وتاری چاودێریی میدیای كوردی “چمك” لە پانێڵەكانی رۆڵی میدیا لە ناساندنی جینۆسایدی ئەنفالدا

 

 

ئامادەبووانی بەڕێز، 

میوانە خۆشەویستەكان،

كەسوكاری سەربەرزی ئەنفالكراوان،

ئەم كاتەتان باش و بەخێرهاتن

 

 

30ساڵ لەمەوپێش‌و لە رۆژێكی وەك ئەمڕۆدا، لەچوارچێوەی هەشت هەڵمەتی یەك لەدوای یەكدا‌و لەكۆتا ساڵەكانی جەنگی عێراق_ئێراندا، حزبی بەعسی عەرەبیی ئیشتراكیی زیاد لە 100هەزار مرۆڤی بێتاوانی كوردیان كوشت‌و لەنێوبرد. ئەم پرۆسەیەش بەپێی رێككەوتننامەیەكی نەتەوە یەكگرتووەكان بە جینۆساید ناسێنرا، چونكە لەناوبردنی بەكۆمەڵ كردەیەكە، ئامانج لێی سڕینەوە‌و لەناوبردنی هەمووی یان بەشێك لە گروپێكی نەتەوەیی، نەژادی، رەگەزی‌و ئایینییە. بەڵام خۆشبەختانە ئەمڕۆ بەپێچەوانەی خواست‌و ویستی دوژمنانەوە، قڕكردنی یەكجارەكیی كچ‌و كوڕو ژن‌و پیرو منداڵی كورد بووەتە بەشێك لەخەونێكی نەزۆك، بگرە ئێستا نەوەیەك لە كەسوكاری ئەنفالكراوان پێگەیشتوون كە كاردەكەن بۆ ئەوەی شكست‌و كارەساتەكانی دوێنێ تێپەڕێنن‌و لەرێی شیكردنەوەی هۆكارو سەرچاوە بنەڕەتییەكانی جینۆسایدی كوردانەوە، پلان‌و پرۆژەو پرۆگرامی نوێ دابڕيژن، تاوەكو شكست بكەنە پەندو پیلان بە پلانی سەركەوتن بگۆڕنەوە. هەڵبەت لەم نێوەندەشدا میدیا وەك رمێكی دووسەر رۆڵ‌و كاریگەریی خۆیە لەوەی بەئاڕاستەیەكی راست‌و دروستدا ببرێت یان بەئاڕاستەی شێواندن‌و چەواشەكاریی‌و گەوجاندندا پارەداربكرێت.

ئێمە وەك چاودێریی میدیای كوردی كە رێکخراوێکی ناحكومی، قازانجنه‌ویستی، سه‌ربه‌خۆیین. کار بۆ ‌چاودێرییكردن، هه‌ڵسه‌نگاندن، راپۆرتكردن‌و توێژینه‌وه‌ی خه‌وش‌و پێشلكارییه‌ پیشه‌ییه‌كانی میدیاو ره‌وشی رۆژنامه‌گه‌ری كوردیی دەکەین. هەروەك جه‌ختكردنه‌وه‌ی سه‌ره‌كیی رێكخراوەكەشمان‌، له‌سه‌ر به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی هۆشیاری تاكه‌كه‌س‌و كۆمه‌ڵگه‌ی كوردییه‌ له‌ هه‌مبه‌ر پێشلكردنی مافەكانیان و په‌ڕاوێزخستن‌و ده‌ستێوه‌ردانی ناپیشه‌یی میدیاو میدیاوانانی كوردستاندا. چالاكیی‌و پرۆژه‌كانی ئه‌م رێكخراوهمان زیاتر بۆ هەڵسەنگاندنی به‌رهه‌مه‌ جۆربه‌جۆره‌كانی میدیای كوردییه‌، به‌مه‌به‌ستی گه‌ڵاڵه‌كردن‌و خستنه‌ڕووی كارنامه‌یه‌كی پیشه‌ییتری كرداریی بۆ راستكردنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌ باوه‌كانی میدیاو شێوازی كاركردنی میدیاوانان لەهەرێمی كوردستاندا.

هەربۆیە ئەمڕۆ جیاواز لەساڵانی رابردوو، لەپێناو تێپەڕاندنی دۆخی باوی شیوەن‌و گرین‌و خۆبەقوربانیی زانیندا، رێكخراوی چاودێریی میدیای كوردی بە هاوبەشیی زانكۆی چەرموو سەرنجتان بۆ زنجیرە باسی كۆڕبەندێكی رەخنەیی رادەكێشێت لەبارەی رۆڵی میدیا لە ناساندنی جینۆسایدی ئەنفالدا. ئەویش بە میوانداری تێزە زانستییەكانی پۆلێك لە كەسانی ئەكادیمیی زانكۆو پەیمانگاكانی كوردستان‌و بەشێك لە نووسەرانی قاڵبووی بواری جینۆساید‌و ئەنفالناسی. هەروەك ئامانجی سەرەكیمان لەم چالاكییەی هاوبەشەی ئەمڕۆماندا ئەوەیە كە:

 نێوەندی جینۆسایدی زانكۆی چەرموو وەك یەكەیەكی نوێی كاڕگێڕیی زانكۆ، زووترو زیاتر كارابكەین‌و بیكەینە هاوبەشێكی سەرەكیی پرۆژەو پلانە میدیاییەكانی داهاتووی رێكخراوەكەمان‌و لەم رێگەیەشەوە توێژینەوەی میدیایی لەبارەی جینۆسایدی كورد لەباكوری عێراق لەسنوری ناوچەیی‌و هەرێمیی تێپەڕێنین‌و بیخەینە سەر نەخشەی توێژینەوەی ئەكادیمیی لەئاستی جیهاندا. 

 زمانی رۆژنامەوان‌و رۆژنامەگەریی كوردی لە وشەو دەستەواژە ناجۆرو نابەجێ پاك بكرێنەوەو لەبری بەكارهێنانی دۆسییەی ئەنفال و كەسوكاری ئەنفالكراوان لەململانێ تەسكیی حزبابەتییدا، هان بدرێن كە لەدابەشكاریی‌و داشكاندن بەلای كەس‌و لایەنێكی دیاریكراودا دووربكەونەوەو لە رێی بەرهەمهێنانی میدیاییەكی نیشتمانیی ئاستبەرزەوە، كار لەسەر بەنیشتمانییكردنی پرسە و خەمە نەتەوەییەكان بكرێت.

 بەئاگاهێنانەوەی میدیای كوردی لەفەرامۆشكردنی زانیارییە مێژووییەكان‌و دەستهەڵگرتن لەشێواندنی راستییەكان لەرێی بەجەلادكردنی قوربانیی‌و بەقوربانییكردنی جەلاد یاخود باشترە لەبری زیندووكردنەوەو زەقكردنەوەی مێژووی جەنگ‌و تۆڵەو سەربڕین، هانی لێبوردەیی‌و پێكەوەژیان بدرێت، ئەویش بەپێڕەوكردنی یاساو رێسا پیشەییەكانی رۆژنامەگەری.

 

دووبارە سوپاس بۆ ئامادەبوون و بەشداریكردنتان، بەهیوای رەخساندنی بیركردنەوەیەكی لۆژیكیی‌و وتوێژێكی بەرهەمداری بابەتیی لەسەر میدیاو رۆڵی لەناساندنی جینۆسایدی ئەنفالدا.

رێكخراوی چاودێریی میدیای كوردی

11ی نیسانی 2018

 

د.شوان ئادەم ئەیڤەس؛  وتاری رێکخراوی چاودێریی میدیای کوردی «چمک» لەپانێڵەکانی رۆڵی میدیا لەناساندنی جینۆسایدی ئەنفالدا خوێندەوە کە رۆژی ١١/٤/٢٠١٨ بەھاوبەشیی زانکۆی چەرموو لە چەمچەماڵ رێکخرا.