ڕۆژنامەنووسیی هەرێمی کوردستان!

د.یادگار عەلی

کایەی ڕۆژنامەنووسیی لە هەرێمی کوردستان لە قەیران و تەنگژەی قووڵدایە بەتایبەت لە ڕووی پانتایی ئازادی کارکردن، پیشەییبوون و دواجار کاریگەریی، بەجۆرێک ڕەنگبێت زیادەڕەوی نەبێت بگووترێت ئێستا خراپترین قۆناغی (٣٠) ساڵی ڕۆژنامەگەریی کوردییە لە باشوری کوردستان.

ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان بەردەوام ئەو ڕاستییە و ڕاستییەکانی تریان لەبارەی بارودۆخی مافی مرۆڤ و ئازادییەکان لە هەرێمی کوردستان نەشاردووەتەوە و خۆمانیش بەردەوام شاهیدی لێدان، گرتن، دەربەدەرکردن، دەرکردن و سوکایەتی و هەندێکجاریش تیرۆر و تۆقاندنی ڕۆژنامەنووسانین لەم پارچەیەی کوردستان.

ئازادی ڕۆژنامەنووسیی تەنها بریتی نییە لەوەی ڕۆژنامەنووس بۆی هەبێت قسە بکات و بنووسێت، ئەوە بەشە کەمەکەیەتی، بەشە ڕاستەقینەکەی ئەوەیە کە ئایا دەسەڵات تاچەند گوێ بەو ڕەخنە و نووسینانە دەدات و کاریان پێدەکات؟ ئەگەر سەرنج لە نیوەی یەکەمی ئەو هاوکێشەیە بدەین ڕەنگبێت هیچ ڕۆژنامەنووس و دەزگایەکی میدیایی هەرێمی کوردستان نەتوانێت ئازادانە و بێترس لەسەر هەر بابەتێک بیەوێت کار و ڕووماڵ بکات و دەست بۆ پرس و دۆسییە هەستیارە جۆراوجۆرەکان ببات، تەنانەت زۆرجار ئەگەر ئەو کارکردنە لە چوارچێوەی یاساکانی خوودی ئەو دەسەڵاتە خۆیشی بێت، سەبارەت بەنیوەی دووەمی هاوکێشەکەش، هەموومان دەزانین دەسەڵات تاچەند گوێ بە ڕەخنە و قسەی میدیا و میدیاکار دەدات.!

لە هەرێمی کوردستان کێشەی گەورەی بەردەم کایەی ڕۆژنامەنووسیی نەبوونی پاشخان و کەلتوورێکە کە باوەڕی بە دیموکراسیی ڕاستەقینە هەبێت، تا بتوانێت مامەڵەی شایستە لەگەڵ ئەم کایە گرنگەدا بکات، کاتێک ئەو فەرهەنگە لەلای حیزبەکان و دواجاریش حکومەت نەخەمڵیبوو، هەرچی بگوترێت لەبارەی ئازادی ڕۆژنامەنووسیی، باوەڕبوون بە ڕەخنە، دەرچوواندنی یاسا و ڕێنمایی و کردنەوەی سەندیکا جۆربەجۆرەکان شتێکی شکڵی و بێهوودەیە.

پێگە و ڕۆڵی میدیا و میدیاکار لە هەرێمی کوردستان لە پاشەکشەی گەورەدایە و ئەوان، بەگشتی دەستبەرداری مەسەلە جدی و ڕاستەقینەکانی کۆمەڵگە بوون، ئەوەی هەیە تەنها بەرەوپێشچوونە لەڕووی ژمارە، نەوەک چۆنایەتی، خاوەنداریەتی و کۆنترۆڵی سەرەکی ئەو ڕەوتە ڕۆشنبیرییە بەتەواوی لە دەستی حیزب و شەخسە دەستڕۆیشتووەکاندایە و بەکاریاندەهێنن بۆ خزمەت و پڕوپاگەندەی شەخسی بە خۆیان و بەرژەوەندییەکانیان و شکاندنی مونافیسەکانیان، بەشێکی تریان بۆ شکاندنی میدیا و میدیاکاری جدییە و بەشەکەی تریشیان بۆ نەخشاندن و تەواوکردنی وێنەی ناڕاستی هەبوونی ئازادی ڕۆژنامەنووسییە لە پێشچاوی دەرەوە.

ئێستا ڕۆژنامەنووسیی لە بارودۆخێکی هێندە خراپ و نالەباردایە، کاتێک بە چاوێکی تیژەوە تەماشای پەیامی میدیاکان دەکەین، زۆر بە ئەستەم دەتوانین لە کۆی سەدان میدیای جۆربەجۆری هەرێمی کوردستان، میدیایەکی جدی سەرتاسەری بدۆزینەوە کە تەنها ئەگەر ماڵپەڕێکیش بێت، بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ پەیامەکەی نەچێتە خزمەت بە حیزبێک، بەرپرسێکی سیاسیی، یاخوود کۆمپانیایەکی تەماحکار و بەرژەوەندیخواز.!
نەک خەڵکی پسپۆر، ئێستا خەڵکی ئاساییش دەتوانێت بزانێت کە چ پاشاگەردانی و بێسەروبەرییەک لەبواری میدیا هەیە، وەهای لێهاتووە خەڵک بە ساڵ و دووساڵ تەماشای تەلەڤزیۆن ناکات بە چەندین ساڵ ڕۆژنامە و گۆڤارێک ناخوێنێتەوە و نەک هەست بە فەراغ ناکات، بەڵکوو ئەوکات زیاتر هەست بە ئاسوودەیی دەکات.!

حیزبەکان بەبێ جیاوازی ڕۆحی میدیا و مەهامی گرنگی ئەو وەسیلە شارستانی و ڕۆشنبیرییەیان لە هەرێمی کوردستان کووشتووە، وێنەیەکی هێندە ناشیرین و قێزەونیان کردووە بە باڵای میدیا و کاری ڕۆژنامەنووسیی مرۆڤ بە شەرم و ترسەوە دەتوانێت، بڵێت: ڕۆژنامەنووسم.!

دەبێت ڕاستگۆبین و دانبەوەدابنێین کە نوێنەرایەتی میدیاش لە هەرێمی کوردستان لە دەستێکی خراپدایە، لەدەستی خەڵکێکدایە کە دەستەکەی تری لە پشتێن و گیرفانی حکومەت و حیزبەکاندایە، نوێنەرایەتییەکی ناڕاستەقینەیە، نوێنەرایەتییەک کە ئەوەندەی موبەڕیری بۆ سەرپێچی و پێشێلکاری بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان بەدەستەوەیە، هێندە خاوەن دەستپێشخەری و فشار نییە بۆ زیادکردنی پانتایی ئازادی ڕۆژنامەنووسیی و گەڕانەوەی شکۆ و حورمەت بۆ ڕۆژنامەنووسان و پیشەکەیان.

دواجار ئێمە میدیایەکمان هەیە کە کاریگەریی لەسەر پرسە ڕاستەقینەکان لە کۆمەڵگە نییە و دەسەڵات هەر گاڵتەی بە قسەوباسەکانی دێت و ڕەنگبێت ئەگەر بۆ منافەسەی حیزبی و شەخسی نەبێت بە ساڵ گوێ بە ڕاپۆرت یان هەواڵێکی نەدات.. ئەوەش شتێکی شاراوە نییە کە بەدەر لە زۆرینەی ڕۆژنامەنووسان، بەداخەوە دەسەڵاتدارەکان بە پێدانی پارە و ئیمتیاز دەستیان بۆ بەشێکی گەورەش لە (تۆپەکانیان) بردووە و لە خشتەیان بردوون!

بەهۆکاری ئەوانە و دەیان هۆکاری دیکە، لەبری چاکسازی و ئاراستەکردنی کۆمەڵگە بۆ پێشەوە، ئامانجی سەرەکی میدیا و میدیاکار لە هەرێمی کوردستان بووەتە برەودان بە کەلتووری دواکەوتوویی، شارچێتی هەندێکجار گەڕەکچێتی، چاندنی ڕق، قووڵکردنەوەی ناکۆکی و ململانێی جۆراوجۆر، زۆرجار جوانکردنی ڕووی دز و گەندەڵکار، تێکدانی مەزاجی گشتی خەڵک و ماندووکردنیان، لەگەڵ پەردەپۆشکردنی هەموو عەیب و عارە گەورەکانی ئەزموونی سیاسیی و ئیداریی لە هەرێمی کوردستان.

دەنگدان

بە بڕوای تۆ راگەیاندنەكان لەهەرێمی كوردستاندا؛ ناسەربەخۆن؟