هەرێمی كوردستان، سلێمانی: بە دروشمی ژینگەی میدیایی و پێویستیی چاودێرییكردنی، دووەمین ئێوارە کۆڕی رەخنەیی ساڵی نوێی رێکخراوی چاودێریی میدیای کوردی (چمک) رێكخرا بۆ سەركەوت شەمسەدین بەناونیشانی پەیوەندیی میدیا و دەسەڵات لەبەر رۆشنایی كتێبی ئاگر و توڕەیی لەنێو كۆشكە سپییەكەی ترەمپ دا.
د.شوان ئادەم ئەیڤەس وەك سەرۆكی رێكخراوی چاودێریی میدیای كوردی، لە دەستپێكی ئێوارە كۆڕەكەی ئەمڕۆ(27/01/2018)دا لە گەلەری ئورفەی سلێمانی، وێڕای بەخێرهێنانی میوانەكان، لەنێویاندا سەرباز حاتەم بە نوێنەرایەتی كونسوڵی گشتیی ئەمەریكا لە هەولێر؛ ئاماژەی بە ناسنامە و ئامانجەكانی رێكخراوی چمك كرد لە دەستنیشانكردن و زەقكردنەوەی بەربەستە سەرەكییەكانی بەردەم میدیا و میدیاكاران. هاوكات گرنگیی خوێندنەوەی كتێبەكەی مایكڵ وۆڵف خرایەڕوو، بەتایبەت لە باسكردنیی كێشمەكێشی بەردەوامیی دۆناڵد ترەمپ لە ساڵی یەكەمی سەرۆكایەتیەكەیدا لەگەڵ میدیا و جۆری ئەو پەیوەندییەی لەنێوان میدیا و دەسەڵات لە ئەمەریكا دا هەیە.
كۆڕگێڕ سەركەوت شەمسەدین، خاوەنی بڕوانامەی ماستەر لە بورای سیاسیەتی گشتیی و ئەمنیەتی جیهانیی و گەورە شیكەرەوەی سیاسیی لە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمەریكادا، رووناكی خستەسەر ناوەڕۆكی كتێبی ئاگر و توڕەیی لەنێو كۆشكە سپییەكەی ترەمپ كە لەلایەن مایكڵ وۆڵف نووسراوە، لەسەرەتای ئەم مانگەدا لە ئەمەریكا بڵاوكرایەوەو بوویە پڕفرۆشترین كتێبی ساڵی نوێی 2018. ناوبراو، گرنگیی ئەم كتێبەی گەڕاندەوە بۆ گرنگیی پێگەی نووسەری كتێبەكە كە پێشتر یەكێك بووە لە راوێژكار و نووسەرە سەرەكییەكانی نێو كۆشكی سپی كە ئاگاداری ورد و درشتی زۆر زانیاریی گشتیی و تایبەتیی ترەمپ بووە. هەروەها ئاماژەی بە مۆدێلی كاركردنی میدیا كرد لە ئەمەریكادا كە حكومەت بۆی نییە میدیای هەبێت، ئەگەرچی هەندێ لە رۆژنامەنووسان لەگەڵ كەسی یەكەمی حزبە سیاسییەكاندا كاردەكەن. هاوكات بەهۆی ئەوەی میدیا لە حزب و حكومەت زەبەلاحترە، حكومەت و حزب خاوەنی میدیای فەرمیی نیین، بەڵكو بەسەر بەرەی كۆنسەرڤاتیڤ و لیبراڵ دا دابەشبووون و زۆرجار لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەكاندا هەندێ لە میدیاكان پشتگیری كارنامەیەی یەكێك لەو دوو بەرەیە دەكەن و هەوڵی سەرخستنی دەدەن. میدیا لەئەمەریكادا پیشەسازییەو خاوەنی سەرچاوەی داهاتی سەربەخۆی خۆیەتی كە پشت بە ریكلام و فرۆشی بەرهەمە رۆژنامەوانییەكانیان دەبەستن، هەروەها بەهۆی گرەنتییكردنی دەستوریی ئازادی رۆژنامەگەریی، میدیای ئەمەریكی بە روونیی رۆڵی دەسەڵاتی چوارەم دەگێڕێت و رایگشتیی لەسەر هەر پرس و كەسێك دروستدەكات كە مەبەستی بێت.
لە تەوەرێكی دیكەی ئێوارە كۆڕەكەدا، كۆڕگێڕ ئاماژەی بەوەدا كە میدیا لە ئەمەریكادا دەستكراوەیە لە بە ئازادیی دەستگەیشتن بە سەرچاوەكانی زانیارییدا، ئەوەش بە یاسا رێكخراوەو هیچ دامەزراوەیەك ناتوانێت سەرپێچی یاساكان بكات، مەگەر ئەوەی یاساكە هەندێ جۆری زانیاریی سنورداركردبێت كە زیانیان لە ئاشكراكردنیان زیاتر بێت. بۆنمونە ئەگەر مافی بەدەستهێنانی زانیاریی لەئەمەریكادا هێند مسۆگەر نەبووایە، ئەم كتێبەی مایكڵ وۆڵف و دەیانی كتێبی هاوشێوەی تر چاپ و بڵاونەدەكرانەوە كە بە بەردەوامیی لەسەر كۆشكی سپی و بەرپرسانی باڵادا دەنووسرێن. ئەگەرچی كۆنگرێسی ئەمەریكا دەتوانێت پاڵپشتی دارایی میدیا بكات لەچوارچێوەی پلانی سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریكادا، بەڵام هەرگیز بۆی نییە پارە بداتە میدیای ناوخۆ. لەگەڵ ئەوەشدا میدیا خۆی خاوەنی سەربەخۆیی و بازاڕی خۆیەتی و پارە لە حزب و حكومەت وەرناگرێت، چونكە میدیا زۆر بە ئاسانیی دەستیدەگات بە زانیاری، بەتایبەت كۆشكی سپی و وەزارەتی دەرەوەو بەرگری كۆنگرەی رۆژنامەوانیی بەردەوامیان هەیەو رۆژانە زانیاریی پێویست دەدەنە میدیاكان. بۆ نمونە لەگەڵ هەر گەشتێكی سەرۆك و بەرپرسانی باڵای ئەمەریكادا بۆ دەرەوەی وڵات، بەنزیكەیی 15-20 رۆژنامەنووسی باكگراوند جیاواز یاوەرییان دەكەن و رووماڵی گەشتەكە دەكەن،، بەبێ ئەوەی پێشێلی مافە پیشەییەكانی رۆژنامەنووسان بكرێت. تەنانەت سەرۆك بۆی نییە هەر بەتەنها ئەو رۆژنامەنووسانە بەرێت لەگەڵ خۆی كە لێییەوە نزیكن، هاوكات كۆشكی سپی بە بەردەوامیی لەلایەن 14 كامێراوە چاودێریی دەكرێت و بەشێوەیەكی زیندوو رووداوەكانی ناوی دەگوێزرێنەوە. بەپێچەوانەی هەرێمی كوردستانەوە، پەیوەندیی نێوان میدیا و دەسەڵات دوژمنكارانە نییە. ئەگەرچی پێشلكاریی پۆلیس زۆرە، بەڵام كەمترینیان لەبەرامبەر رۆژنامەنووساندایە. بگرە زۆرجار پۆلیس دەبێتە پارێزەری رۆژنامەنووس بۆ رووماڵكردنی رووداوەكان و گواستنەوەی زانیارییەكان، چونكە رۆژنامەنووس خاوەن سەنگ و قورسایی خۆیەتی و جۆرێك لەپارێزبەندی هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا میدیا و میدیاكاران متمانەیان بە پۆلیس و هێزە ئەمنییەكان هەیە ، رێزیان لێدەگرن و دەستوەردان لە ئیشوكاری یەكترییدا ناكەن.
دوابەدوای پێشکەشکردنی تەوەڕە سەرەكییەكان، بەشێکی زۆر لە ئامادەبووان بەسەرنج و تێبینییەكانیان باسەكانی ئێوارەكۆڕەكەیان دەوڵەمەندتر كرد. هەروەك جەختیان لەوە كردەوە كە ئەگەرچی یاسای مافی بەدەستهێنانی زانیاریی لە ساڵی 2013ەوە، لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە دەرچووە، بەڵام بەهۆی ناڕوونیی و ئاڵۆزی میكانیزمەكانی جێبەجێكردنییەوە تا ئێستا یاساكە هەر مەرەكەبی سەر كاغەزەو هێشتا رۆژنامەنووسان بەدەست سنورداریی دەستگەیشتن بە سەرچاوەكانی زانیاریی دەناڵێنن، ئەوە جگەلەوەی بەشێك لە رۆژنامەنووسان خۆیان كەمتەرخەمن لە كنەو پشكنین بەدوای زانیاریی گرنگ و هەستیاردا. هەروەك چۆن كولتوری پەلەپەلیی لە بڵاوكردنەوەی زانیاریی و نەكۆڵینەوە لێیان بووەتە تایبەتمەندییەكی دیاری میدیای كوردی. ئەمە جگەلەوەی كە رۆژنامەنووس لە هەرێمی كوردستان وەك پێویست لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە ژیانی ناپارێزرێت و بەبێ نووسراوی دادوەر دەستگیردەكرێت. بۆ نمونە ئەگەر رۆژنامەنووسێك لە World street journal بێتە كوردستان و بیەوێت چیرۆكێك بۆ میدیاكەی بگوێزێتەوە نزیكەی 10 هەزار دۆلاری بۆ خەرج دەكرێت، ئەوە جگەلە مووچەی مانگانەی خۆی. بەپێچەوانەوەی هەرێمی كوردستانەوە، هیچ رۆژنامەنووسێك لەسەر نووسین و رەخنەگرتن لە دەسەڵات و بەرپرسان لە ئەمەریكا دەستگیرناكرێت، بەڵكو لە خراپترین دۆخدا داوای قەرەبوویان لێدەكرێت ئەویش لەلایەن كۆمپانیاكانەوە بە پاساوی پێشلكردنی مافی لەبەرگرتنەوە (copyright) نەك لەلایەن حكومەتەوە.