هەرێمی كوردستان، سلێمانی: چوارەمین ئێوارە كۆڕی رەخنەیی رێكخراوی چاودێریی میدیای كوردی (چمك)، بە دروشمی ژینگەی میدیایی و پێویستیی چاودێرییكردنی رێكخرا بۆ د.هەژار مەعروف و م.هێمن باقر بەناونیشانی: میدیای كوردی لەنێوان بەرهەمهێنانی توندوتیژی و شێواندنی دەروونیی وەرگردا.
توانا عەلی وەك ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری رێكخراوی چاودێریی میدیای كوردی؛ لە دەستپێكی ئێوارە كۆڕەكەی ئەمڕۆ (02/03/2018)دا لە گەلەری ئورفەی سلێمانی، وێڕای بەخێرهێنانی میوانەكان تیشكیخستەسەر ئامانجەكانی رێكخراوەكەو بەردەوامیی هەوڵەكانی بۆ خستنەڕووی كێشە و گرفتە باوەكانی میدیای كوردی، بەدوایدا هەریەك لە كۆڕگێڕانی بەئامادەبووان ناساند.
هەژار عوسمان مەعروف خاوەنی بڕوانامەی دكتۆرا لە بواری دەروونناسیی پزیشكیی و چارەسەری دەروونیی لەوڵاتی ئەڵمانیا، چەند هەواڵ و راپۆرتێكی نێو رۆژنامەگەری كوردی خستەڕوو لەوانە: دایكی چوار منداڵ بە سێ فیشەك دەكوژرێت، ئیبراهیم بەهۆی وەرنەگرتنی لەقوتابخانەی ئێواران خۆی دەكوژێت، شیرین دایكی سێ كچ بوو لەبەرئەوەی كوڕی نەدەبوو خۆی كوشت، كەمئەندامێك لەماوەی مانگێكدا سێ جار هەوڵی خۆكوشتن دەدات، “شادی” لەنیوەشەودا خۆی كوشت، كچێكی تەمەن 16ساڵ بەهۆی كەمیی نمرەكانی خۆی دەخنكێنێت، ……تد. لەرێی خستنەڕووی ئەم نمونانەوە، د.هەژار باسی لەدیاردەی توندوتیژی كرد كە بریتییە لە هەر رەفتارێكی بەرامبەر كە ببێتە هۆی هەرەشە بۆسەر گیانی خۆت و خۆشەویستانت، بۆ سەر مانەوە و ژیانت، بۆ سەر ئازادی ورێز و شكۆی ئینسانیت یان هەر جۆرێك لە ئازاردانی جەستەیی، ئازاردانی دەروونیی یان هەردووكیان كە دەبێتە هۆی كاردانەوەیەكی دەماریی ناو جەستە (مێشك) و هەژاندن و وروژاندنی هۆرمۆنەكانی سترێس. دواتر باسی لەجۆرەكانی توندوتیژی كرد كە خۆی دەبینێتەوە لە هێرشی دەنگیی (شوتی ئوتومبیلە پڕ لە چەكدارەكان) تا كوشتن، زمانی جەستە: هەڕەشە لەوانە هەڕەشە لەوەی نانت ببڕن، بۆنمونە ملیادێرێك ریكلام لە ڕۆژنامەكەت ببڕێ! بەدوایدا ئاماژە بەوە درا كە مرۆڤ چۆن فێری توندوتیژی دەبێت؟ بۆنمونە لەرێی وروژاندنەوە، پەیجێكی فەیسبوك هەیە وردە وردە پاڵ بە كەسەكەوە دەنێ تا خۆكوشتن؛ راهاتن و سیوایی بونەوە؛ فێربوون لەوانیتر؛ فێربوون لە سەر بنەمای پاداشت؛ فێربوون وەك كاردانەوە بۆنمونە كاتێك ئاشتیخوازی بەهای نامێنێت.
لەلایەكی دیكەوە، د.هەژار مەعروف جەختیكردە سەر هۆكانی توندوتیژی لەوانە رۆحی سەردەم بۆنمونە دۆخی ئێستای خۆرهەڵاتی ناوەڕاست هەمووی توندوتیژی بەرهەم دەهێنێت یان هەمو دنیا لەوانە دۆخی كۆریای باكور و ساروخەكانی! یاخود وتە سەیروسەمەرەكانی ترامپ كە بەمدواییە دەیوت مامۆستا با چەك هەڵبگرێ یان پۆتین و چەكەكانی، هەروەها لاڤرۆڤ لە سەر غۆتەی دیمشق چییوت؟ یاساكان بۆنمونە مۆڵەتی چەك (پارێزەر..) و بەربڵاوی شێوازی ژیانی خێڵەكێتی و حیزبایەتی. دواجار چەند پرسیارێكی وروژاند لەبارەی ئەوەی كە راگەیاندكاران و بەكارهێنەرانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان چیبكەن چۆن بابەتەكانی توندوتیژی رووماڵ و بڵاوبكەنەوە: ئایا قڕوقەپی لێ بكەن؟ گەورەی بكەنەوە؟ بچوكی بكەنەوە؟ وەك خۆی باسی بكەن و پیشانی بدەن؟ كام یەك لەوانە؟ بە كێی پیشان بدەن؟
لە بەشی دووەمی ئێوارە كۆڕەكەدا، هێمن باقر خاوەنی ماستەر و خوێندكاری دكتۆرا لە بواری مرۆڤناسیی كولتوریی لە زانكۆی سلێمانی و خاوەنی زیاتر لە 18ساڵ ئەزمونی كاركردن لە بواری رۆژنامەگەرییدا، ئاماژەی بەهۆكارەكانی نیشاندانی توندوتیژی لە میدیادا كرد لەوانە: واقیع خۆی پڕە لە توندوتیژی و پیشاندانیشی بەشێكە لەواقیع؛ توندوتیژی میدیایی پالًنەری ئابوری هەیە. یەكێك لە ئامانجەكانی زیادكردنی بینەرە، چونكە توندوتیژی و روژاندنی تێدایە و خەڵك حەزیان پێیەتی؛ ناوەڕۆكی توندوتیژئامێز وادەكات پەیامەكان بە خێرایی بگات؛ ناوەرۆكی توندوتیژئامێز ناوەرۆكی پەیام قورس دەكات و گرنگی پەیدا دەكات. دواتر لە رێی تیۆرەی پاكتاوكردن، تیۆرەی فێركاری، تیۆرەی هاندانی توندوتیژی و تیۆرەی پالًپشتی راڤەی توندوتیژی میدیایی كرد. ئەوەش رێخۆشكەر بوو بۆ باسكردن لە جۆرەكانی توندوتیژی میدیایی لەوانە توندوتیژی فیزیكیی بۆنمونە دیمەنی كوشتن و خوێنڕشتن لە هەواڵ و دراما و فیلمەكاندا؛ بڵاوكردنەوەی رق و هاندانی هەستی شۆڤێنییەت و تائیفی؛ توندوتیژی سێكسیی بۆنمونە بڵاوكردنەوەی هەواڵ و چیرۆك و پیشاندانی دیمەنەكانی دەستدرێژی سێكسیی بەزۆر؛ توندوتیژی زارەكیی بۆنمونە شەڕەجوێن و تەشهیر و زمانی زبر لەرێی مێزگردەكان، لێدوانی كارەكتەرە سیاسییەكان؛ توندوتیژی ئاینیی وەك كافركردن و سوكایەتی بەخەڵك بەناوی ئاینەوە.
دوابەدوای پێشكەشكردنی تەوەرە سەرەكییەكانی هەردوو بابەتەكە، دەرگای پرسیار بەرووی ئامادەبوواندا كرایەوەو بەشێكی زۆریان رەخنەیان لە ئامادەنەبوونی نوێنەرانی میدیا كوردییەكان و رۆژنامەنووسان گرت كە زۆر خەمساردانەو بێباكانە لەمجۆرە چالاكییانەدا كە پەیوەندیی راستەوخۆی بەوانەوە هەیە خۆدەدزنەوە. هەروەك بەشێكی هۆكارەكانیش بۆ باڵادەستیی كارنامەی حزبیی و سیاسیی نێوەندە میدیاییەكان گەڕاندەوە كە هێندەی وەك ئامرازێك بۆ كۆكردنەوەی لایك و راكێشانی بینەر لەرێی شكاندنی كەرامەتی مرۆییەوە كاردەكەن، نیوهێندە كار لەسەر كاركردنی پیشەیی ناكەنەوەو رێز لە وەرگرانیان ناگرن. لەلایەكی ترەوە باس لە تیرۆری فكری كرا وەك جۆرێكی توندوتیژی كە لەمڕۆدا لەسەرانسەری هەرێمی كوردستاندا بەربڵاوەو كاری پێدەكرێت، بەجۆرێك زۆرجار نووسەران و رووناكبیران بەهۆی ترسی ئەوەی كەسایەتیان تیرۆر نەكرێت؛ سڵ دەكەنەوە لەوەی بیروبۆچوونی ئازادانەی خۆیان بەشێویەیەكی راشكاوانە لەسەر دیاردەو دەركەوتەكانی كۆمەڵگا دەربڕن.