«سوپاس و پێزانینی خۆمان ئاڕاستەی بەڕێزتان دەکەین بە هۆی ئەوەی زۆر بەرپرسیارانە ئەرک و هەوڵ و ماندوو بوونتان داوە بە ڕێک و پێکی کارەکانی سەرشانی ڕۆژانەتان ئەنجام داوە کە پێتان ڕاسپێردراوە بەتایبەت لە پیادەکردنی پلانی وەزارەت بۆ پێکەوە بەستنەوەی بابەتە تیۆرییەکان بە بازاڕی کاری هەرێمی کوردستان، هیوای سەرکەوتن و بەردەوامیتان بۆ دەخوازین و نموونەتان زۆربێت بۆ پێشکەوتنی وەزارەتمان.»
بەو دەربڕینەی سەرەوە و بە واژۆی خۆی و بە نووسراوی ژمارە 25849 لە ڕۆژی یەکشەممە (15ی کانوونی یەکهەمی 2024)دا، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان؛ د.ئارام محەمەد نامەی سووپاس و پێزانینی خۆی و وەزارەتەکەی ئاڕاستەی د.شوان ئادەم ئەیڤەس؛ پڕۆفیسۆری یاریدەدەر لە خوێندنی کەمیونیکەیشن، کولتوور و میدیا لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی دەکات کە لەپای دانانی پرسیاری تاقیکردنەوە و هێنانەوەی نموونەی زیندوو لە مانشێتی میدیا کوردییەکان، لە حوزەیرانی ئەمساڵدا لەلایەن دادگەی کەتنی دووی سلێمانی سزای سێ مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێنرا.
تۆڕی ئەکادیمیی کوردیی زانیویەتی هەر لەم مانگەیشدا، وەزیری ڕۆشنبیریی و لاوان بە نووسراوی ژمارە 111ی ڕۆژی 02ی کانوونی یەکهەمی 2024، «سوپاس و پێزانین» ئاڕاستەی دکتۆر شوان ئادەم ئەیڤەس کردووە، چوونکە وەک ئەکادیمییەکی دیار و پسپۆڕێکی وردی ڕێسا پیشەییەکانی ڕاگەیاندن، «لە ڕێگەی سەرۆکایەتیی ڕێکخراوی چاودێریی میدیای کوردیی (چمک) و بە چەندین ڕێگەی جیاوازی وەک نووسینی کتێب، توێژینەوەی زانستیی، کاری پیشەیی و ئەکادیمییەوە؛ لە دەرخستنی خەوش و هەڵە باوەكانی میدیا بەشداربوون.»
لە نووسراوەکەی حەمەی حەمەسەعید؛ وەزیری ڕۆشنبیریی و لاوان بۆ پ.ی.د.شوان ئادەم ئەیڤەس-دا هاتووە: «سووپاس و پێزانینی وەزارەتی ڕۆشنبیریی و لاوان ئاڕاستەی بەڕێزتان دەکەین لە پای هەوڵ و هەنگاوی خەمخۆرانەتان بۆ چاودێریی و ڕێکخستنەوەی ناوەڕۆکی میدیایی لە هەرێمی کوردستاندا، …هەوڵەکانتان لە سۆنگەی خەمخۆرییەوە بووە بۆ باش پەروەردەکردنی میدیایی و کەمکردنەوەی ئاستی خراپ بەکارهێنانی ناوەڕۆکی ڕاگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان. بەردەوام؛ بۆ هەر پرس و بابەتێکی جێبایەخی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان ئامادە و هاوکار بوون، ئەوەیش مایە ڕێز و پێزانینمانە.»
پ.ی.د. شوان ئادەم ئەیڤەس وەک مامۆستای زانکۆ لە ڕۆژی دووشەممە (03ی حوزەیرانی 2024)دا و بە بڕیاری ژمارە 2534/ک/2021، دادگەی کەتنی دووی سلێمانی بە تاوانی دانانی پرسیارەکانی تاقیکردنەوەی ئیتیکی میدیا بۆ قۆناغی دووهەمی بەشی ڕاگەیاندنی کۆلیژی زانستە مرۆڤایەتییەکانی زانکۆی هەڵەبجە بۆ ساڵی خوێندنی 2020-2021، سزای سێ مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپاند. هەروەک لە دەقی سزاکەدا هاتبوو: بەپێی ماددە 433/ێ لە یاسای سزادانی عێراق؛ ژمارە 111ی ساڵی 1969 سزای (حەبسی سووک) بەسەر ئەو مامۆستایەی زانکۆدا سەپێنراوە، ئەوەیش بە لەبەرچاوگرتنی تەمەن و باری ژیان و نەبوونی پێشینەی تاوانکاری و بارودۆخی تاوانەکەی؛ دادگا دەگەیەنێتە ئەو باوەڕەی کە جارێکی تر لە داهاتوودا تاوان ئەنجام نادات، لەبەر ئەوە دادگا بڕیاری دا بە وەستاندنی جێبەجێکردنی سزاکە دژی تۆمەتبارکراو بۆ ماوەی سێ ساڵ لە رۆژی دەرچوونی ئەم بڕیارە، بەو مەرجەی بەڵێن بدات کە لەو ماوەیەدا رەفتار و هەڵسوکەوتی چاک بێت.
سزادانی ئەکادیمییەکی ناسراو و پسپۆڕێکی وردەکاری وەک د.شوان ئادەم ئەیڤەس؛ ناڕەزایی بەدوادا هات و کۆمەڵێک توێژەر و مامۆستای زانکۆ لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرایانکرد کە «سنوردارکردنی ئازادییەکانی توێژەران و مامۆستایانی زانکۆ لە مافی دەربڕین و هێناوەوەی نموونەی زیندوو لە هۆڵەکانی خوێندن و وانە گوتنەوە و پرسیارەکانی تاقیکردنەوە، بە هێڵی سووری کارکردنی پیشەیی و ئەکادیمیی خۆمان دەزانین و هەر هەوڵ و هەنگاوێکی لەو جۆرەش شەرمەزار دەکەین و دژی دەوەستینەوە.»
پەسەندکردن یاخوود راستاندنی ئەو سزایە لە کاتێکدایە کە د.ئارام محەمەد؛ وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی بە نووسراوی ژمارە 12484 لە رۆژی پێنجشەممە (04ی تەمووزی 2024)دا روونکردنەوەیەکی لەبارەی دۆسییەکەوە ئاڕاستەی سەرۆک و ئەندامانی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانی کردووە و تێیدا بێتاوانیی پ.ی.د.شوان ئادەم ئەیڤەس دووپاتدەکاتەوە. هەروەک لە روونکردنەوەکەی وەزیردا هاتووە: «کاتێ وتەی نوێنەری یاسایی وەزارەتمان وەرگیراوە ئێمە پشتگیریمان بۆ (د.شوان) دەربڕیوە کە تاوانی نەکردووە ئەگینا لە زانکۆ لیژنەی لێکۆڵینەوەمان پێکدەهێنا هەروەها بەپێی ستانداردەکانی وانە ووتنەوە پێویستە پرسیاری تاقیکردنەوەکان بە نموونەی زیندو و واقیعی دەوڵەمەند بکرێت و خوێندکارانی پێ ئاشنا بکرێت چونکە پێویستە شێوازی خوێندنی هاوچەرخ بێتە ئاراوە.»
چاودێریی میدیای کوردیی (چمک)؛ وەک ڕێکخراوێکی ناحکوومیی قازانجنەویست لە تشرینی یەکهەمی 2017 لەلایەن دکتۆر شوان ئادەم ئەیڤەس دامەزراوە و سەرۆکایەتیی دەکرێت كە هاوكات سەرنوسەری گۆڤاری دەرگاوان و خاوەنی زیاد لە 20 ساڵ ئەزموونی کاری رۆژنامەوانیی و مامۆستاییە و لە چەندین کۆلیژ و پەیمانگە و نێوەندی پیشەییدا وانە و خوولی راهێنانی وتووەتەوە. هاوکات لە چەندین بۆنە و پرۆژەیاسادا؛ وەک پسپۆڕ و راوێژکاری میدیایی بۆچوونەکانی بە هەند وەرگیراون و بەشداریی دەیان کۆڕ و کۆبوونەوە و کۆڕبەند و کۆنفرانسی نێوخۆیی و نێودەوڵەتییشی کردووە. پێشتریش تۆڕی ئەکادیمیی کوردیی لە راگەیەنراوێكدا پێداگریی لەسەر ئەوە کردبوو کە سزادانی د.شوان ئادەم ئەیڤەس «لەسەر بڕگەکانی پرسیاری تاقیکردنەوە و لە پای هێنانەوەی نمونەی زیندوو لە هەواڵ و بابەتی رۆژنامەوانیی میدیای کوردیی؛ بە پێشلکارییەکی زەق و دیاری ئازادییەکانی دەربڕین و رۆژنامەگەریی و ئەرک و مافی کارکردنی ئەکادیمیی و ئەکادیمییانی کوردستانی دەزانین. … ئەگەر ئەم بڕیارە هەڵنەوەشێتەوە؛ ژیان و ماف و ئازادییەکانی هیچ ئەکادیمییەکی کورد و کوردستان پارێزراونابێت و بە ناچاریی دەبێت دەست لە هێنانەوەی نمونەی زیندوو لە پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن یاخود کنە و پشکنین و توێژینەوەی وردی زانستیی هەڵبگرن، وەگەرنا بۆ باسکردنی خەوشییەکانی کورستان، دەبێت بە زمانی جەستە یاخود نمونە لە وڵات و کولتور کەلەپوری دیکە وەربگرن.»
لەلایەکی دیکەوە؛ رێکخراوی رێکخراوی چاودێریی میدیای کوردیی (چمک)؛ سەرکۆنەی سزادانی سەرۆکەکەیان کردبوو و رایانگەیاندبوو کە «… سەرگرتنی ئەم بڕیارە دەبێتە پێشهاتێکی مەترسییدار لەبەردەم ئازادییەکانی دەربڕین، رۆژنامەگەریی، وانەوتنەوە و توێژینەوەی ئەکادیمیی و کاری پیشەیی ئەکادیمییانی کوردستان. هەربۆیە ئێمە ئەم سزایە بە سزایەکی تاکەکەسیی نازانین و پێمانوایە سزایەکی گشتییە بۆسەر ماف و ئازادییەکانی سەرجەم مامۆستایان و توێژەرانی میدیایی لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا. لێرەوە بە دەنگی بەرز روو لە ئازادییخوازانی ناوەوەو دەرەوەی کوردستان دەکەین: نا بۆ بەرتەسککردنەوەی ماف و ئازادیی ئەکادیمیی.»
بە بڕوای یاساناسان؛ سزادانی مامۆستایەکی زانکۆ لەپای پێکەوەگرێدانی لایەنی تیۆریی و پراکتیکی لە پرسیاری تاقیکردنەوەدا، بە پێشهاتێکی مەترسییدار و دژ و پێچەوانەی کارنامەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ئامانجی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی بۆ ئاوێزانکردنی بابەتی تیۆریی بە بازاڕی کاری پسپۆڕییە جیاوازەکان دادەنرێت. پەسەندکردنی ئەو سزایەش؛ دوای تانەدان بوو لە بڕیاری دادگەی کەتنی دووی سلێمانی کە کارمەند مەحموود؛ پارێزەری خۆبەخشی د.شوان ئادەم ئەیڤەس بە 25خاڵ نایاساییبوونی بڕیارەکەی دادگای سەلماندبوو، لەوانە: نەبوونی بەڵگەی یاسایی و نەبوونی پای مەعنەویی تاوان، لەگەڵ رەچاونەکردنی پێگە و پایەی کەسایەتیی سکاڵالەسەرکراو و بەهەندوەرنەگرتنی وتەی بەرپرسان لە شوێنی روودانی رووداوەکە!