موحسین ئه‌دیب
میدیا ده‌سەڵات ورد و خاش یان گلێردهكاتهوه؟
به‌ر له ده 10 ساڵێك له‌یه‌كێك له‌گۆشه‌كانی رۆژنامه‌ی هاولآتیدا، به‌ئارگۆمێنت ئه‌وه‌م سه‌لماندبوو كه هه‌ڵه‌یه میدیا وه‌ك ده‌سه‌لآتی چواره‌م له‌قه‌ڵه‌م بده‌ین، به‌پێچه‌وانه‌وه روونمكردبویهوه كه ده‌سه‌لآتی یه‌كه‌مه.. ! له‌وباره‌یه‌شه‌وه له‌سه‌ر ئه‌و خاڵه وه‌ستابووم كه كاری سه‌ره‌كی میدیا بریتییه لهبڵاوکردنەوهی ماریفه‌ت و زانیاری(information and knowledge) به‌سه‌ر زۆرترین پنت و رووبه‌ردا، هاوكات ده‌سه‌ڵاتیش له‌ناو خودی ئه‌و ماریفه‌ت و زانیارییانه‌دا خۆی قایمكردوه، بۆیه كاتێك میدیا زانیاری و ماریفه‌ت بلآودهكاتهوه، یانی ئه‌وه‌ی دهسةلآت ورد ده‌كاته‌وه و دابه‌شی ده‌كات به‌سه‌ر كۆی كۆمه‌ڵگادا، واته مادام ماریفه‌ت و زانیاری به‌ته‌نها لای ده‌سه‌لآت نامێنێته‌وه، كه‌واته دهسهلآتیش به‌ته‌نها لای ده‌سه‌لآتداران نامێنێته‌وه و هه‌ر كه‌سێك به‌ئه‌ندازه‌ی ئه‌و زانیاری و ماریفهتهی هه‌یه‌تی ده‌سه‌لآتداره، هه‌ر له‌و وتارهشهدا پێشبینی ئه‌وه‌م كردبوو، كه له‌ئاینده‌دا و به‌هۆی سۆشیاڵ‌میدیا و له‌به‌رده‌ستی گۆگڵ.. . ، مه‌ركه‌زییه‌تی ده‌سه‌لآتی سیاسی له‌كۆی دونیادا زه‌ربه‌ی كوشنده‌ی به‌رده‌كه‌وێت و ده‌سه‌لآت ته‌واو لامه‌ركه‌زی ده‌بێته‌وه‌و به‌مجۆره‌ش رێگا بۆ جێبه‌جێبوونی زیاتری دیموكراسیه‌ت خۆشده‌بێت. ره‌نگه ئێستا خوێنه‌ری به‌ڕێز بڵێت پێشبینییه‌كه‌ی تۆ وه‌ك پێویست نه‌هاته‌دی، ئێستا میدیا نه‌ك ده‌سه‌لآتی یه‌كه‌م نییه، به‌ڵكو هیچهمیش نییه.. !. ئه‌مه‌ش وایكردووه ده‌سه‌ڵات به‌ره‌و مه‌ركه‌زیه‌تی زیاتر ده‌ڕوات: بێگومان وه‌ك خۆی نه‌هاتنه‌دی ئه‌م پێشبینیه هۆكاری زۆره، لێره‌دا ئاماژه بهدوانیان ده‌كه‌ین:
یه‌كه‌م: ده‌سه‌لآته سیاسییه‌كان كاتێك ده‌رك به‌وه ده‌كه‌ن كه ئێمه ده‌ركی پێدهكهینو كاتێك هه‌ست ده‌كه‌ن رووبه‌ڕووی هه‌ڕه‌شه ده‌بنه‌وه، راسته‌وخۆ هه‌وڵده‌ده‌ن ئه‌نتی ڤایرۆس بۆ ئه‌و ڤایرۆسه بدۆزنه‌وه كه روبه‌ڕویان بوه‌ته‌وه.
دووه‌م: خودی میدیا‌و میدیاكاران نازانن، یان ناتوانن به‌ئه‌ركی راسته‌قینه‌ی خۆیان هه‌ستن بۆیه زۆرجار جادوو هه‌ڵده‌گه‌ڕیته‌وه به‌سه‌ر جادووگه‌ردا (ینقلب السحر علی الساحر)و هاوكێشه‌كه پێچه‌وانه ده‌بێته‌وه.
(موو)ه‌كه‌ی نێوان میدیا‌و هه‌واڵگری چۆن (موو)یه‌كه؟
ئه‌وه‌ی شاره‌زای سه‌ره‌تاكانی كاری میدیا بێت، ئه‌وه ده‌زانێت كه تاڵه موویه‌كی باریك له‌نێوان كاری میدیا و كاری موخابهرتیدا هه‌یه، به‌ڵام پرسه‌كه ئه‌وه‌یه ئه‌و مووه چۆن چۆنییه؟ بۆچی خۆی فه‌رزكردووه؟
جارێ له‌رووی زمانه‌وانییه‌وه كاتێك باسی (موو) ده‌كه‌ین یان باسی به‌ربه‌ستێك ده‌كه‌ین زۆر نزیكه لهنابهربهستهوه، چونكه له چواره‌چێوه‌ی زمانی بلاودا له(موو) باریكترمان نییه، ئه‌گین په‌نای بۆ ده‌براو له‌بری موو به‌كارده‌برا، به‌مپێیه ئه‌كرێت بڵێین له‌هه‌ندێك دۆخداو له‌نێوان هه‌ندێ میدیا‌و كاری هه‌واڵگریدا ئه‌و مووهش هه‌ر نییه. ئه‌ی ئه‌و مووه كه‌ی هه‌یه و كه‌ی نییه؟، چی ده‌كات له‌نێوان ئه‌و دوو كایه گرنگه‌دا؟ بۆ وه‌ڵامی ئه‌م پرسه ده‌بێت ئاماژه به دوو خاڵی سه‌ره‌كی بكه‌ین:
یه‌كه‌م: له رووكه‌شدا میدیا لهرووناكیدا و هه‌واڵگری له‌تاریكیدا كار ده‌كه‌ن، به‌مجۆره بێت ده‌بێت سنوری كاركردنی هه‌ردووكیان زۆر به‌رین و فراوان بێت، به‌ڵام له‌راستیدا هه‌ر خودی (رووناكی و تاریكی) په‌یوه‌ندی جادوویی نێوان ئه‌م دوو كایهیهمان بۆ راڤه ده‌كه‌ن، چونكه وه‌ك چۆن شه‌و و رۆژ، ساردی و گه‌رمی، خۆراك و برسیه‌تی.. . هتد مانا به‌یه‌ك ده‌به‌خشن و بێ یه‌كتری هیچ یه‌ك له‌م دوالیزمانه مانایه‌كیان نییه، به‌هه‌مان شێوه‌ش میدیا و كاری هه‌واڵگری زۆر تۆكمه پێكه‌وه و هاوته‌ریب كار ده‌كه‌ن. نهێنی ئه‌م په‌یوه‌ندییه تۆكمهیهشیان له‌به‌هێزی هه‌ردوكیاندا خۆی مانیفێست ده‌كات، كه‌سێك نییه له‌كاریگه‌ری و زلهێزی میدیا و كاری هه‌واڵگری تێنه‌گه‌یشتبێت، ئه‌وه‌ی لاروون نه‌بوبێته‌وه كه دونیا به‌شێوه‌یه‌كی گشتی له‌لایه‌ن ئه‌م دوو كایهیهوه به‌ڕێوه ده‌برێت، بۆیه ناكرێت و وێنای ئه‌وه ناكرێت په‌یوه‌ندی به‌هێز له‌نێوانیاندا نه‌بێت.
دووه‌م: كاری سیاسه‌ت له‌كاری هه‌واڵگریدا چڕبوهتهوه، سیاسه‌ت و سیاسهتوانهكانیش خولیای راسته‌قینه‌یان ئه‌وه‌یه مه‌ركه‌زی بن و هه‌موو شتێك له‌ژێر كۆنترۆڵی خۆیاندا بێت. له‌و لاشه‌وه تاكه كایه‌یه‌ك كه توانای هه‌بێت رێگربێت له‌به‌دیهاتنی ئه‌م مه‌ركه‌زیه‌ت‌و كۆنترۆڵگهرایهی كایه‌ی سیاسه‌ت، بریتییه له‌میدیا و كاری میدیاكاران، هه‌ربۆیه‌ش سیاسه‌ت له‌چه‌ندین ده‌رگا و په‌نجه‌ری جۆراوجۆره‌وه هه‌وڵی كۆنترۆڵكردنی میدیا ده‌ده‌ن، بێگومان به‌ر له‌شۆڕشی زانیاری و پێشكه‌وتنی ماسكۆمهنیكهیشن و سۆشیاڵ میدیا، سیاسه‌ت كێشه‌یه‌كی ئه‌وتۆی له‌گه‌ڵ میدیادا نه‌بوو، چونكه سووك و سانا خۆی خاوه‌نی میدیا و ئامڕازه‌كانی گه‌یاندن بوو، بۆیه وه‌ك چۆن سیاسه‌ت كایةیهكی مه‌ركه‌زی بوو، به‌هه‌مان شێوه میدیاش ئامڕازێكی دیاری ئه‌و مهركهزیهتهی سیاسه‌ت بوو. به‌ڵام دوای كونبوون و دڕانی خه‌زێنه‌ی زانیاری و پێشكه‌وتنی ئامڕازه‌كانی گه‌یاندن و به‌تایبه‌تتر په‌یدابوونی (راگهیهنكاری هاوڵاتی_ هه‌ر خاوه‌ن ئه‌كاونتێكی سۆشیاڵ میدیا خۆی بۆ خۆی بوویه خاوه‌نی پلاتفۆرمێك، بۆیه به‌هه‌ر خاوه‌ن ئه‌كاونتێك ئه‌وترێت راگهیهنكاری هاوڵاتی)، ئیدی په‌یوه‌ندی سیاسه‌ت و میدیا ئاڵۆز ده‌بێت، چونكه میدیا ورده ورده له ئامڕازێكی مهركهزییهوه ده‌بێته ئامڕازێكی نامه‌ركه‌زی، ئه‌مه‌ش گه‌وره‌ترین هه‌ڕه‌شه‌ی له‌سه‌ر مه‌ركه‌زیه‌ت و عه‌قڵی كۆنترۆڵگهرای سیاسه‌ت دروستكرد، بۆیه سیاسه‌ت له‌رێگای كایه‌ی هه‌واڵگرییه‌وه كار له‌سه‌ر كه‌مكردنه‌وه‌ی كاریگه‌ری لامه‌ركه‌زیه‌تی میدیا ده‌كات و هه‌رچی له‌توانایدابێت ده‌یكات تا لامه‌ركه‌زیه‌تی میدیا نه‌گوازرێته‌وه بۆ لامه‌ركه‌زیه‌تی سیاسه‌تیش. له‌كۆنترۆڵكردنی میدیاوه بۆ شێواندنی. سیاسه‌ت ده‌ركی به‌وه كردووه چیدی ناتوانێت میدیا كۆنترۆلَ بكات و تازه كار له‌كار ترازاوه، بۆیه ئه‌مجاره هه‌رچی له‌توانایدا بێت كار له‌سه‌ر شێواندنی میدیا‌و رۆڵه‌كه‌ی ده‌كات، بێگومان له‌م پێناوه‌شدا په‌نای بۆ چه‌ندین شێواز و میكانیزم بردووه، له‌وانه:
1. دروستكردنی جه‌نجاڵی میدیایی: واته سیاسه‌ت كار له‌سه‌ر زۆر‌و زهوهندكردنی میدیای هه‌مه‌ڕه‌نگ و جۆراوجۆر ده‌كات، به‌جۆرێك ترافێكێكی میدیایی وای دروستكردوه، كه به‌های كاری میدیایی كه‌م و كاڵكردۆته‌وه.
2. دروستكردنی میدیای سێبه‌ر: له‌و روه‌وه كه میدیای ره‌سمی و ده‌وڵه‌تی ره‌ونه‌قی نه‌ماوه، سیاسه‌ت هه‌وڵی داوه‌و ده‌دات كه ببێته خاوه‌نی میدیایه‌ك كه راسته‌وخۆ نوێنه‌رایه‌تی نه‌كات، به‌ڵام ناڕاسته‌خۆ به‌رژه‌وه‌ندییه راستهوخۆكانی بپارێزێت.
3. شاردنه‌وه‌ی زانیاری له‌رێگای بلآوكردنه‌وه‌ی زانیارییه‌وه: زۆرجار سیاسه‌ت له دۆخی جه‌نجاڵی میدیایی و له‌رێگای میدیایی سێبه‌ره‌وه كۆمه‌ڵێك زانیاری بلآو ده‌كاته‌وه، هه‌ندێ مه‌سه‌له‌و بابه‌تی لاوه‌كی لهئانوساتێكی دیاریكراودا هێنده گه‌وره ده‌كاته‌وه‌و ئه‌وه‌نده له‌سه‌ریان ده‌وه‌ستێ، وه‌رگر ده‌خاته دۆخی سه‌رسوڕمانه‌وه، له‌كاتێكدا ئامانج لهبلآوكردنهوهی ئه‌و زانیارییه لاوه‌كییانه، بلآوكردنه‌وه‌ی ئه‌و زانیارییانه نییه، به‌ڵكو شاردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵێك زانیاری تره كه سیاسه‌ت ئه‌یه‌وێت له‌رێگای زانیارییه لاوه‌كییه‌كانه‌وه ته‌مومژێك دروستبكات و زانیارییه راسته‌قینه‌كان بشارێته‌وه، واته سیاسه‌ت ده‌یه‌وێت له‌م رێگایه‌وه ئه‌ركی راسته‌قینه‌ی میدیا بشێوێنێت، له‌بری ئه‌وه‌ی زانیاری بلآوبكاتهوه زانیاری پێده‌شارێته‌وه، ئه‌مه یه‌كێكه له‌و پلانه جهههنهمییه هه‌میشه‌ییانه‌ی سیاسه‌ت بۆ شێواندنی میدیا ده‌یگرێته‌به‌ر.
4. ئیستیغلالكردنی خاڵی لاوازی میدیا له‌لایه‌ن سیاسه‌ته‌وه: پێشتر ئاماژه‌مان به‌وه كرد كه موویه‌كی باریك له‌نێوان میدیا و كاری هه‌واڵگریدا هه‌یه، ئه‌وه‌ی راڤه‌ی ئه‌م مووه‌ی نێوانیان ده‌كات، بریتییه له ماده خامه‌كه‌ی میدیا كه زانیارییه، چونكه میدیا یانی زانیاری‌و بێ زانیاری میدیا ناتوانێت بژی، واته به‌دیوێكدا میدیا بونه‌وه‌رێكی مشه‌خۆره، زانیاری لێبسهنهرهوه ده‌كه‌وێته گیانه‌ڵا، پڕزانیاری بكه فووی تێدهبێتو قه‌به‌و زه‌به‌لاح ده‌بێت، له‌و روه‌شه‌وه كه زۆرترین هه‌واڵ‌و زانیاری لای ده‌زگا ههواڵگرییهكانه، ئه‌گه‌ر میدیا وریا نه‌بێت ئه‌وا زۆر سانا له‌خشته ده‌برێت و ده‌بێته ئامڕازی ده‌ستی ده‌زگا هه‌واڵگرییه‌كان و به‌ئاڕاسته‌ی ناته‌ندروستدا ده‌برێت. بێگومان هه‌واڵگرییش ئه‌م كاره به‌چه‌ندین شێواز ئه‌نجامده‌دات، له‌وانه (هه‌واڵی ناڕاستی پێده‌دات، یان هه‌واڵێكی پێده‌دات كه ئامانج لێی دژایه‌تیكردنی ده‌زگایه‌كی هه‌واڵگری یان حیزبێك یان ده‌وڵه‌تیكی تری نه‌یاره،.. .. ،.. . ) لێره‌شه‌وه ده‌زگای هه‌واڵگری بۆ به‌دیهێنانی ئامانجه‌كانی خۆی، میدیا به‌كار ده‌هێنێت، به‌بێ ئه‌وه‌ی زۆرجار میدیاكار به‌خۆی بزانێت. به‌لآم له‌هه‌مووی بهربلآوتر ئه‌وه‌یه كه هه‌واڵگری میدیا به‌كار ده‌هێنێت بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخه نائاسییهكانو زه‌مینه سازكردن بۆ جێبه‌جێكردنی پلانێكی سیاسی.
ئه‌گه‌ر تێبینی بكه‌ین له‌كوردستانیشدا سیاسه‌ت په‌نای بۆ هه‌موو ئه‌م شێواو‌و ئامڕازانه بردووه، زۆر جار میدیا و میدیاكاری به‌هه‌ڵه‌ی زه‌قدا بردووه.
میدیای به‌رپرس، یان میدیای په‌یامدار:
زۆر چه‌مكی دونیای مودێرن كه ده‌گه‌نه لای ئێمه به‌ئه‌نقه‌ست، یان له‌رووی نه‌زانییه‌وه خاڵی ده‌كرێنه‌وه له‌مانا گهوههرییهكهیان له‌وانه (فره حیزبی، كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی، دیموكراسیه‌ت.. . ). یه‌كێك له‌و چه‌مكانه‌ش كه زۆر خراپ شێوێنراوه بریتییه له‌چه‌مكی بێلایه‌نی یان پیشهگهریو پڕۆفیشناڵبوون. ئێمه لێره به‌ته‌نها ئاماژه به‌چه‌مكی پڕۆفیشناڵی له‌بواری كاری میدیاییدا ده‌كه‌ین. به‌كورتی ئاماژه به‌وه ده‌كه‌ین كه‌لای ئێمه تاراده‌یه‌كی به‌رچاو بهڕۆبۆتكردنی میدیا‌و میدیاكار كراوه‌ته هاومانای پڕۆفیشناڵبوونی راگهیهنكار، به‌جۆرێك ئه‌وه خراوه‌ته میشكمانهوه كه كاری میدیا هیچ نییه جگه لهبلآوكردنهوهی ئه‌و ههوالآنهی كه هه‌ن، یان رووده‌ده‌ن و هیچی تر، ئه‌مه‌ش به‌لای به‌نده‌وه مه‌ترسیدارترین خوێندنه‌وه‌یه بۆ ئه‌ركی میدیا، چونكه ئه‌مه میدیا ده‌كاته ده‌سته‌مۆی سیاسییهكانو سواڵكه‌ری به‌رده‌می ماڵ‌و مه‌قه‌ڕی سیاسییه‌كان، ئیدی هه‌رشتێك له‌ده‌می سیاسییه‌كانه‌وه به‌ربوویه‌وه ده‌بێته هه‌واڵ. له‌كاتێكدا میدیاكار چه‌نده كاری گواستنه‌وه‌ی هه‌واڵه، هێنده‌ش كاری دروستكردنی هه‌واڵه، لێره‌وه ده‌بێت میدیاكار هاوسه‌نگی راگرێت له‌نێوان كاری سیاسییهكانو كاره‌كانی خۆیدا، واته چه‌ندێك سیاسه‌ت میدیا ئاڕاسته ده‌كات، ده‌بێت به‌هه‌مان ئه‌ندازه‌ش میدیا هه‌وڵی ئاڕاسته‌كردنی سیاسه‌ت بدات، بێگومان ئه‌مه‌ش به‌پشت به‌ستن به قوڵكردنه‌وه‌ی به‌هاكانی چاكه‌ی گشتی‌و دیموكراسیه‌ت‌و مافه‌كانی مرۆڤ.. .. ، هتد چونكه ناشێتو ناكرێت میدیاكار به‌بیانوی بێلایه‌نبوون پشت له‌م به‌ها بالآیانه بكات. هاوكات ده‌بێت میدیا‌و میدیاكار هه‌میشه كۆمێنت‌و بۆچوونی هه‌بێت له‌سه‌ر وته‌و ئه‌كتی سیاسییه‌كان. به‌لآم ئه‌وه‌ی تێبینی ده‌كرێت لاوازی ئه‌م دوو خاڵه‌یه له میدیا بهگشتیو میدیای ئۆپۆزسیۆن‌و (ئازاد‌و بێلایهنو پڕۆفیشناڵ)ی كوردیدا، ئه‌مه‌ش وایكردوه هه‌میشه میدیا نێچیری سیاسه‌ت بێت‌و نه‌توانێت به‌كاری راسته‌قینه‌ی خۆی هه‌ستێت كه وردكردنی سیاسهتو دابه‌شكردنییه‌تی به‌سه‌ر زۆرترین‌و به‌رینترین پنتی كۆمه‌ڵگادا، ئه‌مه‌ش یه‌كێكه له‌هۆكاره سه‌ره‌كییه‌كانی نه‌هاتنه‌دی پێشبینییه‌كه‌ی ئێمه له‌كوردستان.
میدیای پڕۆفیشناڵ و قڕاندن بۆ دووباره‌كردنه‌وه‌ی پاشه‌كه‌وتی مووچه!
لهیهكدوو هه‌فته‌ی رابردوداو دوای بلآوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆر‌ونا، هه‌ندێ ده‌زگاو پهیجو میدیاكار، وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌نگوینیان لهكلۆری داردا دۆزیبێته‌وه‌و نهێنییه‌كی سهرسوڕێنهریان ئاشكراكردبێت، هه‌واڵی ئه‌وه‌یان بلآوكرده‌وه كه حكومه‌ت یان مووچه كه‌مدكاته‌وه یان سه‌ر له‌نوێ كار به‌سیستمی پاشه‌كه‌وتی مووچه ده‌كاته‌وه !. ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر بلآوكردنه‌وه‌ی ئه‌م هه‌واڵه تێبینی ده‌كرێت دوو خاڵی مه‌ترسیداره:
یه‌كه‌م: ئه‌م هه‌واڵه (وێرای ئاشكراییهكهی لای ده‌زگا و سایته حكومیی و حیزبی و میدیا سێبه‌ره‌كان)، له‌په‌یجه بێلایه‌نه‌كان و پڕۆفیشناڵه‌كان بلآوكرایهوهو خه‌ڵك‌و په‌یجه‌كانی تریش یه‌ك له‌سه‌ر یه‌ك شێریان ده‌كرد. بێگومان ئه‌مه‌ش فێڵێكی سیاسیی و گۆڵێكی به‌رپرسه حكومی‌و حیزبیه‌كان بوو له میدیا ناحیزبییهكان، له‌رێگایه‌وه دوو ئامانجیان پێكا: له‌لایه‌ك میدیا و میدیاكاری ناحیزبیان قه‌رزاربار كرد به‌وه‌ی سه‌بقێكی سهحهفیان پێبه‌خشیوه. له‌لایه‌كی دی، له‌رێگای میدیای ناحیزبییه‌وه زه‌مینه ده‌سازێنێت بۆ ئه‌نجامدانی پلانێك دژی به‌رژه‌وه‌ندی گه‌وره‌ترین توێژ.
دووه‌م: ئه‌و ده‌زگا ناحیزبی و ناحكومییانه هه‌واڵه‌كه‌و به‌بێ هیچ دهسكارییكردنێك بلآو ده‌كه‌نه‌وه، به‌بێ ئه‌وه‌ی باس له‌خه‌ته‌ری كاردانه‌وه‌كانی ئه‌و هه‌واڵه بكه‌ن، به‌بێ ئه‌وه‌ی ئه‌لته‌رناتیڤێك یان چه‌ند ئه‌لته‌رناتیڤێك بخه‌نه روو. بۆ نمونه، ده‌بوو ئاماده‌كاری ئه‌و راپۆرته له‌بری ئه‌وه‌ی به‌ته‌نها ئاماژه به‌وه بكات كه (حكومه‌ت مووچه دواده‌خات، یان ده‌رماڵه‌كان ده‌بڕێت، یان سه‌ر له‌نوێ كار به سیستمی پاشه‌كه‌وتی مووچه ده‌كاته‌وه). ده‌بوو پێشنیاری ئه‌وه‌ی بكردایه كه: ((حكومه‌ت هه‌رچی زووه چاكسازی ریشه‌یی بكات‌و نه‌وت راده‌ستی حكومه‌تی به‌غدا بكاته‌وه، تا له‌وه زیاتر نه‌وتی كوردستان هه‌ڕاج فرۆچ نه‌كرێت)). یان ده‌بوو پێشنیاری ئه‌وه‌یان كردبا كه ((مووچه‌ی پله بالآكان كهمكرێتهوهو مووچه‌ی بندیواره‌كان ببڕدرێت، سه‌رۆك وهزیرانو ئه‌م كابینهییهیان هانبدایه به‌وه‌ی نایه‌وێت له‌كابینه‌كانی دی بچێت)) یان پێنشاری ئه‌وه‌یان كردبا كه ((حكومه‌ت سه‌رمایه‌داره ههڵتۆقییوهكانی دوای راپه‌رین ناچار بكات هاوكاری حكومه‌ت بكه‌ن له‌پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌و كهمهێنانهی به‌هۆی كه‌مبوونه‌وه‌ی داهاتی ناوخۆوه دروست بووه‌و باجی زیاتر بخاته سه‌ر كۆمپانیاكانیان.. . هتد)). ره‌نگه بووترێت له‌ئه‌گه‌ری بلآوكردنهوه یان نه‌كردنه‌وه‌ی ئه‌و هه‌واڵه‌دا، حكومه‌ت هه‌ر به‌و كاره هه‌ڵده‌ستێت، له‌راستیدا ئه‌م بۆچوونه به‌چه‌ند ئارگۆمێنتێك نادروسته، سهركیترینیان:
1. ئه‌و هه‌واڵه ناخۆشه بۆچی میدیاییه‌كی ناحیزبی بلآویبكاتهوهو هه‌م خۆشی ناشیرین بكات‌و هه‌میش هاوكاری ئاساییكردنه‌وه‌ی هه‌نگاوێكی خراپی حكومه‌ت بكات.
2. بێ سه‌لیقه‌یی‌و مشه‌خۆری میدیای ناحیزبیو به‌ناو پڕۆفیشناڵ ده‌سه‌لمێنێت كه هه‌ر زانیارییه‌كی ده‌ستبكه‌وێت به‌بێ وردبوونه‌وه‌و تێگه‌یشتن له‌ره‌هه‌نده هه‌واڵگرییه‌كانی راسته‌وخۆ بلآویدهكاتهوه، ته‌نها ئامانجی ئه‌وه‌یه به خوێنه‌ری داماو بڵێت من‌و ده‌زگاكه‌ی من له‌هه‌موان ئاگادارترین له‌وه‌ی لهمهمهلهكهتدا ده‌گوزه‌رێت.
3. سیحری وشه: وشه سیحر‌و جادووی خۆی هه‌یه‌و كاریگه‌ری له‌سه‌ر بهواقیعبوونو به‌رجه‌سته‌بوونی بیرۆكه‌كان زۆر به‌هێزه، كتێبه پیرۆزه‌كان‌و عیرفان‌و سپیریچواڵیزمو ته‌نانه‌ت فیزیای كوانتمیش ئه‌مه‌یان سه‌لماندووه. وشه جاددوهكهی هێنده ئه‌فسوناوییه كتێبه پێرۆزهكانو هه‌ندێ له‌زانایانیش پێیان وایه بنه‌ڕه‌تی بوون وشه‌یه، سه‌یركه مهلحهمهكهی گهلگامشو ئینجیل به(سه‌ره‌تا وشه هه‌بوو) ده‌ستپێده‌كه‌ن، ئایه‌تی (كوون فه‌یه‌كون)ه‌كه‌ی قورئانیش هه‌مان مانای هه‌یه‌و میحوه‌رییه‌تی وشه ده‌سه‌لمێنێت، هه‌ر له‌م چوارچێویههشدا كورد ده‌ڵێت (بۆی مهقڕینه) واته به وشه هاوكاری قه‌ومانی نهگبهتییهك مه‌كه. ئه‌مه جگه له‌وه‌ی ئه‌وه راستییه‌كی حاشاههڵنگهره كه هه‌ر تاكێك و دواجار هه‌ر كۆمه‌ڵگایه‌كیش بریتییه له‌وه‌ی بیری لێده‌كاته‌وه‌و له‌وه‌ی ئهیدركێنێت. بۆیه كاتێك هه‌واڵێكی ناخۆش‌و پلانێكی جه‌هه‌نمی بلآو ده‌كه‌یته‌وه، بته‌وێت یان نه‌ته‌وێت بهشداریتكردووه له ئاساییكردنه‌وه‌و زه‌مینه‌سازی بۆ ئه‌و پلانه جهههنهمییه. بةلآم به‌پێچه‌وانه‌وه خستنهرووو گوزارشت كردن له‌هه‌واڵی خۆش‌و پێشنیاركردنی به‌دیلی باشتر بۆ حكومه‌ت له‌دوو روه‌وه سودی گه‌وره‌ی ده‌بێت:
له‌لایه‌ك زه‌مینه‌سازیی ده‌كه‌یت بۆ دروستكردنی رایه‌كی گشتی له‌سه‌ر ئه‌و به‌دیله باش‌و گونجاوه. له‌لایه‌كی تر پێشنیاری باشتر ده‌ده‌یته گروپه چاكسازو دڵسۆزه‌كه‌ی حكومهتو باسكی ئه‌وان بههێزتردهگهیت به‌سه‌ر گروپه گهندهلو بێفه‌ڕه‌كه‌ی حكومه‌تدا. چونكه بیرمان نه‌چێت لهناوههر حیزب‌و حكومه‌تێكدا خه‌ڵكی باش‌و خراپ، دڵسۆز‌و دوژمن بهبهرهژهوهندی گشتی هه‌ن، میدیا‌و كۆمه‌ڵگا له‌رێگای شێوازی دروستی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ وشه‌دا ده‌توانن به‌شه جوانه‌كه‌ی ناو حیزب‌و ناو حكومه‌ت به‌هێز بكه‌ن. لێره‌وه‌یه كاری میدیا كارێكی ته‌واو هه‌ستیاره میدیاكار ده‌بێت بزانێت چی دهڵێتو چی ده‌نوسێت، چونكه ئه‌وه‌ی دهیڵێتو ده‌ینوسێت، ده‌بێته قسه‌و بیرۆكه‌ی كۆمه‌ڵگا، هه‌ر بیرۆكه‌یه‌كیش هاته‌گۆ ده‌بێته واقیع‌و به‌رجه‌سته ده‌بێت. له‌كۆتاییدا به‌لامه‌وه گرنگه ئاماژه به‌وه بكه‌م به‌شێك لهسیاسییهكان چه‌ندێك له‌رێگای كرده‌وه‌كانیانه‌وه كار له‌سه‌ر شێواندن ده‌كه‌ن، میدیاكاران له‌رێگای بلآوكرنهوهی وشه‌وه ده‌توانن كار له‌سه‌ر بونیاتنان بكه‌ن، به‌وه‌ی قسه‌ی باش، پڕۆژه‌ی جوان‌و گونجاو بخه‌نه سه‌ر ده‌می سیاسییهكانو ئاستی ته‌وه‌قوعی كۆمه‌ڵگا به‌رزبكه‌نه‌وه، هه‌ر به‌مه‌ش میدیا ده‌توانێت ببێته ده‌سه‌لێتی یه‌كه‌م، نه‌ك چواره‌م.. !، چونكه به‌مه نه‌ك ماریفهتو زانیاری ورد دهكهنو به‌سه‌ر به‌رینترین پنتدا بلآویدهكهنهوه، به‌ڵكو رۆڵیشیان ده‌بێت له‌به‌رهه‌مهێنانی ماریفهتو زانیاری‌دا.