چمک، سلێمانی: سەرۆکی ڕێکخراوی چاودێریی میدیای کوردیی (چمک)؛ د.شوان ئادەم ئەیڤەس ڕەهەندی ئەرێنیی «هەڵمەتی بڵاونەکردنەوەی تاوانەکانی کوشتن» لەوەدا دەبینێتەوە کە ڕەنگە تاڕادەیەک نەخوێندەواریی میدیایی لە هەرێمی کوردستاندا سنووردار بکات.
ڕۆژی چوارشەممە (26ی ئاداری 2025) لە میانی میوانداریی پڕۆگرامی تایبەتی لەگەڵ مونیر سەلیم لە ڕادیۆی دەنگی گەلی کوردستان-دا؛ سەرۆکی ڕێکخراوی چمک دووپاتیکردەوە کە بڵاوکردنەوە و بڵاونەکردنەوەی هەر ڕووداوێک دەکەوێتەسەر بەهای هەواڵیی کە لە ڕۆژنامەوان و دەزگەیەکەوە بۆ ڕۆژنامەوان و دەزگەیەکی دیکە دەگۆڕێت و بەپێی ئەو سیاسەتی میدیایی-ەی کاری لەسەر دەکەن ڕووماڵی زانیارییەکانی ڕووداوەکان دەکەن. هەروەک ڕوونییکردەوە لە هەرێمی کوردستاندا؛ «میدیاوان و میدیای کوردیی لەبەر دابینکردنی مافی بەدەستهێنانی زانیاریی بۆ هاووڵاتیان ڕووماڵی میدیایی ناکەن، بەڵکوو هەندێکجار لەبەر ئامانجێکی دیارییکراو دەچنەنێو وردەکاریی ڕووداوە کۆمەڵایەتیی و تاوانکارییەکان، تاوەکوو پرسێکی گەورەی ڕۆژ لەبیر خەڵک بەرنەوە یان بە ئامانجی شێواندن و بەلاڕێدابردنی زانیارییەکان ڕووماڵی ڕووداوەکان دەکەن. بەداخەوە زۆرجار ڕۆڵی پۆلیس و دادگە و دادوەر دەبینن و هەر لە ڕووماڵی ڕاستەوخۆدا بکوژ و کوژراو بە وەرگر دەناسێنن. لەکاتێکدا ئەرکی لەپێشینەی ڕۆژنامەوان و دەزگەکانیانە پەلەنەکەن و لە چوارچێوەی پێوەرەکانی ڕێسا پیشەییەکانی ڕاگەیاندن-دا؛ ڕووماڵی ڕووداوەکان بکەن بەبێ ئەوەی هێند گەورەی بکەن کە تۆمەتبار وەک پاڵەوان بناسێنن و وەرگر ئارەزووی لاساییکردنەوەی تاوانەکان بکات.»
بڵاونەکردنەوەی هەواڵی کوشتن؛ بووە بە هەڵمەتێکی میدیایی و لەلایەن چەند میدیایەکی کوردیی هەرێمی کوردستان و داواکاری گشتیی سلێمانی زەمینەسازیی بۆ دەکرێت.
https://www.facebook.com/watch/?v=1172950274376935