چمک، سلێمانی: یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان ڕێكخراوی چاودێریی میدیای كوردیی و زانكۆی سلێمانی واژۆکرا؛ ئەوەیش دەبێتە دەستپێکی کاراکردنی ڕاسپاردەکانی «دووهەمین کۆڕبەندی نیشتیمانیی چمک بۆ ڕیفۆرمی میدیایی» کە لە ڕۆژانی 26 و 27ی ئایاری 2025دا لە هۆڵی کۆنگرێسی زانکۆی سلێمانی ڕێکخرا.
ئەو یاداشتنامەیە لە ڕۆژی چوارشەممە (04ی حوزەیرانی 2025)دا؛ لەنێوان سەرۆکی زانکۆی سلێمانی بەوەکالەت، پ.ی.د.زانا مەحموود حەسەن و سەرۆکی ڕێكخراوی چاودێریی میدیای كوردی، پ.ی.د.شوان ئادەم ئەیڤەس بە ئامانجی هەرچی زووتر بەهێزکردنی پەیوەندیی و هەماهەنگیی لەسەرپێخستنی پڕۆژە و پلان و پڕۆگرامە هاوبەشەکانی نێوانیان واژۆکرا.
بەپێی ناوەڕۆکی یاداشتنامە واژۆکراوەکە؛ هەردوولا کار لەسەر بەرفراوانکردنی سنوورەکانی «ئازادیی دەربڕین و رۆژنامەگەریی و دیموکراسییەتی میدیایی» و «ڕێکخستنی کۆڕ و مێزگرد و پەنێڵ و کۆنفرانس و کۆڕبەند، لەگەڵ خولی مەشق و راھێنان و ڕاوێژکاریی بەردەوام بۆ چین و توێژە جیاوازەکان یاخود دەزگە و دامەزراوەکان، بەتایبەت لە ڕووی میدیایی، کارگێڕیی و سەرکردایەتییەوە» دەکەن. هاوکات لەسەر «ئامادەکردن و پێشکەشکردنی پێشنیازنامەی ھاوبەش بۆ گەڵاڵەکردنی پێشنیازەیاسا لەو بوارانەی کە پێویست و ھەنوکەیین لەگەڵ کارکردن لەسەر ھەموارکردنەوەی ئەو یاسا و ڕێنماییانەی پێشتر لەبارەی رێکخستنی ناوڕۆکی راگەیاندن-ەوە، دەرچووێنراون» کار دەکەن.
زانکۆی سلێمانی؛ لەساڵی 1968دا دامەزراوە و ئێستا 21 کۆلیژ لەخۆدەگرێت. ئەم زانکۆیە کار بۆ بنیاتنانی جیهانێک دەکات کە تێیدا هەموو تاکەکان دەرفەتیان هەبێت تەواوی تواناکانیان نیشانبدەن و بەشدارییەکی مانادار لە چالاکییەکانی کۆمەڵگەدا بکەن. دیدگەی زانکۆ بۆ داهاتوو؛هێنانەکایەی کولتووری داهێنان و فێربوونی هەمیشەییە، هەروەها ڕەخساندنی ژینگەیەکی لەباریشە کە هانی خوێندکار، مامۆستا و ستافەکەی بدات بۆ بیرکردنەوەی ڕەخنەیی، ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان و گەڕان بەدوای خولیاکانیاندا. زانکۆی سلێمانی؛ ئامانجییەتی کە پێشەنگ بن لە پێشخستنی زانست و چارەسەرکردنی کێشە جیدییەکاندا، ئەوەش لەڕێگەی توێژینەوەی پێشکەوتوو، پەروەردەی گۆڕانکاری-دروستکەر و بەشداریی مانادار لە کۆمەڵگەدا.»
چاودێریی میدیای كوردی (چ .م .ك)؛ ڕێکخڕاوێکی ناحكوومیی، قازانجنهویستی، سهربهخۆییه؛ لەساڵی 2017دا لەلایەن چەند ڕۆژنامەوان و كەسایەتییەكی ئەكادیمییەوە لەهەرێمی كوردستانی عێڕاق دامەزراوە. کار بۆ چاودێرییكردن، ههڵسهنگاندن، ڕاپۆڕتكردن و توێژینهوهی خهوش و پێشلكارییه پیشهییهكانی میدیا و ڕهوشی ڕۆژنامهگهری كوڕدیی دەکات. جهختكردنهوهی سهرهكیی ئهم ڕێكخراوه، لهسهر بهرزكردنهوهی ئاستی هۆشیاری مافهكانی تاكهكهس و كۆمهڵگهی كوردییه لهههمبهڕ پهڕاوێزخستن و دهستێوهردانی ناپیشهیی میدیا و میدیاوانانی كوردستان. چالاكیی و پڕۆژهكانی ئهم ڕێكخراوه بۆ ڕووماڵكردنی بهرههمه جۆربهجۆڕهكانی میدیای كوردییه، بهمهبهستی گهڵاڵهكردن و خستنهڕووی كارنامهیهكی پیشهییتری كرداریی بۆ ڕاستكردنهوهی ههڵه باوهكانی میدیا و شێوازی كاركردنی میدیاوانانی كوڕدستان