پرۆژە و پرۆگرام و پلانەكانی رێکخراوى چاودێریی میدیای كوردی*

  • ئامادەكردنی: دەرگاوان

چاودێریی میدیای كوردی (چمك)؛ بەپێی یاسای ژمارە 01ی ساڵی 2011ی پەرلەمانی كوردستان و بە کۆدی ژمارە 4041-L لەفەرمانگەی رێکخراوە ناحکومییەکاندا وەك رێکخراوێکی ناحكومی، قازانجنه‌ویستی، سه‌ربه‌خۆ تۆماركراوە كە لە تشرینی دووەمی 2017دا لەلایەن چەند كەسایەتییەكی ئەكادیمیی و توێژەرێكی میدیاییەوە لە هەرێمی كوردستاندا دامەزراوە بۆ چاودێرییكردن، هه‌ڵسه‌نگاندن، راپۆرتكردن‌ و توێژینه‌وه‌ی خه‌وش ‌و پێشلكارییه‌ پیشه‌ییه‌كانی میدیا و ره‌وشی رۆژنامه‌گه‌ری كوردی. جه‌ختكردنه‌وه‌ی سه‌ره‌كیی ئه‌م رێكخراوه؛ له‌سه‌ر به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی هۆشیاری تاكه‌كه‌س ‌و كۆمه‌ڵگه‌ی كوردییه‌ له‌هه‌مبه‌ر په‌ڕاوێزخستن ‌و ده‌ستتێوه‌ردانی ناپیشه‌یی میدیا و میدیاوانانی كوردستاندا. چالاكیی ‌و پرۆژه‌كانی؛ بۆ رووماڵكردنی به‌رهه‌مه‌ جۆربه‌جۆره‌كانی میدیای كوردییه‌، به‌مه‌به‌ستی گه‌ڵاڵه‌كردن ‌و خستنه‌ڕووی كارنامه‌یه‌كی پیشه‌ییتری كرداریی بۆ راستكردنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌ باوه‌كانی میدیا و شێوازی كاركردنی میدیاوانانی كوردستان. بەپێی پێڕەو و پرۆگرامی ناوخۆ؛ رێكخراوی چمك چەند ئامانجێكی گشتیی و تایبەتیی هەیە كە لە رێگەی چەند میكانیزمێكی دیارییكراوەوە كار لەسەر بەدیهێنانیان دەكات، لەوانە:

یه‌كه‌م: ئامانجه‌ گشتییه‌كان؛ کارکردن له‌پێناو بنیاتنانی رۆژنامه‌گه‌رییه‌كی پیشه‌یی هاوچه‌رخ ‌و هه‌رچی زووتر رێكخستنه‌وه‌ و باشتر به‌رهه‌مهێنانی میدیایه‌كی كوردیی به‌رپرسیار و هاوسه‌نگدا. هه‌روه‌ها جه‌ختكردنه‌وه‌ له‌سه‌ر پاراستنی ئاشتی كۆمه‌ڵایه‌تیی ‌و ئاڕاسته‌كردنی كۆمه‌ڵگە به‌ ئاقاری لێبورده‌یی، پێكه‌وه‌ژیان ‌و قبوڵكردنی جیاوازییه‌كانی یه‌كتری. كاركردنی ئه‌م رێكخراوه‌ به‌جۆرێكه‌ كه‌ ئامانجه‌كانی به‌ روون‌ و راشكاوی له‌گه‌ڵ بنه‌ماكانی دیموكراسیی  ‌و په‌یماننامه ‌و رێككه‌وتنامه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی تایبه‌ت به ‌مافه‌كانی مرۆڤ، ئازادیی ده‌ربڕین‌ و رۆژنامه‌گه‌ریی‌ و به‌ڵێننامه‌ی ئیتیكی فیدراسیۆنی نێوده‌وڵه‌تیی رۆژنامه‌نووساندا بگونجێن.

دووەم: ئامانجه‌ تایبه‌تییه‌كان؛ لە رێی چاودێرییكردن ‌و هه‌ڵسه‌نگاندنی دوایین گه‌شه‌سه‌ندنه‌كانی میدیای كوردیی له‌رووی ناوه‌ڕۆك ‌و كواڵیتی به‌رهه‌مه‌ بیستراو، بینراو و چاپكراوه‌كانه‌وه‌. هاوكات مه‌شقپێكردن ‌و راهێنانی نه‌وه‌ی نوێی رۆژنامه‌نووسان له‌سه‌ر شێوازه‌كان‌ و پێوه‌ره‌كانی پیشه‌ی رۆژنامه‌نووسیی له‌رووی یاسایی ‌و ئیتیكییه‌وه‌. هەروەها چاودێرییكردنی دیارترین دیارده ‌و ده‌رهاویشته‌كانی میدیای كوردیی ‌و شیكردنه‌وه‌ی كواڵیتی ناوه‌خنه‌كانیان و هه‌ڵسه‌نگاندنی ئاستی ئازادیی ده‌ستگه‌یشتن به ‌سه‌رچاوه‌كانی زانیاری، ئازادیی ده‌ربڕین ‌و رۆژنامه‌گه‌ری، پاراستنی مافی تایبه‌تمه‌ندێتیی تاكه‌كه‌س له‌گه‌ڵ به‌دواداچوون بۆ توندوتیژییه‌ به‌رهه‌مهێنراوه‌كانی میدیای كوردیی ‌و ئاستی ده‌ستێوه‌ردانی بۆ نیو ژیانی تایبه‌تیی كه‌سه‌كان، به‌تایبه‌ت له‌سه‌روه‌ختی ململانێ سیاسییه‌كان ‌و هه‌ڵمه‌تی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كاندا. ئەوە جگە لە ئاشناكردن ‌و ناساندنی خوێنه‌رانی كوردزمان؛ به ‌دوایین پێشكه‌وتنه‌كانی بواری میدیا و رۆژنامه‌گه‌ریی له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆ، هه‌رێمیی‌ و نیوده‌وڵه‌تی.

خاڵی جیاكەرەوەی رێكخراوی چمك

ئەوەی چمك لە رێكخراوەكانی دیكەی كۆمەڵگەی مەدەنیی جیادەكاتەوە؛ جیاوازی جۆری رووانین و ئامانج و رێڕەوی كاركردنییەتی، لەوانە: چاودێرییكردن و رێكخستنی پیشەیی و یاسایی بەردەوامی ناوەڕۆكی ئەو پەیام و بەرهەمانەی لەلایەن میدیاوان و میدیای كوردییەوە چاپ و پەخش و بڵاودەكرێنەوە. رێكخراوی چاودێریی میدیای كوردی؛ روانینێكی روون و بیركردنەوەیەكی رەخنەگرانەی بۆ دۆخی راگەیاندن و رۆژنامەگەریی كوردیی هەیە و دەیەوێت لە رێی پرۆژە و پلان و پرۆگرامی پێشوەخت بیرلێكراوەوە، هەنگاو بەهەنگاو ئامانجەكانی لەسەر ئاستی پیشەیی، یاسایی، ئەكادیمیی بەدیبهێنێت. هاوكات بەچاوی هاوبەرپرسیارێتییەوە دەڕوانێتە كار و چالاكییەكانی كایە و كەرتی حكومیی و ناحكومیی و حزبیی و دەستپێشخەری بەردەوامیشی بۆ هەریەكەیان هەیە. ئەوەیش لەرێی پێشكەشكردنی پرۆژە و پێشنیازی واقیعیی و لۆژیكیی دیراسەتكراوەوە كە بەداخەوە لە رووی كواڵیتییەوە؛ میدیای كوردیی ئێستا لە پاشاگەردانیی و سەرلێشوانێكی بێوێنەدایە و هیچ بەرهەمهێنەر و بەكارهێنەرێكی، ئیرەیی بە بەرهەمی میدیایی و گوتاری میدیایی و پەیامی میدیایی نابات. دیارە ئەو بارودۆخەش؛ زیاد لە هۆكارێكی بابەتیی و خودیی هەیە و رێكخراوی چمك لە رێی چالاكییەكانییەوە بەشێكیانی وروژاندووە، بە ئامانجی بە كێشەكردنیان و هەرچی زووتر گەڕان بەدوای چارەسەری گونجاودا بۆیان.

چاپكراو و چالاکییەكانی چمك

هەڵبەت  لەپێناو بەدیهێنانی ئامانجەكانییدا؛ رێكخراوی چاودێریی میدیای كوردی (چمك)؛ پتر لە شێوازێكی كاركردنی هەبووە بۆ كاراكردنی پلان و پرۆژە و پرۆگرامەكانی لەرێی چالاكیی جۆربەجۆری پیشەیی، یاسایی و ئەكادیمیی لەگەڵ هەریەك لە زانكۆكانی هەڵەبجە، راپەڕین، چەرموو، گەشەپێدانی مرۆیی، كۆمار بۆ زانست و تەكنۆلۆژیا لەگەڵ رێكخراوە نێودەوڵەتییەكانی وەك ئایرێكس و كونسوڵخانەی ئەمەریكا لە عێراق و هەرێمی كوردستاندا و رێكخراوە ناوخۆییەكانی وەك گەشەپێدانی مەدەنییەت و فیدراسیۆنی رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنیی و بەڕێوەبەرایەتیی رۆشنبیریی و هونەر لە سلێمانی، لەوانە: رێكخستنی دەیان خولی راهێنانی رۆژنامەوانیی و كۆڕ و مێزگردی رەخنەیی لەسەر خەوش و خەونەكانی میدیاوان و میدیای كوردی، رێكخستنی یەكەمین كۆڕبەندی نیشتمانیی بۆ ریفۆرمی میدیایی، لەگەڵ رێكخستنی چەندین سیمپۆزیۆم لەبارەی خوێندن و پەروەردەی میدیایی، میدیا و مێسالاریی لەهەرێمی كوردستاندا، رۆڵی میدیا لە ناساندنی جینۆسایدی ئەنفالدا، دیجیتەڵمیدیای كوردیی لە بەرفراوانكردنی ئازادیی رادەربڕینەوە بۆ تیرۆری كەسایەتی. ئەوە جگە لە بەشدارییكردن لە داڕشتنی چەندین پێشنیازە یاسای وەك ئەنجومەنی نیشتمانیی میدیا و رێكخستنی ریكلامی بازرگانیی و بەرهەمهێنانی دەیان پرۆگرامی تەلەڤزیۆنیی و رادیۆیی بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخی راگەیاندن و رۆژنامەگەریی و سەرپێخستنی پرۆژەی زنجیرە چاپكراوەكانی رێكخراوی چاودێریی میدیای كوردیی و ئێستاش كاركردن لەسەر ئامادەكردنی گۆڤارێكی تایبەتمەند بە پەروەردەی میدیایی بۆ پێگەیاندن و تێگەیاندنی نەوەی نوێی رۆژنامەوانان لە هەرێمی كوردستانی بندەستی عێراقدا.

پرۆژە و پلانەكانی چمك

بەئامانجی باش پەروەردەکردنی نەوەی نوێی میدیاوانان و پڕکردنەوەی بۆشاییەکی رۆژنامەوانیی و دابینكردنی سەرچاوەیەكی سەرەكیی بۆ خوێندكارانی بەشە زانستییەكانی راگەیاندن و رۆژنامەگەری، تەكنیكی میدیا، دیجیتەڵمیدیا، پەیوەندییە گشتییەكان و بازاڕگەریی لە زانكۆ و پەیمانگەكان و نێوەندە پیشەییەكانی پێگەیاندنی رۆژنامەوانان، بۆ یەکەمجار پرۆژەی چاپکردن و بڵاوکردنەوەی دەرگاوان؛ وەک گۆڤارێکی تایبەتمەند بە خوێندن و پەروەردەی میدیایی لە هەرێمی كوردستاندا لەلایەن رێکخراوی چاودێریی میدیای کوردی (چمک)ەوە دەخرێتە بەر دەست و دیدەی خوێنەرانی. ئەم گۆڤارە لە پلانیدایە كە كار لەسەر چەند تەوەرێك بكات، لەوانە: خوێندن و پەروەردەی میدیایی، رێنمایی و ھۆشیاری میدیایی، راز و رێبەری میدیایی، تێز و توێژینەوەی میدیایی، مژار و مێزگردی میدیایی، دیدار و دیڤچوونی میدیایی، ھەڵبژاردە و ھەڵسەنگاندنی میدیایی، دۆز و دۆسییەی میدیایی،کاریکاتێر و تەنزی میدیایی، پرۆژە و چالاکیی میدیایی، چاپکراو و بەرھەمی میدیایی. هەموو ئەو تەوەرانەیش لەپێناو راهێنان و تێگەیاندن و پێگەیاندن و باش پەروەردەكردنی نەوەی نوێی رۆژنامەواناندایە كە بە داخەوە ئێستا بەشێكی زۆریان بەبێ دەستگرتن و چاودێریی دەرگاوانێكی پیشەیی و ئەكادیمیی هاتوونەتە نێو بوارەكە و زۆرجار بە ئەنقەست و بە مەبەست بەكاردەهێنرێن یاخود هەندێجار لەنەزانیی و ناهۆشیاریی خۆیانەوە دەكەونە نێو هەڵەی گەورەی رۆژنامەوانییەوە.

ئەگەر وەك پێویست سپۆنسەری هەبێت؛ گۆڤاری دەرگاوان مەبەستییەتی تێزی دەرگاوانیی (Gatekeeping) لە پرۆسەی بەرهەمهێنان و بەكارهێنانی پەیامی میدیاییدا لەلای وەرگر و نەوەی نوێی میدیاوانان زیندوو بكاتەوە و كایەی رۆژنامەگەرییش بكاتەوە بە “پیشەی گەڕان بە دوای سەرئێشەدا” كە بەداخەوە میدیای كوردیی ئێستا خۆی بووەتە سەرئێشە و دۆخی لە دۆخی نەخۆشێك دەچێت كە نەخۆشیی زەهایمەری هەبێت، چونكە زوو زوو ئەرك و ئامانج و رۆڵ و مافی پیشەیی خۆی لەبیردەچێتەوە یاخود لەبیری دەبرێتەوە. بە واتایەكی دیكە؛ ئەم گۆڤارە ئامانجیەتی بنكۆڵكاریی و بەدواداچوونی رۆژنامەوانیی شوێنی دانیشتنی پشت مێز و تۆمەتباركردنی نێو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، رەخنەگرتن و پێشنیازی بیرلێكراوە شوێنی جنێودان و دەستوەردانە نێو ژیانی تایبەتیی كەسەكان و  بیركردنەوەی رەخنەیی شوێنی بێدەنگیی و بێدەربەستیی رۆژنامەوانان بگرێتەوە. گۆڤارەكە زۆرتر وەك رێبەرێكی پەروەردەیی دەبێت؛ بۆ باش پەروەردەكردنی میدیاوانان لەو كەرت و كایانەی كە لە ژیانی پیشەییاندا پێویستیان پێیدەبێت. رێكخراوی چاودێریی میدیای كوردی (چمك)؛ بۆچوونێكی نەرێنیی لەسەر دۆخی راگەیاندن و رۆژنامەگەریی لەهەرێمی كوردستاندا هەیە، چونكە پێیوایە كایەكە لەدەستی پیشەوەرانی بوارەكە دەرچووە یاخود دەرهێنراوە. ئێستا سیاسییەكان و بازرگانەكان و نێوەندە هەواڵگرییەكان هەڵوێست و هەژموونی خۆیان بەسەر پەیام و بەرهەم و گوتاری میدیاییدا دەسەپێنن و ئاڕاستەی دەكەن. هەربۆیە بەشێكی زۆری میدیاوان و میدیای كوردیی رۆڵی پیشەیی خۆی نابینێت و تاڕادەیەكیش هێندەی بەربەست هەیە، هێندە دەرفەت لەبەردەم ئازادییەكانی دەربڕین و رۆژنامەگەریی و مافی دەستگەیشتن بە سەرچاوەی زانیارییەكان نییە. لێرەشەوە؛ بەرژەوەندییەكانی پیشەوەرانی میدیا و دژەكانیان بەریەك دەكەون و بەهەمان ئاستی بەربەستەكان، پێشلكارییەكانیش بەرامبەر رۆژنامەوانان زۆرتر و فرەرەهەندتر بوون و دەبن. باشترین چارەسەریش بۆ ئەم دۆخە؛ ناناوەندێتیی و سەربەخۆكردنی پیشەی رۆژنامەگەریی و رەخساندنی هەل و ژینگەی كاركردنی میدیاییە بە ئاڕاستەی هاوبەرپرسیارێتیی لەنێوان میدیا و دەستەڵاتەكانی یاسادانان، راپەڕاندن و دادوەرییدا.

 سیمپۆزیۆمێك بۆ خوێندن و پەروەردەی میدیایی رێكخرا

ڕۆژی چوارشەممە (17ی تشرینی دووەمی 2021) رێکخراوی چاودێری میدیای کوردی (چمك) و بەشی ڕاگەیاندنی کۆلیژی زانستە مرۆڤایەتییەکانی زانکۆی ھەڵەبجە “سیمپۆزیۆمی خوێندن و پەروەردەی میدیایی لەهەرێمی كوردستان”یان لەچوارچێوەی سێ پانێڵدا ئەنجامدا کە بەوتاری سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە و ڕاگری کۆلێژی زانستە مرۆڤایەتییەکان دەستیپێکرد.

لە پانێڵی یەکەمدا لەژێر ناونیشانی “خوێندنی میدیایی لەنێوەندە ئەکادیمییەکانی هەرێمی کوردستاندا” تیشکخرایە سەر دەرفەت و بەربەستەکان، پەیڕەوکردنی پێداگۆجیا و پێواژووی بۆڵۆنیا لەخوێندنی میدیایدا. “پەروەردەی میدیایی لە خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیدا” ناونیشانی پانێڵی دووەم بوو کەتێیدا ئاماژە درا بە(خوێندنی میدیایی لە سەدەی بیستویەکدا، دەرفەتەکانی پێداگۆجی، دۆخی شیاندنی ئەکادیمی بەشەکانی میدیا).

لە کۆتا پانێڵدا “خوێندن و پەروەردەی میدیایی و ڕەنگدانەوەی لەبازاری کاردا” لەچوارچێوەی دووتەوەردا تاوتوێکرا کەبریتیبوون لە پڕۆگرامەکانی خوێندنی باڵا، دەرچوانی بەشە زانستییەکان لەبازاری کاری میدیاییدا. بەشداربوانی هەرسێ پانێڵەکە لەهەریەک لەزانکۆکانی سلێمانی، پۆلیتەکنیکی هەولێر، پۆلیتەکنیکی سلێمانی، هەڵەبجە بەشداربوون و خاوەن پلەی زانستی بەرز و ئەزموونی کارکردنی میدیایی بوون. بەخستنەڕوی چەندین ڕاسپاردە لەلایەن بەشداربووانی پانێڵەکانەوەکە ئاڕاستەی وەزارەتەکانی(خوێندنی باڵا، پەروەردە،ڕۆشنبیری) کرابوو، هەروەها دابەشکردنی بڕوانامە و سەرنجی ئامادەبووان کۆتایی بە پانێڵەکە هێنرا.

راسپاردەکانی سیمپۆزیۆمی خوێندن و پەروەردەی میدیایی لەھەرێمی کوردستاندا

 رۆژی چوارشەممە (17ی تشرینی دووەمی 2021)؛ رێکخراوی چاودێریی میدیای کوردی (چمک) و بەشی راگەیاندن لەکۆلیژی زانستە مرۆڤایەتییەکانی زانکۆی ھەڵەبجە بەھاوبەشیی و بە سێ پانێڵی سەربەخۆ «سیمپۆزیۆمی خوێندن و پەروەردەی میدیایی لەھەرێمی کوردستاندا»یان بەڕێوەبردو لەکۆتاییدا گەیشتنە چەند راسپاردەیەک، لەوانە:

  1. کارکردن بۆ بەستنی کۆنفرانسێکی باڵا لەسەر ئاستی هەرێم بەسەرپەرشتی هەردوو وەزارەتی خوێندنی باڵا و پەروەردە، بۆ بەشەکانی میدیا بەمەبەستی پێداچوونەوە بەو ڕێکارانەی کە پەیڕەوکراون بۆ وەرگرتن لەو بەشانەدا.
  2. ڕێگەنەدان بە کردنەوەی بەشی نوێ (تایبەت بە میدیا) بەرلەوەی سەرجەم پێداویستییە ماددیی و مرۆییەکانی دابین بکرێت.
  3. وەرگرتن لەسەر خواست و لێهاتوویی و لەسەر بنەمای هەلسەنگاندن بێت بۆ دەرچوانی ئامادەیی و ئەوانەشی کە لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن کاردەکەن.
  4. لە خوێندنی میدیایی دا جگە لە ماوەی (٤) ساڵ و (٢)ساڵ، دەرفەت بڕەخسێنرێت بۆ خویندنی شەش مانگیی بە پارەیەکی دیاریکراو.
  5. هاوتەریبکردنی خوێندنی تیۆری و پراکتیکی و موجودات (هەبووە) میدیاییە بەکارنەهاتووەکان بەئاراستەی تێپەڕاندنی قۆناغی خوێندنی شمولی و گەیشتن بە قۆناغی فێرکاری و پیشەیی و هونەری.
  6. پێداچوونەوە بە ناوەرۆكی پرۆگرامی خوێندنی راگەیاندن لەسەرجەم پەیمانگاو كۆلێژەكانی تایبەت بە ڕاگەیاندن كە یەكانگیرو هاوشانی پێشكەوشتنی تەكنەلۆژیای نوێی میدیایی بێت لە جیهاندا.
  7. یەكخستنی پرۆگرامی خوێندنی میدیایی لە سەرجەم بەشەکانی راگەیاندندا بە ڕەچاوكردنی تایبەتمەندی ناوەندە ئەکادیمییەکەو ناوچە جوگرافییەکەی.
  8. پرۆگرامی خوێندنی ئەكادیمی میدیایی بەجۆرێك بێت كە وەڵامدەرەوەی پێداویستیەكانی بازاڕ بێت لەبواری كاری پراکتیکی و مەیدانیی میدیادا.
  9. لەڕووی شیوازی وانەوتنەوە لە بەشەکانی ڕاگەیاندن: پەیڕەوکردنی ئەو رێبازی خوێندنەی کە خوێندکار چەقی پڕۆسەکە بێت؛ پەیڕەوکردنی رێبازە نوێکانی فێرکردن کە لەپێداگۆجیی نوێدا پێداگریی لەسەر دەکرێت؛ ناچارکردنی سەرجەم مامۆستایانی بەشە جیاوازەکانی راگەیاندن بۆ بەشدارییکردن لە خولی پێداگۆجیی نوێدا.
  10. لەڕووی پراکتیک و مەشقەوە: دروستکردنی پەیوەندیی پتەو لەنێوان بەشەکانی راگەیاندن و سەرجەم کەناڵەکانی راگەیاندن، تا خوێندکاران بۆ مەشق و راهێنان سودی لێ ببینن.
  11. سەبارەت بە ناوەڕۆکی وانەکان: گۆڕانكاری بنەڕەتیی لە بەشەوانەكانی میدیادا بکرێن، بەتایبەتی ئەو بەشەوانانەی ناپسپۆرین و لەگەڵ بازاڕی پیشەسازی میدیای سەردەم یەكناگرنەوە؛ زیادكردنی بەشەوانەكانی پەیوەست بەناوەڕۆكی میدیای دیجیتاڵیی لە تەواوی بەشە زانستیەكانی میدیا لەزانكۆو پەیمانگاكانی هەرێمی كوردستاندا؛ دەستەبەركردنی خولی مەشق و شیاندنی تایبەت بە خوێندن و فێركردنی ناوەرۆكی دیجیتاڵی بۆ دەستەی وانەووتنەوەی بەشەكانی میدیا لە تەواوی زانكۆو پەیمانگاكاندا.
  12. وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی گۆڕانکاریی لە خوێندنی باڵاو توێژنەوەی میدیایی بکات، بە جۆرێک ھەنگاو بۆ ئاوێزانکردنی میدیا بە کایە و کەرتەکانی دیکە بکرێت و ئاڕاستەی توێژنەوەکان بەرەو فرەپسپۆڕیی ببرێن.
  13. هەماهەنگی لەنێوان دامەزراوەكانی خوێندنی ئەکادیمیی میدیا‌و دامەزراوەکانی راگەیاندندا هەبێت لەڕێی سیمینار‌و ۆركشۆپ‌و خولی راهێنانی بەردەوام بۆ نەهێشتنی ئەو جیاوازییە زۆرەی كە ئێستا لەنێوان ئەوەی دەخوێندرێت‌و ئەوەی لە واقیعی كاركردنی دامەزراوەكاندا هەیە.
  14. وەزارەتی پەروەردە پرۆگرامی (ھۆشیاری میدیایی) لەقۆناغی باخچەی ساوایانەوە تا ئامادەیی جێگیر بکات. بەجۆرێک دەرچووانی بەشەکانی ڕاگەیاندن چانسی دامەزراندن یاخود وتنەوەی ئەم وانەیەیان بۆ بڕەخێسێنرێت.
  15. وەزارەتی رۆشنبیریی و لاوان مەرج لەسەر کەناڵەکانی راگەیاندن دابنێت کە بەشێکی ستافەکانیان؛ خاوەن بڕوانامەی دبلۆم و بەکالۆریۆس بن لەبواری راگەیاندن و رۆژنامەگەرییدا.
  16. کۆکردنەوەی دەرچوانی بەشەکانی میدیا لەژێر چەتری سەندیکایەکی تایبەت بە ئەکادیمیانی میدیادا.
  17. دەزگاکانی ڕاگەیاندن پلانیان بۆ ڕەخساندنی دەرفەتی کار بۆ دەرچوانی زانکۆو پەیمانگاکان ھەبێت و کادرەکانیشیان بنێرنە بەشەکانی میدیا بۆ فیربوونی ئەکادیمی.

یەكەمین کۆڕبەندی نیشتمانیی بۆ ریفۆرمی میدیایی رێكخرا

چمک، سلێمانی: بە چوار پانێل و 14 پانیلیست؛ یەکەمین کۆڕبەندی نیشتمانیی بۆ ریفۆرمی میدیایی لەھەرێمی کوردستانی عێراقدا لەلایەن رێکخراوی چاودێریی میدیای کوردی (چمک) و بە سپۆنسەری دەزگای میدیایی کەرکوک رێكخرا.

 کۆڕبەندەکە لەکاتژمێر 10ی بەیانی بە وتاری هەریەك لە د.هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی، شوان داودی سەرپەرشتیاری دەزگای میدیایی کەرکوک و د.شوان ئادەم ئەیڤەس رێکخەری گشتیی یەكەمین کۆڕبەندی نیشتمانیی بۆ ریفۆرمی میدیایی دەستپێكرد. و تیایدا تیشكیان خستەسەر گرنگیی ریفۆرمی میدیایی و پێویستیی كاراكردنی قۆناغەجۆربەجۆرەكانی.

رۆژی شەممە (10ی تەموزی 2021) لەھۆڵی داوا لەناوچەی قلیاسانی شاری سلێمانی؛ بەئامادەبوونی بەرپرسانی حکومیی و حزبیی و توێژی ئەکادیمیی و رۆژنامەوانان کارەکانی كۆڕبەندەكە “بەسەركەوتوویی” بەڕێوەچوو. یەكەمین پانێلی كۆربەندەكە تایبەتبوو بە “ریفۆرمی میدیایی لەنێوان ناوەندێتیی و ناناوەندێتیی حزبییدا ” بە بەشداریی ھەریەک لە بەڕێزان :ستران عەبدوڵا؛ سەرپەرشتیاری مەکتەبی راگەیاندنی یەکێتی، ریفۆرمی میدیایی لە روانگەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان_ەوە خستەڕوو. بەدوایدا محەمەد ئەحمەد؛ بەرپرسی تۆڕی میدیایی کۆمەڵ، ریفۆرمی میدیایی لە روانگەی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان_ەوە شیكردەوەو ئاسۆ حەمید؛ بەرپرسی تۆڕی میدیایی یەکگرتوو تیشكی خستەسەر ریفۆرمی میدیایی لە روانگەی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان_ەوە. لەدواییشدا دلێر عەبدولخالق؛ رێکخەری ژووری رۆژنامەوانیی گۆڕان، ریفۆرمی میدیایی لە روانگەی بزووتنەوەی گۆڕان_ەوە شیكردەوە.

لەدووەمین پانێلدا تاووتوێی پرسی “ریفۆرمی میدیایی لەنێوان رێکخستنی یاسایی و رێسای پیشەییدا” كرا بە بەشداریی ھەریەک لە بەڕێزان: زمانناس پ.د.محەمەدی مەحوی باس لە ریفۆرمی میدیایی لە فەرھەنگ و زمان و نووسین و قسەکردندا كرا. بەدوایدا پ.د.سامان فەوزی لە زانکۆی گەشەپێدانی مرۆیی ریفۆرمی میدیایی لەنێوان پەکخستن و رێکخستنی یاساییدا روونكردەوە و دواتریش پ.ی.د.ژیا عەباس لە زانکۆی سلێمانی ریفۆرمی میدیایی لە رووماڵکردنی پرسە ناباوەکانی کۆمەڵگەدا شیكردەوەو ئاماژەی بە دیاردەی خۆكوشتن و كوشتنی ژنان كرد. دواتریش م.د.سادق حەمەغەریب لە زانکۆی سەلاحەدین تیشكی خستەسەر ریفۆرمی میدیایی لە ماڵپەرە ھەواڵیی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا.

پانێلی سێیەمی كۆربەندەكە تەرخانكرابوو بۆ “ریفۆرمی میدیایی لەنێوان پەروەردە و خوێندنی باڵادا” بە بەشداریی ھەریەک لە بەڕێزان: پ.ی.دئیبراھیم سەعید لەزانکۆی سلێمانی ئاماژەی بە ریفۆرمی میدیایی لەژینگەی کارکردنی میدیاییدا دا. بەدوایدا م.د.ھەتاو حەمەساڵح لەزانکۆی ھەڵەبجە ریفۆرمی میدیایی لەراستکردنەوەی وێنەی شێواوی مێیینەدا شیكردەوە. هەروەها پ.ی.د.ئاراز رەمەزان لەزانکۆی راپەڕین تیشكی خستەسەر ریفۆرمی میدیایی لەبەرھەمھێنان و بەکارھێنانی پەیامی میدیاییدا. لەكۆتاییشدا پ.ی.د.ئەحمەد عومەربلی لەزانکۆی گەشەپێدانی مرۆیی، پێویستییەكانی ریفۆرمی میدیایی لەخوێندنی باڵا و توێژینەوەی میدیاییدا خستەڕوو.

لەپانێڵی چوارەم و كۆتاییدا پرسی “ریفۆرمی میدیایی لەنێوان سانسۆر و ئازادیی ژینگەی کارکردن” تاووتوێكرا بە بەشداریی ھەریەک لە بەڕێزان: تاریق جەوھەر سارمەمی راوێژكار لە پەرلەمانی کوردستان بۆ خستنەڕووی رۆڵی پەرلەمانی کوردستان لە ریفۆرمی یاسایی میدیادا. بەدواییدا کاروان ئەنوەر لە سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان رۆڵی سەندیکاكەی لە رەخساندنی زەمینەی ریفۆرمی میدیاییدا شیكردەوە.

لەكۆتایی پانتێڵەكانیشدا ئامادەبووان بە سەرنج و تێبینیی و پرسیارەكانیان ناوەڕۆكی تەوەری سەرەكیی پانێڵەكانی یەكەمین كۆڕبەندی نیشتمانیی رێكخراوی چاودێریی میدیای كوردیی بۆ ریفۆرمی میدیایی دەوڵەمەنتر كرد. لەکاتژمێر 05:30ی ئێوارە و بەخوێندنەوەی رەشنووسی چەند راسپاردەیەك؛ کۆتایی بە کارەکانی كۆڕبەندەكە هات.

د.شوان ئادەم ئەیڤەس؛ خاوەنی بیرۆکە و رێکخەری گشتیی کۆربەندەکە لەلێدوانێکییدا بۆ دیجیتاڵمیدیای چمك ئاشکرای کرد کە رێکخستنی کۆڕبەندی نیشتمانیی بۆ ھەڵسەنگاندنی دەرفەت و ئاستەنگەکانی میدیای کوردی؛ یەکێکە لەئامانجە درێژخایەنەکانی رێکخراوی چاودێریی میدیای کوردی (چمک) بە مەبەستی ھەرچی زووتر کاراکردنەوەی رۆڵی پیشەیی دەرگاوانی میدیایی و بەرزکردنەوەی کواڵیتی پەیامی میدیایی و پێشکەشکردنی ئەدائێکی پیشەییتر و یاساییتری ئەو ژانرە رۆژنامەوانییانەی لە میدیای چاپکراو، پەخشکراو و دیجیتاڵییدا بەرھەمدەھێنرێن و دواتر چاپ و پەخش و بڵاودەکرێنەوە.. هەروەك دووپاتیشیكردەوە كە لەداهاتوودا درێژە بە چالاكیی و كۆڕبەندی هاوشێوە دەدەن.

 

راسپاردەكانی یەكەمین كۆڕبەندی نیشتمانیی بۆ ریفۆرمی میدیایی بڵاودەكرێنەوە

رێكخراوی چاودێریی میدیای كوردی (چمك) بەسپۆنسەری دەزگای میدیایی كەركوك و بەئامادەبوونی نزیكەی 200 كەس و میوانداریی 14 پانێڵیست و لەچوارچێوەی چوار پانێلی سەرەكییدا؛ یەكەمین كۆڕبەندی نیشتمانیی ریفۆرمی میدیایی لەهەرێمی كوردستانی عێراقدا لەرۆژی شەممە (10ی تەموزی 2021) لە هۆڵی داوا لە شاری سلێمانی رێكخست. لەماوەی هەشت كاتژمێر (09:30-05:30) وتووێژی كۆڕبەندەكەدا؛ چوار تەوەری سەرەكیی تاووتوێكران و لەكۆتاییدا ئەم چەند راسپاردەیەی خوارەوەی لێكەوتەوە. وێنەیەك لەو راسپاردانەیش ئاڕاستەی هەریەك لەم لایانانەی خوارەوە كران:

سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان
سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان
سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی دادوەریی هەرێمی كوردستان
 سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان
وەزارەتەكانی رۆشنبیریی و راگەیاندن، ئەوقاف و كاروباری ئایینی، پەروەردە، خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی
سەرجەم كەناڵەكانی راگەیاندن

بۆ بەڕێز: لایەنە پەیوەندییدارەكانی هەرێمی كوردستان

بابەت: راسپاردەكانی یەكەمین كۆڕبەندی نیشتمانیی بۆ ریفۆرمی میدیایی

 

سڵاو و رێز:ـ

رێكخراوی چاودێریی میدیای كوردی (چمك) بەسپۆنسەری دەزگای میدیایی كەركوك و بەئامادەبوونی نزیكەی 200 كەس و میوانداریی 14 پانێڵیست و لەچوارچێوەی چوار پانێلی سەرەكییدا؛ یەكەمین كۆڕبەندی نیشتمانیی ریفۆرمی میدیایی لەهەرێمی كوردستانی عێراقدا لەرۆژی شەممە (10ی تەموزی 2021) لە هۆڵی داوا لە شاری سلێمانی رێكخست. لەماوەی هەشت كاتژمێر (09:30-05:30) وتووێژی كۆڕبەندەكەدا؛ چوار تەوەری سەرەكیی تاووتوێكران و لەكۆتاییدا ئەم چەند راسپاردەیەی خوارەوەی لێكەوتەوە:

  • راسپاردەكانی تەوەری ریفۆرمی میدیایی لەنێوان ناوەندێتیی و ناناوەندێتیی حزبییدا
  1. پێویستە پارتە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستانی عێراق؛ ناناوەندێتيی پیشەیی زیاتر بدەن بە میدیاكانیانیان و لە رێی ریفۆرمی سیاسیی و ئابوریی و كۆمەڵایەتییەوە زەمینەسازیی بۆ ریفۆرمی میدیایی لەنێوخۆو دەرەوەی پارتەكانیاندا بڕەخسێنن، بەتایبەت لەرێی نوێنەرەكانیان لە دامودەزگاكانی پەرلەمان و حكومەت و دادگاكاندا. بەجۆرێك جیاكردنەوە و سەربەخۆ كاركردنی پیشەیی دەستەڵاتەكانی یاسادانان، راپەڕاندن و دادوەریی ببێتە پێشمەرجی كشانەوە لە خاوەندارێتیی ناوەندێتیی میدیاكانيان و رەخساندنی ژینگەیەكی ئازادتری كاركردن بۆ رۆژنامەوانان و چەسپاندنی رۆڵی چاودێریی دەستەڵاتی چوارەم. واتە بەتەنيا کار بۆ جێبەجێکردنی بەرژەوەندییە حزبییەکان نەکەن و بەرژەوەنديی گشتیيش لەبەرچاوبگرن.
  2. پێویستە پارتە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستانی عێراق؛ فلتەرە حزبییەكان لەمیدیاكانیاندا كەم بكەنەوە و فلتەرە پیشەییەكان بەرفراوانتر بكەن. بەجۆرێك لەكاتی كۆكردنەوە و داڕشتنەوە و بڵاوكردنەوەی زانیارییەكان لەسەر ئەو رووداوانەی لەناوخۆ و دەرەوەی كاری حزبییدا روودەدەن؛ بەهای پیشەیی جێگەی بەهای حزبیی بگرێتەوە. واتە كار لەسەر بەرزركردنەوەی هۆشیاری ویژدانیی رۆژنامەوان بكرێت، وەك لە كۆنترۆڵكردنی رۆژنامەوان و زانیارییەكانی.
  3. پێویستە پارتە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستانی عێراق؛ دەست لە سەندیكا پیشەییەكانی وەك رۆژنامەنووسان هەڵبگرن و زەمینەی سەربەخۆیی كاری رێكخراوەیی بۆ پیشەوەرانی راگەیاندن و رۆژنامەگەریی بڕەخسێنن.
  4. پێویستە پارتە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستانی عێراق؛ لە رێی نوێنەرەكانیان لە پەرلەمان و حكومەت و دادگاكاندا پێداگریی لەسەر جێبەجێكردنی یاسا بەركارەكان و بڕگە و ماددەكانی هەردوو یاسای ژمارە 11ی ساڵی 2013ی مافی بەدەستهێنانی زانياريى و یاسای ژمارە 35ی ساڵی 2007ی رۆژنامەگەریی بكرێت. بەوەش دەكرێت رێگە لە پەخش و بڵاوكردنەوەی زانیاریی و هەواڵی ساختە بگیرێت و لەكاتى تاوانباربوونياندا؛ رۆژنامەوانان سزای زیندانییكردنیان بەسەردا نەسەپێنرێت و میدیاكانیشیان رووبەڕووی راگرتن و داخستن نەكرێنەوە.
  5. پێویستە پارتە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستانی عێراق؛ لەرێی دانانی رستێك پێوەری نیشتمانییەوە گوتاری میدیایی خۆیان لەسەروەختی قەیرانەكان و شەڕ و ململانێ و جەنگ و هەڵمەتەكانی بانگەشەی هەڵبژاردندا یەكبخەن و رێگە لە دەستوەردانە نێو ژیانی تایبەتیی و ناوزڕاندنی هێما و پیرۆزییە نیشتمانییەكانی كورد و كوردستان بگرن.
  • راسپاردەكانی تەوەری ریفۆرمی میدیایی لەنێوان رێكخستنی یاسایی و رێسای پیشەییدا
  1. پێویستە لەسەر پەرلەمانی كوردستان؛ پێداچوونەوە بە یاسا بەركارەكانی بواری راگەیاندن و رۆژنامەگەریی بكات. بەجۆرێك بڕگەو مادەكانی ئەو یاسایانەی لەیەكەوە نزیكن و بەریەككەوتن لەنێوانیاندا دروستبووە یەكیان بخات و لەچوارچێوەی یاسایەكی نوێدا هەمواریان بكاتەوە، بۆنموونە یاسای خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندییكردن و پرۆژەیاسای میدیای ئەلكترۆنیی و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان. هەروەها ئەو یاسایانەی كە بۆ رێكخستنی شێوە و ناوەڕۆك و خاوەندارێتیی راگەیاندن پێویستن؛ بەزوویی گەڵاڵەبكرێن و بكرێن بە یاسا، بۆنموونە یاسای میدیای پەخشكراو و یاسای پاراستنی مافی تایبەتمەندێتیی كەسەكان.
  2. پێویستە لەسەر پەرلەمانی كوردستان؛ بە یاسایەك “ئەنجومەنی نیشتمانیی راگەیاندن و پەیوەندییەكان” دابمەزرێنێت بە ئامانجی هۆشیاركردنەوە و هەڵسەنگاندنی پیشەیی و رێكخستنی یاسایی كاروباری راگەیاندن و رۆژنامەوانیی و تۆڕەكانی ئینتەرنێت و پەیوەندییكردن لە هەرێمی كوردستانی عێراقدا.
  3. پێویستە لەسەر پەرلەمان و حكومەتی هەرێمی كوردستان؛ بە یاسا و رێنمایی وەزاریی رێگە لە خراپ بەكارهێانی زمانی كوردیی لەلایەن راگەیاندنەكانەوە بگرن. بەجۆرێك درووست نووسین و درووست گۆكردن و بەكارهێانی زمانی دەربڕينی ناوچەیی و ستاندارد و فەرمیی و فەرهەنگی كوردیی لەیەكتر جیابكرێنەوە؛ لەپێناو نەشێواندن و درووست بەكارهێنانی زمانی كوردییدا، میدیاكان ناچار بەدامەزراندنی راوێژكاری زمانەوانیی بكرێن.
  4. پێویستە لەسەر میدیاكانی كوردستان؛ رستێك رێسای پیشەیی لەچوارچێوەی پەیماننامەی شكۆمەندیی رۆژنامەوانییدا گەڵاڵە بكەن و خۆیانی پێوە پاپەندبكەن، ئەویش لەپێناو خراپ بەكارنەهێنانی میدیا و پەیامەكانی و باشتر سوودوەرگرتن لە ئازادییەكانی دەربڕین و رۆژنامەوانی.
  5. پێویستە لەسەر رۆژنامەوانان و ئەو میدیایانەی كاری تیادەكەن؛ لەرێی رێكخستنی كۆنگرەیەكەوە سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان كارا بكەنەوە و ببنە نوێنەری پیشەوەرانی راگەیاندن و رۆژنامەوانیی لەنێو سەندیكادا نەوەك نوێنەری پارتە سیاسییەكان لەنێو سەندیكا و ئاڕاستەكردنی ناپیشەیی.
  • راسپاردەكانی تەوەری ریفۆرمی میدیایی لەنێوان پەروەردە و خوێندنی باڵا دا
  1. پێویستە لەسەر وەزارەتەكانی پەروەردە، خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، ئەوقاف و كاروباری ئایینی، رۆشنبیریی و لاوان كار لەسەر گەڵاڵەكردنی پرۆژگرامێكی نوێی پەروەردەیی بەناوی “هۆشیاریی میدیایی” بكەن و بیخەنە چوارچێوەی پرۆگرامەكانی خوێندنی قۆناغەكانی باخچە و بنەڕەتیی و ئامادەیی، بە ئامانجی هەرچی زووتر بەرزكردنەوەی هۆشیاریی تاكەكەس لەمەڕ بەرهەمهێنان و بەكارهێنانی میدیا و ئەپڵیكەیشنە نوێكانی. هاوكات رێگەگرتن لە بەكارهێنانی مینبەری پەرستگاكان و سەكۆی میدیاكان لە هەڕەشەكردن و جنێودان و بەخشینەوەی تۆمەتى بێبەڵگە بەسەر كەسە سروشتیی و مەعنەوییەكاندا.
  2. لەسەر وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی پێویستە؛ پێداچوونەوەی ورد بە پرۆگرامە پەروەردەییەكانی بەشە زانستییەكانی میدیا و ماركێتینگ و پەیوەندییە گشتییەكانی زانكۆ و پەیمانگاكان لەسەر ئاستی دبلۆم، بەكالۆریۆس و ماستەر و دكتۆرا بكات و ئاڕاستەی توێژینەوەی میدیایی بۆ پرس و بابەتە هەنوكەییە هاوچەرچەكانی پەروەردەی میدیایی بگۆڕدرێت. بەجۆرێك خوێندن و توێژینەوەی فرەپسپۆڕیی تێكەڵاو بە خوێندن و توێژینەوەی میدیایی بكرێن.
  3. لەسەر كەناڵەكانی راگەیاندن پێویستە؛ دەرچووانی بەشە زانستییەكانی “راگەیاندن” و “تەكنیكی میدیا” و “دیجیتاڵمیدیا” و “بازاڕگەریی و پەیوەندییە گشتییەكان” دابمەزرێنن، بەئامانجی پڕكردنەوەی بازاڕی كاری میدیايى و سوودوەرگرتن لە بەهرەو تواناكانی خوێندەوارانی میدیا. هاوكات پێویستە خولی بەردەوامی هۆشیاریی و گەشەپێدانی میدیایی لە رووی پیشەیی و یاسایی بۆ رۆژنامەوانان بكرێتەوە.
  4. لەسەر سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان پێویستە؛ ئەرك و مافی گشتیی ڕۆژنامەنووسان وەكیەك دیاریی بكات، نەوەك ئەوانەی لە میدیای دیجیتاڵییدا كاردەكەن بە كەمتر لەوانەی لە میدیای کلاسیکیی كاردەكەن سەیر بكات و بەرخوردیان لەگەڵدا بكات. هاوكات پێویستە پێداچوونەوەیەكی ورد بە ژمارەی ئەندامانی سەندیكادا بكرێت و بەتەنیا ئەوانە بەئەندام بهێڵرێنەوە كە راگەیاندن و رۆژنامەوانییان كردووەتە پیشەی سەرەكیی و سەرچاوەی بژێوی ژیانیان. هەروەها پێویستە گوێزانەوەی راژەی رۆژنامەوانیی بۆ سەر راژەی فەرمانبەریی كارابكرێتەوە و چیدیكە رۆژنامەوانان لەو مافە بێبەش نەكرێن.
  5. لەسەر میدیا دیجیتاڵییەكان پێویستە؛ گرنگیی زیاتر بە خزمەتگوزارییەكانی ئینتەرنێت لەجۆری هایپەرلینك و مەڵتی میدیا و کارلێکی نێوان دەنگ و رەنگ و دەق بدەن و بەشێوەیەكی پیشەییانە رووماڵی زانیاریی و رووداوەکان بکەن. بەتایبەت لەرووی گرنگیيدان بە ژانری بنکۆڵکاریی بۆ دۆزینەوەی سەرچاوەی كێشەكان و خستنەڕووی چارەسەری گونجاو بۆیان.
  • راسپاردەكانی تەوەری ریفۆرمی میدیایی لەنێوان سانسۆر و ئازادیی ژینگەی كاركردندا
  1. پێویستە لەسەر دەستەڵاتی یاسادانان و راپەڕاندن و دادوەریی؛ چاودێریی جێبەجێكردنی یاسا بەركارەكان و دادگاییکردنی رۆژنامەوانان بن بەپێی هەردوو یاسای ژمارە 35ی ساڵی 2007ی رۆژنامەگەریی و یاسای ژمارە 11ی ساڵی 2013ی مافی بەدەستهێنانی زانیاری. هەروەك گرنگە دادگایەكی تایبەت بە رۆژنامەوانان و تاوانەكانی راگەیاندن و بڵاوكردنەوە دابمەزرێت، بۆئەوەی تاوانبارانی خراپ بەكارهێنانی ئازادییەكانی دەربڕین و رۆژنامەگەریی تێكەڵ بە تاوانبارانی دیكە نەكرێن. هاوكات پێویستە بەزوویی دۆسییەكانی تیرۆری رۆژنامەوانان یەكلایی بكرێنەوە و بەزوویی تاوانباران سزا بدرێن.
  2. پێویستە وەزارەتی رۆشنبیریی و لاوان؛ پێداچوونەوەیەكی ورد بە رێنماییەكانی تایبەت بە رێكخستنی فریكوێنسی كەناڵەكان‌و شێوازی تۆماركردن و خاوەندارێتیی و ژمارەی سپاردنی كتێب و هەموو ئەوەی بە رێكخستنی شێوە و ناوەڕۆكی راگەیاندنەكان پەیوەستە؛ بكات و زەمینەیەكی زیاتری ئازادییەكانی دەربڕین و رۆژنامەوانیی بڕەخسێنێت.
  3. لەسەر میدیاكان پێویستە؛ راوێژكاری تایبەتمەندی میدیایی، یاسایی، پەروەردەیی و دەروونیی تایبەت بەخۆیان هەبێت بۆ ئەو پرس و بابەتانەی كە لەرووی سیاسیی و یاسایی و ئابووریی و كۆمەڵایەتییەوە جێی مشتومڕن. ئەویش بە ئامانجی پێداچوونەوە بەو فلم و دراما و بابەتە رۆژنامەوانییانەی رۆژانە چاپ و پەخش و بڵاوی دەكەنەوە.
  4. لەسەر حكومەتە خۆجێییەكان پێویستە؛ زەمینەسازیی زیاتر بۆ جێبەجێكردنی بڕگە و ماددەكانی یاسای ژمارە 11ی ساڵی 2013ی مافی بەدەستهێنانی زانیاریی بكەن. ئەویش لە رێی كاراكردنی وتەبێژ و هۆبەی زانیاریی لەسەرجەم فەرمانگە و بەڕێوبەرایەتییەكاندا.
  5. لەسەر هێزە ئەمنییەكانی وەزارەتەكانی ناوخۆ و پێشمەرگە پێویستە؛ لەكاتی خۆپیشاندان و قەیرانە جۆربەجۆرەكاندا بەشێوەیەكی پیشەیی مامەڵ لەگەڵ رۆژنامەواناندا بكەن و رێز لە سەربەخۆیی پیشەی رۆژنامەوانیی بگرن. هاوكات لەسەر بنكەكانی پۆلیس و دادگاكانیش پێویستە مامەڵەی تاوانبار لەگەڵ رۆژنامەواناندا نەكەن، بەتایبەت لەقۆناغی ئاگاداركردنەوە و راگرتنی كاتییدا.

 

راگەیاندنكاران لەبەردەم تەحەدای خێزان، كۆمەڵگە، هاوپیشەكانیان و ژینگەی كاركردندان

چمك، سلێمانی: لەساڵڕۆژی جیهانیی هەشتی مارسدا و لەیەكەمین پرۆژەی هاوبەشی نێوانیاندا، رێكخراوی چاودێریی میدیای كوردی و دەزگای (كەركوك ناو)، مێزگردێكی رەخنەیی هاوبەشیان بۆ قسەكردن لەسەر “وێنەی مێیینە لە راگەیاندندا” رێكخست كە لەدەرەنجامدا 10 راسپاردەی لێ گەڵاڵە كرا.

 رۆژی پێنجشەممە (07ی ئاداری 2019) لەهۆڵی ئوتێل رامادای شاری سلێمانی، چالاكوانان و راگەیاندنكارانی مێینەی هەولێر، سلێمانی، كەركوك و گەرمیان بۆماوەی سێ كاتژمێر لەچوارچێوەی سێ گروپی پێنج كەسییدا گفتوگۆیان كرد لەسەر بابەتەكانی رووماڵی پرسەكانی مێینە لە راگەیاندندا، جیاكاریی جێندەریی لەدەزگاكانی راگەیاندندا، كاریگەریی بابەتە رۆژنامەوانییەكان لەسەر رەگەزی مێیینە. پاشان خاڵی هاوبەشی نێوان گروپەكان دەستنیشانكران و 10 راسپاردەیان لێ گەڵاڵە كرا كە بریتین لەمانەی خوارەوە:

  1. بەشێكی زۆری دەزگاكانی راگەیاندن هیچ بەڵگەنامەیەكی نووسراویان لەبارەی سیاسەتی جێندەرییەوە نییەو هاوسەنگیی جێندەریی نەبووەتە بەشێك لە سیاسەت و ستراتیژی كاركردنی پیشەییان.
  2. راگەیاندنكارانی مێیینە لەیەك كاتدا شەڕی خێزان، كۆمەڵگە و هاوپیشەكانیان لەنێو دەزگاكانی راگەیاندندا دەكەن، ئەوەش وایكردووە باجی هەڵبژاردنیراگەیاندنكارانی مێینە پیشەی راگەیاندن بدەن و زۆرجار بەچاوێكی جیاواز سەیریان بكرێت.
  3. ژمارەیەك لە راگەیاندنكارانی مێیینە رووبەڕووی گێچەڵپێكردن و دەستدرێژیی سێكسیی دەبنەوە لەلایەن بڕیاربەدەست و بەپرسانی دەزگاكانیان و ئەو سەرچاوانەی كە زانیارییان لێوەردەگرن.
  4. راگەیاندنەكان زۆرتر مۆركێكی نێرانەیان هەیەو نێرسالاریی بەسەر تەواوی جومگەكانیاندا زاڵە.
  5. دەزگاكانی راگەیاندن سیاسەتێكی تەحریریی روون و پەسەندكراویان نییە تا لەپرسەكانی تایبەت بە رەگەزی مێیینەدا كاری لەسەر بكەن.
  6. لە بەرهەمە رۆژنامەوانییەكاندا، رەگەزی مێینە بەلاواز نیشان دەدرێت و لەرێی توندوتیژی زارەكییەوە وشە و دەستەواژەی نەگونجاویان لەبەرامبەردا بەكاردەهێنرێت كە ئەوەش وایكردووە كاریگەری نەرێنیی لەسەر راگەیەندنكارانی مێینە بەجێبهێڵێت.
  7. بەشێوەیەكی رووكەش رووماڵی پرسەكانی تایبەت بە رەگەزی مێینە دەكرێت. نەبونی رووماڵ و بەد‌واداچونی ورد و بابەتیی لەسەر پرسەكانی خۆكوشتن كە ئەوەش كاریگەریی لەسەر زیادبوون و بەئاسایی وەرگرتنی توندوتیژیی هەیە بەتایبەتی لەبەرامبەر راگەیاندندكارانی مێیینەدا.
  8. ژینگەی كاركردنی پیشەی رۆژنامەوانیی بۆ راگەیاندنكاری مێیینە گونجاو و لەبارنییە.
  9. دەزگاكانی راگەیاندن كەمتر متمانە بە رەگەزی مێیینە دەكەن لەرووداوەكانی خۆپیشاندان، جەنگ و ناوچە نائارامەكاندا، بەهۆی تێڕوانینی باو بەرامبەر راگەیاندنكارانی مێیینە و نەبینینی خولی پاراستنی سەلامەتی.
  10. راگەیاندنكارانی مێینە لە هەندێك دەزگا و دامەزراوەدا، زۆرتر بۆ جوانكردنی شاشە و پشتبەست بەپێوەری جوانیی و رەهەندی سێكسیی وەردەگیرێن، وەك لە پێوەری تواناو لێهاتووییان كە ئەوەش كاریگەریی كردۆتە سەر ئەوەی نەتوانن نوێنەرێكی باش بن بۆ پرسەكانی تایبەت بە رەگەزی مێینە.

* ئەم بابەتە لە “پرۆژە و چالاكیی میدیایی” یەكەم ژمارەی گۆڤاری دەرگاوان-دا چاپ و بڵاوكراوەتەوە.

دەنگدان

بە بڕوای تۆ راگەیاندنەكان لەهەرێمی كوردستاندا؛ ناسەربەخۆن؟