ئەرسەلان ڕەحمان*
بە پاڕانەوە، دەستماچکردن کەسێک بانگهێشتکراوە بۆ بەرنامەیەک، بە مەبەستی خستنەڕووی بۆچوونی و گفتوگۆ لە بارەی ناوەڕۆکی بەرنامەکە، شاشە بینەر و پەیج ئەکتیڤی دەوێت، هەر بۆیە کەسایەتیی جێی مشتومڕ، قسەی ناباو زۆرتر بازاڕی کەناڵەکان گەرم دەکەن. چاوپێکەوتنێک کرابوو لەگەڵ پەرلەمانتارێکدا، بێژەر بێ ڕەچاوکردنی پێگەی خۆی وەک میدیاکارێک، کەوتبووە سەنگەری دژایەتی میوانەکەی، بە حسابی خۆی ڕێگەی لێ دەگرێت، -(ئەم جۆرە بەڕێوبردنەی گفتوگۆ لە لایەن میدیاکارانەوە زیاتر بۆ مەرامی سیاسیی دەزگاکان، یاخود بەرژەوەندی کەسییە)-، نائاگا لەوەی بەو ڕەفتاری لە قیمەتی پیشەیی بوونی ئیشەکەی کەمدەکردەوە. لەو بارەیەوە دەکرێت ئەم خاڵانە وەک ڕایەکی تەبا لەگەڵ ئیتیکی پیشەی میدیایی بخرێنەڕوو:
* هەر یەک لەو کەسایەتییانەی بەشداری لە بەرنامەکانی تی ڤی و ڕادیۆ، یان سایت و پەیجەکان دەکەن، دوای تەکلیفێکی زۆر میوانداری کراون، ئەو کەسایەتییانە ڕێز لە کەناڵ و دەزگاکان دەنێن و وەڵامی بانگهێشتیان دەدەنەوە.
* نەریتی میوانداری وایە، کەشێکی دۆستانە بڕەخسێنرێت، میوان بتوانێت ئاسوودە بێت و ئەو پەیامەی هەیەتی بتوانێت بیگەیەنێت.
* ناکرێت بۆ شکاندنەوەی و دەرخستنی خاڵی لاوازی؛ میوان بانگبکرێت، ئامانجی سەرەکی لە گفتوگۆ و زانیاری وەرگرتنەوە بگۆڕدرێت بۆ تۆڵەسەندنەوە و حەسیرمەیدانکردنی و شکاندنی کەسێتییەکەی.
* پێشکەشکار، بێژەر، میدیاکاران ڕێگەپێدراو نین، ببنە لایەندار لە گفتوگۆکاندا، ئەوان لە پێگەی پرسیارکردندا ئازادن پرسیار بکەن، ئەگەرچی پرسیاری پۆلیسی و هەستیار و هەراسانکاریش بێت، بەڵام بە مەرجێک لە پێگەی پرسیارکردن دەرنەچن و سەنگەر لە میوان نەگرن.
* میوان ئازادە لە وەڵام نەدانەوەی هەر پرسیارێک، کە زانیاری پێویستی نیە، یاخود نایەوێت وەڵام بداتەوە.
* میدیاکار ئازادە لەوەی شێواز و داڕشتنی پرسیارە وەڵام نەدراوەکانی بگۆڕێت و بە جۆرێکی دیکە ئاراستەی میوانیان بکات.
* میدیاکار بۆی نیە، بۆچوونە کەسییەکانی بسەپێنێت و بیەوێت میوانەکەی ناچار بە سەلماندنی بۆچوونە کەسییەکانی بکات.
* ئەگەر پرسیاری هەستیار لەبەر دەستی میدیاکار بوو، دەبێت بزانێت چۆن و کەی پرسیارەکەی ئاراستە دەکات.
* میدیاکار دەبێت نوێنەرایەتیی بەرژەوەندی گشتیی بکات، نەک یەک ئاراستەی بیرکردنەوە و سیاسەتێکی دیاریکراوی لایەنێک و هەوڵی زەقکردنەوە و سەپاندنی بەسەر گفتوگۆکەدا بدات.
* درووست نیە، گفتوگۆی میدیاکار و کەسایەتیی ببێتە سەکۆیەک بۆ تۆڵەسەندنەوە و ڕازیکردنی نەیارانی کەسایەتییەکە، هەموو ئەوەی دەگوزەرێت دەبێت لە چوارچێوەی یاسا و ئیتیکی کاری میدیایی بێت.
* هەندێک میدیاکاری شەیدای ناوبانگ و بەدەستهێنانی دەستکەوتی ماددی و مەعنەوی، بیریان دەچێتەوە ئەوان لەسەر شاشە دەبێت نوێنەرایەتیی بەرژەوەندی گشتیی بکەن و هەموو خەمیان ئەوەیە حزب و خاوەن کەناڵ و سیاسەتی ڕەوتێکی دیاریکراو لە خۆیان ڕازی بکەن.
* ئەگەر ئاراستەی قسەکردن و بۆچوونی میوان لەگەڵ سیاسەتی میدیایی کەناڵ یەکی نەگرتەوە، دەکرێت میدیاکار بە زیرەکی و سەلیقەی خۆی ئاراستەی گفتوگۆکە بگۆڕێت، بەڵام بە دەرە لە ئیتیکی کاری میدیایی ئەگەر سەنگەری لێ بگرێت.
* قسە پێ بڕین و ڕێگرتن لە گەیشتنی پەیامی میوان و تەواوکردنی قسەی جێی مەبەستی، یاخود داباراندنی پرسیار لە پێناو پرسیار و ڕێگری لە تەواوکردنی وەڵام، ڕەفتارێکی ناپیشەیی و دزێوە، ئەگەر بە مەبەستی شکاندنی میوان بێت.
* هەڵهێنجاندنی تێگەیشتنی نادروست لە قسەی میوان و فرۆشتنەوەی بە ناوی میوانەوە، بەدەرە لە ئیتیکی پیشە.
* نائیتیکییە کەناڵ یان میدیاکار، لە ڕێگەی هەوڵدانی بۆ شکاندنی میوان چاوی لە بەدەستهێنانی دەستکەوت و بارەکەڵڵای ئەم و ئەو بێت.
* باشتر وایە ئەو کەسایەتییانەی دەچنە بەرنامەوە، پێشتر ئامادەکاری پێویست بکەن و خۆیان بۆ هەموو جۆرە پرسیارێک ئامادە بکەن و لێکدانەوەی درووست بۆ مەبەستی بانگهێشتکردنەکەیان بکەن.
* میوان مافی خۆیەتی بزانێت تەوەری بەرنامەکە چییە و بە چ ئاراستەیەک قسەی لەسەر تەوەرەکە دەکرێت.
* میوان مافی خۆیەتی بزانێت کێ گفتوگۆی لەگەڵ دەکات و کێی دیکە هاوشانی ئەو بانگهێشت کراوە بۆ قسەکردن لەسەر ئەو تەوەرەیە.
* میوان مافی خۆیەتی بزانێت چەند کاتی بۆ تەرخانکراوە، بۆ ئەوەی بتوانێت لەو ماوە دیاریکراوەدا پەیامی خۆی بگەیەنێت.
* باشتر وایە، ئەگەر بەرنامە تۆمارکراو بێت، پێش بڵاوکردنەوە جارێکی دیکە لە ڕەزامەندی بڵاوکردنەوەی لە لایەن میوانەوە دڵنیایی وەربگیرێت.
* میوان مافی خۆیەتی دەقی بەرنامەکەی بەدەست بگاتەوە.
* میوان مافی خۆیەتی لە پای ئەو کاتەی بەخشیویەتی، ئەو زانیاریانەی خستوویەتییەڕوو، پادداشت بکرێت.
* ئیتیکی نیە، دەقی وتەکانی میوان لە سیاقی خۆیان دەربهێنرێن و لە سۆشیالمیدیا بڵاوبکرێنەوە بۆ ئەوەی جوێن و سوکایەتی پێ بکرێت.
* ئەو میوانانەی بۆ شاشەی کەناڵەکان قسە دەکەن، مافی ئەوەیان هەیە پرسیان پێ بکرێت سەبارەت بەو گرتە کورتانەی وتەکانیان، کە لە سۆشیالمیدیا بڵاودەکرێنەوە، چونکە ئەوان لە بنەڕەتدا بۆ شاشە میوانداری کراون، نەک بۆ پەیج و ناکرێت بکرێنە کەرستەی کۆکردنەوەی لایک و کۆمێنت.
* میوان مافی خۆیەتی، بەرگری لە خۆی بکات و ڕێگە نەدات شکۆی بشکێندرێت و لە ژێر پەردەی کاری میدیاییدا سوکایەتی پێ بکرێت، ئاسانترین ڕێگە بەجێهێشتنی بەرنامەکەیە.
* میوان مافی خۆیەتی، پێداگری لە یەکسانی دابەشکردنی کات بەسەر بەشداربووانی بەرنامەکە بکات، بۆ ئەوەی وەک پێویست دەرفەتی وەڵامدانەوەی بۆ دەستەبەر بکرێت.
* میوان مافی خۆیەتی وەڵامی پرسیاری تاقیکردنەوەیی نەداتەوە.
* پێویستە بەڕێوبەری گفتوگۆ – میدیاکار – بەرگری لە میوانەکەی بکات، ئەگەر هەر بەشداربوویەکی بەرنامەکە چ لە ستۆدیۆبێت یان لە دەرەوەی ستۆدیۆ سوکایەتی پێ کرد، ئەوە ئەرکی بێژەر یان پێشکەشکارە بەرگری لە شکۆی میوانەکەی بکات.
*چاودێری میدیایی و خاوەن بڕوانامەی ماستەر لە زانستی ڕاگەیاندن_دا