سلێمانی، چمک: لە ڕۆژانی دووشەممە و سێشەممە (26 و 27ی ئایاری 2025)دا و بە درووشمی ژینگەی میدیایی و پێویستیی ڕێکخستنی؛ دووهەمین کۆڕبەندی نیشتیمانیی چمک بۆ ڕیفۆرمی میدیایی لە هۆڵی کۆنگرێسی سەرۆکایەتیی زانکۆی سلێمانی ڕێكخرا.
لە ڕۆژی یەكهەم و لە دەستپێکی کۆڕبەندەکەدا؛ بە ئامادەبوونی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، خانمی یەکهەمی عێڕاق پێشەنگەیەکی کاریکاتێریی بەکر عەبدولرەحمان کرایەوە کە تێیدا کاریکاتێری تایبەت بە ماف و ئازادییەکانی ژن و ژینگە و منداڵی تيا نمایشکرا.
پ.د.کۆسار محەمەد؛ سەرۆکی زانکۆی سلێمانی وتاری هاوبەشی کۆڕبەندەکەی خوێندەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە دا کە «هەرێمی كوردستانی عێڕاق لەگەڵ ئەوەی كە خاوەن دەستوور و فەلسەفە و سیستەمێكی ڕوونی سیاسیی و میدیایی نییە؛ نەشبووەتە ژینگەیەكی ئازاد و لەبار بۆ كاركردنی ڕەخنەیی و پیشەیی ڕۆژنامەوانانی بنكۆڵكار (Investigative journalists). ئەوەیش وایكردووە؛ تێكەڵاویی و جیانەكردنەوەی فیعلیی دەستەڵاتەكانی یاسادانان، جێبەجێكردن و دادوەریی دۆخێكی ناهەموار درووستبكات كە میدیا وەكئەوەی لەستانداردە نێودەوڵەتییەكاندا دەستنیشان كراوە، نەبێتە دەستەڵاتی چوارهەمو ڕۆڵی پیشەیی خۆی ببینێت.» هەروەها لە بەشێکی دیکەی وتەکەیدا؛ دووپاتیکردەوە کە «لە سۆنگەی هەستكردن بە بەرپرسیارێتیی نیشتیمانیی؛ سەرۆكایەتیی زانكۆی سلێمانی وەك نێوەندێكی ئەكادیمیی و چاودێریی میدیای كوردیی وەك ڕێكخراوێكی ناحكوومیی قازانجنەویست لە ماوەی دوو ڕۆژدا، بە هاوبەشیی خاڵ دەخەنە سەر پیت و سەرنجتان بۆ زنجیرەیەك وتووێژ و كۆڕی دووهەمین كۆڕبەندی نیشتمانیی چمك بۆ ڕیفۆرمی میدیایی لەهەرێمی كوردستانی عێراقدا ڕادەكێشن. ئەوەیش لەچوارچێوەی هەشت دانیشتنی سەرەكییدا دەبێت كە میوانداریی 16 كەسایەتی خاوەن باكگراوندی جیاوازی حزبیی و پیشەیی و ئەكادیمیی دەكات؛ بۆ خستنەڕووی پاساو و پێشنیازەكانی خۆیان لەمەڕ هەریەك لەتەوەرەكانی: ڕیفۆرمی میدیایی لەنێوان دەستەڵاتەكانی یاسادانان و جێبەجێكردن و دادوەریی-دا؛ ڕیفۆرمی میدیایی لەنێوان پەروەردەو خوێندنی باڵا-دا؛ ڕیفۆرمی میدیایی لەنێوان خەیاڵ و واقیعی كۆمەڵگەی كوردیی-دا؛ ڕیفۆرمی میدیایی لەنێوان سانسۆر و ئازادیی ژینگەی كاركردن-دا.»
لە یەکهەمین کۆڕی کۆڕبەندەکەدا سەرۆکی ڕێکخراوی چاودێریی میدیای کوردی؛ پ.ی.د.شوان ئادەم ئەیڤەس ئاماژەی بە ڕیفۆرمی میدیایی و هەنگاوەکانی سەرپێخستنی لە سەرانسەری جیهاندا کرد. هەروەک جەختی لەسەر پێویستیی دانانی چوارچێوەی یاسایی و دەستووریی ڕاگەیاندن، دامەزراندنی ئەنجوومەنی نیشتیمانیی ڕاگەیاندن، گۆڕینی خاوەندارێتیی میدیایی لە تاکلایەنییەوە بۆ فرەلایەنیی، پەرەپێدانی میدیای خزمەتگوزاریی گشتیی، خۆگونجاندن لەگەڵ تەکنۆلۆژیای هاوچەرخ کردەوە و ئاماژەی بە مۆدێلە سەرکەوتووەکانی ڕیفۆرمی میدیایی لەسەر ئاستی جیهان کرد، لەوانە: مۆدێلەکانی وڵاتانی سکاندەناڤی، ئۆکرانیایی، توونسیی، بەریتانیایی و ئوسترالیایی کرد. لە کۆتاییشدا؛ دیارترین هەنگاوەکانی ڕیفۆرمی میدیایی لە هەرێمی کوردستاندا خستەڕوو.
لە یەکهەمین دانیشتنی کۆڕبەندەکەدا، پ.ی.د.ڕێواز فایەق؛ سەرۆکی خولی پێنجهەمی پەرلەمانی کوردستان و د.بۆکان ئەبووبەکر؛ پڕۆفیسۆری یاریدەدەر لە کۆلیجی یاسای زانکۆی سلێمانی، تاووتوێی ڕۆڵی دەستەڵاتی یاسادانی هەرێمی کوردستان لە ڕیفۆرمی میدیایی-دا کرد. وێڕای دووپاتکردنەوەی پێویستیی هەموارکردنەوەی یاساکانی تایبەت بە ڕێکخستنی ڕاگەیاندن، هاوکات جەخت لە دەرچوواندنی کۆمەڵێک یاسای نوێ کرایەوە، لەوانە: یاسای میدیای دیجیتاڵیی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەگەڵ یاسای پاراستنی داتای بەکارهێنەرانی میدیای دیجیتاڵیی.
لە دووهەم کۆڕی کۆڕبەندەکەدا، د.بەهرۆز عەلی؛ ڕاوێژکاری میدیایی لە سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان باسی لە پێویستیی گەڵاڵەکردنی سیستەمی میدیایی کردەوە کە بە ڕوون و ڕاشکاویی جۆری سیستەمەکە دەستنیشان بکرێت کە ئایا لیبراڵییە یان سۆشیالیستیی یاخوود تێکەڵاو.
لە کۆتایی یەکهەم ڕۆژی دووهەمین کۆڕبەندی نیشتیمانیی چمک بۆ ڕیفۆرمی میدیایی؛ بڕوانامەی ڕێزلێنان بەسەر بەشداراندا دابەشکرا.
ڕیفۆرمی میدیایی و ڕۆڵی دەستەڵاتی دادوەریی هەرێمی کوردستان؛ ناونیشانی یەکهەمین دانیشتنی دووهەم ڕۆژی کۆڕبەندەکە بوو کە لەلایەن دادوەر عومەر ئەحمەد، سەرۆکی دادگەی تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانی و د.سامان فەوزی، پڕۆفیسۆر لە یاسای ڕاگەیاندن لە زانکۆی گەشەپێدانی مرۆیی بەڕێوەبرا. لەو دانیشتنەدا؛ تایبەتکردنی دوو دادگەی سلێمانی بە دۆسییەکانی ڕۆژنامەوانان تاووتوێکرا. هەروەک ئەو بڕگەیەی یاسای ژمارە 35ی ڕۆژنامەگەریی کارا دەکرێت کە پێشوەختە سەندیکای ڕۆژنامەنووسان لە ناوەڕۆکی سکاڵاکان و وردەکاریی دۆسییەکانی تایبەت بە تاوانەکانی ڕاگەیاندن ئاگادار دەکرێنەوە. هاوکات دادوەر و کارمەندانی ئەو دوو دادگە تایبەتە لەسەر چۆنییەتی هەڵسووکەتکردن لەگەڵ سکاڵاکار و سکاڵالێکراوان ڕادەهێنرێن و ژمارەیەک شارەزای دادوەریی لەلایەن سەندیکاوە بۆ دادگە پێشنیاز دەکرێن، تا لە زووترین کاتدا دەستبەکاربن.
ڕیفۆرمی میدیایی و ڕۆڵی نێوەندە ئەکادیمییەکانی هەرێمی کوردستان؛ تەوەری دانیشتنێکی دیکەی توێژەرانی میدیایی بوو. لەو دانیشتنەدا؛ هەریەک لە پ.د.شێرکۆ جەبار، سەرۆکی بەشی تەکنیکی میدیا لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی و پ.ی.د.ئازاد عەبدولعەزیز، سەرۆکی بەشی ڕاگەیاندن لە زانکۆی سەلاحەدین لەگەڵ د.ڕەوان سوبحی، سەرۆکی پێشووی بەشی تەکنیکی میدیا لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی دهۆک ئاماژەیان بە پێویستیی چاکسازیی لە پڕۆگرامەکانی خوێندنی میدیایی کرد و دووپاتیانکردەوە کە پێویستە پەرلەمان و حکوومەت لەکاتی دانان و هەموارکردنەوەی یاسا و ڕێنماییەکانی ڕاگەیاندن و دادگەکان لە کاتی هەڵبژاردنی شارەزای دادوەرییدا سوود لە ئەزموون و پسپۆڕیی ئەکادیمیی و مامۆستایانی زانکۆ و توێژەرانی میدیایی وەربگرن.
لە کۆڕێکی دیکەی دووهەم ڕۆژی کۆڕبەندەکەدا؛ بەشدار بازیانیی وەک ڕۆژنامەوانێکی بنکۆڵکار ئاماژەی بە قورسیی دەستکەوتنی زانیاریی و خراپی مامەڵەی دادگە و دادوەران لەگەڵ ڕۆژنامەوانان-دا کرد و دووپاتیکردەوە کە ئێستا پڕۆسەی دادگەیی و دادبینیی لە هەرێمی کوردستاندا وەک جۆرێک لە سزا دەرهەق بە ڕۆژنامەوانان بەکاردەهێنرێت. هەروەک بە پێویستیشی زانی؛ کار لەسەر خوێندەواریی و پەروەردەکردنی ڕۆژنامەوانان و ئاشناکردنیان بە جۆر و شێوازەکانی بەڵگەسازیی و ڕۆژنامەگەریی بنکۆڵکاریی کرد.
ڕیفۆرمی میدیایی و ڕۆڵی لە پەروەردەکردنی نەوەکانی داهاتوودا؛ ناونیشانی دوا کۆڕی کۆڕبەندەکە بوو کە لەلایەن پ.ی.د.مەحییەدین محەمەد خانی، بەڕێوەبەری سەنتەری ڕاوێژکاریی دەروونیی و کۆمەڵایەتیی زانکۆی سلێمانی پێشکەشکرا. لەو کۆڕەدا؛ دووپاتکرایەوە کە بەکارهێنەری میدیایی بەشێکی خراپبەکارهێنانی ناوەڕۆکی میدیایی دەکەوێتەئەستۆ، چوونکە ئێستا میدیا خەڵک بەکاردەهێنێت وەک لەوەی خەڵک میدیا بەکاربهێنێت.
لە کۆتایی دووهەم ڕۆژی دووهەمین کۆڕبەندی نیشتیمانیی چمک بۆ ڕیفۆرمی میدیایی-دا؛ پ.ی.د.شوان ئادەم ئەیڤەس، سەرۆکی ڕێکخراوی چاودێریی میدیای کوردیی ڕستێک ڕاسپاردەی خوێندەوە کە لەدەرئەنجامی تەوەر و وتووێژەکانی دووڕۆژەی کۆڕبەندەکەوە گەڵاڵەکرابوون و ئاڕاستەی هەریەک لە پەرلەمان، حکوومەت، دادگە، میدیا و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیی کرابوون.
وێنەکان:
محەمەد حەکیم و ڕێگا ئەحمەد









