كه‌وتنی شه‌نگال له ر‌ووماڵی كه‌ناڵی رووداو و كه‌ناڵی كه‌ی ئێن ئێن دا

هاوڕێ حەسەن حەمە
لە زانكۆی سلێمانی

ڕێكخراوى ده‌وڵه‌تى ئیسلامى ناسراو به‌ داعش له‌ 3ى ئابی 2014 هێرشى كرده‌ سه‌ر شه‌نگال و توانی له‌ماوه‌یه‌كى زۆر كورتدا قه‌زاكه‌ داگیربكات، به‌م هۆیه‌شه‌وه‌ ئێزیدییه‌كان كه‌ دانیشتوانى ڕه‌سه‌نى شاره‌كه‌بوون، ڕووبه‌ڕووى كۆمه‌ڵكوژى ئاواره‌بوون و ده‌سترێژى سێكسی و ماڵوێرانى بوونەو (1). ئه‌م لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ هه‌وڵده‌دات به‌سوود وه‌رگرتن له‌ تیۆریی میدیایی له‌چێوه‌دان ” فره‌یمینگ”، باس له‌كه‌وتنى شه‌نگال بكات له‌ڕووماڵى میدیایی كه‌ناڵى ڕووداو و كه‌ناڵى كه‌ى ئێن ئێن دا. پرسیاری سه‌ره‌كى لێكۆڵینه‌وه‌كه‌ بریتییه‌ له‌وه‌ى: چۆن كه‌ناڵى ڕووداو و كه‌ناڵى كه‌ى ئێن ئێن ڕووماڵى كه‌وتنى شه‌نگالیان كردووه‌ له‌ڕاپۆرته‌ هه‌واڵییه‌كانیاندا له‌ماوه‌ى پێنج ڕۆژى یه‌كه‌مى ڕووداوه‌كه‌دا؟ لێكۆڵینه‌وه‌كه‌ به‌و ده‌رئه‌نجامه‌ گه‌یشتووه‌، ڕووداو سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى بانگه‌شه‌ى بێلایه‌نى ده‌كات، به‌ڵام به‌هیچ شێوه‌یه‌ك له‌ ڕاپۆرته‌ هه‌واڵه‌كانیدا كه‌وتنى شه‌نگال ناخاته‌ ئه‌ستۆى هێزه‌كانى پارتى دیموكراتى كوردستان، به‌ڵكو له‌چه‌ند هه‌واڵێكى كه‌مدا ده‌یخاته‌ ئه‌ستۆى “پێشمه‌رگه‌”، له‌به‌رامبه‌ریشدا له‌هه‌ندێك هه‌واڵدا باس له‌ قاره‌مانى و به‌رخوردانى هێزه‌كانى پارتى دیموكراتى كوردستان ده‌كات. ئه‌وه‌ى جێگه‌ى سه‌رسورمانه‌ كه‌ى ئێن ئێن ڕووماڵێكى زۆر “شه‌رمنانه‌ى” كه‌وتنى شه‌نگالى كردووه‌، به‌شێوه‌یه‌ك ته‌نها له‌یه‌ك هه‌واڵیدا كه‌وتنى شه‌نگال ده‌داته‌ پاڵ هێزه‌كانى پارتى، ئه‌و هه‌واڵه‌ش هی خۆى نیه‌، له‌سایتى فورات نیوزه‌وه‌ وه‌ریگرتووه، ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ نۆزده‌ جار به‌رپرسیارێتى كه‌وتنى شه‌نگال ده‌خاته‌ ئه‌ستۆى “پێشمه‌رگه‌”. توێژه‌ر له‌ توێژینه‌وه‌كه‌دا ئه‌وه‌ى سه‌لماند كه‌ ئه‌م ڕووماڵه‌ شه‌رمنانه‌ى كه‌ى ئێن ئێن بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌رێته‌وه‌ ‌له‌وكاته‌دا بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان ڕێكه‌وتنى سیاسی هه‌بووه‌ له‌گه‌ڵ پارتى دیموكراتى كوردستان، هه‌ربۆیه‌ له‌هه‌واڵه‌كانیدا خاترێكى زۆرى پارتى دیموكراتى كوردستانى گرتووه‌. له‌دواى تێكچوونى په‌یوه‌ندییه‌كانى گۆڕان له‌گه‌ڵ پارتى، كه‌ى ئێن ئێن سه‌د له‌سه‌د كه‌وتنى شه‌نگال ده‌خاته‌ ئه‌ستۆى “هێزه‌كانى پارتى دیموكراتى كوردستان.”

بۆخوێندنەوەی دەقی ئەم توێژینەوەیە، دەتوانن سەردانی بەشی توێژینەوە كوردییەكانی ماڵپەری چمك بكەن لە رێی ئەم لینكەی خوارەوە:

ماڵپەری چمك. هاورێ حەسەن حەمە 2018، كەوتنی شنگال لە رووماڵی میدیایی رووداو و كەی ئێن ئێن دا

دەنگدان

بە بڕوای تۆ راگەیاندنەكان لەهەرێمی كوردستاندا؛ ناسەربەخۆن؟