لە ڕۆژانی دووشەممە و سێشەممە (26 و 27ی ئایاری 2025)دا لە هۆڵی Bى كۆنگرێسى زانكۆی سلێمانی؛ ڕیكخراوی چاودێریی میدیای كوردیی بە هاوبەشیی سەرۆكایەتیی زانكۆی سلێمانی “دووهەمین كۆڕبەندی نیشتیمانیی چمك بۆ ڕیفۆرمی میدیایی” ڕێكخست. پاش دوو ڕۆژی پڕ لە وتووێژ و ئاڵۆگۆڕی بیروبۆچوونی جیاوازی پسپۆڕان و نوێنەرانی دەستەڵاتەكانی: یاسادانان، ڕاپەڕاندن، دادوەریی، میدیایی و ڕێكخراوەیی كۆمەڵگەی مەدەنیی هەرێمی كوردستان؛ كۆڕبەندەكە بە چەند ڕاسپاردەیەكی ڕوون و ڕاشكاو بۆ لایەنە پەیوەندییدارەكان كۆتاییهات، لەوانە:
- یەکهەم: بۆ دەستەڵاتی یاسادانان
- ھەموارکردن و یەکخستنی یاساکانی تایبەت بە رێکخستنی راگەیاندن و رۆژنامەگەریی لە هەرێمی كوردستاندا؛ بەجۆرێک لەگەڵ گۆڕانکارییە نوێکانی میدیای چاپکراو، پەخشکراو، دیجیتاڵیی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و تەکنیکەکانی ژیریی دەستکرد-دا بگونجێن. لەوانە: یاساكانی ژمارە: 10ی ساڵی 1993ی چاپەمەنیی، ژمارە: 35ی ساڵی 2007ی ڕۆژنامەگەریی، ژمارە: 06ی ساڵی 2008ی خراپبەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندییكردن، ژمارە: 11ی ساڵی 2013ی مافی بەدەستهێنانی زانیاریی و ژمارە: 01ی ساڵی 2019ی ڕێكخستنی ڕیكلامی بازرگانیی.
- دەرچوواندنی یاسایەكی گشتگیری نوێ بەناوی یاسای ڕێكخستنی ناوەڕۆكی ڕاگەیاندن لە هەرێمی كوردستاندا ياخوود یاسای ژمارە: 35ی ساڵی 2007ى ڕۆژنامەگەریی بەجۆرێك هەمواربكرێتەوە كە لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی سەردەم و سەرجەم جۆرەكانی ڕاگەیاندن بگونجێت. بەمەرجێک گرەنتی پاراستنی ماف و ئازادییەكانی دەربڕین و ڕۆژنامەگەریی و دەستگەیشتن بە سەرچاوەكانی زانیاریی بكات.
- دەرچوواندنی یاسای نوێی تایبەت بە دامەزراندنی ئەنجوومەنی نیشتمانیی راگەیاندن لە هەرێمی كوردستاندا؛ بەجۆرێك نوێنەرانی هەر سێ دەسەڵاتی: یاسادانان، ڕاپەڕاندن، دادوەریی لەگەڵ نوێنەرانی میدیا و ڕێکخراوە ناحکوومییەکانی تێدا بەشدار بن. ئەوەیش لەپێناو چاودێرییکردن و چارەسەرکردنی کێشە پیشەییەکانی میدیا و ميدياكاران-دا.
- دەرچوواندنی یاسای نوێی تایبەت بە دامەزراندنى سندووقی نیشتیمانيی كوردستان بۆ پشتگیريیکردنی میدیای سەربەخۆ کە سەرچاوەی داراییەکەی لە بودجەی گشتيی و بەخشینی کەرتی تایبەت بێت؛ بەمەرجێک سەربەخۆیی میدیا نەکەوێتە ژێر کاریگەریيان.
- دەرچوواندنی یاسای نوێی تایبەت بە تاوانە ئەلکترۆنییەکان، پاراستنی داتا و مافی تایبەتمەندێتیی ژیانی تایبەتیی کەسەکان لە هەرێمی كوردستاندا.
- دەرچوواندنی یاسای نوێی تایبەت بە ڕوونیی خاوەندارێتیی میدیایی و سەرچاوەكانی داهات و دارایی لە هەرێمی كوردستاندا.
- دووهەم: بۆ دەستەڵاتی راپەڕاندن
- ڕاسپاردنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی كوردستان بە پشتگیریيكردنی خولەكانی داهاتووی کۆڕبەندی نیشتیمانیی چمک بۆ ڕیفۆڕمی میدیایی، تاوەکوو ساڵانە لە ڕۆژی جیهانیی ئازادیی دەربڕین (03ی ئایار)دا ڕێکبخرێن و بکرێن بە بۆنەیەک بۆ هەڵسەنگاندن و پێداچوونەوەی ماف و ئازادییەکانی دەربڕین و ڕۆژنامەگەریی لە کوردستاندا.
- ڕاسپاردنی وەزارەتی ڕۆشنبیریی و لاوانی هەرێمی كوردستان بە گەڵاڵەكردنی سیستەمی میدیایی لە هەرێمی كوردستاندا و دیارییكردنی جۆر و چییەتی بنەماكانی كارپێكردنی لەگەڵ یەکخستنی ڕێنماییەکانی تایبەت بە ڕێکخستنی ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەگەریی و ھەموارکردنەوەیان؛ بەپێی گۆڕانكارییە نوێكانی سەردەم.
- ڕاسپاردنی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی كوردستان بۆ بەپیشە-ناساندنی ڕاگەیاندن و دیارییكردنی ئەرك و ماف يان شایستە دارایی و كارگێڕییەكانی ڕاگەیاندنكاران بەپێی ڕاژەی وەزیفیی.
- ڕاسپاردنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی كوردستان بە دامەزراندنی نێوەندی ڕاهێنان و توێژینەوەی میدیایی لە چوارچێوەی سەنتەرەكانی توێژینەوەی زانستیی و پەرەپێدانی ئەكادیمیی-دا.
- ڕاسپاردنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی كوردستان بە دەرچوواندنی گۆڤاری ئەکادیمیی متمانەپێکراو لەلایەن زانكۆكان؛ بۆ پێشخستنى پرس و بابەتە میدیاییەكان و چارەسەرکردنی لەمپەرەکانی بەردەم ئازادییەکانی دەربڕین و ڕۆژنامەگەريی.
- ڕاسپاردنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی كوردستان بە دابینكردنی تاقیگەی میدیایی هاوچەرخ لەسەرجەم بەشە زانستییەكانی پەیمانگە و كۆلیژەكانی زانكۆكانی كوردستان؛ بۆ پێكەوەبەستنەوەی بابەتە تیۆرییەكان بە بازاڕی كاری میدیایی لە هەرێمی كوردستاندا.
- ڕاسپاردنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی كوردستان بە کردنەوەی بەشی پەروەردەی میدیایی لە کۆلیجەکانی پەروەردە و پەروەردەی بنەڕەتيی زانکۆکان؛ بۆ پێگەیاندنی کادری پسپۆڕ بۆ وتنەوەی وانەی پەروەردەی خوێندەواریی میدیایی لە سەرجەم قۆناغەکانی: باخچە، بنەڕەتیی و ئامادەیی-دا.
- ڕاسپاردنی وەزارەتەكانی: پەروەردە، خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی كوردستان بە دانانی پرۆگرامێکی نیشتیمانیی بۆ پەروەردەی میدیایی و پەرەپێدانی پیشەیی ڕۆژنامەوانان؛ بەمەرجێك لەلایەن باخچەكان، قوتابخانەكان و زانکۆکان بخوێنرێت و بكرێتە سەرچاوەیەكی بنەڕەتیی پێگەیاندنی ڕۆژنامەوانان. بە تایبەت لە بوارەكانی پەروەردەی خوێندەواریی میدیایی و دیجیتاڵیی-دا.
- سێهەم: بۆ دەستەڵاتی دادوەريی
- گواستنەوەی ئەزموونی تایبەت-کردنی دوو دادگەی لێكۆڵینەوە و کەتنى سلێمانی بۆ پارێزگەکانی: هەڵەبجە ، هەولێر و دهۆک لەپێناو ڕەخساندنی زەمینەی درووستکردنی دادگەی تایبەتمەند بە دۆز و دۆسییەی ماف و ئازادییەکانی دەربڕین و رۆژنامەگەریی لە سەرانسەری هەرێمی کوردستاندا.
- دانانی دادوەرانی ئاگادار بە ماف و ئازادییەكانی دەربڕین و ڕۆژنامەگەریی لەو دادگەیانەی بۆ تایبەتكردنی دۆسییەكانی ڕۆژنامەوانان تەرخاندەكرێن. بەجۆرێك لە ڕووی یاسایی و پیشەییەوە؛ بەردەوام خۆیان تازەبكەنەوە و بەشداریی خولەكانی هۆشیاریی تایبەت بەو بوارانە بكەن. هاوكات ڕاهێنانی كارمەندانی ئەو دادگە تایبەتانە لە چۆنییەتی مامەڵەكردنیان لەگەڵ دۆسییەكانی سكاڵاكار و سكاڵالێكراو-اندا.
- هەموواركردنەوەی مەرج و ڕێنماییەكانی دانانی شارەزای دادوەریی (خبیر قضائي)؛ بەجۆرێك چانسی زیاتر بە ئەكادیمییان، مامۆستایانی زانكۆ، توێژەرانی میدیایی و ڕۆژنامەوانانی بە ئەزموون بدرێت، چوونكە ئەوان لەهەمووان زیاتر ئاشنا و ئاگاداری لایەنە دیار و نادیارەكانی دۆسییەی ئازادییەكانی دەربڕین و ڕۆژنامەگەریی هەرێمی کوردستانن.
- دانانى میکانیزمێکی کاریگەر بۆ جێبەجێکردنی یاساکانی میدیا لەلایەن دادگە و دادوەران و هێزەکانی پۆلیس؛ بەمەرجێك ڕاهێنانی تایبەتیان لەسەر چۆنییەتی مامەڵەکردن لەگەڵ دۆسییەكانی پەیوەندیدار بە میدیا و ڕۆژنامەوانان پێبكرێت.
- دانانى میکانیزمێکى کاریگەر بۆ پاراستنی ياسايى ڕۆژنامەوانان لە هەڕەشە و توندوتیژيی ئەو کەسانەی پێشێلکاريیان بەرامبەر ئەنجامدەدەن.
- ڕاسپاردنی دادگەكەن بە بڵاكردنەوەی دەقی ئەو بڕیارانەی لەلایەن دادوەرانەوە لەبارەی دۆسییەكانی ڕۆژنامەوانان و ئازادییەكانی دەربڕین و ڕۆژنامەگەریی دەردەچن، تاوەكوو بۆ توێژەران بەردەستبن و بتوانن توێژینەوەی لەسەر بكەن و ڕاڤەی خۆاین لەبارەوە بخەنەڕوو.
- راسپاردنی دادگەكان بۆ دانیشتن و كۆبوونەوەی وەرزیی لەگەڵ ڕۆژنامەوانان یاخوود نوێنەرانی دەزگەكانی ڕاگەیاندن و نێوەندە ئەكادیمییەكان بۆ پتەوكردنی پەیوەندیی هاوبەرپرسیارێتیی نێوانیان و باسكردن لە گرفتەكانی ڕۆژنامەوانان و چارەسەرە میدیایی و یاساییەكان.
- چوارهەم: بۆ دەستەڵاتی میدیایی
- دانانى ستراتیژێکی نیشتیمانيی؛ بۆ پەرەپێدانی ژێرخانی تەکنۆلۆژيا کە پشتگیری میدیای دیجیتاڵيى بکات و دەرفەتی یەکسان بۆ هەموو میدیاکان بۆ بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای نوێ بڕەخسێنێت.
- دانانى ستراتیژێکی نیشتیمانيی؛ بۆ خۆڕێکخستنی میدیا و ميدياكاران کە تێیدا خۆیان پێوەرەكانی ڕێسا پیشەییەكان و بنەماکانی کاری پیشەیی دابنێن و پێیانەوە پابەند بن؛ بە مەرجێک میکانیزمەكانى ئەم ستراتیژە نەبنەهۆی سنووردارکردنی ماف و ئازاديیەكانى دەربڕین و ڕۆژنامەگەریی لە هەرێمی كوردستاندا.
- دانانی ستراتیژێکی نیشتیمانيی؛ بۆ دامەزراندنی لانیكەم 80%ی دەرچووانی بەشە زانستییەكانی ڕاگەیاندن، تەكنیكییەكانی میدیا، ڕیكلام، گرافیك دیزاین و پەیوەندییە گشتییەكانی زانكۆكانی كوردستان.
- دانانی ستراتیژێكی نیشتیمانیی؛ بۆ گەڵاڵەكردنی ڕێبەری نووسین و و پەخش و بڵاوكردنەوە؛ بۆ ئەو پرس و بابەتانەی پەیوەندییان بە هەواڵەكانی تاوان و دادگە و ڕووداوە هەستیارەكانی وەك: كووشتن، خۆكووشتن و لاقەكردن…تد هەیە.
- کاراکردنی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان؛ لە ڕێگەی بە نیشتیمانییكردنی و ڕێکخستنی کۆنگرەی نوێ و هەڵبژاردنی کابینەی نوێ، بۆ گۆڕانكاریی لە مەرج و ڕێنماییەكانی وەرگرتنی ئەندامی نوێ لەسەر بنەمای پسۆڕیی و كارامەیی و لێهاتوویی.
- پێنجهەم: بۆ دەستەڵاتی ڕێكخراوەیی كۆمەڵگەی مەدەنیی
- دانانى ستراتیژێكی نیشتیمانيی؛ بۆ درووستكردنى هەماهەنگیی لە نێوان میدیا و كۆمەڵگە و دەستەڵاتە جیاوازەكاندا؛ بەئامانجى لێکنزیکبوونەوە و بنياتنانى پەیوەندیی هاوبەرپرسیارێتیی لەنێوانیاندا، بەمەرجێک سەربەخۆیی میدیا نەکەوێتە ژێر کاریگەريی ئەوانیدیكەوە.
- دانانى ستراتیژێكی نیشتیمانيی؛ بۆ کردنەوەی خوولی بەردەوامى خوێندەواریی میدیایی بۆ پەروەردەکردنی نەوەی نوێی ڕۆژنامەوانان و ئەبدەیتکردنەوەی پیشەیی نەوەكانی پێشتر.
- دانانى پلان، پڕۆژە و پڕۆگرامی نیشتیمانيی؛ بۆ بەدواداچوون و هەڵسەنگاندنی کاریگەريیەكانى میدیا لەسەر کۆمەڵگە و بڵاوکردنەوەى ڕاپۆرتی ساڵانە لەسەر دۆخی میدیا لە هەرێمی کوردستاندا.
پ.ی.د. شوان ئادەم ئەیڤەس
سەرۆكی ڕێكخراوی چاودێریی میدیای كوردیی و
ڕێكخەری گشتیی كۆڕبەندی نیشتیمانیی چمك بۆ ڕیفۆرمی میدیایی
- وێنەیەك بۆ:
سەرۆكایەتیی زانكۆی سلێمانی وەك هاوبەشی سەرەكیی دووهەمین كۆڕبەند؛ لەوێوە ئاڕاستەی ئەم لایەنانەی خوارەوە بكرێن:
- سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان
- سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان
- سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان
- سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی دادوەریی هەرێمی كوردستان
- وەزارەتەكانی رۆشنبیریی و لاوان، ئەوقاف و كاروباری ئایینی، پەروەردە، خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستيی
- ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنیی هەرێمی كوردستان
- سەرجەم كەناڵەكانی راگەیاندنى هەرێمی كوردستان.