هەرێمی كوردستان، سلێمانی: بە دروشمی ژینگەی میدیایی و پێویستیی چاودێرییكردنی، سێیەمین ئێوارە کۆڕی رەخنەیی ساڵی نوێی رێکخراوی چاودێریی میدیای کوردی (چمک) رێكخرا بۆ د.تریفە عومەر و م.چۆلی ئەسعەد بەناونیشانی: میدیای كوردی لەنێوان بەرهەمهێنانی چەمكی فەرهەنگیی و شێواویی زمانی دەربڕیندا.
لە دەستپێكی ئێوارە كۆڕەكەی ئەمڕۆ(15/02/2018)دا لە گەلەری ئورفەی سلێمانی، م.فاروق جەمیل وەك ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری رێكخراوی چاودێریی میدیای كوردی؛ وێڕای بەخێرهێنانی میوانەكان هەریەكە لە كۆڕگێرانی ناساند.
تریفە عومەر خاوەنی تێزی دكتۆرای پراگماتیكی فەرهەنگیی و پێكداچوونی پێكهاتەكانی، لەبەشی یەكەمی ئێوارە كۆڕەكەدا لەژێر ناونیشانی “فەرهەنگی دركپێكراوی میدیایی”دا بابەتێكی پێشكەشكرد. ناوبراو، تیشكی خستەسەر چەمكی فەرهەنگ و هەریەك لە چەشنەكانی ئاوەزی، وشەنامە و ئینسكلۆپیدیایی. فەرهەنگی ئاوەزی (mental lexicon )، بەوە ناساند كە ئەو فەرهەنگە ئاوەزییەیە كە كۆزانینە زمانییەكانی دەربارەی وشەیەك تێدا هەڵگیراوە، لە رووی كۆزانیاریی فۆنەتیكی- دەربڕین، كۆزانیاریی سینتاكسی و كۆزانیاریی واتایی/ سیمانتیكی. هەروەك فەرهەنگی وشەنامەی شیكردەوە كە بریتییە لەو فەرهەنگەی بەپێی ریزبەندی ئەلفبێ و لەسەر بنەمای فەرهەنگی ئاوەزیی تۆماردەكرێت و دەنوسرێتەوە، ئەوەش وادەكات فەرهەنگی ئاوەزیی بە وشەنامەی ئاوەزیش ناوببرێت. هاوكات فەرهەنگی ئینسیكلۆپیدیایی بەو فەرهەنگە ناساند كە كۆی كۆزانیارییە زمانییەكانی مرۆڤە، هەڵگرتن و گەنجكردنێتی لە فۆرمی وشەو لێكسیم و دەربڕاوەكاندا یاخود هەڵگرتنی دونیابینی مرۆڤە لە فۆرمە زمانییەكان و بەرجەستەكردنیانە لە فەرهەنگدا، بەمەش جیاوازیی وشەنامەو فەرهەنگ لەوەدا دەردەكەوێت كە لەوشەنامەدا واتای دیاریكراوی وشە فەرهەنگییەكە دەخرێتەڕوو، لە كاتێكدا فەرهەنگ بەرجەستەی زانیاریی ئینسكۆلۆپیدیای وشە فەرهەنگییەكە دەكات.
لەلایەكی دیكەوە، د.تریفە جەختیكردە سەر سیمانتیكی دركپێكردن لای تالمای كە پێیوایە چەمكەكان دەفر یان تیاهەڵگری واتاكانن، كە پشت بە ئەزمون و یادگەی تاك دەبەستێت، كەواتە: (یەكەیەكی فەرهەنگی) بریتییە لە یەكەی دركپێكراو كە ئەویش كۆپیكردنەوەی واقیع نییە، بەڵكو هەڵگری بەشێك لە راستییە كە پشت دەبەستێت بە چۆنێتی پەیپێردن بە دنیا لە رێی كات و شوێن و جوڵە، هەستەكان و ئەزمونكردنی دونیا، چۆنێتی بیركردنەوە لە دنیاو نرخپێدانی، یادگە، بەرژەوەندی، باوەڕ، كولتورو رەهەندە كۆمەڵایەتییەكان. بۆنمونە یەكەیەكی دركپێكراو یان ئینسكلۆپیدیای وشەی مردن بەمشێوەیەی لێدێت: كەسێكی مردوو، خاكێكی مردوو، دڵێكی مردوو، ویژدانی مردوو، پاتری مردوو، شارێكی مردوو. هاوكات، لانگەكار دەڵێت واتای فەرهەنگیی وشەیەك یەكسانە بە مەودا ئینسكلۆپیدیایەكەی. بەوپێیە مەودای چەمكی ئینسكلۆپیدیایی وشەی ماوە بەسەرچوو یەكسانە بە تێپەڕبوونی كاتی رێپێدراو بۆ بەكارهێنانی هەر مادەیەكدا لە سروشتدا، تێپەڕاندنی ماوەی یاسایی دەستبەكاربوونی كەسێك لە پۆستێكدا، بۆنمونە سەرۆكی ماوەبەسەرچوو، كورسی ماوەبەسەرچوو، دەسەڵاتی ماوەبەسەرچوو.
فەرهەنگی دركپێكراوی میدیایی، تەوەرێكی دیكەی بابەتەكەی د.تریفە عومەر بوو كە مەبەست لێی تۆماركردنی ئەو فۆرمە زمانیانەیە كە لەلایەن میدیا حزبییەكانەوە بەهۆی دركپێكردن و وێنەی سكێماوە بەرهەمهێنراوە. فۆرمە زمانییەكانی ئەم فەرهەنگەش وەكو وشە لەوانە: تەكەتولچێتی، سلێمانچێتی، گۆڕانخواز، بازنە، هەڵسوڕاو، ناوچە، لق، گردەكە، گردبوونەوە، چاكسازی، …تاد. وەكو فرێز لەوانە: پەكخستنی پەرلەمان، دواكەوتنی موچە، كەناڵی نەوتەكە، ئاودیوكردنی پەرلەمانتاران …تاد. وەكو كۆمەڵەوشە لەوانە: شەریكەبەش، كڵاو سور، مۆمەكەی گۆڕان، كۆمپیتەرەكەی یەكێتی، باوكی نەوەتەوەیی، مامی گەورە …تاد. وەكو رستەو دەق لەوانە: سەفین لەبن بێت یەكێتی لەبن نایەت، كەركوك دڵی كوردستانە، بووە بە پاڵەوانی سەر شاشە، كە تۆ بۆ هەموونانی ئێمەش بۆ تۆین…تاد. هەروەك كۆزانیاریی ئەم فەرهەنگەش بریتییە لە زانیاریی سیمانتیكیی كۆمەڵایەتی، واتە پشتبەستووە بە پێكداچوون و كارلێككردنی زمان و رەهەندە كۆمەڵایەتییەكان، بۆنمونە زۆنی زەرد، گردبوونەوە، جیابوونەوە، مام، نوێبونەوە، باوكی نەتەوەیی…تاد. زانیاریی دنیایی/ پراگماتیكی وەك بەكارهێنانی فۆرمێكی زمانی بە مەبەستێكی دیاریكراو، بۆنمونە جانتاهەڵگر، مەسینەهەڵگر، سەرای ئازادی، كەناڵی نەوتەكە.، كۆیلە..تاد.
لەكۆتایی باسەكەیدا، د.تریفە عومەر پێشنیازی چۆنیەتی رێكخستنی فەرهەنگی دركپێكراوی میدیایی كرد بەپێی ریزبەندی ئەلفبێی زمانی كوردی، چەمكی فۆرمە بەرهەمهاتووەكە و بەرجەستەكردنی زانیاریی هەر فۆرمێكی بەرهەمهاتوو. بۆنمونە بەپێی چەمكی ناونانی حزبی كە هەر وشەیەك مۆركێكی حزبی لێنراوە، لەوانە قوتابی، خوێندكار، ….تاد. بەپێی چەمكی شوێن وەك گوڵەخانە، سەری رەش، گردەكە، قەڵاچوان، …تاد. بەپێی چەمكی تەنزئامێز لەوانە، حەسیرمەیان، روبعە موچە، بیجامەلەپێ، ئەندازیاری شەڕی ناوخۆ، …تاد. بەپێی چەمكی ناپاكی وەك ئاشبەتاڵ، شانزەی ئۆكتۆبەر، كەناڵی نەوتەكە، …تاد. بەپێی چەمكی نرخپێدان، لەوانە باوكی رۆحی، تۆپخانەكەی گۆڕان، مامی گەورە، …تاد. بەپێی وشەی بێگانە وەك پرۆدیوسەر، ئارتۆگرافی، پۆرتاڵ، … تاد. لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا ئامانج لەمجۆرە فەرهەنگە دەبێت بۆ دەرخستنی كاریگەریی زمان بێت لە بەرجەستەكردنی رێژەی راستێتی روداوەكان و كەڵكوەرگرتن لەم داتایانە لە نوسینەوەی مێژوودا. لەسەر ئاستی پەروەدەیی، كۆمەڵناسیی و دەروونناسیی دەرخستنی كاریگەری ئەم چەمكانە بێت لە دوفاقكردنی كۆمەڵ و دروستكردنی خواستی شەڕەنگێزی لە تاكدا، نەبوونی پەروەروەردەیەكی تەندروست، كە ئەمەش دەبێتە داتایەك بۆ توێژەرانی ئەو سێ بوارە. هەروەها دەبێ بۆ بەبەڵگەییكردنی بەرهەمهێنانی چەمكە نەرێنییەكان بێت لەلایەن میدیاو نابەرپرسیارێتی میدیا لەو دەركەوتە لاوەكیانەی لە ئەنجامی خاڵی پێشوو دەكەوێتەوە كە خواست و خەمی حزب لەسەرو خەمی مرۆڤبوون، نیشتمان و زمانەوەیە.
لە بەشی دووەمی ئێوارە كۆڕەكەدا، چۆلی ئەسعەد خاوەنی ماستەرنامەی زمان لە راگەیاندنی بینراودا، بابەتێكی لەژێر ناونیشانی “بەكارهێنانی وشەی بیانی لەمیدیای بینراودا” پێشكەشكرد. كۆرگێڕ جەختی لەوە كردەوە كە بهکارهێنانی وشهی بیانی، یهكێكە له روخسارە دیارهکانی زمانی راگهیاندن، هەروەك ههواڵسازانیش بەهۆی وەرگێڕان و وەرگرتنی هەواڵ له سهرچاوه بیانییهکانهوه، زیاتر دهکهونە ژێر کاریگهری بەكارهێنانی وشهی بیانییهوه. هاوكات کۆڕ و دامهزراوه زمانەوانییەکان بهخێرایی وشه و زاراوه داناڕیژن و بهرههم ناهێنن، بۆیه ههواڵسازهکان ناچاردهبن وشه و زاراوهی بیانی زۆر بهکاربێنن. جگەلەوەش ههندێک وشهی بیانی ههیه، بوون به وشهی جیهانی و فهرامۆش ناکرێن، وهک تهلهڤزیۆن، ئینتهرنێت، کۆمپیوتهر، … تاد. هەربۆیە ئەو وشه و زاراوه بیانییانهی بهکاردههێنرێن، له نووسین و وتندا دهکهونه ژێر ڕکێفی دهنگ و پیتهکانی زمانی کوردییهوه، بهڵام زۆرجاریش، وهرگرتن و وهرگێڕانی وشه و زاراوه بییانییهکان لهسهر بنهمای تایبهتمهندییهکانی وشهسازی زمانی کوردی سازناکرێن یان داناڕێژرێن. ئهرکی ههواڵنووسان، له وهرگرتن و داڕشتن و سازکردنی وشه و زاراوهی نوێ، ڕۆڵێکی زۆری ههیه لهسهر فراوانکردنی فهرههنگی زمانی کوردی.
لەبەشێكی دیكەی باسەكەیدا، م.چۆلی ئەسعەد ئاماژەی بەوەدا كە وشه و زاراوهی بیانی به سێ شێواز دێتە ناو فهرههنگی زمان. یهکهم: وهرگرتنی وشه وهک خۆی. دووهم: وهرگێڕانی وشه، که پێیدهوترێ (کاڵکه-Calque). له ڕووی مۆرفۆلۆژییهوه، وشهکه له زمانه بیانییهکهدا چۆنه، له زمانی کوردیشدا ههر بهو شیوهیه دادهتاشرێت، ههر ئهو مانایهش دهدات، وهک (شرق الاوسگ ) بووه به (خۆرههڵاتی ناوهڕاست). سێیهم: داڕشتنی وشهی نوێ، واتا وشه بیانییهکه دهبێت به بهشێک له وشه تازه داڕێژراوهکه.
دوابەدوای پێشکەشکردنی تەوەڕە سەرەكییەكانی هەردوو بابەتەكە، دەرگای پرسیار بەرووی ئامادەبوواندا كرایەوەو بەشێكی زۆریان رەخنەیان لەهەریەك لە وەزارەتەكانی پەروەردەو خوێندنی باڵا گرت كە بەبەرنامە كار لەسەر بێبەهاكردنی زمانی كوردیی و بەنرخ پیشاندانی زمانی بیانی بەگشتیی و ئینگلیزی بەتایبەتی دەكەن. هەروەك بەهۆی لاوازیی و سسستی كاركردنی ئەكادیمییەكان وایكردووە كوردی، وەك زمانێكی هەژار پیشان بدرێت، ئەویش بەهۆی كەم خزمەتكردنییەوە نەك ئەوەی خودی زمانەكە لاواز و هەژار بێت. هەروەها پێشنیازی ئەوە كرا كە كەسانی شارەزاو زمانزان لەنێو نێوەندە جیاوازەكانی میدیای كوردییدا وەك فلتەری زمانەوانیی دابمەزرێن، تاوەكو لەوە زیاتر زمانی كوردیی نەشێوێنرێت لەرێی داتاشینی وشەو دەستەواژەی ئایدۆلۆژیی مەبەستدار كە زۆرجار میدیاكانی حزب وەك جەنگێكی دەروونیی لە ژدی یەكتری بەكاری دەهێنن. هاوكات بەپێویستزانرا، ئەمجۆرە ئێوارە كۆڕانەی رێكخراوی چمك بەرفراوانتر بكرێن و لەشێوەی كۆنفرانسدا بخرێنەڕوو تاوەكو بڕیاربەدەستان و لایەنی پەیوەندییداری ناچاربكرێن، بەپێی یاسا و رێنمایی پێویست سنورێك بۆ ئەو پاشاگەردانییەی ئەمڕۆی زمانی كوردی لەنێو میدیاكاندا دابنرێت.