بۆچی یاسای بەرەنگاربونەوەی تێرۆر مەترسیدارە؟!

مەم بورهان قانع

سەرۆكی رێكخراوی مەشق بۆ پەرەپێدانی دیموكراسی و میدیا

ئەم وتارە، ئیستێ دەکات لەسەر ھەندێ لە مەترسییەکانی یاسای بەرەنگاربونەوەی تۆقاندن (تیرۆر) لە ھەرێمی کوردستانی عیراق دا، کە یاسای ژمارە (٣)ی ساڵی ٢٠٠٦ی پارلەمانی کوردستانە و چەند رۆژێک لەمەوبەر، لەلایەن پارلەمانتارانی فراکسیۆنەکانی پارتی و یەکێتیی و گۆڕان و یەکگرتوی ئیسلامیی کوردستان-ەوە، بۆ ماوەیەکی نادیار، کارکردن بەم یاسایە درێژکرایەوە. لەم وتارەدا، دەرفەت ناڕەخسێت رۆبچینە نێو کۆی مەترسییەکانی ئەم یاسایە و رونکردنەوەی تەواوی مادە و بڕگە و خاڵەکانی نێو یاساکە، بەڵکو تەنھا ئیستێ لەسەر ھەندێ مادە و بڕگە و خاڵ و مەترسییەکانی ئەم یاسایە دەکەین بۆ سەر ئەو پەراوێزی دیموکراسییەی لە ھەرێمی کوردستان دا باسدەکرێت و، پێموایە: بە جێبەجێکردنی تەواوەتیی ئەم یاسایە، دەتوانرێت ھەرێمی کوردستان بکرێتە گروتخانەیەکی گەورە.

ئەم یاسایە، کە لە (١٨) مادە پێکھاتوە، زۆرینەی مادەکانی، چەندین بڕگە و خاڵیان لەخۆگرتوە، بەڵام ھەوڵدەدەم بە کورتی رۆبچمە نێو ھەندێ لە مادە و بڕگەکانی ئەم یاسایەوە، بەتایبەتی ئەو لایەنانەی پەیوەندییان بە مافەکانی مرۆڤ و پرسی دیموکراسی و ئازادیی رادەبڕینەوە ھەیە. بەر لەوەی شیکارییەکی رۆژنامەنوسیی بۆ ئەم یاسایە بکەم، دەمەوێت ئاماژە بەوە بکەم کە بونی یاسای تێرۆر لە ھەر وڵاتێک دا، یەکێکە لە پێویستییەکان، ئەمەیش بۆ بەرگرتن لە تێرۆر و پاراستنی سەلامەتیی گیانی ھاوڵاتیان (بۆ ئەوەی کەس تۆمەتبارم نەکات کە من بەگریی لە “تێرۆر” دەکەم!)، بەڵام نابێت ئەم یاسایە، ببێتە ھۆی دەستدرێژیکردن بۆ سەر ئازادییەکان و کەرامەتی ھاوڵاتیان و پرەنسیپە بنەڕەتییەکانی دیموکراسیی.

مادەی یەکەمی ئەم یاسایە، ناساندنی “تێرۆر”ە، کە بەشێوەیەکی لاستیکیی ئەم چەمکە بە ئێمە دەناسێنێت و ئەمەیش سەرەتای ھەڕەشەکانی نێو ئەم یاسایەیە، کە: یان بەسەر زۆربەی پارلەمانتارانی کوردستان دا تێپەڕیوە، یان لە ھەڕەشەکانی تێنەگەیشتون، یاخود کۆدەنگییەک ھەبوە لەنێوان کۆی پارلەمانتارانی کوردستان دا (ێەفقەیەکی سیاسیی لەنێوان پارتی و یەکێتیی و گۆڕان و یەکگرتودا) بۆ پەسەندکردنی ئەم یاسایە! “تێرۆر”، لە مادەی یەکەمی ئەم یاسایەدا، “بەکارھێنانی توندوتیژیی سازدراوە، ھەڕەشەپێکردنیەتی، ھاندانە بۆی، یان پیاھەڵدانیەتی کە تاوانکار پەنای بۆ دەبات بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەیەکی تاوانکاریی، کەسێک یان کەسانێک پێیھەڵدەستن و تاکێک، یان کۆمەڵە کەسانێک دەکەنە ئامانج، یان ھەر بە رەمەکیی ئەنجامیدەدەن بەنیازی نانەوەی تۆقاندن و ترس و شڵەژان و ئاژاوەنانەوە لەنێو جەماوەردا بۆ ئەوەی زیان بە سیستمی گشتیی بگات، ئارامیی و ئاسایش و سەلامەتیی کۆمەڵگا و ھەرێم، ژیانی تاکەکەسان، سەربەخۆییان، پیرۆزییان، ئاسایشیان، بخرێتە مەترسییەوە، یان بۆ زیانپێگەیاندن بە ژینگە، بە یەکێک لە سەرچاوە گشتییەکان، بە دەسگا، سامانی گشتیی، یان تایبەتییەکان، بۆ بەدیھێنانی ھەندێ مەبەستی سیاسیی، ھزریی، ئایینیی، تایەفەگەریی، یان رەگەزیی”. دیققەتی وردی مادەی یەکەمی ئەم یاسایە بدەن، کە پارلەمانتاران (نوێنەرانی گەل!)ی چوار لیستی سەرەکیی پارلەمانی کوردستان، متمانەیان پێبەخشیوە! ئەم مادەیە، مەترسیدارترین مادەی نێو یاساکەیە، کە بەشێوەیەکی لاستیکیی “تێرۆر” دەناسێنێت و چەندین دەستەواژەی ریزکردوە، کە سکاڵاکار و دادوەریش دەستیان واڵادەبێت بۆ تۆمەتبارکردنی کەسێک، یان لایەنێک، یاخود گروپ و کۆمەڵە و دامەزراوەیەک کە تۆمەتباربکرێن بە ئەنجامدانی تێرۆر و سەرئەنجام بەپێی مادەکانی دوەم و سێیەم و چوارەمی یاساکە، چۆنیان ئارەزوکرد، لەنێوان سزای لەسێدارەدان دا بۆ زیندانیکردنی ھەتاھەتایی، تا دەگاتە زیندانیکردنی ١٥ ساڵ، کەسی تاوانبارکراو سزا بدەن. دیققەت بدەن: ھەرکەس و لایەنێک تۆمەتباربکرێت بە “ھاندان” (دەستەواژەیەکی تەواو لاستیکییە) بەنیازی نانەوەی تۆقاندن و ترس (دیسانەوە دەکرێت لێکدانەوەی جیای بۆ بکرێت)، بەجۆرێ کە زیانی بۆ سەر “سیستمی گشتیی” ھەبێت، کە بۆ خۆی “سیستمی گشتیی” چ لەم یاسایەدا، چ لە ھەردو یاسای “رۆژنامەگەریی لە کوردستان/ یاسای ژمارە ٣٥ی ساڵی ٢٠٠٧ی پارلەمانی کوردستان” و ھەروەھا “مافی بەدەستھێنانی زانیاریی لە ھەرێمی کوردستانی عیراق/ یاسای ژمارە (١١)ی ساڵی ٢٠١٣ی پارلەمانی کوردستان”، چەمکێکی لاستیکییە و بێ ئەوەی پێناسەی وردیی بۆ کرابێت، بوەتە ھەڕەشە بۆ سەر ئازادییەکان و پایەکانی دیموکراسیی لە ھەرێمی کوردستان دا. یان: لەرێی دەستەواژەی “سەلامەتیی کۆمەڵگە و ھەرێم”ەوە، دەتوانرێت چەندین نوسەر و رۆژنامەنوس و دامەزراوەی میدیایی و رێکخراوی کۆمەڵگای مەدەنیی و گروپەکانی فشار، تۆمەتباربکرێن کە بونەتە ھۆی ھەڕەشە بۆ سەر “سەلامەتیی کۆمەڵگا و ھەرێم” و بەمەیش دەکرێت پاڵپشت بە حوکمە سزاییەکانی مادەکانی “دوەم و سێیەم و چوارەم”ی یاساکە، سزای توندیان بەسەردا بسەپێنرێت، کە لە سزای مەرگەوە بۆ سزای ١٥ ساڵ زیندانیکردن دەگرێتەوە! یان: زیانپێگەیاندن بە “ژینگە” (ئەگەر تۆمەتباربکرێیت ئاگرت بەرداوەتە شاخێک و پوشەکەیت سوتاندوە!) بە یەکێک لە “سەرچاوە گشتییەکان”، ئەگەر بوبێتە ھۆی ئەوەی زیانت بە بەنداوێک گەیاندبێت، یان وشککردنی کانیاوێک، یاخود بیرە نەوتێک، یان زانیارییەکت بڵاوکردبێتەوە و ھۆکاربوبیت بۆ زیانگەیاندن بە بنکەیەکی گومرگیی و زیانپێگەیاندنی وەکو سەرچاوەیەکی گشتیی! یان زیانگەیاندن بە “سامانی گشتیی”، وەک ئەوەی کەناڵێکی میدیایی راپۆرتێک بڵاوبکاتەوە، کە گوایە بوەتە ھۆی ئەوەی ھەناردەی نەوتی ھەرێم بوەستێت، یان ھەناردەی بەرھەمی کشتوکاڵیی بوەستێت، یاخود داھاتی ناوخۆ کەمبکات… دەشێ ئەم حاڵەتانە، پاڵپشت بەم مادەیەی ئەم یاسایە، وەھا لێکبدرێتەوە، کە بونەتە ھۆی زیانگەیاندن بە “سامانی گشتیی”، یان “تایبەتیی”، کە بە پێی یاساکە، ئەگەر بۆ مەبەستی “سیاسیی، ھزریی، ئایینیی، تایەفەگەریی، یان رەگەزیی” بێت! دیقەتی ئەم ھەمو مەبەست و دەستەواژە لاستیکییە بدەن. ئینجا زیانگەیاندنێک بە سامانی گشتیی”، یان “تایبەتیی”، کە بۆ مەبەستی سیاسیی، یان ھزریی، یان ئایینیی، یاخود تایەفەگەریی، یان رەگەزیی بێت، کە ھەمویان بێئەندازە چەمکێکی لاستیکین و دەشێ ھەر زیانێک کە سکاڵاکار، یان دادوەر مەبەستییەتی، بیخاتە چوارچێوەی یەکێک لەو مەبەستانەوە، ئەوا کەسی ئەنجامدەر، یان لایەنی ئەنجامدەر بە “تێرۆر”، تاوانبار دەکرێت و سزاکانیشی پاڵپشت بە مادەکانی دواتر، ریزبەندکراون!

مادەی دوەمی یاساکە، تایبەتە بە سزای “لەسێدارەدان” بۆ ئەو کەسانەی تۆمەتباردەکرێن بە “تێرۆر” و ئەم تێرۆرەیش، لەچوارچێوەی ھەشت خاڵ دا ریزبەندکراوە، کە ھەندێ لە خاڵەکانی چەندین بوار و لایەنی جیاجیای لەخۆگرتوە، کە ئەمەش فراوانکردنی چوارچێوەکانی تایبەت بە تاوانی “تێرۆر”ەو ئەمەش ھەڕەشەیەکی مەترسیدارە بۆ سەر دیموکراسیی و ئازادییەکان لە ھەرێمی کوردستان دا. بۆ نمونە: بەپێی خاڵی یەکەمی ئەم مادەیە، ئەگەر بۆ نمونە کەسێک رێکخراوێک، یان کۆمەڵەیەک، یاخود دەستەیەک، یان بنکەیەک، یاخود کۆمەڵێک، دابمەزرێنیت، کە بۆ یەکێک لەو تاوانانەبن، کە لە مادەی یەکەمی ئەم یاسایە و دەستەواژە لاستییکییەکانی دا ریزبەندکراون، ئەوا بە سزای “لەسێدارەدان تا مردن” سزا دەدرێت. یان: لە خاڵی حەوتەمی مادەی دوەمی ئەم یاسایەدا، ھاتوە: “ھاوکاریکردن لەگەڵ وڵاتێکی بیانیی، ھەر رێکخراو، کۆمەڵە، باند، بنکە، یان کۆمەڵێکی دەرەوەی وڵات، یان کار بۆ بەرژەوەندیی ھەر یەکێکیان بکات، بۆ ئەوەی تاوانێک لەو تاوانانەی لەم یاسایەدا دەقنوسکراوون، ئەنجامبدات”. واتا: کۆی ئەو دەستەواژە لاستیکییانەی لە مادەی یەکەمی ئەم یاسایەدا خراونەتەڕو و بە تاوانی “تێرۆر” ھەژمارکراون، ئەوا ھەر رێکخراو و کۆمەڵەیەک تەنسیقی بۆ نمونە لەگەڵ نوێنەرایەتیی وڵاتێکی دراوسێ دا ھەبێت، یان کونسوڵخانە، یاخود باڵیۆزخانەکانی وڵاتانی جیھاندا لە ھەرێمی کوردستان و عیراق، بۆ نمونە: ئەگەر رێکخراوێکی کۆمەڵگای مەدەنیی ویستی لەرێی باڵیۆزخانەی وڵاتێکەوە لە عیراق، پڕۆژەیەک جێبەجێبکات و پەیوەندیداربێت بە پێشیلکاریی مافەکانی مرۆڤ لە ھەرێمی کوردستان، یان پێشێلکردنی مافەکانی زیندانییەکانی ھەرێمی کوردستان، یاخود ھەڕەشەکانی سەر دیموکراسیی و ئازادیی رادەربڕین لە ھەرێمی کوردستان… ھتد، ئەوا دەکرێت پاڵپشت بە دەستەواژە لاستیکییەکانی مادەی یەکەمی ئەم یاسایە و سزاکانی مادەی دوەمی ئەم یاسایە، کەسی دیاریکراوی ناو رێکخراوەکان، سزای “ئیعدام”یان بەسەردا بسەپێنرێت.

مادەی سێیەمی ئەم یاسایە، ھاوشێوەی مادەی دوەم، ھەشت خاڵی لەخۆگرتوە، کە تێیاندا، کۆی ئەو تاوانانەی مادەی یەکەم ریزکراون، کە ئەگەر کەسێک یان لایەنێک ئەنجامیبدات، ئەوا بە زیندانیکردنی “ھەتاھەتایی”ی سزادەدرێن. دیسانەوە بەھۆی لاستیکییبونی ئەو تاوانانەی لە مادەی یەکەمی یاساکەدا ریزکراون، ئەمەش وایکردوە، سکاڵاکار بتوانێت بەرانبەر بە زۆر کار و روداو، سکاڵا لەدژی کەسێک، یان کەسانێک تۆماربکات و تۆمەتباری بکات بە کاری تێرۆر و دەستی دادوەریش واڵابێت (لەدۆخێکی مەترسیداری ئەمڕۆدا، کە بەشێکی دادوەرەکان لەژێر ھەژمونی حزبیی دان) بۆ ئەوەی حوکمی قورس بەسەر ئەو کەسانەدا بسەپێنێت کە بە تاوانی تێرۆر تۆمەتباردەکرێن و دواتر دادوەر تاوانباریان بکات و لەنێوان سزای “لەسێدارەدان”ی مادەی دوەم و “زیندانیکردنی “ھەتاھەتایی”ی مادەی سێیەم و زیندانیکردنی “١٥” ساڵی مادەی چوارەم دا، یەکێکیان ھەڵبژێردرێت! بۆ نمونە: لە خاڵی شەشەمی مادەی سێیەمی یاساکەدا، ھاتوە: “مەشقپێکردنی کەسێک، یان کەسانێک لەسەر بەکارھێنانی چەک، لەسەر ھۆیەکانی پەیوەندیی پێوەکردن، فێرکردنی ھونەرە جەنگییەکان، یان شێوازەکانی شەڕکردن، بە مەبەستی ئامادەکردنیان بۆ ئەنجامدانی تاوانێکی تێرۆرکاریی”. ئەم خاڵەی ئەم مادەیە، دیسانەوە یەکێکە لە مەترسییەکانی ناو یاساکە، چونکە ئەوە کێیە ئەو کەس و لایەنانە تۆمەتباردەکات کە ئەم فێرکردنەی ھونەری جەنگ و شارەزابون لەسەر بەکارھێنانی چەک، بۆ مەبەستی کاری تێرۆرکارییە؟! داڕشتنەوەی بڕگەیەک، یان خاڵێک بەمجۆرە، دەبێتە یەکێکی دیکە لە مەترسییەکانی نێو یاساکە و دیسانەوە لاستیکیبونی نێو یاساکە و، ھەروەھا ئاوەڵاکردنی دەستی سکاڵاکار، یان دەسەڵات بۆ شکاتکردن و دواتریش ئاوەڵاکردنی دەستی دادوەر بۆ حوکمدان، کە دەشێ ئەم فێربونە لەسەر بەکارھێنانی چەک، یان ھۆیەکانی پەیوەندیکردن، بۆ مەبەستی تێرۆر ھەژماربکرێت! یان: خاڵی ھەشتەمی ئەم یاسایە، کە دەقەکەی بەمجۆرەیە: “دروستکردن، ھاوردن، یان لەلابونی تەقەمەنیی، ئاگرە تریشقە، ئامێری دروستکراو بۆ تێکدان، روخاندن، یان ھەر مادەیەک لە پێکھاتەی ئەوانەوە بێت، ھەروەھا ئەو دەزگا و ئامێر و کەرەستانەی لە دروستکردنیان، یان لە تەقاندنەوەیاندا بەکاردێن، ئەگەر بەکارھێنانەکەیان بۆ ئەنجامدانی تاوانێکی تێرۆرکاریی بێت”. لێرەدا: وشەی “ئەگەر”، زیانی بەم بڕگەیەی یاساکە گەیاندوە، بەجۆرێ دەبو بنوسرایە: “ئەگەر بەبەڵگە سەلمێنرا تاوانەکەیان… ئینجا وشەی “ئەگەر”، وشەیەک، یان دەستەواژەیەکی یەکلاکەرەوە نییە. بەڵکو دەشێ خەمڵاندنی سکاڵاکار، یان دادوەر بێت و لەراستیدا بەوجۆرەیش نەبێت.

مادەی چوارەمی یاساکە، تایبەتە بە حوکمی سزایی (١٥) ساڵ بۆ ئەو کەسانەی کە بەپێی شەش خاڵی نێو ئەم مادەیە تاوانباردەکرێن. ئەم مادەیەیش، چونکە پاڵپشتە بە ناساندنەکانی “تێرۆر” لە مادەی یەکەمی یاساکەدا، کە پێشتر ئاماژەم پێکرد لێشاوێک چەمک و دەستەواژەی لاستیکین، ئەمەیش وایکردوە بشێ حوکمی ١٥ ساڵ بۆ ئەو کەسانەی بەپێی شەش خاڵی نێو ئەم مادەیە تاوانباردەکرێن، سزای قورس بن، یان ھەندێ جار ناھەق بن و بەزیان بۆ سەر پایەکانی دیموکراسیی و ئازادیی رادەربڕین و سەروەریی یاسا لە ھەرێمی کورستان دا بشکێتەوە. خاڵی سێیەمی ئەم مادەیە، بەمجۆرەیە: “بە ئەنجامدانی تاوانێک لەو تاوانە تۆقێنەرانەی لەم یاسایەدا ھاتون ئاگاداربێت و دەزگا گشتییەکانی لێئاگادارنەکاتەوە و کەس لە فەرمانی ئەم بڕگەیە بەدەرناکرێت”.

یەکەم: ئەو تاوانە تۆقێنەرانەی لێرەدا باسیدەکات، ئەو تاوانانەن کە لە مادەی یەکەمی ئەم یاسایەدا ھاتون و، پێشتر جەختم لەسەر کردن، کە لێشاوێک دەستەواژەی لاستیکیی-ن.

دوەم: دەبێت ھەر کەس گومانی لە کەسێک کرد کە یەکێک لە تاوانە لاستیکییەکانی مادەی یەکەم ئەنجامدەدات، دەبێت راستەوخۆ دەزگاکانی ئاسایشی لێئاگاداربکاتەوە، کە ئەمەیش بە سیخوڕیکردنی کۆمەڵگا ھەژماردەکرێت.

سێیەم: ئەگەر کەسێک ئەم گومانکردنە بەرانبەر بە کەسێک ، کە ئەگەری ئەوە ھەیە یەکێک لە تاوانە ریزکراوەکانی مادەی یەکەمی یاساکە ئەنجامدەدات و، ئەم وەکو کەسێک نەچو دەزگاکانی ئاسایشی لێئاگاداربکاتەوە، ئەوا بە سزای (١٥) ساڵ زیندانیکردن حوکم دەدرێت! دیققەت بدەن لە مەترسیداریی ئەم خاڵەی نێو تەنھا مادەیەکی یاساکە، سەرەڕای کۆی ئەو خاڵ و مادانەی لە پێشتردا ئاماژەم پێکردن.

خاڵی چوارەمی ئەم مادەیە (مادەی چوارەم)ی یاساکە، یەکێکی دیکەیە لە خاڵە مەترسیدارەکانی نێو یاساکە و ھەڕەشەیەکی گەورەیە بۆ سەر ئازادیی رادەربڕین و پێشێلکردنی بەند و حکوکمەکانی “یاسای رۆژنامەگەریی لە کوردستان/ یاسای ژمارە ٣٥ی ساڵی ٢٠٠٧ی پارلەمانی کوردستان”. دەقی خاڵی چوارەمی مادەکە، بەمجۆرەیە: “بە ئانقەست، ھەواڵ، رونکردنەوە، یان پڕوپاگەندەیەکی تۆقێنەر بڵاوبکاتەوە، ھۆیەکانی راگەیاندنی بینراو، بیستراو، خوێندراو، یان ئەلکترۆنیی بە ھەل وەربگرێت، یان بەکاریانبھێنێت، لە ئینتەرنێت بەیاناتی ئەوتۆ بڵاوبکاتەوە، کە راستەوخۆ بگاتە رادەی ھاندان بۆ ئەنجامدانی تاوانی تێرۆرکاریی وەھا، کە ئاسایشی گشتیی بخاتە مەترسییەوە و ترس بخاتە نێو ھاوڵاتیان و ھەڕەشە لە قەوارەی سیاسیی ھەرێم بکات”. ئەم خاڵە، پەیوەندیی راستەوخۆی بە دەزگاکانی میدیاوە ھەیە، بۆ نمونە: ئەگەر رۆژنامەنوسێک ھەواڵێک، یان رونکردنەوەیەکی لە کەناڵێکی میدیاییەوە، چ بینراو، چ بیستراو، یاخود چاپکراو، یان ئەلکترۆنیی دا بڵاوکردەوە و لایەنی سکاڵاکار و دواتریش دادوەر ئەگەر گەیشتنە ئەو بڕوایەی کە بۆ ئەنجامدانی تاوانی تێرۆرکارییە و “ئاسایشی گشتیی” (کە چەمکێکی تەواو لاستیکییە) خرایە مەترسییەوە، یان ترس بخاتە نێو ھاوڵاتیان و ھەڕەشەی لە قەوارەی سیاسیی ھەرێم بکات (کە ئەمەیش دەتوانرێت بە چەندین شێواز میدیا و میدیاکارانی پێ تۆمەتباربکرێت)، ئەوا سزای ١٥ ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا دەسەپێنرێت. بۆ نمونە: رۆژنامەنوسێک روماڵی خۆپیشاندانێک بکات و یەکێک لە خۆپیشاندەران بڵێت: “داوا لە ھاوڵاتیانی کوردستان دەکەم بڕژێنە سەر شەقامەکان و ئەم گەندەڵکارانە و ئەم دەسەڵاتەی ھەرێم ژێراو ژور بکەن”. یان: رۆژنامەنوسێک لە کاتی خۆپیشاندان دا، لێدوانی خۆپیشاندەرێکی توڕە وەربگرێت و خۆپیشاندەرەکە بڵێت: “داوادەکەم سنورێک بۆ ئەم دەسەڵاتە دابنرێت”… ھتد. دیقەت بدەن، ئەوانە رستەی زۆر ئاسایین و بەردەوام لە میدیاوە، بەتایبەتیی لەکاتی خۆپیشاندانەکان دا بەرگوێمان کەوتون، بەڵام بە پێی ئەم خاڵەی یاساکە بێت، دەشێ ئەوکات میدیاکارەکە و کەناڵە میدیاییەکەیش، بەپێی ئەم خاڵەی مادەی چوارەمی یاسای “تێرۆر”، لێپێچینەوەی لەگەڵدا بکرێت و تاوانباربکرێت بەوەی: “ئاسایشی گشتیی خستوەتە مەترسییەوە”، یان “ترسی خستوەتە نێو ھاوڵاتیان”، یاخود “ھەڕەشەی لە قەوارەی سیاسیی ھەرێم” کردوە!

لە بڕگەی (ڕ)ی مادەی پێنجەمی ئەم یاسایەدا، ھاتوە: “ھەرکەسێک دەستبکات بە ئەنجامدانی تاوانێک لەو تاوانانەی لە مادەی دوەمی ئەم یاسایەدا ھاتون (کە لە ھەشت خاڵی نێو مادەکەدا، لێشاوێک دەستەواژەی لاستیکیی وەکو تاوان ریزکراون-مەم)، سزادەدرێت بە زیندانی ھەتاھەتایی”. واتا: دەستبکات بە ئەنجامدانی تاوانەکە! ھێشتا رون نییە تاوانەکەی ئەنجامداوە یان نا؟! دەشێ تۆمەتباربکرێت کە بەنیازی ئەنجامدانی بوە، یان دەستدەکات بە ئەنجامدانی! ئەوکات بێ ھیچ کەند و کۆسپێک، بە سزای زیندانیکردنی “ھەتاھەتایی” سزا دەدرێت. بڕگەکانی (ب) و (ج)ی ھەمان مادە، جەختدەکەن لەسەر “دەستبکات”، کە ئەمەیش مەرجنییە بەتەواوی ئەنجامیدابێت، بەڵکو ئەگەر بەنیازبێت، یان دەستی پێ بکات! واز لە مادەی شەشەم و حەوتەمی یاساکە دەھێنم، بەڵام مادەی نۆیەمی یاساکە، ئیشکالییەتێکی دیکەی تێدایە، کە ئەویش ئەگەر پێش ئەنجامدانی تاوانێکی تێرۆرکاریی، ئەو کەسەی بەنیازی ئەنجامدانییەتی و پێشوەختە دەزگا تایبەتمەندەکانی لێئاگاداربکاتەوە و ببێتە ھۆی دەستگیرکردنی تاوانباران، یان نەیھێشت کارەکە ئەنجامبدرێت، ئەوا لە سزادان دەبورێت. ئەمە لێبوردنە لە تێرۆرست.. دەشێ ئەو کەسەی دەزگای تایبەتمەند لە رودانی ئەنجامدانی تاوانێکی تێرۆرستیی ئاگاداردەکاتەوە، بۆ خۆی داڕێژەری تاوانەکەیش بێت، بەڵام بیەوێت “تەسفییەی حسابات”ی خۆی لەگەڵ تێرۆرستێکی ھاوپیشەیدا بکات و دەشێ لە دۆخێکی لەمجۆرەدا، ئەو کەسەیش کە دەزگا تایبەتمەندەکانی ئاگادارکردوەتەوە، لێپرسینەوەی یاسایی لەگەڵدا بکرێت. واتا: ناکرێت ئیدی تەنھا بەھۆی ئاگادارکردنەوەیەکی دەزگا تایبەتمەندەکانەوە بۆ رێگریکردن لە ئەنجامدانی تاوانێک، ئیتر ئەو کەسە لە پلان داڕشتن و ئەگەری ئەنجامدانی کارێکی تێرۆستیی ببەخشرێت.

مادەی دەیەمی یاساکە، بەمجۆرەیە: “ھەرکەسێک ھاوکاریی بکات وەک بکەر، بەشدار یان ھاندەر بۆ ئەنجامدانی ئەو تاوانە تێرۆرکارییانەی لەم یاسایەدا ھاتون، بە ھەمان سزا، کە بۆ تاوانەکە دیاریکراوە، سزا دەدرێت”. دەستەواژەکانی “بەشدار”، یان “ھاندەر”، یاخود “ھاوکاریی”، دەستەواژەگەلێکی لاستیکین و دەشێ رۆژنامەنوسێک، یان کەناڵێکی میدیایی، بەپێی ئەم مادەیەی یاساکە تۆمەتباربکرێن، کە ھاوکارییان کردوە و بەشداربون، یاخود ھاندەربون بۆ ئەنجامدانی تاوانێکی تێرۆکاریی، لەکاتێکدا تەنھا ھەواڵێکیان لەسەر روداوێکی دیاریکراو بڵاوکردبێتەوە. ئەمە ھەڕەشەیەکی دیکەیە بۆ سەر میدیا و میدیاکاران و ئازادیی بڵاوکردنەوە و مافیزانین، وەکچۆن تەنانەت لە یاسا خراپەکەی “مافی بەدەستھێنانی زانیاریی لە ھەرێمی کوردستانی عیراق”یشدا، جەختی لەسەر کراوە.

ئەنجام

ئەم یاسایە، کە لە چەند رۆژی رابردودا، پارلەمانتارانی پارتی و یەکێتیی و گۆڕان و یەکگرتوی ئیسلامیی یەکدەنگ کرد و، پێکەوە بڕیاریاندا لەسەر درێژکردنەوە بە کارکردنی بۆ ماوەیەکی دیارینەکراو، مانای وایە:

١- بەم دەنگدانە ھاوبەشەیان، گورزێکیان لە پایە لەقەکانی دیموکراسیی لە ھەرێمی کوردستان دا، وەشاند.

٢- گورزێکی دیکەیشیان لە پایە لەقەکانی ئازادیی بڵاوکردنەوە و ئازادیی کاری رۆژنامەنوسیی لە ھەرێمی کوردستان دا، وەشاند.

٣- دەسەڵات، دەتوانێت لەرێی جێبەجێکردنی ئەم یاسایەوە، ھەرێمی کوردستان بکاتە گروتوخانەیەکی گەورە بۆ بەرگریکردن لەخۆی.

٤- بەم دەنگدانە بە درێژکردنەوەی ئەم یاسایە بەمجۆرەی ئێستا، سەلمێندرا کە لە دوای راپەڕینەوە، خراپترین یاسا و مەترسیدارترین یاسا لەلایەن ئەم خولە پارلەمانییەوە، بۆ جارێکی دیکە، ڤیزای کارکردنەوەی پێبەخشرا.

٥- ئەم یاسایە، گورزێکی گەورە دەوەشێنێت لە سەروەریی دەسەڵاتی چوارەم و دیموکراسیی و پێکەوەژیان لە ھەرێمی کوردستان دا.

دەنگدان

بە بڕوای تۆ راگەیاندنەكان لەهەرێمی كوردستاندا؛ ناسەربەخۆن؟