هێمن بابان رهحیم
زانای ئهڵمانی (ئهڵمۆند پۆڵ) پێی وایه پهیوهندی نێوان دهسهڵاتی سیاسیو جهماوهر وهك گرینگی خۆراك بۆ (سوڕی نێو خوێن) وایه، بهڵام لهوه دهچێ دوای تێپهڕبوونی 120 ساڵ لهمێژووی رۆژنامهگهری كوردی هێشتا ئهو پهیوهندییه لهژێر فهرمانی خۆراكپێدانی سیاسییهكان بۆ سوڕانهوهی خوێنهكه بێت، بهرهو پێشچونهكانی میدیا، بهتایبهت تهكنیك لهراگهیاندنو تیۆرهكانی هێشتا پاشهكشهی بەچهواشهكاری میدیاییو بهرههمهێنانی درۆ نهكردوهو نهبوەته ئهو پوازهی لهنێوان راستیو ناڕاستیدا بئاخنرێو بوهستێت، بەپێچەوانەوە ئەم بازرگانییەی بەجۆرێكی ترو لەقاڵبێكی زەبەلاحتر هێندە دنەداوە كە زۆر جار چەواشەكاریی دهزگای میدیایی زۆر هاوكێشە دەگۆڕێت بەتایبەت لەنێو ئەو میللەتانەی هێشتا بەهۆی تێنەگەیشتن لەمیدیاو سیاسەت وەكو خۆی بەزەحمەت رەشو سپی لەیەكتر جیا ئەكەنەوە یان كێشەی نەخوێندەوارییان هێندە ئاڵۆزە تەنانەت جڵەوی خوێندەوارەكانیش كەوتوونەتە دەستی جڵهوكارانی میدیا بۆ پاوانكاریی سیاسی، بازرگانی، كۆمەڵایەتی، ئاینی دەستەمۆكردووە.
رۆژنامەگەریی كوردی كە ئێستا هاوشێوەی زۆر كەلەبەری دیكەی ئەم كۆمەڵگە شێواوە تەواو بەرەو دواوە ئەكشێت كەوتووەتە قەیرانێكی زۆر ئاڵۆزی ئەوتۆ كە دەرچوون لێی پێویستی بەچەندین ساڵ هەیە، دۆخێك كە عەرەب گوتەنی “یرپی لحالها” بەتایبەت دوای مرداركردنەوەی رۆژنامەگەریی ئازای ئازاد بەشێوەیەكی نەرمو سیاسەتێكی لێزانانە، كە هەڵبەت دەسەڵاتدارانو سیاسییەكانی هەرێم لەم پێناوەدا رۆڵی باشیان بۆ ئەم دامركاندنەوەیە بینیو بوون بەپاڵەوانی نەهێشتنی رۆژنامەگەریی ئازادو سەربەخۆ، ئەمەش وەكو نەریتی تۆتالیتارییەكان كە كار بۆ رەشكردنو تێكشكاندنی هەموو جۆرە پانتاییەك دەكەن كە ببێتە مەترسی لەسەر بچووكتریین بەرژەوەندییان، هەر بۆیە ئەو سیاسەتە چەوتەیان وایكرد سیاسەت رۆژنامەگەریو میدیا تیرۆر بكاتو زیندەبەچاڵكردنیشی وەكو دەستكەوت بزانێت، ئەوەتا ئێستا سیاسەت نە لەمیدیا دەترسێتو نە باكی پێیەتی، میدیا نە سیاسەت هەڵدەسوڕێنێتو نە كاریگەریی لەسەر سیاسەت لەم وڵاتە هەیە، بەپێچەوانەوە سیاسەت میدیای بەدەستەوەیەو چۆنی بوێت پەلكێشی دەكات كە ئەمە لەوڵاتێك خۆی بەدیموكراسی ناوزەند بكات هەرگیز ناوەشێتەوە.
120 ساڵ لهمهوبهر رۆژنامهی (كوردستان) وهك یهكهم رۆژنامهی كوردی دهردهچێت، ئهوهی جێگای سهرنجه نۆبهرهی رۆژنامهگهری كوردی خاوهنداریهتیهكهی ئههلی دهبێت، ئێستا دوای ئهو مێژووه دێرینه، هەرێمی كوردستان بەدۆخێكی نەشازی میدیاییدا تێدەپەڕێت كە لەنێوان میدیای رژێمە خۆسەپێنەكانو میدیای وڵاتانی دیموكراسیدا قەتیس ماوەتەوە، میدیا لەوڵاتەكەی ئێمە بەسەر سێ جۆردا دابەش بووە لەرووی سیاسەتی پشتیو داراییو ئاڕاستەو خیتابییەوە، ئەوانیش میدیای حیزبی، میدیای ئازادو سەربەخۆ، میدیای سێبەر.
میدیای سێبەر كە یەكێكە لەنوێترین مۆدیلەكانی راگەیاندن لەهەرێمی كوردستانو بەپارەی گشتیو قووتی میللەت بهڕێوهدهبرێت، بەشێكی زۆری لەئێستادا خراپترین رۆڵ بۆ بەرتەسككردنەوەی ئازادییەكان، شێواندنی راستییەكانو برەودان بەپیشەسازیی درۆ، لەپاڵ ئەوانەشدا بینینو نیشاندانی نیوەی دیمەنەكانو تەماشاكردن بەیەك چاو، ئەم میدیایە كە لەلایەن حزبەكانەوە تەمویل دەكرێـتو هەڵدەسوڕێندرێت میدیایەكی گوێڕایەڵی ئەوتۆیە كە مانشێتەكانیشی لەدەزگا هەستیارەكانەوە بەتایبەت ئەمنییەكانەوە دادەڕێژرێت، ئەم میدیایە كە سەرهەڵدانەكەیو گەشەسەندنەكەی لهههناوی شهڕی ناوخۆوه دروست بوهو بهشهڕی ساردی نێوان یەكێتیو پارتی قۆناغێكی نوێ ی دهستپێكرد كه بارگاوی بوو بەچهواشهكاری میدیایی، ئێستا بەپارەیەكی زەبەلاحترو ناشرینتر راستییەكان بۆ هێشتنەوەی دەسەڵاتدارانو سیاسییە شكستخواردوەكان كاردەكات.
ئەم میدیایە بەكوالیتییەكی باشتر، زیرەكانەتر، توانایەكی ماددیو مەعنەویی باشترەوە هاتووەو دەیەوێت كار بۆ هێشتنەوەی حوكمڕانان بكات، ئەم میدیایە بۆ حزبی كوردی بەتایبەت دەسەڵاتدار نیعمەتی خوایە كە دووبارە نابێتەوە، لێرەوە ئەو حزبانە شەڕی نەیارەكانیان دەكەن ناشرینیان دەكەن، چەواشەكاریی بڵاودەكەنەوە، هەمووشی لەبەرگی سەربەخۆییو بێلایەنیدا خۆی نمایش دهكات، كە هەڵبەت لێرەوە راگەیاندن دەكەوێتە بەر تانەو تەشەرو ناشرین دەكرێت لەگەڵیدا.
لە ئێستادا كە بانگەشەی هەڵبژاردنەكان بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بهڕێوهدهچێت، هەندێك میدیا كە چاوەڕوانییمان لێیان ئەوەبوو هیچ نەبێت كەمێك باشتر لەنێو میدیاكانی سێبەر كار بكەن بوون بەبۆقی دەسەڵات بۆ ناشرینكردنی ركابەرەكانی ئەو حزبەی كە تەمویلییان دەكات لەلایەكو جوان نمایشكردنی ئەو حزبەش، هەروەها كار بۆ دنەدان بەعەقڵییەتی ناوچەگەرێتیو ناشرینكردنی زۆنو دەڤەرێك لەسەر حسابی دەڤەرو ناوچەیەكی تر دەكەن، هەڵبەت بۆ ئەمەش دەیان ملیۆن دۆلاری كاشو حسابی كراوەیان هەیەو چەندین بەرنامە زیاد دەكەن لەپێناو ئەو ئامانجەی حزبی مومەویل بهێڵنەوەو نەهێڵن شكست بهێنێت.
ئەم جۆرە لەمیدیا ئێستا لەكوردستاندا بڕیار دەدات لەبەئەهریمەن كردنی توێژێكی سیاسیو بەپەپوولەكردنی بەشێكی تر، یان زەقكردنەوەی كێشەكانی دەڤەرێكو كێشە نانەوە لەدەڤەرێكو خۆ گێل كردن لەدەڤەرێكی ترو بەلارێدا بردنی كێشە راستەقینەكانو گەورەكردنی ئەوەی دەیەوێت، ئەم میدیایانە كە عەقڵییەتی خێڵو حزب پەلكێشی كردون ئێستا زۆر كار لەسەر “پیشەسازیی درۆ دەكەن” لەچوارچێوەی ئەو قسەیەی دەڵێت” راگەیاندن واتە هونەری درۆكردن”.
هەرچی پەیوەستە بەمیدیای حزبییەوە، میدیایەكی كەمتر شەڕانگێزە، ئەم میدیایە لەكاتی ناكۆكییەكاندا دێتەوە مەیدان، شەڕ ئەفرۆشێ، جوێن ئەدات، هەڵبەت بەشێكی، ئەم میدیایە دیسانەوە حزب تەمویلی دەكاتو هێشتا لەكار نەوەستاوە، كە بەشی زۆری ئەم میدییایە زیادەیە، چونكە حزب بەتایبەت دەسەڵاتدار ئەوەی دەیەوێت ئێستا میدیای سێبەری بەناو ئەهلیو بێ لایەن زۆر زیاتری بۆ دەكات وەكو میدیای فەرمیی حزب، دەشتوانیین بڵێن ئەم میدیایە وەكو كارخانەیەكی بێ بەرهەمی لێ هاتووەو ژمارەیەك فەرمانبەری هەیە بوون بەمووچەخۆر تێیاندا.
ئەوەشی دەمێنێتەوە میدیای تا رادەیەك سەربەخۆو ئازادە كە ئەگەرچی لەدوای رووخانی رژێمی بەعس بەتایبەت كارێكی زۆر باشی كرد بۆ هۆشیاركردنەوەی خەڵك، هێنانەكایەی رەوتێكی نوێ لەنێو میدیای پێش بەعس كە میدیای حزب بوو، كاریگەریو جێ پەنجەی ئەرێنیی دانا لەسەر میدیای كوردیو پێشەنگی روداوەكان بو و بەشی زۆری راستییەكانی لەلای خۆی هێشتبویەوە، بەڵام بەداخەوە دەسەڵاتی كوردی لەبری هەستانەوەی زیاتری ئەم میدیایە كە پێوەرە بۆ ئازادییەكانو پانتاییەكانی، پێوەرە بۆ گەشەسەندنی عەقڵییەتی سیاسییو هۆشیاریی سیاسیو بەدامەزراوەییكردن، كەچی هاتو ئەم میدیایەی بەبەرنامە چروك كردو دواتر كوژاندییەوەو وەكو بەرزەكی بانان بۆی دەرچو و بەشی هەرە زۆری كادیرەكانی ئەم میدیایانەی كڕیو دواتر رەزیلو بێ پارەی كردن بۆ ئەوەی ببنە میدیایەك كەس نەیانخوێنێتەوەو نەژیین، ئیتر بەشێكییان بوون بەمیدیای مشەخۆری ئەم حزبو ئەو حزبو ئەم باڵو ئەو كەس، بەشێكیشییان بەسەربەرزیی دەرگاكانییان پێوەدا، ئەم میدیاییە كە نموونەی زۆر زۆر كەم بووەتەوە لەكوردستانداو ئەم كەمبوونەوەش ترسناكو پڕ مەترسییە، چونكە لەنەبوونی ئەم میدیایە بەشی زۆری راستییەكان هێشتا شاراوەیەو ناخرێتە روو، بەلەدەستدانی ئەم میدیایە كورد پاشەكشەی زۆری لەرووی دیموكراسییەوە كرد تا وای لێهات ئیدی لەكوردستاندا یەك دوو دەزگایەك هەبن كە هێشتا بەسواڵو سەدەقەی رۆشنبیرانو پارەیەكی كەم دەربچن كە ئەمانیش لەئانو ساتدا لەلێواری مەرگدان، هەڵبەت ئەم مەرگەی سیاسەت بۆ رۆژنامەگەریی ئازادی دروستكرد سەرەتا بەشێواندنی ئەم پێناسەیە بەدروستكردنی چەندین رۆژنامەو گۆڤارو دەزگای راگەیاندنو لكاندنی ناوی” ئەهلیو سەربەخۆ” پێوەیانو دواتر سزادانییان، پاشان كڕینی توانا مرۆییەكانییانو لەكۆتاییشدا فشارێكی بەردەوام لەسەر بەڕێوەبەرو خاوەنو رۆژنامەنوسەكانیان وایكردوە ئێستا لەكوردستان حزب هەمو میدیای بەدەستەوە بێتو لەسەر عەرشی میدیای كوردی ئێستا حزبو سیاسەت هەیە نەوەك خەڵكو راستییەكان.
ئەم قۆرخكردنەی بۆ میدیا هەیە لەكوردستان لەلایەن حزبو بنەماڵەو كەسە دەستڕۆیشتوەكانەوە كە بەپارەی گشتی دەیكەن وایكردوە میدیاكار بكەوێتە گێژاوێكەوە كە بەداخەوە خەریكە نەوەیەك لەمیدیاكاری نەخوێندەوار، بێ مەعریفە لەراگەیاندنو پەیامەكانی دروست ببێت، لەئێستادا رۆژانە بەریەك دەكەوین لەگەڵ ئەو رۆژنامەنوسانەی كە وەكو سیاسییەكی بەدبەختی دۆڕاو كە بەردەوام گرەو لەسەر ئەسپی تۆپیو دەكەن بەو پەڕی قێزەونییەوە لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە، لەرۆژنامەكانەوە، لەپێشەشكردنی بێ لایەنانەی بەرنامەكانییانەوە، لەهۆنینەوەی راپۆرتەكانییانەوە، لەفەیسبوكو تویتەرو چیو چییەوە، لەشەقامەكانەوە شەڕی” بالوكالە”ی حزبەكانیان دەكەنو بوون بەدەمڕاستی حزب وەك رۆژنامەنووس، ئەمەش بەدەستگرتن بەپەلوپۆپو لقی ئەم حزبو ئەو حزبو ئەم كەسو بەرپرسو ئەوی دیكەو بۆ ئەمەش یان كەللەرەقیو دەمارگیرییەكی زۆر حزبیی لەپشتەوەیە یان ئەوەتا بەدوا مەرامە بازرگانیو پولەكییەكانی خۆی دەگەڕێت.
بەداخەوە لەكاتە سەختو تەنگەكاندا دەردەكەوێت كورد نە خاوەنی راگەیاندنی سەربەخۆیە، نە خاوەنی پڕۆفیشناڵی لەراگەیاندن، بێ لایەنی بووەتە ئەو دەرزییەی لەنێو (كادین) دا دەبێت بدۆزرێتەوە، چونكە ئەوەی لەمەیدانەكەدا هەیەو زۆرینەیە میدیایەكی سێبەری حیزبەكان بوارەكەی قۆرخكردوە، بەداخەوە لەدوای 27 ساڵ لەئەزمونی حوكمڕانیو سەدان دەزگای میدیاییو 10 هەزار رۆژنامەنووس هێشتا بەدەست خولانەوە لەبازنەكەدا دەسوڕێینەوەو نەوەك میدیای سەربەخۆمان لەدەستچوە، بگرە میدیایەكی دەستەمۆمان هەیە.