له‌ڕووی یاساییه‌وه‌؛ رۆژنامه‌نووس دەتوانێ هه‌واڵه‌كانی تاوان بڵاوبكاته‌وه‌؟

د.سامان فەوزی*

تاوان دیارده‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ و هیچ وڵات و كۆمه‌ڵگایه‌ك ناتوانێ لێی به‌دووربێت و تاوان به هه موو جورەكانیه وه بنبربكات‌، به‌ڵام بێگومان ده‌شێ سنووردار بكرێت و به‌ره‌و كه‌مكردنه‌وه‌ ببرێت، به‌جۆرێك ئێستا رێژه‌ی تاوان له‌كۆمه‌ڵگایه‌كه‌وه‌ بۆ كۆمه‌ڵگایه‌كی دیكه‌ ده‌گۆڕێت، هه‌واڵه‌كانی تاوانیش هه‌رده‌م سه‌رنجڕاكێشی تێدایه‌ و به‌رده‌وام خه‌ڵك حه‌ز به‌ زانینی ده‌كات، مافی خۆشیه‌تی كه‌ بزانێت چی له‌ كۆمه‌ڵگاكه‌ی و له‌ده‌وروبه‌ری ڕووده‌دات، بۆیه‌ ده‌توانین بڵێین به‌شێوازێكی گشتی بڵاوكردنه‌وه‌ی ھەواڵی تاوان له‌ڕاگه‌یاندنه‌كاندا ئاسایی و یاساییه‌، به‌ڵام پێویسته‌ چه‌ند بنه‌مایه‌كی یاسایی و ئیتیكی له‌به‌رچاو بگیریت كه‌ بریتین له‌:

1-پێویسته‌ هه‌واڵ زیان به‌ ڕه‌وتی دادگا و كه‌سه‌كانی نه‌گه‌یه‌نێت، هه‌روه‌كو له‌هه‌ردوو مادده‌ی (235) و (236)ی یاسای سزاكاندا ئاماژه‌ی پێ دراوه‌.
2-پێویسته‌ راگه‌یاندنه‌كان وه‌ك پاڵه‌وان باسی تاوانباران نه‌كه‌ن و خودی تاوان له‌لای خه‌ڵك خۆشه‌ویست نه‌كه‌ن.
3-نابێ ڕاگه‌یاندنه‌كان زۆر بچنه‌ نێو ورده‌كاری تاوانه‌كان و جۆرێك له‌ ترس و دڵه‌ڕاوكێ لای خه‌ڵك دروست بكه‌ن، وه‌ك باسكردنی ورده‌كاری سه‌ربڕین و له‌تله‌تكردن و لاقه‌كردن و….هتد.
4-نابێ ئه‌و وێنانه‌ بڵاوبكرێنه‌وه‌ كه‌له‌گه‌ڵ داب و نه‌ریتی گشتی یاخود هه‌ستی خه‌ڵك ناگونجێت، وه‌ك بڵاوكردنه‌وه‌ی وێنه‌ی جه‌سته‌ی مرۆڤێكی سه‌ربڕاو یان جه‌سته‌ی ته‌واوی ئافره‌ت له‌كاتی سوتاندن و لاقه‌كردنیدا.
5-بۆ بواری رۆژنامه‌نووسی واباشتره‌ ڕووبه‌رێكی فراوان بۆ هه‌واڵی تاوان ته‌رخان نه‌كرێت، چونكه‌ له‌پاڵ هه‌واڵی تاوان، هه‌واڵی دیكه‌ی گرنگتریش بۆ كۆمه‌ڵگا هه‌یه‌.
6- له‌قۆناغی لێكۆڵینه‌وه‌ له‌تاوان نابێ هیچ هه‌واڵێك بڵاوبكرێته‌وه‌، مه‌گه‌ر دادگای لێكۆڵینه‌وه‌ خۆی رێگه‌ی به‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی دابێت، چونكه‌ ئه‌وجۆره‌ هه‌واڵانه‌ ڕه‌نگه‌ زیان به‌ ڕه‌وتی لێكۆڵینه‌وه‌كه‌ بگه‌یه‌نێت و به‌سوودی تۆمه‌تباری ڕاكردوو یان ده‌ستگیرنه‌كراو ته‌واو بێت.

*پرۆفیسۆری یاسای راگەیاندن لە زانکۆی گەشەپێدانی مرۆیی

دەنگدان

بە بڕوای تۆ راگەیاندنەكان لەهەرێمی كوردستاندا؛ ناسەربەخۆن؟