ئایندەی میدیای هەرێم هەژمونی میدیای سێبەرە

پ.ی.د.نەزاکەت حسین

ئاشکرایە لەگەڵ گۆڕانکاریە سیاسی و سیستمی حوکمڕانی و لەهەمان کاتدا گۆڕانکاری ئابوریش هۆکاری ڕاستەوخۆ دەکەنە سەر گۆڕانی ڕێچکەو سروشت و مۆدیلی کاری میدیایی.

هەرچەندە ئەوەی تا ئێستا پۆلێن کراوەو ناسراوە لە جیهاندا ٣ مۆدیل میدیا سیمای دیاربوە ئەویش مۆدیلی میدیای حکومی و بازرگانی و خزمەتگوزاری گشتی یاخود نیشتمانیە،لەهەرێمی کوردستاندا ،سەرەتای کاری میدیایی سەردەمی شاخ و شۆڕشی ڕزگاری خوازی گەلەکەمان بوە،بۆیە میدیایەکی سیاسی و شؤڕشگێڕی بوە،دواتریش کە سەربەخۆیی هەرێم ڕاگەینراوە ئەوە میدیایەیە لە میدیای حیزبیدا خۆی بینیوەتەوە سەرەتا هەردوو حیزبی باڵادەست میدیایان دامەزەراندوە یان درێژەیان بە و ئامرازانە هەبوە کە ڕۆژنامەو ڕادیۆ بوون و دواتریش تەلەفزیۆن وچەندین کەناڵی تری میدیاییان هەبوە،ئیتر بە دەرچوونی یاسای حیزبەکان بە بە ڕەهایی مافی بوونی میدیای دەدات بە پارتی سیاسی بە بێ دیاری کردنی ژمارەو چەندو چۆنیەتی،هەر حیزبە کە هەیەو دروست دەبێت دەست بە دانانی کەناڵی جۆراوجۆری میدیای دەکات،واتە تا ساڵانێک دوای ڕاپەڕین لەم هەرێمە میدیا میدیای حیزبی بوو،دواتر لەدەرەنجامی قۆرخکاری میدیای حیزبی جۆرێک لە میدیای تر بەناوی میدیای ئەهلی و سەربەخۆ سەری هەڵدا،ئەگەر چی من نامەوێت لەسەر هۆکاری پاشەکشەی میدیای ئەهلی باس و خواس بکەم ،تەنها دەمەوێت هۆکاری گەیشتنی ئەم قۆناغە کە من بە سەردەمی میدیای سێبەر ی دەزانم باس بکەم .

ئاشکرایە میدیای حیزبی گەرچی تا ئێستاش بوونی هەیە لەم هەرێمە بەڵام هەر بەسەر هەڵدانی میدیای ئەهلی و دواتریش میدیای بازرگانی و میدیا لە ژێر ناوی سەربەخۆدا، پارتە سیاسیەکان کەوتنە ئەوەی کە دەبێت میدیایەکیان هەبێت کە هاوشێوەی ئەو جۆرانە لە میدییا کە تاڕادەیەک دەنگی ناڕازی خەڵکی تێدا دیار بێت تاکو وەرگرەکانیان بەرەو لای میدیای ئۆپۆزسیۆن و میدیا ئەهلیەکان نەڕۆن. نەشدەکرا کەناڵە حیزبیەکەیان نەمێنێت کە زمانحاڵیان بوو،بۆیە کەوتنە داهێنان و دامەزراندنی چەند کەناڵێک کە ناڕاستەوخۆ خزمەت بە سیاسەتەکانی ئەوان بکات و لە ژێر ناوی تردا بێت.ئیتر ئەمە دەرگای کردەوە بۆ سەرهەڵدانی چەندین کەناڵی تر کە نەزانرێت هی کێن و بۆ چ ئامانجێک کاردەکەن ،دواتریش دروست بوونی حیزبی نوێ و سەرهەڵدانی باڵەکان لەناو حیزبەکان ژینگەی بۆ تەشەنەی ئەم جۆرە لە میدیا فەراهەم کرد.

ئێستە ئێمە لەبارودۆخێکداین ناتوانین پۆلێنی مۆدیلی میدیای وڵاتەکەمان لەدەرەوەی هەردوو جۆری میدیای حیزبی و سێبەر زیاتر بکەین.واتە مۆدیلی زاڵ ئەم دوو جۆرەن لە میدیا .کە بێگومانیش ململانێ پارتەکان کێشەی ناوخیی هەندێک لەحیزبەکان و دابەش بوون بۆ باڵەکان و پێویست بوون بە شەڕی میدیای شاراوە بەناوی ترەوە هاوکارێکی گەورەیە بۆ جۆری میدیای سێبەرەکە تاکو میدیای حیزبی. چونکە ئەو شەڕەی میدیای سێبەر دەیکات هەرگیز بە میدیای حیزبی لە ژێرناوی حیزبەکاندا ناکرێت و یاساو بەرژەوەندی حیزبەکان ڕێگە نادات ،کەواتە ماوە بیڵێن کە خۆری میدیای حیزبی بەرەو ئاوابوونەو خۆری میدیای سیبەر لە هەڵهاتندایە.

لێرەدا باسەکە ئەوە نیە کامیان باشن، بەڵام باسەکە لەوەدایە ئێمە هێشتا میدیامان ڕێک نەخستوە ،کێ بەرپرسە لەم میدییانە،کێ بەرپرسیاریەتی یاسیایی وئیتیکی ئەم کەناڵانە لە ئەستۆ دەگرێت.ئەگەر میدیای حیزبی لەبەربەرژەوەندیە سیاسیەکەی ئەرکی تاڕادەیەک نەتەوەیی لە ئەستۆ دەگرت،ئەم میدیانە کە خاوەنەکی دیار نیە لەبەرچی ئەرک یاخوود بەرپرسیاریەتی نەتەوەیی و هاوڵاتی و نیشتمانی لە ئەستۆ دەگرێت. ئەوەی من مەبەستمە باسی تایبەتمەندی و خسوسیەتی ئەو جۆرە لە میدیا نیە، چونکە ئەوە زۆری دەوێت هیوادارم بابەتی توێژینەوە لێکۆڵینەوە میدیایەکانی داهاتوومان بێت .ئەوەندەی مەبەستمە مەترسیەکانی هەژموونی ئەم میدیایەیە لەچەند خاڵێکدا بخەمە ڕوو:

١-ئەرکی ڕێکخستنی میدیای ئاڵۆزتر کرد کە ساڵانێکە هەوڵی بۆ دەدەین و هێشتا پێی نەگەشتووین

٢-دەرگا دەکاتەوە نەک تەنها بۆ سەرهەڵدانی مدیای زیاتری سیبەر لەسەرئاستی ناوخۆ ،ئەگەر زۆرە پاڵپشت و سپۆنسەری ئەم جۆرە لە میدیانە دەستی دەرەکی و بێگانەش بێت .

٣-پرسی نەتەوە،نیشتمان ،هاوڵاتی هەرهەموویان لەبەردەم مەترسین لەبەردەم ئەم میدیایەیە کە بە هیچ ئەرک و بەرپرسیاریەتیەکی دیار دروست نەبوە

٤-ئاڵۆزکردنی زیاتری ژینگە میدیایەکەمان

٥-دەرگا کرانەوە بۆ کاری زیاتری نا ئیتیکی و پیشەیی و پێشێلکاری زیاتر بەرامبەر ڕۆژنامەنوسان 

٦- تۆخ کردنەوەی ململانیکان و دورکەوتنەوەمان لە پێکەوە ژیان و ئاسایشی نیشتمانی و نەتەوەیی و کۆمەڵایەتی .

دەنگدان

بە بڕوای تۆ راگەیاندنەكان لەهەرێمی كوردستاندا؛ ناسەربەخۆن؟