خوێندەواریی میدیایی و ژینگەی فێرکاريی  

رۆژان سەیفوور ئەسکەندەر*

هەر شتێک ببێتە هۆی گەیاندن و پەیوەندییكردن؛ هەڵگری بارێکی میدیاییە، لەوانە: رادیۆ، رۆژنامە، تەلەڤزیۆن، گۆڤار، کتێب، ئینتەرنێت، تابلۆکانی ریکلام، ریکلامی سەر پاس و تەکسیەکان، تیشێرت، کڵاو، کوپ، دەفتەر، پەیکەرەکان و کاڵاکانی تری چواردەورمان. بەگشتی؛ هەر شتێک هەڵگری پەیام و سیمبولێک بێت بۆ وەرگری تایبەتی خۆی، ئەو پەیامە لەخۆدەگرێت. لەم سەردەمەشدا میدیاکان بە گشتیی تەواوی لایەنەکانی ژیان مرۆڤیان داگیرکردووە و شەپۆلەکانیشی رۆچوونەتە نێو هەموو کون و کەلەبەرەکانی ژیان و سنورەکانی ئاسایشی تێپەڕاندووە و بۆتە هۆی ئەوەی مرۆڤ لە کەسێکی چالاک و رەخنەگرەوە بۆ کەسێکی ناچالاک و مەنگ بگۆڕدرێت. هۆکاری ئەوەیش پێدەچێت ئەوەبێت کە زۆرینەی خەڵک بەشێوەیەکی درووست مامەڵە لەگەڵ میدیادا ناکەن، بەڵکوو بەکارهێنانی میدیا زیاتر بۆتە نەریت و خوویەک و تەنیا ژمارەیەکی کەم لە تاکەکان ئەوەی کە لەمیدیاکانەوە دەیبینن، دەیبیستن و دەیخوێننەوە، کۆنتڕۆڵی دەکەن. بەڕای زۆرینەی توێژەران و پسپۆڕانی بواری میدیا، مامەڵەی ئامانجدار لەگەڵ میدیادا یەکێکە لە هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی ئاستی هۆشیاری لەتەواوی چینەکانی کۆمەڵگەدا وەک بەکارهێنەر و وەرگری میدیا کە دەتوانێت ببێتە هۆی پەیوەندیی دوولایەنە لەگەڵ میدیادا لەلایەک و لەلایەکی تریشەوە؛ بەهێزکردنی بونیادە دیموکراتییەکانی کۆمەڵگە بە ئاڕاستەی بابەتگەلی وەک رەخنە و بەشداریی چالاکانە لە بواری میدیا لە نێو هاووڵاتیاندا. هاوكات بەکارهێنانی میدیا لەلایەن منداڵانەوە روو لە زۆربوونە و تەمەن و ئاستی سودوەرگرتنيان لە میدیاکان و بەتایبەتیش میدیای نوێ رووی لە دابەزینە. تەواوی منداڵان و منداڵانی کوردستانیش لە ناویاندا لە ساتی لەدایکبوونەوە لە پەیوەندییدان لەگەڵ تەلەڤزیۆن، مۆبایل و ئینتەرنێتدا. بۆیە فێرکردنیان سەبارەت بە میدیاکان و هۆشیارکردنەوەیان لە بەکارهێنانی میدیادا؛ پێویستیی بە ناوەڕۆکێکە کە پشت بە بنەماکانی فێرکردن و گەڕانەوە بۆ ئەندێشەکانی تیۆرسێنەکان ببەستێت. بۆ رووبەڕووبوونەوەیەکی ئامانجدار لەگەڵ میدیادا و بۆئەوەی تاکەکان لە حاڵەتی وەرگرێکی ناچالاک و کارتێکراو بە میدیا بگۆڕدرێن بە وەرگرانێک کە چالاکانەو لێزانانە مامەڵە لەگەڵ پەیامە میدیاییەکاندا بکەن و توانای هەڵبژاردن و دەستەبژێرکردنی پەیامەکانیان هەبێت، پێویستمان بە خوێندەواری میدیایی (Media Literacy) هەیە، چونکە ئەوەی لە بابەتی خوێندەواریی میدیاییدا دەخرێتەڕوو بریتییە لە فێرکردنی لێهاتوویی و توانایی پێویست بۆ درووستکردنی پەیوەندییەکی رەخنەگرانە و بەئاگا لەگەڵ میدیاکاندا و لە هەمانکاتیشدا درووستکردنی تێڕوانینێکی ورد، رەخنەئامێز و شیکارانە بۆ پەیامە میدیاییە نوسراو، بینراو و بیستراوەکان.

چەمك و واتاى خوێندەواریی میدیایی

خوێندەواریی میدیایی؛ بابەتێکی سەرنجڕاکێشە لە بواری پەیوەندییەکان (Communication)دا کە هەوڵدەدات خوێندنەوەو  تێگەیشتن لە دێڕە نەنوسراوەکانی میدیای نوسراو، بینینی گرتە نمایشنەکراوەکان و دەنگە پەخشنەکراوەکان لە میدیا ئەلیکترۆنییەکانەوە بۆ وەرگر ئاسان بکات و فێری بکات چۆن مامەڵەیان لەگەڵدا بکات. رەنگە لای زۆرینەی خەڵک چەمکی خوێندەواریی میدیایی لەگەڵ میدیای نوسراو و چاپکراودا تێکەڵبووبن و بە واتای توانای خوێندنەوە لێی تێبگەن. هەندێکیش ئەم چەمکە دەخەنەپاڵ خویندەواریی بینین کە پەیوەندیی بە میدیای وەک تەلەڤزیۆن و فلمەوە هەیە. هەندێکی تر لەجیاتی چەمکی خوێندەواریی میدیایی، فێرکردن یان پەروەردەى میدیایی  (Media Education) بەکاردەهێنن، چونکە پێیانوایە مەبەست لێی پرۆسەی فێرکردن، پەروەردە و فێربوونە لەبارەی میدیاکانەوە. هەندێکی تریش بە خوێندەواریی کۆمپیوتەريی دادەنێن، بەڵام لە دیدگای پسپۆڕانی زانستی پەیوەندییەکانەوە لە سەردەمی هاوچەرخدا، خوێندەواریی میدیایی هەموو میدیاکان دەگرێتەوە. یەکێک لە ئامرازەکانی رووبەڕووبوونەوەی “هێزی نەرم”و “جەنگی میدیایی”؛ فێرکردنی خوێندەواریی میدیایی و بایەخدانە بە خوێندەواریی میدیایی وەک لێهاتوویەکی گرنگ بۆ هاووڵاتیان لە سەدەی 21دا (هاشمی، ١٣٩١، لاپەڕە:١٥٠). لە دیدگای خوێندەواریی میدیاییەوە؛ ئێمە وەک وەرگر بەردەوام خۆمان دەخەینە بەردەم شەپۆلە میدیاییەکان و شیکاریی بۆ پەیامە میدیاییەکان دەکەین (طاهریان، ١٣٨٧، لاپەڕە ١٧٤).

مێژووی پەیدابوونی خوێندەواریی میدیایی کە لەسەر بنەمای پێویستییەکی خێرا دانراوە و دەگەڕێتەوە بۆ دەیەی شەستەكان و پاش زۆربوونی بەکارهێنەرانی تەلەڤزیۆن، رادیۆ و فلمە هۆڵیودییەکان. لەو کاتەدا تەلەڤزیۆن پێش میدیاکانی تر کەوتبوو بەشێوەیەک زۆرینەی خەڵک پێیانباشبوو سەیربکەن، نەک بخوێننەوە (شهناز هاشمی، زهرا رضایی، ١٣٨٧، لاپەڕە:١٥٧). ساڵی 1964؛ بۆ یەکەمجار مەک لۆهان لە کتێبی “تێگەیشتن لە میدیا”دا، چەمکی خوێندەواریی میدیایی بەکارهێناوە، لەکاتێکدا کە باس لە گوندی گەردوونیی (Global Village) دەکات و دەڵێت: پێویستە لەم سەردەمەدا مرۆڤ خوێندەوارییەکی نوێ فێر بێت کە ئەویش خوێندەواریی میدیاییە (مک‌لوهان، ١٣٧٧). مەک لۆهان ئەم چەمکەی بۆ توانا و لێهاتووییە پێویستەکانی هاووڵاتیانی گوندی گەردوونیی هەڵبژارد. هەڵبەت زۆرێک لە پسپۆڕانی بواری پەیوەندییەکانیش، پشتگیرییدەکەن و ئەم خوێندەوارییە نوێیە بەپێویستییەکی هاووڵاتیانی سەردەمی زانیاریی و پەیوەندییەکان ناودەبەن. خوێندەواریی میدیایی؛ پرۆسەیەک نییە کە بە کات و شوێنێکی دیاریکراو سنووردار کرابێت یاخود بە دەرکەوتەیەکی جێگیر دابنرێت، بەڵکوو پرۆسەیەکی هەمیشەییە کە بەردەوام لە گۆڕاندایە، بەشێوەیەک کە پێویستە بەردەوام تاکەکان زانست و زانیاريیان پەرەپێبدەن و بەسودوەرگرتن لەچارەسەرە نوێیەکان، پەیامە میدیاییەکان بخەنە بەر رەخنە و راڤەیان بکەن و سوود لە زانیارییەکانی رۆژ وەربگرن (شکرخواە،  ١٣٨٠). ئەم چەمکە لەسەر بنەمای لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون بنیادنراوە و پێویستیی پرسینی پرسیارگەلێک لەبارەی نوسەرەوە (کێ سەرقاڵی ناردنی پەیامە) و بۆچی (ناردنی پەیام)، نییەت (چۆن تاکەکان ئەم پەیامانە بەشێوەی جیاجیا راڤە دەکەن؟)، دیدگا (شێوازەکانی ژیان و بەهاکان چ شتێک دەخولقێنن؟)، شێوازگەلی بونیادی (بۆ سەرنجڕاکێشانی وەرگر سوود لە چ تەکنیکێک وەردەگرن؟) بەرهەمهێنان (ئێمە بە چ رێگایەک دەتوانین پەیامە میدیاییە کەسییەکانی خۆمان بخوڵقێنین؟) دەهێنێتە ئاراوە (شهرود امیر انتخابی، سید مسعود رجبی، ١٣٨٧، لاپەڕە: ٧٣). ئێستا ناوەندە حکوميی و ناحکومییەکان لە جیهاندا سەرقاڵی پێشکەشکردنی فێرکردنی خوێندەواریی میدیایین بە هاووڵاتیانیان و لەزۆرینەی وڵاتاندا لەوانە بەریتانیا، ئوسترالیا، فنلەندا، دانیمارک، سوید، فەرەنسا، ئەڵمانیا، هۆڵەندا، روسیا، کەنەدا، ئەمریکا، ئەفریقای باشور، مالیزیا و یابان، لە قۆناغە جیاوازەکانی خوێندندا بەشێوەیەکی جدی پەرەی پێدراوە و پەیڕەو دەکرێت (بهارە نصیری، سید وحید عقیلی، ١٣٩١، لاپەڕە: ١٤٠).

لە وڵاتە جیاوازەکاندا، شێوازەکان و رێژەی سەرکەوتوویی ئەمجۆرە لە فێرکارییە جیاوازە؛ بۆ نموونە وڵاتێکی وەک کەنەدا بە پێشینەیەکی درێژ لەبواری فێرکاریی خوێندەواریی میدیایی، بەیەکێک لەسەرکەوتووترین نموونەکانی فێرکردنی خوێندەواریی میدیایی لەجیهاندا دادەنرێت. ویلایەتی ئۆنتاریۆ لە کەنەدا، یەکەم شوێنە لە جیهاندا کە فێرکاریی خوێندەواریی میدیایی لە قوتابخانەکانیدا جێبەجێکرا، هەر لەبەرئەوە پسپۆڕانی خوێندەواریی میدیایی ئەو ویلایەتە بە “شوێنی پیرۆز” ناودەبەن (شبیری، بهار ١٣٩٦، لاپەڕە: ٣٤). خوێندەواریی میدیایی لە تۆرێنتۆ لەلایەن دامەزراوەی ئەنجومەنی خوێندەواریی میدیایی (Association Media Literacy-AML)ەوە ناسێنرا. ئەم ئەنجومەنە کە لە ساڵی ١٩٧٨ دامەزراوە، دامەزراوەیەکی خێرخوازییە کە ئەندامەکانی بریتیين لە مامۆستایانی خوێندنگە و زانکۆکان و تائێستا، رۆڵی رێبەريیان لە بواری خوێندەواریی میدیاییدا لە تۆرێنتۆ و لە کەنەدا بەگشتیی لەئەستۆدایە. ئەم ئەنجومەنە توانیویەتی خوێندەواریی میدیایی بەشێوەیەکی فەرمیی لە بەرنامەی خوێندنی قوتابخانەکاندا بگونجێنێت. بۆ ئەو مەبەستەش کتێبێکی خوێندن بەناوی خوێندەواریی میدیایی لەساڵی ١٩٨٩دا لە لایەن وەزارەتی پەروەردە و فێرکردنی ئەو وڵاتەوە بەهاوبەشیی لەگەڵ ئەنجومەنی خوێندەواریی میدیایی-دا چاپکرا. ئەوە یەکەم کتێبی بواری خوێندنی تایبەتە بە میدیاکان (بهارە نصیری، سید وحید عقیلی، ١٣٩١، لاپەڕە:١٤٥). سەرەکیيترین ئامانجەکانی فێرکردنی خوێندەواریی میدیایی لە کەنەدا، بەدەستهێنانی لێهاتووییە لەبەڕێوەبردنی ناوەڕۆکی میدیاکان، ناسینەوەی کارتێکەرەکان لە بەکارهێنانی میدیاداو بەرزکردنەوەو فراوانکردنی تواناکانە بۆ درووستکردنی گوتارێکی دیموکراسی (بهارە نصیری، سید وحید عقیلی، ١٣٩١، لاپەڕە: ١٤١). دەتوانین بڵێین؛ هەرچەندە خوێندەواریی میدیایی رەخنە لە میدیاکان دەگرێت، بەڵام ئەوە بە مانای سوودوەرنەگرتن لە میدیاکان و سنووردارکردنی تەماشاکردنی تەلەڤزیۆن نییە، بەڵکوو بە مانای تەماشاكردنی وردی تەلەڤزیۆنە. خوێندەواریی میدیایی؛ دۆزینەوەی ئامانجە سیاسییەکان و نمایشکردنەوەی لادانەکان نییە، بەڵکوو تێگەیشتنە لە کۆمەڵێک بابەت کە لە میدیاکاندا بە شێواز و رێسا ناودەبرێن (سپاسگر، زمستان ١٣٨٤، لاپەڕە: ١٣٣). خوێندەواریی میدیایی؛ بزوتنەوەیەکی دژە میدیایی نییە، چونکە بە ئاسانيی دەتوانێت هەماهەنگيی لەگەڵ تەواوی بنەماکاندا بکات و لەگەڵ ژیانی خوێندکاراندا بگونجێت و دەکرێت بۆ سەرگەرمیيش بەکاربێت. خوێندەواریی میدیایی؛ گەشەپێدانی خوێندەوارییە سەرەتاییەکانی وەک خوێندنەوە، نووسین، گفتوگۆ و گوێگرتنە کە هەموو ئەوانەش جەخت لە راڤەکردن، بەرهەمهێنان و بەکارهێنانی پەیامەکان دەکەنەوە (شهرود امیر انتخابی، سید مسعود رجبی، ١٣٨٧، لاپەڕە:٧١). هۆکارەکانی پێویستیی خوێندەواریی میدیایی لەسەر هەڵبژاردن و دەستەبژێرکردنی پەیام لەلایەن وەرگرەوە وەستاوە، چونکە میدیاکان مەبەست و ئامانجگەلی جۆراوجۆریان هەیە. بۆ ئەو مەبەستەش ئەنجومەنی خوێندەواریی میدیایی لە کەنەدا ئەم خاڵانەی خستۆتەڕوو (اکبر حسین‌زادە، مرتضی محمدی استانی، ١٣٨٩، لاپەڕە: ٧٢):

  1. پێکهاتەی میدیاکان: میدیاکان بابەتگەلێک دەگوێزێتەوە بۆ وەرگر کە پیشاندەری واقیعی پەیام و خواستەکانی ئەوانە.
  2. جیاوازيی لە خوێندنەوە بۆ پەیامەکان: خەڵک بە گشتی، وەرگران و سەردانکەرانی کتێبخانەکان لە رووی تەمەن، کولتوور، ئەزموون، بەهاکان و بیروباوەڕەکانەوە جۆراوجۆر و جیاوازن و ئاساییە کە لێکدانەوەی جیاوازیان بۆ ئەو بابەتانە هەبێت کە لە ماڵپەڕەکان، کتێبەکان و میدیای بینراوەوە دەیبینن.
  3. بەرژەوەندیی بازرگانيی میدیاکان: زۆربەی میدیاکان لێکدانەوەی بازرگانیيان بۆ بەرهەمەکانیان هەیە کە بەهەر شێوەیەک بێت لە پەیامەکانیاندا دەردەکەوێت.
  4. تێڕوانینی ئایدۆلۆژیايى و بەهاداريی میدیا: بەرهەمەکانی هەر میدیایەک پشتی بەو پەیامانە بەستووە کە لە ئەندێشە، بیروباوەڕ و تێڕوانینەکانیاندا هەیە و لێکدانەوە و شیکردنەوەی بابەتەکانیان دەتوانێت گرنگيی بە هەژموونی ئەم بابەتانە لە روانگەی کۆمەڵایەتيی و سیاسیيەوە بدات.
  5. زمان، شێواز و تەکنیکی میدیاکان: هەر میدیایەک خولقێنەری تەکنیک، شێواز، پێکهاتەی دەستەواژەکان و کۆدگەلی تایبەتە کە لە پێشکەشکردنی بەرهەمەکانیدا رەنگدەداتەوە، پەیوەندیيکردن لەگەڵ ئەمجۆرە لە نێرەردا بەشێوەیەکی ئاسایی و دیار دەتوانێت کاریگەريی لە ناسینی ئەواندا هەبێت.
  6. چەمکی بازرگانی، کۆمەڵایەتيی و سیاسيی میدیاکان: سروشت و ژیانی کۆمەڵایەتيی هەر رۆژنامە، گۆڤار و ماڵپەڕێک پێویستیی بە گواستنەوەی چەمکگەلی تایبەتە لە رەهەند و بەهای بازگانی، کۆمەڵایەتيی و سیاسيی ئەوان.
  7. پەیوەندیی نێوان شێواز و ناوەڕۆک لەهەر میدیایەکدا لەگەڵ یەکتریيدا: لەوێوە کە مەک‌لۆهان دەڵێت: “میدیا پەیامە.” ئاساییە کە میدیا جیاوازەکان کاریگەریی جیاواز لەسەر وەرگر دابنێن. خوێندەواریی میدیایی دەپرسێت؛ بۆچی پێویستە وەرگران وردتربن؟ چۆن دەتوانن خۆیان لە خووگرتنی زۆر بە میدیاکانەوە بپارێزن؟ بۆیە خوێندەواریی میدیایی؛ سوود لە لایەنێکی رەخنەگرانە وەردەگرێت و کۆمەڵیک بابەت دەخاتەڕوو کە زانیارییەکان لەنێویدا یارمەتیی فراوانکردنی گفتوگۆ و لێکۆڵینەوەکان دەدەن. ئەو بابەتانەش لاوەکیی و کەمبایەخ نین، بەڵکوو ئامانجەکانی میدیاکان ئاشکرا دەکەن و هانی خوێنەر دەدەن بۆ درووستکردن و دەربڕینی بیروبۆچوونەکانی خۆیان (شهرود امیر انتخابی، سید مسعود رجبی, ١٣٨٧, لاپەڕە ٨٠).

ئێلیزابێس سۆمەن (١٩٤٣-٢٠١٦) تویژەرێکی ئەمریکاییە و لە ساڵی ١٩٨٩دا ناوەندی خوێندەواریی میدیایی دامەزراندووە؛ سێ دەیە لە تەمەنی خۆی لە بواری خوێندەواریی میدیاییدا بەسەربردووە و پێیوایە خوێندەواریی میدیایی، فلتەرێکی داوەرییە کە تێیدا جیهانی پڕکراو بە پەیام لە چینەکانی فلتەری خوێندەواری میدیاییەوە تێدەپەڕن بۆ ئەوەی شێوازی رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ پەیامدا گونجاو و ماناداربێت. بەپێی پێناسەکەی سۆمەن؛ چینی یەکەمی ئەم فلتەرە گرنگیی پلان و بەرنامەڕێژیی تاک لە شێوازی بەکارهێنانی میدیادا لەخۆدەگرێت. لە چینی دووەمدا؛ وەرگر گرنگیی بە لایەنە شاراوە و هەستپێنەکراوەکانی میدیا دەدات و سەرقاڵی پرسیار و بابەتی قووڵ دەبێت، لەوانە: کێ پەیامە میدیاییەکان بەرهەم دەهێنێت؟ ئامانج لە ناردنی پەیام چییە؟ کێ سوود لەو پەیامانە وەردەگرێت، کێ زیانی لێدەکات؟ و…تد. چینی سێیەم؛ خۆی لە لێهاتووییە پێویستەکانی تەماشاکردنی رەخنەگرانەی میدیاکاندا دەبینێتەوە. بەم لێهاتووییانەوە، وەرگر دەست بە شیکردنەوە و راڤەکردن و پرسیار لەبارەی چوارچێوەی بەرهەمهێنانی پەیام و لایەنەکانی دەکات (شبیری، بهار ١٣٩٦، لاپەڕە:٤٣). ناوەندی خوێندەواریی میدیایی ئەمریکاش، خوێندەواری میدیایی بەهەبوونی شارەزایی لە چوار لێهاتووییدا دەبینێتەوە، لەوانە: دەستپێڕاگەشتن (Access)، واتە توانای دەستپێڕاگەشتنی زانیارییەکان لەو کاتەی کە پێویستمان پێیانە؛ شیکاریی (Analyze)، واتە توانای شیکارییكردنی ئەوەی کە دەستمانکەوتووە یاخود توانای کردنەوەی کۆدی پەیامە میدیاییەکان بەتێروانینێکی لۆژیکی؛ هەڵسەنگاندن (Evaluation)، واتە کورتکردنەوە و رێکخستنی ئەوەی کە وەک ئەنجام بەدەستمانهێناوە كە  لەم قۆناغەدا رێژەی بایەخداریی پەیامێک کە بە تێڕوانینێکی رەخنەگرانەوە کۆدەکانی کراوەتەوە لێکۆڵینەوەی لێدەکرێت؛ درووستکردن (Create)، واتە توانای درووستکردنی پەیوەندیی بەشێوەیەکی روون و بە تێڕوانین و بیرێکی ترەوە كە ئەم لێهاتووییەش توانای بەکارهێنانی تەکنیکی میدیا بۆ گەیاندنی پەیامی وەرگر بە کۆمەڵگەی ئامانجگیراو لەخۆدەگرێت (طلوعی، ١٣٩١، لاپەڕە ١٣٢). لەلایەکی ترەوە کۆمسیۆنی ئەوروپایی رەهەندەکانی خوێندەواریی میدیایی بەمشێوەیەی خوارەوە چڕدەكاتەوە  (انیل، ١٣٩٧، لاپەڕە: ١٠٩):

  1. هەستی ئاسوودەیی لەگەڵ هەموو میدیاکاندا؛ لەرۆژنامەکانەوە هەتا جیهانی گریمانەیی ئینتەرنێت.
  2. بەکارهێنانی چالاکانەی میدیاکانی وەک تەلەڤزیۆنەکان، بەکارهێنانی بزوێنەرە ئینتەرنێتییەکان یان بەشدارییکردن لە کۆبوونەوە ئینتەرنێتییەکان و سودوەرگرتن لە توانای میدیا بۆ کاتبەسەربردن، دەستەبەرکردنی کولتووری، گفتوگۆی نێوکولتووری، فێربوون و بەرنامەکانی بەکارهێنانی رۆژانەی ژیان؛ بۆنموونە لە رێگەی کتێبخانەکان، پۆدکاستەکان.
  3. هەبوونی روانگەیەکی رەخنەیی بۆ میدیا بە گەڕانەوە بۆ جۆر و وردیی لە ناوەڕۆکدا؛ بۆنموونە توانای هەڵسەنگاندنی زانیارییەکان، مامەڵە لەگەڵ ریکلام لە میدیا جیاوازەکاندا بە بەکارهێنانی بزوێنەرەکانی گەڕانی زیرەک.
  4. بەکارهێنانی داهێنەرانەی میدیا وەک تەواوکاریی تەکنەلۆژییە میدیاییەکان و بەشداریی زۆری ئینتەرنێت وەک کەناڵێکی دابەشکردنی؛ رێگەدەدات ژمارەیەکی زۆری تاکە ئەوروپاییەکان زانیاری، وێنە و ڤیدیۆ و ناوەڕۆک بەرهەمبهێنن و بڵاویان بکەنەوە.
  5. تێگەیشتن لە ئابووریی میدیا و جیاوازیی نێوان فرەیی (Pluralism ) و خاوەندارێتی میدیایی.
  6. بەئاگابوون لە بابەت و ئاریشەکانی مافی لەبەرگرتنەوە (Copy Right) کە بۆ کولتوورێکی یاسایی پێویستە، بەتایبەت بۆ چینی گەنجان کە توانای بەکارهێنەران و بەرهەمهێنەرانی ناوەڕۆک دووهێندەیە.

لە دیدگای فێرکردنەوە؛ وەرگرانی خوێندەواریی میدیایی منداڵان و مێردمنداڵان و خوێندکارانی زانکۆ و مامۆستایانن و لە تێڕوانینی گشتیشەوە خێزانەکان، بازرگانەکان، سیاسەتمەدارەکان و چالاکانی بواری مەدەنیی و كەسانی دیكەن. جۆری وەرگر کە لەم بابەتەدا جێی بایەخە و باسی لێوەدەکرێت؛ بریتییە لە گروپی منداڵان و خوێندکاران. لێرەوە پێداچونەوەیەک بە رۆڵ و کاریگەرییەکانی میدیا بەرچاوروونیی زیاترمان پێدەبەخشێت لەو کاریگەرییانەی کە میدیاکان هەیانە، بەتایبەت بۆ منداڵان (طاهریان، ١٣٨٧، لاپەڕە: ١٧٧).

  1. خۆشگوزەرانيی و کاتبەسەربردن: لەم سەردەمەدا و بەهۆی گوشاری زۆری کاری رۆژانە و بارودۆخی ژیانی مرۆڤ؛ پێویستی بۆ پشوودان زیاتر دەبێت و ئەگەر بەرنامەی میدیایی گونجاو نەبێت کە کاتە بەتاڵەکانی تاکەکان پڕبکاتەوە، ماندوویەتیان ناڕەوێتەوە و زیاتر هیلاک دەبن و لەنێودەچن. هاوكات میدیاکانیش هەمیشە رۆلێکی ئەرێنییان نییە و لە هەلومەرج و بارودۆخی جیاجیای سیاسی، کۆمەڵایەتیی و رۆشنبیریی تاکەکاندا رەنگە کاریگەریی نەخوازراوی کۆمەڵایەتییان لەسەردانێن.
  2. قبوڵکردنی کۆمەڵایەتی: واتە گونجاندنی تاک لەگەڵ بەها و تێڕوانینیە کۆمەڵایەتییەکاندا. ئەوەش وادەکات تاکەکان زانیاريی و لێهاتووییە کۆمەڵایەتییە پێویستەکان؛ بەمەبەستی بەشدارییەکی چالاک و کاریگەر لە ژیانی بەکۆمەڵدا بەدەستبخەن.
  3. فێرکردن و فێربوون: گرنگیی ئەرکی فێرکردنی هۆکارەکانی پەیوەندیی لە کۆمەڵگەی هاوچەرخدا بەڕادەیەکە کە هەندێک لە کۆمەڵناسان رۆڵی “فێرکردنی تەریب” یاخود “فێرکردنی هەمیشەیی” دەدەنە پاڵ میدیاکان. ئەو فێرکردنەی کە لە لایەن میدیاکانەوە پێشکەشدەکرێت، فێرکردنێکی چەند رەهەندییە. کۆمەڵناسان؛ بڕوایانوایە هۆکارەکانی پەیوەندیی بە پەخشکردنی زانیاریی نوێ، هاوتەریب لەگەڵ مامۆستایاندا ئەرکی فێرکردن بەجێدەگەیەنن و دەبنە تەواوکاری زانیارییە زانستیی و کولتوورییەکانی خوێندکاران. پاش تەواوکردنی خوێندنیش تاکەکان بۆ فراوانکردنی زانیارییەکانی خۆیان روو لە بەکارهێنانی ئامراز و هۆکارەکانی پەیوەندیی و میدیاکان دەکەن، بەمشێوەیە میدیاکان رۆڵی فێرکردنی هەمیشەیی خۆیان بەجێدەگەیەنن.

لەم سەردەمەدا؛ منداڵان لە ناوەندێکی چەند میدیاییدا دەژین و بە ئەندازەی ئەوەی کە دەخۆن و دەخەون، دەخوێننەوە و تەماشا دەکەن (شکرخواە، ١٣٨٠، لاپەڕە:٨١). ئێستا لەزۆربەی ماڵەکاندا؛ تەلەڤزیۆن، رادیۆ، بڵاوکراوەکان و کۆمپیوتەر هەیە. رەنگە بتوانین بەکارهێنانی میدیا لەلایەن منداڵانەوە کەمبکەینەوە، بەڵام ناتوانین لە میدیا جیایان بکەینەوە، لەبەرئەوە وا باشترە رێجیمێکی بەکارهێنانی میدیا و گفتوگۆی رەخنەگرانەیان پێبناسێنین و گرنگیی بەوە بدەین کە تا چ ئەندازەیەک تەماشای تەلەڤزیۆن بکەن، چەندێک یاری ئەلیکترۆنیی بکەن و چەند لە کاتی خۆیان بۆ گەڕان بەناو ئینتەرنێتدا تەرخان بکەن. بۆیە فێرکردن و فێربوونی خوێندەواريی میدیایی بۆ منداڵان لەئەدەبیاتی مۆدێرنی پەیوەندییەکاندا، وەک پێویستییەک هەژمار دەکرێت.

 

بۆچی خوێندەواریی میدیایی پێویستە؟

بەهۆی زۆربوونی هۆکارەکانی پەیوەندیی و میدیا بەگشتی، زیاتر لەرابردوو ئێمە و منداڵەکانیشمان لەبەردەم بۆمبارانی میدیاییداین. باشترین رێگە بۆ مانەوە لە تۆڕی زانیارییەکاندا کە بەهەموو لایەنەکانی ژیانماندا رۆچووە، پاراستنی سەربەخۆیی، دوورکەوتنەوە لە کاردانەوە، سودوەرگرتن لە بیرکردنەوەی رەخنەگرانە و فراوانکردنی لێهاتووییەکان و تواناکان لەمامەڵەکردن لەگەڵ ئەم شەپۆلانەدا هەمەلایەنەیە. ئەمەش تەنیا لە رێگەی تەواوکاریی خوێندەواریی میدیاییەوە دەستەبەردەبێت. یەکێک لە رێگاکانی گرنگییدان بە هەر بابەتێک و شتیکی نوێ لەپرۆسەی فێرکردندا بریتییە لە کاریگەریی ئەو دەرکەوتەیە لە زەمینەی فیکریی فێرخوازاندا کە پێویستیی گرنگییدان بەو بوارە دێنێتە کایەوە. لەبەرئەوە خوێندەواریی میدیاییش لەهەناوی وەها پرۆسەیەکەوە شوێنی خۆی لەنێو فێرخوازاندا کردۆتەوە. باری دۆنکان؛ ئەندامی ئەنجومەنی خوێندەواریی کەنەدا، خوێندەواریی میدیایی بە وەڵامێک لەبەرامبەر ئەو کێشانەدا دادەنێت کە بەهۆی میدیاکانەوە سەرهەڵدەدەن. دۆنکان؛ پێویستیی فێربوونی خوێندەواریی میدیایی لەم خاڵانەی خوارەوەدا دەبینێتەوە (بابایی‌راد، ١٣٨٧، لاپەڕە: ١٤٥):

  1. میدیاکان دەسەڵاتیان بەسەر ژیانی کولتووريی و سیاسيی ئێمەدا هەیە.
  2. بەنزیکی؛ هەموو زانیارییەکان جگەلەوانەی کە بەشێوەیەکی راستەوخۆ ئەزموونیان دەکەین، بەمیدیاییکراون.
  3. میدیاکان بەبێ ئەوەی هەستمان چالاک بکەن کاریگەرییان لەسەر دادەنێن.
  4. خوێندەواریی میدیایی دەتوانێت بەکارهێنانی میدیایی ئێمە بەچێژتر بکات و پەیوەندییەکی ناچالاک بۆ پەیوەندییەکی چالاك بگۆڕێت.
  5. میدیاکان دەتوانن مۆدێلی بەها و رەفتاری بەهێز بخولقێنن.

خوێندەواریی میدیایی نەک هەر بۆ گەورەكان، بەڵکوو لێهاتووییە پێویستەکان بۆ درووستکردنی پەیوەندییەکی هۆشیارانەو رەخنەگرانە لەگەڵ میدیا فێری منداڵانیش دەکات و لەهەمانکاتیشدا تێڕوانینێکی ورد و شیکارییانە بۆ میدیای نوسراو، بینراو و بیستراو فەراهەمدەکات (علی اکبر فرهنگی، بهارە نصیری، ١٣٨٧، لاپەڕە:٩٢). لەرووبەڕووبوونەوەدا لەگەڵ پەیامە میدیاییەکاندا؛ گرنگە ئەم خاڵانەی خوارەوە رەچاو بکرێن تا بەئاسانیی نەکەوینە ژێر کاریگەریی شەپۆلە ئەلیکترۆنییە میدیاییەکانەوە (علی اکبر فرهنگی، بهارە نصیری، ١٣٨٧، لاپەڕە: ٩٤):

  1. وەرگرتنی هۆشیاری تەواو سەبارەت بە بەکارهێنانی میدیاکان. واتە یارمەتیيدانی خەڵک لە تێگەیشتن لەوەى کە بەرنامە میدیاییەکان چۆن رێکدەخرێن و چ شتێک لادەبرێن؟ میدیاکان چۆن درک و تێگەیشتنی ئێمە بۆ جیهانی چواردەورمان رێکدەخەن؟ بەتايبەت لە رێگە نایەبەکانی یارمەتیيدانی ئەوان؛ لەبەرەوپێشبردنی ژیانیان لە کۆمەڵگەیەکی جیهانيی و تەکنەلۆژیيدا.
  2. مامەڵەی رەخنەگرانە لەگەڵ ناوەڕۆکی میدیاکاندا.
  3. شیکاریی زەمینە کولتووری، کۆمەڵایەتی، ئابووريی و ریکلامیيەکانی ناوەندە میدیاییەکان.
  4. میدیاکان، شوێنی بەهاکان و تێڕوانینەکان دەگرنەوە.
  5. تێگەیشتنی کەسانی جیاواز بۆ یەک پەیامی میدیایی جیاوازە.

 

لەکوێ خوێندەواریی میدیایی پێشکەش بکرێت؟

وەڵامی ئەم پرسیارە هێشتا لەژێر لێکۆڵینەوەدایە؛ رەنگە لەبەرئەوەی خوێندەواریی میدیایی بوارێکی فێرکردنی نوێیە و هێشتا گفتوگۆی زۆر هەڵدەگرێت، یەکلانەبۆتەوە کە ئایا ئەم فێرکردنە لە ئەستۆی خێزانەکانە یان سیستمی فەرمیی وڵات یان لەئەستۆی خودی بەکاربەرە؟ باکینگهام؛ لە کتێبی فێرکردنی میدیایی (Media Education)دا؛ هەندێک پێشنیاز دەکات لەوانە: “پسپۆڕییەکی ئەکادیمی سەربەخۆ”، “فێرکردن لەناو وانەکاندا”، “فێرکردنی میدیایی وەک وانەیەکی سەربەخۆ لەناو پۆل و قوتابخانەکاندا” و “فێرکردن لە رێگەی تەکنیکەکانی زانیاریی و پەیوەندییەکانەوە”. ئەو؛ لە روونکردنەوەی فێرکردنی میدیایی سەربەخۆ لەناو پۆلدا، ئاماژە بۆ رۆڵی کڵێسا وەک ناوەندێکی ئایینی، گروپی چالاکییە مەدەنییەکان و دایکان و باوکان دەکات. هەروەها بە جەختکردنەوە لە رۆڵی فێرکردنی میدیایی لە رێگەی تەکنیکەکانی زانیارییەکان و پەیوەندییەکانەوە، بڕوای وایە کە بۆی هەیە تەکنیکە نوێیەکان سنووری نێوان قوتابخانە و زۆرێکی تر لە ناوەندەکانی فێربوون بخەنە ژێر پرسیارەوە و فەرهەنگی دیجیتاڵ لەو بوارەدا ببێتە شوێنی فێربوون (شبیری، بهار ١٣٩٦، لاپەڕە:٤٩). هەرچەندە میدیاکان لەلایەکەوە رکابەری زانست و زانیارییەکانی چالاکییە فێرکارییەکانی پەروەردە و فێرکردنن و لەلایەکی ترەوە رەخسێنەری چالێنجە هزریی و کردارییەکانن لەناو هاووڵاتیاندا، هەربۆیە خوێندەواریی میدیایی گرنگە، بەڵام فێرکاریی خوێندەواریی میدیایی بۆ منداڵان و خوێندکاران بەمەبەستی هەڵبژاردنی بژاردە میدیاییە گونجاوەکان و بەرزکردنەوەی هۆشیاری و زیندوویی میدیاکانیان، چالێنجێکە کە رووبەڕووی چالاکوان و ستافی پەروەردە و فێرکردن و ئەو کەسانە دەبێتەوە کە دەزانن بۆ چارەسەری کۆمەڵگەکەیان لەم سەردەمەدا؛ پێویستە سیستمی داخراو و تاکلایەنەی میدیاکان، بۆ شێوازی دوولایەنەی گفتوگۆ، کار و کاردانەوە لەگەڵ یەکدی و لەگەڵ میدیاکانیش بگۆڕن. لە کۆتاییدا دەکرێت بڵێین؛ هێزی میدیاکان لەوەدایە کە وەرگران بەشێوەیەکی نەویستراو لەگەڵ تێڕوانینێک، رەفتار و گوتارێکی تایبەتدا هاوڕا دەکرێن. لەبەرئەوە خوێندەواریی میدیایی بەتەنیا ئەوە نییە کە وەرگر بزانێت چۆن مامەڵە لەگەڵ میدیاکاندا بکات، هێندەی تێگەیشتنیەتی لە ئامانجەکان و کاریگەرییەکانی میدیاکان و چۆنیەتی گۆڕینی بیروبۆچونیان لەلایەن میدیاکانەوە. بۆ ئەو مەبەستەیش لەهەرێمی کوردستاندا پێویستە وانەیەکی سەربەخۆ لە قوتابخانەکان و تەنانەت لە زانکۆکانیش بخرێتە ناو پرۆگرامی خوێندنەوە، بۆئەوەی منداڵان و خوێندکاران کە بەکارهێنەرانی سەرەکیی میدیاکانن لە کاریگەرییەکانی پەیامە میدیاییەکان وردببنەوە و تێبگەن کە ئامانجی میدیاکان چییە و چۆن بەبێ ئەوەی ئەوان بیانەوێت بەشێوەیەکی زیرەکانە بیروبۆچوون، کردار و رەفتارەکانیان ئاڕاستە دەکەن. بەوەش بتوانن بە درووستیی رووبەڕووی ئەو پەیامەنە ببنەوە و مامەڵەیەکی رەخنەگرانەیان لەگەڵدا هەبێت؛ لە بەرکارێکی ناچالاکەوە بۆ بەرکارێکی چالاک بگۆڕدرێن، بە شێوەیەک پەیامە جیاوازە میدیاییەکان بتوانن کەمترین کاریگەرییان لەسەر دانێن و ئاڕاستەیان بکەن.  

پەڕاوێز و سەرچاوەکان:

  1. اکبر حسین‌زادە، مرتضی محمدی استانی. (١٣٨٩). سواد رسانەای، ضرورت دنیای امروز. کتاب ماه کلیات، ١٥٣ (اطلاعات، ارتباطات و دانش‌شناسی)، 70-76.
  2. انیل، ب. (١٣٩٧). سواد رسانەای و حقوق ارتباطات: فردگرایی اخلاقی در محیط جدید. (ت. ه. الوندی، پێداچوونکار) ویژەنامە سواد رسانەای.
  3. بابایی‌راد، ب. (١٣٨٧). سواد رسانەای و گسترش توسعە انسانی. پژوهشنامە سواد رسانەای ٢٢، ٢٢ (سواد رسانەای-مقالەها و خگابەها).
  4. بهارە نصیری، سید وحید عقیلی. (١٣٩١). بررسی ا‌موزش سواد رسانەای در کشورهای کانادا و ژاپن. فصلنامە نوێ‌وری‌های ا‌موزشی, ٤١ (علمی پژوهشی)، 137-162.
  5. سپاسگر، م. (زمستان ١٣٨٤). رویکردی نظری بە سواد رسانەای. فصلنامە پژوهش و سنجش، سال دوازدهم، ٤٤.
  6. سید رضا صالحی امیری، سید مسعود رجبی. (١٣٨٧). ضرورت سواد رسانەای. پژوهشنامە سواد رسانەای ٢٢، ٢٢ (سواد رسانەای- مقالەها و خطابەها)، 13-31.
  7. شبیری، ع. ح. (بهار ١٣٩٦). ا‌موزش سواد رسانەای در فضای مجازی (مقایسە وب‌سایت مدیااسمارتس کانادا و وب‌سایت سواد رسانەای ایران). فصلنامە مطالعات رسانەهای نوین.، ٩، ٣١-٧٦.
  8. شکرخواە, ی. (١٣٨٠). نیاز مخاگبان بە سواد رسانەای. فصلنامە پژوهش و سنجش، ٢٦.
  9. شهرود امیر انتخابی، سید مسعود رجبی. (١٣٨٧). بررسی و تحلیل سطوح مختلف رسانەای. پژوهشنامە سواد رسانەای ٢٢، ٢٢ (سواد رسانەای- مقالەها و خطابەها)، ٥٧-٨٣.
  10. شهناز هاشمی، زهرا رضایی. (١٣٨٧). گژری بر سواد رسانەای. پژوهشنامە سواد رسانەای ٢٢، ٢٢ (سواد رسانەای-مقالەها و خطابەها).
  11. طاهریان، م. (١٣٨٧). سواد رسانەای؛ ا‌موزش رسانەای کودکان و نوجوانان. پژوهشنامە سواد رسانەای ٢٢، ٢٢ (سواد رسانەای-مقالەها و خطابەها).
  12. طلوعی، ع. (١٣٩١). سواد رسانەای؛ درێ‌مدی بر شیوە یادگیری و سنجش، . تهران: دفتر مطالعات و برنامەریزی رسانەها.
  13. علی اکبر فرهنگی، بهارە نصیری. (١٣٨٧). ارتباطات اجتماعی سالم با رسانەها از طریق سواد رسانەای. پژوهشنامە سواد رسانەای، ٢٢ (سواد رسانەای-مقالەها و خطابەها)، ٨٥-١٠٣.
  14. مک‌لوهان, ه. م. (١٣٧٧). برای درک رسانەها ( چاپ اول). (س. اذرى، وەرگێڕ) تهران: مرکز تحقیقات، مطالعات و سنجش برنامەای صدا و سیما.
  15. هاشمی، د. ب. (١٣٩١). اهمیت ا‌موزش سواد رسانەای در قرن بیست و یکم. مطالعات رسانەای، ١٨، ١٤٩-١٥٩.

*مامۆستای یاریدەدەر لە بەشی تەکنیکی میدیاى کۆلێژی تەکنیکی کارگێڕيی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی.

دەنگدان

بە بڕوای تۆ راگەیاندنەكان لەهەرێمی كوردستاندا؛ ناسەربەخۆن؟