ئیتیک لەرۆژنامەوانیی کوردییدا؛ وەک دووەمین کتێبی پرۆژەی زنجیرە چاپکراوەکانی رێکخراوی چاودێریی میدیای کوردی «چمک» لەلایەن ناوەندی سارا چاپ و بڵاوکرایەوە.
د.شوان ئادەم ئەیڤەس؛ نووسەری کتێبەکەیە و لەمیانی 155لاپەڕەی قەبارە 17*24 و بەرگێکی جوان و ناوەڕۆکێکی ناوازەدا وەڵامی چەندین پرسیاری تایبەت بە یاسا و رێسا پیشەییەکانی راگەیاندن دەداتەوە، لەوانە:
كێ گرەنتی ئەوە دەكات رۆژنامەوان لەكاتی بەدواداچوون و رووماڵكردنی بەرهەمە رۆژنامەوانییەكانیدا، راستییەكان نەشێوێنێت و درۆ و فێڵ و تەڵەكەی خۆی بەكارنەهێنێت؟ یان چ گرەنتییەك هەیە بۆ ئەوەی رۆژنامەوان لەساتی چاوپێكەوتن و وەرگرتنی لێدوانی بەرپرس و سەرچاوەكانی زانیارییدا، وتەی خۆی تێكەڵاو ناكات و لەكاتی روماڵكردنشیاندا قسەكانیان نەگۆڕێت و بە ویستی خۆی داینەڕێژێتەوە؟ چی وا لە رۆژنامەوان دەكات دەستی لەگەڵ پیاوانی پۆلیس و دەزگا هەواڵگرییەكان تێكەڵ نەكات و رێگەی سیخوڕیی نەگرێتەبەر؟ ئەو هێزە كێیە ناهێڵێ رۆژنامەوان بەبێ وەرگرتنی رەزامەندیی ئەو كەسانەی لەگەڵیاندا دەدوێت و دەیانناسێت، وێنەو وتە و لێدوانی ئاگریین و ژەهراویان بۆ بهۆنێتەوە و بڵاویان بكاتەوە؟ یان لەسەر باسوخواسە نهێنییەكانی ژیانی تایبەتییان، بنوسێت و دەنگ و رەنگیان تۆمار بكات و وێنە خێزانییە كەسییەكانیان چاپ و پەخش بكات؟ لەدەستەڵاتی كێدایە رێ لە رۆژنامەوان بگرێت، بەرتیل و خەڵات و دیاریی ئەم و ئەو وەرنەگرێت و ناسنامەی پیشەكەی بۆ بانگهێشتی ئاهەنگ و گەشتی بێبەرامبەر بەكارنەهێنێت؟
ئەم کتێبە گرنگە، بەشێوەیەکی راستەوخۆو ناراستەوخۆ لەبەشەکانی راگەیاندن، تەکنیکی میدیا، دیجیتاڵ میدیا، بازاڕگەریی و پەیوەندییە گشتییەکانی زانکۆ و پەیمانگەکانی کوردستان دەخوێنرێت و سەرچاوەیەکی پڕ زانیاریی بەسوودە بۆ خوێنەواران و ئارەزوومەندانی میدیا و رۆژنامەوانان.
بۆ دەستکەوتنی ئەم بەرھەمەو چاپکراوەکانی دیکەی چمک بە تاک و بە کۆ؛ سەردانی ئەم ناونیشانەی خوارەوە بکەن:
#كتێبخانهی_مهم_و_زین لهههولێر