- د.شوان ئادەم ئەیڤەس
- پڕۆفیسۆری یاریدەدەر لە خوێندنی کەمیونیکەیشن، کولتوور و میدیا دا
ئەگەرچی ئامانجی نزیک و دووری هەر ڕێکخستنێکی سیاسیی کۆمەڵگە؛ بەدەستهێنانی زۆرینەی دەستەڵات و دەستبەسەرداگرتنی جومگە سەرەکییەکانییەتی، بەڵام بە دەگمەن نەبێت حزبە کوردییەکان بیریان لەوە نەکردووەتەوە کە لەسەر بنەمای تایبەتمەندێتیی دەستەڵاتەکان و لێکجیاکردنەوەیان؛ پێکهاتەی سیاسیی ڕێکخستنی حزبەکانیان ڕێکبخەنەوە و سەر لەنوێ پەیکەربەندیی دەستەڵاتە پەرلەمانیی، حکوومیی، دادوەریی، میدیایی و مەدەنییەکانیان دابڕێژنەوە!
لەو سۆنگەیەوە و بە پشتبەستن بە بنەمای لێکجیاکردنەوەی دەستەڵاتەکان (separation of powers) لەلایەن بیرمەندی فەڕەنسایی مۆنتسکیۆ (1689 – 1755)؛ زانستی هاوچەرخی سیاسیی دەستەڵاتە سەرەکییەکانی فەرمانڕەوایی بۆ دەستەڵاتی یەکهەم (یاسادانانی پەرلەمان)؛ دەستەڵاتی دووهەم (ڕاپەڕاندنی حکوومەت)؛ دەستەڵاتی سێهەم (دادوەریی دادگە و داوەران)؛ دەستەڵاتی چوارهەم (ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان) لەگەڵ دەستەڵاتی پێنجهەم (ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی) بەش و پۆلێنکردووە. بەجۆرێک کە هەریەکەیان خاوەن سەروەریی و سەربەخۆیی پیشەیی کارکردنی خۆیان بن و بەدوور لە تێکەڵاویی و دەستتێوەردان لە دەستەڵاتی یەکتری، لە ڕێکخستنی سیستەمی فەرمانڕەوایی وڵاتدا هەماهەنگ و بەشدار بن.
جا بەدەر لە شێوازە کۆنەکانی ڕێکخستن و بەڕێوەبردنی حزبی کوردیی کە بۆ هەر کەرت و کایەیەک نوێنەرێکی هەیە و نوێنەرایەتییکردنی بەرژەوەندییە حزبییەکانی کردووەتە پێشمەرجی بەربژێرکردن و دامەزراندنی؛ دەشێت سوود لەم بیرۆکە نوێیە وەربگیرێت و کار بە پێوەری پسپۆڕیی، لێهاتوویی و هاوبەشیی لە بڕیاردان و شۆڕکردنەوەی دەستەڵاتەکان و شێوازەکانی دابەشکردنی لەنێو ڕێکخستنە سیاسییەکان و ئۆرگانە جیاوازەکاندا بکرێت. ئەم بیرۆکە پێشنیازکراوە؛ دەشێت هەم خزمەت بە تاکتیک و ستراتیژی کارکردنی حزب، هەم خزمەت بە ئامانجەکانی ئەندام و دەنگدەر و هەوادارانی حزب بکات، چوونکە ئاست و ئاڕاستەی هەماهەنگیی و بەدواداچوون لە کارووبارەکانی چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگەدا زووتر و زیاتر دەکات.
ئاشکرایە لە کوردستانی گەورەدا بە گشتیی و لە هەرێمی کوردستانی بندەستی عێراقدا بەتایبەت؛ کەم ڕێکخستنی سیاسیی و حزبی کوردیی سەرچڵیی و بوێری ئەوەیان هەبووە دەست بۆ ڕێکخستنەوەی بنچینەیی دەستەڵاتەکانی سەرۆک و سەرکردایەتیی و ئۆرگانە جیاوازەکانیان بەرن. شاهۆکاری ئەوەیش؛ ڕەنگبێت بۆ سرووشتی حزبی کوردیی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بگەڕێتەوە کە لە هەر پارچەیەکی کوردستانی عێڕاق، ئێران، تورکیا و سوریادا بووبێتن، زۆرتر لە پێناو بەرگریی لە مانەوە و بەردەوامیی پرسە نەتەوەییەکاندا درووستبوون و کەمتر پەرژاونەتەسەر خۆبەڕێوەبەریی و دابەشکردنی دەستەڵاتەکان و ڕێکخستنەوەی ئۆرگانە جیاوازەکانی حزب. واتە هێندەی مەبەستیان بووە لە دەوری کاریزما-یەکدا کۆببنەوە و بە دەستەجەمعی شوێنکەوتەی بن و فەرمانی لێوەربگرن، نیوهێندە مەبەستیان نەبووە تاکەکان یاخوود سەرچاوە مرۆییە وزەبەخشەکانیان بۆ مانەوە و بەردەوامیی حزب پەروەردە بکەن، تاوەکوو لە نەمانی کاریزما-کەیاندا کۆی ڕێکخستنە سیاسییەکەیشیان هەڵنەوەشێتەوە یان پەرتەوازە و پەڕاوێز نەخرێت!
لەو نێوەندەدا و بە پێی ئەو دەستەڵاتانەی لە پەیڕەوی ناوخۆی پەسەندکراوی پێنجهەمین کۆنگرەی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان پێیبەخشراوە؛ بافڵ تاڵەبانیی وەک سەرۆکی حزب، سازدانی دیداری دەوریی حزبەکەی «لە پێناو درووست کردنی دید و سیاسەت و پڕۆژەی یەکێتی لەسێکتەرە جیاوازەکاندا» کردووەتە بڕیاری ژمارە 83ی ڕۆژی 09ی کانوونی یەکهەمی 2021 و قوباد تاڵەبانیی وەک ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی کردووەتە سەرپەرشتیاری ڕێکخستنی ئەو دیدارە. هەروەک لە 31ی ئایاری 2022دا؛ کۆتایی بە خولی یەکهەمی دیدار هێنرا و بۆ ڕێکخستنی دووهەمین خولی دیداری یەکێتیی، ئێستا کۆنفرانسی ناوچەیی ساز دەدرێن. هەربۆیە؛ ئەم پێشنیازەی ئێمەیش گرنگییەکەی زیاتری دەبێت، ئەگەربێتوو وردتر بڕگەکانی تاووتوێ بکرێن و وەک سیناریۆیەکی نوێی ڕێکخستنەوەی پەیکەربەندیی دەستەڵاتەکانی سەرۆک و سەرکردایەتیی و بنکەی جەماوەریی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لە ئاستی نێوخۆیی و هەرێمیی و نێودەوڵەتییدا کاری پێبکرێت.
ناوەڕۆکی پێشنیازەکەی ئێمە لەوەدا چڕ دەبێتەوە کە جگە لە سەرۆک و جێگر و بڕیاردەرانی حزب؛ هەر پێنج دەستەڵاتەکە لەنێوان سەرۆکایەتیی و بنکەی جەماوەریی حزبدا بەشبکرێن و لەنێو پەیڕەوی ناوخۆدا جێیان بکرێتەوە و پەسەند بکرێن. دواتر بە پشتبەستن بە ناوەڕۆکی مادەکانی پەیڕەوی ناوخۆ؛ چەند ڕێنماییەک بۆ ئاسان جێبەجێکردنی وردەکاریی هەریەک لە دەستەڵاتەکان دابڕێژرێن کە لەلایەن یەکێک لە بڕیاردەرانی حزب بۆ کارووباری یەکێک لە دەستەڵاتەکان سەرپەرشتیی دەکرێن. واتە لە بنەمادا حەوت کەس وەک دەستەی سەرۆکایەتیی حزب؛ دەبن بە ئەندامی مەکتەبی سیاسیی. جگەلە سەرۆک و جێگری سەرۆک؛ پێنج بڕیاردەر (Secretary)یش بۆ بەڕێوەبردنی کارووبارەکانی ئەم پێنج دەستەیەی خوارەوە دادەنرێن:
یەکهەم؛ دەستەی یاسادانان و بڕیاردەری بەڕێوەبردنی:
بڕیاردەری کارووباری یاسادانان؛ هەڵبژێردراوی سەرۆک و جێگری سەرۆک دەبێت و ڕاستەوخۆ دەبێتە بەرپرسی بەڕێوەبردنی دەستەی دەستەڵاتی پەرلەمانیی یان یاسادانانی حزب. بڕیاردەر؛ باشترە ئەزموونی پەرلەمانیی هەبێت و ئاشنا و ئاگاداری شێوازی داڕشتنی پێشنیازەیاسا و یاسادانان و شێوازەکانی دەرچوواندنی بێت لەو کەرت و کایانەی دەچنە چوارچێوەی کارنامەی یاسادانانی حزب؛ هەم لە پەرلەمانی کوردستان و هەم لە پەرلەمانی عێڕاقدا. ئەندامانی ئەم دەستەیە؛ دەشێت لە پەرلەمانتارانی کۆن و نوێی پەرلەمان پێکبهێنرێن و بۆ پاڵپشتیی و چاودێریی تیمی پەرلەمانیی حزب ئەرکدار بکرێن. ئەرکێکی دیکەی ئەم دەستەیە؛ دەکرێت هەڵبژاردنی بەربژێرانی حزب بێت بۆ خولەکانی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان و عێڕاق و ئەنجوومەنەکانی شارەوانییەکان. لێرەدا ئاستی کراوەیی و داخراوەیی حزب لە ڕەخساندنی دەرفەت و هێنانەناوەوەی بەربژێرانی ناحزبیی یاخوود کەسانی پسپۆڕ و پیشەگەر بۆ پێگە جیاوازەکان؛ ڕۆڵی لە تۆخکردنەوە یان کاڵکردنەوەی دەستی حزب لە سیستەمی پەرلەمانییدا دەبێت. ئەوەیش دەبێت بە یەکێک لە دەستکەوتەکانی حزب کە لەپێناو پتەوکردنی پایەکانی سیستەمی دیمووکراسییدا؛ خەباتی شاخ و شاری ئاوێزانی ئامانجە سیاسییەکانی کردبێت.
دووهەم؛ دەستەی ڕاپەڕاندن و بڕیاردەری بەڕێوەبردنی:
بڕیاردەری کارووباری ڕاپەڕاندن؛ هەڵبژێردراوی سەرۆک و جێگری سەرۆک دەبێت و ڕاستەوخۆ دەبێتە بەرپرسی بەڕێوەبردنی دەستەی دەستەڵاتی حکوومەتیی یان ڕاپەڕاندنی حزب. بڕیاردەر؛ باشترە ئەزموونی حکوومیی هەبێت و ئاشنا و ئاگاداری شێوازی بەڕێوەبردنی حکوومیی و داڕشتنی ڕێنمایی و شێوازەکانی دەرچوواندنی بێت لەو کەرت و کایانەی دەچنە چوارچێوەی کارنامەی ڕاپەڕاندنی حزب؛ هەم لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و هەم لە حکوومەتی عێڕاقدا. ئەندامانی ئەم دەستەیە؛ دەشێت لە وەزیر، بریکاری وەزیر، ڕاوێژکار و بەڕێوەبەری گشتیی کۆن و نوێی حکوومەت پێکبهێنرێن و بۆ پاڵپشتیی و چاودێریی تیمی حکوومیی حزب ئەرکدار بکرێن. هاوکات دەکرێت ئەرکێکی دیکەی ئەم دەستەیە؛ هەڵبژاردنی بەربژێرانی حزب بێت بۆ خولەکانی کابینەی داهاتووی حکوومەتەکانی کوردستان و عێڕاق و دەستە جیاوازەکانیان. هەڵبەت لێرەدا ئاستی کراوەیی و داخراوەیی حزب لە دەرفەتڕەخساندن و هێنانەناوەوەی بەربژێرانی ناحزبیی یاخوود کەسانی پسپۆڕ و پیشەگەر بۆ پێگە جیاوازەکان؛ ڕۆڵی لە تۆخکردنەوە یان کاڵکردنەوەی دەستی حزب لە سیستەمی حووکمڕانییدا دەبێت. لێرەشدا؛ ڕوونتر مەبەست و ئامانجی حزب لە پێکهێنانی کابینەی حکوومەتی باش (good governance) لە کەسانی تەکنۆکرات دەردەکەوێت!
سێهەم؛ دەستەی دادوەریی و بڕیاردەری بەڕێوەبردنی:
بڕیاردەری کارووباری دادوەریی؛ هەڵبژێردراوی سەرۆک و جێگری سەرۆک دەبێت و ڕاستەوخۆ دەبێتە بەرپرسی بەڕێوەبردنی دەستەی دەستەڵاتی دادوەریی یان ئەو سیستەمە دادوەرییەی حزب بانگەشەی بۆدەکات. بڕیاردەر؛ باشترە ئەزموونی دادوەریی لە نێوەندە یاساییەکانی وەک دادگە یاخوود ئەنجوومەنی دادوەریی هەبێت و ئاشنا و ئاگاداری شێوازەکانی دادگەییکردن و سیستەمی دادوەریی و جۆرە جیاوازەکانی دادگەی لێکۆڵینەوە، کەتن، مەدەنیی و سەربازیی بێت لەو کەرت و کایانەی دەچنە چوارچێوەی کارنامەی دادوەریی حزب؛ لە ئەنجوومەنەکانی دادوەریی کوردستان و عێڕاقدا. ئەندامانی ئەم دەستەیە؛ دەشێت لە دادوەران، پارێزەران، مافپەروەران، یاساناسانی حزبیی و ناحزبیی پێکبهێنرێن و بۆ پاڵپشتیی و چاودێریی تیمی دادوەریی حزب ئەرکدار بکرێن. دەکرێت ئەرکێکی دیکەی ئەم دەستەیە؛ هەڵبژاردنی ئەو بەربژێرانە بێت کە حزب ئارەزوویان دەکات بۆ خولەکانی داهاتووی ئەنجوومەنەکانی دادوەریی کوردستان و عێڕاق و دادگە جیاوازەکان. هەڵبەت لێرەدا ئاستی کراوەیی و داخراوەیی حزب لە ڕەخساندنی دەرفەت و هێنانەناوەوەی بەربژێرانی ناحزبیی یاخوود کەسانی پسپۆڕ و پیشەگەر بۆ پێگە جیاوازەکان؛ ڕۆڵی لە تۆخکردنەوە یان کاڵکردنەوەی دەستی حزب لە سیستەمی دادوەرییدا دەبێت. بەوەیش وڵات؛ هەنگاوێک زووتر لە لێکجیاکردنەوەی فیعلیی دەستەڵاتە گشتییەکان نزیکدەبنەوە!
چوارهەم؛ دەستەی میدیایی و بڕیاردەری بەڕێوەبردنی:
بڕیاردەری کارووباری میدیایی؛ هەڵبژێردراوی سەرۆک و جێگری سەرۆک دەبێت و ڕاستەوخۆ دەبێتە بەرپرسی بەڕێوەبردنی دەستەی دەستەڵاتی ڕاگەیاندن و پەیوەندییە گشتییەکانی حزب. بڕیاردەر؛ باشترە ئەزموونی میدیایی و دبلۆماسیی هەبێت و ئاشنا و ئاگاداری شێوازی بەڕێوەبردنی دامەزراوە میدیایی و چەناڵە جیاوازەکانی بێت لەو کەرت و کایانەی دەچنەچوارچێوەی کارنامەی میدیایی و دبلۆماسیی حزب لە کوردستان و عێڕاقدا. ئەندامانی ئەم دەستەیە؛ دەشێت لە میدیاکاران و دبلۆماتکار و ئەکادیمییانی کۆن و نوێی میدیا و نوێنەرایەتییەکان پێکبهێنرێن و بۆ پاڵپشتیی و چاودێریی تیمی میدیایی حزب ئەرکدار بکرێن. ئەرکێکی دیکەی ئەم دەستەیە؛ دەکرێت هەڵبژاردنی ئەو بەربژێرانە بێت کە حزب بۆ خولەکانی داهاتووی دەستەکانی گەیاندن و ڕاگەیاندنی کوردستان و عێڕاق و میدیا جیاوازەکان ئارەزوویان دەکات. لێرەدا ئاستی کراوەیی و داخراوەیی حزب لە دەرفەتڕەخساندن و هێنانەناوەوەی بەربژێرانی ناحزبیی یاخوود کەسانی پسپۆڕ و پڕۆفیشناڵ بۆ پێگە جیاوازەکان؛ ڕۆڵی لە تۆخکردنەوە یان کاڵکردنەوەی دەستی حزب لە سیستەمی میدیایی و دبلۆماسییدا دەبێت.
پێنجهەم؛ دەستەی کۆمەڵگەی مەدەنیی و بڕیاردەری بەڕێوەبردنی:
بڕیاردەری کارووباری کۆمەڵگەی مەدەنیی ڕێکخراوەکان؛ هەڵبژێردراوی سەرۆک و جێگری سەرۆک دەبێت و ڕاستەوخۆ دەبێتە بەرپرسی بەڕێوەبردنی دەستەی دەستەڵاتی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیی کە حزب ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ پشتگیریی مەعنەویی یان مادیی یاخوود هەردووکیان دەکات. بڕیاردەر؛ باشترە ئەزموونی ڕێکخراوەیی کۆمەڵگەی مەدەنیی هەبێت و ئاشنا و ئاگاداری شێوازی کارکردنی هێزی نەرمی ڕێکخراوە ناحکوومییەکان بێت وەک هێزێکی گوشار لەسەر دەستەڵاتەکانی دیکە و شێوازەکانی جووڵاندنی ڕایگشتیی لەهەمبەر ئەو پرس و بابەتانەی دەبنە جێێ بایەخی تاکەکانی کۆمەڵگە؛ هەم لە پارێزگەکانی هەرێمی کوردستان و هەم لە پارێزگەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێڕاق. ئەندامانی ئەم دەستەیە؛ دەشێت لە ئەندامانی کۆن و نوێی ڕێکخراوە پیشەیی و جەماوەرییەکانی حزب و چالاکوانانی کۆمەڵگەی مەدەنیی پێکبهێنرێن و بۆ پاڵپشتیی و چاودێریی تیمی کۆمەڵگەی مەدەنیی ڕێکخراوە جیاوازەکانی حزب ئەرکدار بکرێن. لێرەدا ئاستی کراوەیی و داخراوەیی حزب لە ڕەخساندنی دەرفەت و هێنانەناوەوەی بەربژێرانی ناحزبیی یاخوود کەسانی پسپۆڕ و پیشەگەر بۆ پێگە جیاوازەکان؛ ڕۆڵی لە تۆخکردنەوە یان کاڵکردنەوەی دەستی حزب لە سیستەمی ڕێکخراوەیی کۆمەڵگەی مەدەنییدا دەبێت.
لە خستنەڕووی ئەم بیرۆکەپێشنیازەدا؛ ڕەچاوی پێکهاتەی کۆمەڵگەی کوردیی و سرووشتی دابەشکردنی دەستەڵاتەکان کراوە. واتە سینارۆیەکە؛ بۆ پێکەوەبەستنەوە و ئاوێزانکردنی لایەنی تیۆریی و کردەیی حزبایەتییە لە هەرێمی کوردستاندا. هەڵبەتە ئەم پێشنیازە؛ هێڵە گشتییەکانی دابەشکردنی دەستەڵاتەکانی دەستەی سەرۆکایەتیی و بنکەی جەماوەریی حزبەکانی لەبەرچاو گرتووە. هەریەک لە دەستەڵاتەکانی بڕیاردەران و دەستەڵاتەکانی پێنج دەستە جیاوازەکەيش بەپێی ژمارەی گشتیی ئەندامانی حزب و بەربژێرانیان بۆ هەڵبژاردنی سەرکردایەتیی حزب؛ کەم و زیاد دەکرێن. زۆریی و کەمیی ژمارەی دەستەکان و ئەندامانیيان و دیارییکردنی ئەرک و دەستەڵاتەکانیان دەکەوێتەسەر بەرفراوانیی و بەرتەسکیی جوگرافیای هێزی حزب و بازنەکانی هەڵبژاردنی. كەم و زیادكردنی دەستەكان كراوەیە و هەر ڕێكخستنێكی سیاسیی بەپێی سرووشتی كاركردنی حزبیی خۆی دەشێت بڕیاڕدەری دیكەی دەستەی سەرۆكایەتیی و دەستەی نوێی دیكەی وەك سەربازیی و…تد دابمەزرێنێت یاخوود لە نێو دەستەكانی دیكەدا جێیان بكرێتەوە و كارووبارەكانیان ڕاپەڕێنرێت!