە خەڵک ناچار بە کارێکی نافەرمی، هەرازن و پڕمەترسی وەک کۆبەڵەری دەکات، کارێک کە حکومەتی ئێران بە زیان بۆ ئابوری وڵات پێناسەی دەکات، بەڵام بۆ بەشێکی بەرچاوی دانیشتووانی ناوچە سنوورییەکان تەنیا سەرچاوەی داهات و بژێوییە.
لینکی راپۆرت:
https://www.bbc.com/persian/iran-38786094
ئەگەرچی لە ناونیشان و ناوەرۆکی راپۆرتەکاندا ناوی ئەو پارچانەی کوردستان (رۆژئاوا، باکور، باشور، رۆژهەڵات) وەک خۆیان نایەت و وەک ناوچەیەک لە وڵاتانی سوریا، تورکیا، عێراق و ئێران باسیان دەکرێت – دیارە لە چوارچێوەی سیاسەتی BBC دا کە پابەندە بە جمگە سەرەکییەکانی سیاسەتی دەرەوەی بریتانیا-، بەڵام چڕبوونەوەی راپۆرتەکان لە سەر پرسێکی تایبەت بە چینێکی دیاریکراوی کۆمەڵگەی کورد یا پرسێکی گشتی کورد لەو وڵاتانەدا و ئاشکراکردنی ناسنامەی ئەتنییان وەک کورد و ناوهێنانی شارە کوردییەکان، بێ ئەوەی راستەوخۆ ئاماژە بەوە بکات کە خاکی کوردن، خۆی بە ئاسانی پێشان دەدات کە ئەو شوێنەی راپۆرتەکە باسی دەکات کام پارچەی کوردستانە. بەو شێوەیە (خاک) وەک پێکهێنەرێکی سەرەکی ناسنامەی نەتەوەیی میدیاکار لە کارەکانیدا دەرکەوتووە.
دەوڵەت/ بزووتنەوە
لە هەر جیۆگرافیایەکی سیاسیدا، دەوڵەت رۆڵی کاریگەری هەیە لە پێکهێنان و دەوڵەمەندکردنی ناسنامەی نەتەوەییدا. بە هەمانشێوە کە ناسنامەی نەتەوەیی لە پێکهێنانی دەوڵەتدا رۆڵی بنەڕەتی خۆی هەیە. ئەم پێوەندییە چڕ و پڕەی نێوان دەوڵەت و ناسنامەی نەتەوەیی، پێگەیەکی سەرەکی بە دەوڵەت داوە و وەک پێکهێنەرێکی ناسنامەی نەتەوەیی تایبەتمەندی کردووە. هەرچەند کورد دەوڵەتی نییە تاوەکوو لە دەستنیشانکردنی تایبەتمەندییەکانی ناسنامەی نەتەوەیی خۆیدا پۆلێنی بکات، بەڵام بەو پێیەی یەکێک لە بەرپرسیارێتییە گەورە و سەرەکییەکانی دەوڵەت رێکخستن و بەرەوپێشبردنی کاروباری سیاسی وڵاتە، دەکرێ لە پۆلێنبەندی تایبەتمەندییەکانی ناسنامەی نەتەوەیی کورددا لە بری دەوڵەت، بزووتنەوە رزگاریخوازانەکەی دابنرێت.(لێرەدا بە هیچ شێوەیەک نەویستراوە کە بزووتنەوە یەکسان بکرێت بە دەوڵەت، بەڵکوو تەنیا لە پێگەی بەڕێوەبەری کاروباری سیاسی نەتەوەیەکی بندەست و تەنیا بۆ مەبەستی ئەم خوێندنەوەیە هاوسەنگ کراوە)، بزووتنەوەیەک کە بەرپرسیارێتی سیاسی نەتەوەکەی لە ئەستۆ گرتووە و لە هەر پارچەیەکی کوردستاندا، خۆی لە کۆمەڵێک حزب و رێکخراوی سیاسیدا بینیوەتەوە. ئەو حزب و رێکخراوە سیاسییانە سەرەڕای جیاوازییان لە بیر و بۆچوون و ئاراستەی سیاسییاندا، بۆ پێکهێنانی کیانی سەربەخۆی سیاسی لە پارچەکەی خۆیاندا هاوڕا و هاوخەباتن. ئەمە جگە لەوەی چەند جارێک لە رابردووی دوور و نزیکدا وەک حزب و رێکخراوە سیاسییەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان، هەوڵی پێکهێنانی کۆنگرەی نیشتمانی کوردیان داوە کە بە شێوەیەکی گشتی ئەرکەکانی پێوەندیدار بە کێشەی کورد لە هەر چوار پارچەکە راپەڕێنێت. بزووتنەوەیەکی لەم شێوەیە کە مێژووەکەی بۆ زیاتر لە سەدەیەک دەگەڕێتەوە، ئاوێتەی ناسنامەی نەتەوەیی کورد بووە و پێکهێنەرێکی سەرەکی ئەو ناسنامەیه. کەواتە کاتێک باس لە بزووتنەوەی کورد لە هەر پارچەیەکی کوردستان دەکرێ، باسی یەکێک لە تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی ناسنامەی نەتەوەیی کورد کراوە. ئەم تایبەتمەندییە لەگەڵ ئەوەی لە زۆر کاری میدیایی ژیار گۆڵدا دەرکەوتووە، بۆ ئەم خوێندنەوەیە، لە ۳ گفتوگۆی جیاجیا و راپۆرتێکدا دەستنیشان کراوە، کە هەر یەکە و تایبەتە بە بزووتنەوەی یەکێک لە پارچەکانی کوردستان و لە پەرەگرافەکانی خوارەوەدا ئاماژەیان پێکراوە.
۱ـ بزووتنەوەی کوردستانی باشوور
ژانری میدیایی: گفتوگۆ
لەگەڵ: نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی پێشووی حکومەتی هەرێمی کوردستانی باشوور
شوێنی سازدان: هەولێر ـ بارەگای سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان
کاتی پەخشکردنی لە ماڵپەڕی :BBC۲٥ جۆنیڤەری ۲۰۱۷
کورتەیەک لە بارەی گفتوگۆ:
لەم گفتوگۆیەدا سیاسەتی حکومەتی هەرێمی کوردستانی باشور لە ئاست رووداوە گرنگەکانی ئەو قۆناغەی گفتوگۆکەی تیادا ئەنجام دراوە باس دەکرێ، کە بە زۆری پێوەندیدارن بە هاوکێشەکانی ناوخۆی بزووتنەوەی کورد بە گشتی.
لینکی گفتوۆ:
https://www.bbc.com/persian/world-38752631
۲ـ بزووتنەوەی کوردستانی باکور
ژانری میدیایی: گفتوگۆ
لەگەڵ: موراد قەرەیلان، سەرۆکی کاتیی پارتی کرێکارانی کوردستان (پ ک ک)
شوێنی سازدان: بەرزاییەکانی قەندیل
کاتی پەخشکردنی لە ماڵپەڕی :BBC۱۳ی ئۆکتۆبری ۲۰۱۲
کورتەیەک لە بارەی گفتوگۆ:
ئەم گفتگۆیە، سیاسەتەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)ی بۆ وەدیهاتنی مافەکانی کورد لە کوردستانی باکور و هەڵسوکەوتی حکومەتی تورکیا لەگەڵ بزووتنەوەی کورد لەو پارچەیەی کوردستانی تاوتوێ کردووە.
لینکی گفتوگۆ:
https://www.bbc.com/persian/world/2012/10/121013_l93_pkk
۳ـ بزووتنەوەی کوردستانی رۆژئاوا
ژانری میدیایی: گفتوگۆ
لەگەڵ: ساڵح موسلیم ، هاوسەرۆکی پارتی یەکییەتی دیموکراتی (پەیەدە)
شوێنی سازدان: رۆژئاوا
کاتی پەخشکردنی لە ماڵپەڕی :BBC۲۰ی نۆڤەمبەری ۲۰۱٦
کورتەیەک لە بارەی گفتوگۆ:
لەم گفتوگۆیەدا دۆخی کوردستانی رۆژئاوا لە ناو ئەو هاوکێشە ئاڵۆزە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەدا هەڵسەنگێنراوە، کە بە هۆی سەرهەڵدانی داعش هاتووەتە ئارا و بزووتنەوەی کوردستانی رۆژئاوای تووشی قەیرانێکی گەورە کردووە.
لینکی گفتوگۆ:
https://www.bbc.com/persian/world-38046697
٤ـ بزووتنەوەی کورددستانی رۆژهەڵات
ژانری میدیایی: راپۆرتی مەیدانی
شوێنی ئامادەکردنی راپۆرت: بنکەی هێزەکانی حزبی دیموکراتی کوردستانی رۆژهەڵات، لە سنوورەکانی نێوان کوردستانی رۆژهەڵات و کوردستانی باشور.
کاتی پەخشکردنی لە ماڵپەڕی :BBC۳۰ی جۆنیڤەری ۲۰۱۷
کورتەیەک لە بارەی راپۆرت:
لەم راپۆرتەدا کە مستەفا هیجری سکرتێری حزبی دیموکراتی ئێران(حدکا) و کەمال کەریمی ئەندامی مەکتەبی سیاسی حزبی دیموکراتی کوردستان (حدک) قسە دەکەن، پرسەکانی دەستپێکردنەوەی خەباتی چەکداری لە کوردستانی رۆژهەڵات، هێرشی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حزبەکانی رۆژهەڵات لە کوردستانی باشور و دانوستانی نێوان ئەو حزبانە و کۆماری ئیسڵامی ئێران تاوتوێ کراون، کە قۆناغێکی سەخت و تاقەتپڕووکێنی بزووتنەوەی کورد لە کوردستانی رۆژهەڵات پێشان دەدات.
لینکی راپۆرت:
https://www.bbc.com/persian/world-38799717
لەم کارە میدیاییانەدا لەگەڵ ئەوەی پرسێکی گرنگی بزووتنەوەی کورد لە قۆناغێکی دیاریکراو و لە هەر یەک لە پارچەکانی کوردستاندا شرۆڤە و گفتوگۆ دەکرێ، کاتێک کارەکان لە تەنیشت یەکەوە دادەنێین، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی مەودایەکی کاتیی زۆریان لە نێواندا نییە، وێنەیەکی گشتیمان لە بزووتنەوەی هەر چوارپارچەی کوردستان و لە قۆناغێکی دیاریکراوی مێژووی هاوچەرخدا بۆ دروست دەبێ. ئەمەیش دەرکەوتنی سەرنجڕاکێشی تایبەتمەندییەکی دیکەی ناسنامەی نەتەوەیی میدیاکار، (واتە بزووتنەوەی کورد)ە لە کارەکانیدا.
زمان
زمان پێکهێنەرێکی سەرەکی دیکە و بەشێکی جیانەکراوەی ناسنامەی نەتەوەییە، کە لە نێوان تاکەکانی هەر نەتەوەیەکدا هاوبەشە و لە رێگەی ئەو زمانەوە پێوەندی لەگەڵ یەکدی دەکەن. زمان هەروەها ئامرازێکی بنەڕەتی گەشە و پێشکەوتنی نەتەوەیە و هەر لە رێگەی زمانیشەوەیە کە ناسنامەی نەتەوەیی دەردەبڕدرێت، پەرە دەسێنێت و لە راستیدا دەپارێزرێت. بۆیە نەتەوەکان بە بایەخێکی زۆر و هەندێکجاریش تا ئاستی دەمارگیری، گرنگی بە زمانی خۆیان دەدەن.
زمانی کوردی سەرباری ئەو پاکتاوییە فەرهەنگییەی کە لە لایەن دەسەڵاتەکانی نەیاری کوردەوە بە سەری هێندراوە، هێشتا زمانێکی زیندوو و روو لە گەشەیە و لەگەڵ هەڵگیرسانی شۆڕشی ئەلەکترۆنیک و ئەنفۆرماتیک، ئەم زمانە پێشکەوتنێکی خێرا و سەرسامکەری بە خۆیەوە بینیوە و جگە لە ناوخۆی کوردستان، لە چەندین وڵاتی دنیا، میدیای جۆراوجۆر هەن کە بە زمانی کوردی پەخشیان هەیە. هەرچەند BBC، بەشێکی تایبەت بە زمانی کوردی نییە، بەڵام لە نموونەی کارە میدیاییەکانی ژیار گوڵدا دەبینین کە بەرنامەی درێژخایەن بە زمانی کوردی و بە ژێر نووسی فارسی لەBBC PERSIAN NEWS پەخش دەکرێت. نموونەکان، دەرکەوتنی زمانی کوردی وەک پێکهێنەرێکی سەرەکی ناسنامەی نەتەوەیی کورد، لە کارە میدیاییەکانی میدیاکاردا پێشان دەدەن:
١- بەرنامەی(# شما – هاشتاگی ئێوە) بە زمانی کوردی لە BBC PERSIAN NEWS
ناونیشانی بەرنامە: همهپرسی استقلال کردستان؛ چرا ێری؟ به چه دلیل نه؟ (ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان؛ بۆچی بەڵێ؟ بۆچی نەخێر؟)
ژانری میدیایی: مێزگرد
بەشداربووان: دوو گرووپی رازی و ناڕازی بە ریفراندۆم
شوێنی سازدان: سلێمانی – ستۆدیۆی BBC
ماوەی بەرنامە: ۲٦خولەک و ٥۹ چرکە
کاتی پەخش لە پەیجی یوتوبی BBC PERSIAN NEWS :
۲۳ی سێپتەمبری ۲۰۱۷
کورتەیەک لە بارەی بەرنامە: لەم مێزگردەدا رای رازی و رای ناڕازی بە ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستانی باشوور، لە لایەن کەسانی رازی و ناڕازییەوە دەخرێنە روو و بەڵگاندنەکان دەکەونە بەرامبەر یەکدی.
لینکی بەرنامە:
https://www.youtube.com/watch?v=o7alclXWEXQ
۲- بەرنامەی (نوبت شما/ ویژه برنامه روز زن – نۆبەی ئێوە / تایبەت بە رۆژی ژن) بە زمانی کوردی لە BBC PERSIAN NEWS
ناونیشانی بەرنامە: مشکلات زنان کردستان عراق (کێشەکانی ژنانی کوردستانی عێراق)
ژانری میدیایی: تاک شۆ
بەشداربووان: هاووڵاتییانی هەولێر
شوێنی سازدان: هەولێر – ناوەندی کەلتووریی قەڵا
ماوەی بەرنامە: ٥۰ خولەک و ۸ چرکە
کاتی پەخش لە پەیجی یوتوبی BBC PERSIAN NEWS :
۸ی مارسی ۲۰۱٥
کورتەیەک لە بارەی بەرنامە: پرس و کێشەکانی پێوەندیدار بە ژنی کورد باس دەکرێ و لە سەر بنەمای ئەم پرسیارانە گفتوگۆ لە بارەی بابەتەکان دەکرێت.١) رۆلی ژنان لە شەڕدا تا چەند رۆلێکی کاریگەر بووە؟ کێشەکانی ژنانی کورد بریتین لە چی و تا چ ئاستێک ئازادییان هەیە و هۆکارەکانی ئەو توندوتیژییانە چین کە بەرامبەریان دەکرێن؟ ٢) ژنان خۆیان لەو رووانەوە چ رۆڵێکیان هەیە؟ ٣) تا چەند ئومێدەوارن بەوەی کێشەکان چارەسەر ببن؟
لینکی بەرنامە:
https://www.youtube.com/watch?v=TmxQcJ3LZFg
تێبینی:
لەم بەرنامەیەدا هەندێک لە هاووڵاتییانی فارسیزانی کوردستانی باشوور بە هەر دوو زمانی کوردی و فارسی دەدوێن. ئاخافتن بە زمانی کوردی لەم دوو نموونەیەدا، بە ئاسانی سەرنجی وەرگر بۆ لای ناسنامەی نەتەوەیی ئەو کەسانە رادەکێشێت کە بەو زمانە دەدوێن و بە تەواوەتی ئەو بۆچوونە پشتڕاست دەکاتەوە کە: “زمان ناسنامەی گەلە”. بەو شێوەیە زمانی نەتەوەی میدیاکار کە خۆیشی لە بەرنامەکەدا پێی دەدوێت، وەک پێکهێنەرێکی سەرەکی ناسنامەی نەتەوەیی کورد لە کارە میدیاییەکانیدا دەرکەوتووە.
داب و نەریت
جگە لەو سێ پێکهێنەرە سەرەکییەی ناسنامەی نەتەوەیی کە باس کران و لە کارە میدیاییەکانی ژیار گولدا دەرکەوتوون، کۆمەڵێک سیمبۆل و هێمای پێوەندیدار بە داب و نەریت، وەک پێکهێنەرێکی دیکەی ناسنامەی نەتەوەیی، لە کارە میدیاییەکانی ژیار گولدا خۆیان دەنوێنن، کە دیارە بە جۆرێک وێنا کردنەوەی ناسنامەی نەتەوەیین لە کاری میدیاییدا. هەندێکیان هەر لە نموونەکانی بە کارهاتوو لەم خوێندنەوەیەدا دەبینین و هەندێکیشیان لە نموونەکاری میدیایی دیکەیدا. بۆ نموونە لە راپۆرتی تایبەت بە رۆژئاوا لە بەشی (خاک – ئەگەری روودانی تاوانی جەنگ لە ناوچە کوردنشینەکانی باکوری سوریا)، بەشێکی کورت لە سروودی (شەڕڤانۆ) دەبیسین کە لەگەڵ پێشاندانی وێنەی تەرمی شەهیدانی رۆژئاوا پەخش دەکرێت، سروودی (شەڕڤانۆ) لە کاتی هێرشی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوا و شەهیدبوونی ژمارەیەک لە شەڕڤانان، دەنگدانەوەیەکی زۆری هەبوو، بە تایبەت کاتێک لە بری شینگێڕی بۆ ئەو شەهیدانە شاییان دەگێڕا ولەگەڵی ئەو سروودەیان پەخش دەکرد و سەمایان دەکرد. بەکارهێنانی ئەو سروودە لە راپۆرتەکەدا و تەنانەت بۆ چەند چرکەیەکی کورتیش، بە لەبەر چاوگرتنی کاریگەرییە گەورەکەی، بیرهێنانەوەی رەهەندی گیانفیدایی ئەفسانەیی کوردە لە پێناو خاک و نیشتماندا کە نموونەی لە مێژووی بزووتنەوەی کورددا کەم نییە، بۆیە ئەم وێناکردنە مۆسیقاییە، دەتوانێ دیوێکی گرنگی پێوەندیدار بە ناسنامەی نەتەوەیی کورد واتە نەریتی شەڕڤانیی و گیانفیدایی بیر بهێنێتەوە. هەروەها دەرکەوتنی جل و بەرگی کوردی لە هەر دوو بەرنامەی: (ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان؛ بۆچی بەڵێ؟ بۆچی نەخێر؟) و (کێشەکانی ژنانی کوردستانی عێراق) و …، دەرکەوتنی سیمبۆلێکی دیکە لە ناسنامەی نەتەوەیی کوردە و کۆی ئەمانە پێکەوە، ناسنامەی نەتەوەیی میدیاکاری کورد، لە میدیای پیشەیی ئەویدی واتە BBC دا، پێشان دەدەن. لە کۆتاییدا دەتوانین بڵێین ئەگەر BBC بە ٤٠ زمان پەخشی هەیە و لەو رێگەیەوە دیپلۆماسییەکی قووڵ و بەربڵاوی میدیایی بۆ بریتانیا دەکات و سیاسەتی دەرەوەی ئەو زلهێزە لە جیهاندا بەرەو پێش دەبات، ئەوا بە هۆیەوە دەرفەتێکی هەرچەند بچووکیش بۆ نەتەوە و وڵاتانی دیکە رەخساوە، تاوەکوو ناسنامەیان لەو پرۆسەیەدا وێنا بکرێت و بە جۆرێک لە ناو دیپلۆماسی میدیایی ئیمپراتۆردا، دیپلۆماسییەکی میدیایی پێچەوانەیان بۆ بکەوێتە گەڕ، تەنانەت بۆ کورد کە BBC تا ئێستا هیچ بەشێکی تایبەتی بۆ نەکردووەتەوە، بەڵام لە رێگەی ریپۆرتەرێکەوە ناسنامەی نەتەوەیی بەوە شێوەیە دەرکەوتووە.
https://www.bbc.com/
https://www.bbc.com/persian
عناصر تشکیل دهنده هویّت ایرانی – مجله حدیپ زندگی – خرداد و تیر 1382، شماره 11
دانشنامە سیاسی/داریوش ێشوری،-[ویرایش ٢]. تهران؛مروارید، ١٣٧٣