چمک، سلێمانی: لەلایەن رێکخراوی چاودێریی میدیای کوردی (چمک) و سەنتەری توێژینەوەی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی و بەسپۆنسەری دەزگای میدیای کوردسات «دیداری خالقی؛ بۆ گێڕانەوەی ئەزموونی رۆژنامەگەری» لەھۆڵی نالی رێکخرا.
لەدەستپێکی دیدارەکەدا؛ پرۆفیسۆر د.ئالان فەرەیدون سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی بەخێرھاتنی ئامادەبووانی کرد و رایگەیاند: شانازییه بۆ زانكۆمان و رێکخراوی چمک کە دیداری خالقی؛ بۆ گێڕانهوهی ئهزموونی رۆژنامهگهریی رێکدەخەن. ئهستێرهیهكی مۆسیقی و ئاوازی كوردیی میوانه لامان؛ تا باسی ئهزموونی خۆیمان بۆ بکات. ئهزموونی پڕ سهروهری و خۆشهویستیی گهل و وڵات. ئهمڕۆ كوردستان و جیهان گوێبستی مێژووی ئهم گهوره پیاوه دهبێت كه ههموومانی فێری یهكهم ئاوازی كوردیی زمانی دایك کرد. پاشان پ.ی.د.عەلی محەمەد وتاری ھاوبەشی سەنتەری توێژینەوەی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی و رێکخراوی چاودێریی میدیای کوردی (چمک)ی خوێندەوەو ئاماژەی بە گرنگیی ئەمجۆرە دیدارە ھاوبەشانە کرد.
دواتر وتووێژی نێو دیدارەکە بەوتەی د.شوان ئادەم ئەیڤەس سەرۆکی رێکخراوی چمک دەستیپێکرد کە وێڕای خستنەڕووی پوختەیەک لەژیاننامەی خالقی و رۆڵ و گرنگیی تۆمارکردنی کولتوری زارەکیی لە زمانی شایەتحاڵەکانەوە بۆ توێژینەوەکان وەک سەرچاوەی رەسەن و یەکەمی؛ بۆ یەکەمجار و بەشێوەیەکی راستەوخۆ مەزھەری خالقی سەرۆکی ئینستیوتی کەلەپوری کوردیی ئەزموونی کارکردنی رۆژنامەوانیی خۆی لەمیدیای پەخشکراودا بۆ ئامادەبووانی دیدارەکە خستەڕوو. بەتایبەت لە رادیۆکانی سنە، تاران و کرماشان و سەروەختی بەڕێوەبردنی رادیۆ و تەلەڤزیۆنی ناوچەی خۆرئاوای ئێران لە پێش شۆڕشی ئیسلامیی ئێران و دواتریش سەروەختی دامەزراندنی رادیۆی نەوا لەپاش ساڵی 2005دا. ھەروەک دووپاتیشیکردەوە کە میدیای کوردیی ئێستا بەقۆناغێکی سەختدا تێدەپەڕێت کە زۆرجار ئەرک و بەرپرسیارێتیی خۆی لەیاددەکات.
له كۆتایی دیدارهكهشدا؛ سەرنج و پرسیارەکانی ئامادەبووان و وەڵامەکانی مهزههری خالقی ناوەخنی دیدارهكهی زیاتر روونکردەوە. پاشانیش دیاریی زانكۆی پۆلیتهكنیكی سلێمانی لهلایهن پرۆفیسۆر د.ئالان فەرەیدون عەلی ئەمین و بڕوانامەی رێزلێنان و چەند کتێبێکی زنجیرە چاپکراوەکانی رێکخراوی چاودێریی میدیای کوردیی لەلایەن د.شوان ئادەم ئەیڤەس پێشكهش به مهزههری خالقی كرا.
وێنەکان:
ئارام حەمەعەلی و رێگا ئەحمەد