چاودێریی میدیای کوردی: پەیوەندییەکانی هەولێر_بەغدا و پیسکردنی ژینگەی میدیایی

ئەرسەلان ڕەحمان*

گوتاری سیاسیی (ژمارەیەکی بەرچاو) لە حزبی کوردی، گوتارێکە، ڕوون، ڕێکخراو و بنیاتنراو لەسەر بنەمای لۆژیک نیە، هیچ بنەماگەلێکی فیکری، فەلسەفەیەکی دیاریکراو، تێگەیشتنێکی قووڵ بۆ پرسەکانی ژیانی کۆمەڵگە تا دەگاتە پرسی نەتەوەیی نیە – جگە لە حزبە ئایدۆلۆژییەکان -، بەڵکو گوتارێکە بە نرخی ڕۆژ سەروخوار و بازاڕسازی بۆ دەکرێت. واتە گوتارێکە بازاڕگەرمی ڕۆژی دەوێت. لەگەڵ خۆیدا کادیر نا، لەشکرێکی دەروێش ئاسای دەوێ، بۆ ئەوەی لەو شاشانەی (بوونەتە کەڕەنای ناوزڕاندن، سوکایەتی و تۆمەتبەخشینەوە و خاکی بە پیتی درۆ و ساختەکردنی هەواڵ و زانیاری) ئامادەی موهاتەرات و قەبەکردنی فەرهەنگی زمانی ئاست نزمی ئەدەبیاتی حزب بن، لە سۆشیالمیدیاشدا پەلەپیتکەیان ئامادەی شێر و لایک و کۆمێنتی دژمێن و سوکایەتی و ناوزڕاندن بێت.

ئەوەی لە نێوان هەولێر و بەغدا، (بە چاوپۆشی لە داواکاری و ڕەتکردنەوەی ئەم و ئەو)، ڕوودەدات؛ ژینگەیەکی لەبارە بۆ تاودانی توانا و سەلیقەی ئەو دەروێشانەی نانخۆری شێخن، مەرایی ئەوەیانە شێخ نەفەرموێ “سفرەدڕن”، بۆ وەی بەرچاوی ناندەرەکانیان بکەون، “شەلم کوێرم ناپارێزم”، دژوێن و سوکایەتی بە تاک و کۆی کۆمەڵگە دەدەن، ئەوەی لەگەڵ بای دیوەخان و بەرژەوەندیان شەن نەکات: “دوژمنە، خائینە، جاشە، نەباشە، سیخوڕ و بەکرێگیراو، لەوەشخراوتر جاشسیغە و بەدفەساڵ و تا دەگاتە سەگ و کۆیلەی مەعاش” و دەیان ناو و ناتۆرەی هەرزەگۆییانەی دیکەیە. ئەم ئەدەبیاتە، ئەمڕۆ تەنیا لە نێو لاپەڕەی بڵاوکراوەی حزب و شڕە ڕادیۆییەکی سەر شەپۆلێکی کورتی حەفتاوپێنج مەتری بڵاونابێتەوە وەک لە دەستپێکی ناکۆکی سیاسیی تا شەڕی ناوخۆ هەبووە، تا کاریگەری سنووردار بێت، بەڵکو لە نێو دەست و لە ڕێی مۆبایلەکانمان لە بەرچاو و گوێی هەمووماندایە، ئەمەش بێ وەڵام نیە و لەو بەریشەوە کەم تا زۆر خراپتر لەو ناوناتۆرانە لە فەرهەنگێکی قەبەدا وەسەریەک نراون و ئامادەکراون و دێنە بەر چاو.

ئەوەی ئەو ژینگەیەی ڕەخساندووە، حزب و بازنەکانی هەژموونی ناو حزب و هالەی میدیایی دەوروبەری سەرگەورەکانی سیاسەت و بازرگانییە، کە هەر ڕۆژ بە چەشنێک حاڵ بە دەروێشەکانیان دەکەن. چون ئەوان بە نرخی ماست ڕەشە، نانیان بەخشیوەتەوە. لەو نێوەدا ئەوەی زیانی بەردەکەوێت، وەرگرە وەک هاووڵاتی، تاک و کۆی کۆمەڵگەیە، کە مانگیی سی ڕۆژەی وا لێ دەبێتە حەفتا ڕۆژ و هێشتا هیچ هیوایەکی نیە ئامێرە دۆشداماوەکانی سەر شەقامەکان بەم نزیکانە پارەی بخەنە مشت.

سەیر ئەوەیە هەندێک نووسەر، قسەکەر، وەرگێڕ، پەنابەری پارچەکانی دیکەش لە ئەوروپا، ئەوانەی بای مەسڵەحەتی تەکییەکانی ئێرە باخەڵی ئاوساندوون، لەگەڵ دەروێشەکانی ئێرە حاڵیان لێهاتووە و خراپتر لە دەروێشی ناوخۆیی، ژینگەی سۆشیالمیدیایان پیس کردووە. لە خوتوخۆڕایی کەوتوونەتە جوێن و سوکایەتی و خەڵک بۆ جاش و باش پۆلێن دەکەن. هەموو ئەوانە لە سەروبەندی ئەو نائارامییە ڕووحی و دەروونییەن، کە تاک و خێزان لە هەرێم گیریان بەدەستییەوە خواردووە و ئەو دەزگا و دوکانەی بە ناوی میدیا هەیە، ڕۆڵێکی نا پیشەیی و نا ئیتییکیانەی هەیە لە زیادبوونی نائارامی و تێکدانی ئاسایشی دەروونی تاک و کۆمەڵگە.

ئەزموونی هەرە جوانی سیستمی سیاسیی درووست ئەوەیە، سەرگەورەی سیاسیی، کاتێک دەستەوەستان دەبێت لە وەڵامدانەوەی خواستی خەڵک، دەرفەت دەدات خەڵکی دیکە بێنە پێشەوە، ئەمە لێرە لە مەحاڵ مەحاڵترە، کە ئەوە ناکەن، باشتر وایە کەمێک دەزگا و دوکانیان ڕاسپێرن، ڕوحی ماندووی خەڵک ئەزیەت نەدەن، چونکە هیچ کامیان مافی ئەوەی نیە شکۆی مرۆڤ بشکێنێت تەنیا لەبەر ئەوەی داوای مافی خۆی دەکات، یان ڕێگەچارەیەکی دیکەی پێ باشترە. هیچ کەسێکیش ئەو شەرعییەتەی پێ نەدراوە خەڵک بۆ باش و خراپ پۆلێن بکات. ئەو ئەدەبیاتە بێزراوە، زەمینەی پەرتەوازەکردن و بێ ئۆقرەیی و نائارامی دەروونی بۆ خەڵک درووست دەکات. کاریگەری دەبێت لەسەر قوڵکردنەوەی جیاوازییەکان و دابڕانی کۆمەڵایەتی. ئەم ئێوارەیەش کەناڵی رووداو لە ڕاپۆرتێکدا باسی سەرهەڵدانەوەی کۆچی بە کۆمەڵی گەنجانی کردبوو، ئەمە ڕەنگە یەکێک لە کاریگەرییەکان بێت.

 

*چاودێری میدیایی و خاوەنی بڕوانامەی ماستەر لە زانستی ڕاگەیاندن-دا

دەنگدان

بە بڕوای تۆ راگەیاندنەكان لەهەرێمی كوردستاندا؛ ناسەربەخۆن؟