چمک، هەرێمی کوردستان: ڕاسپاردەکانی یەکهەمین و دووهەمین کۆڕبەندی نیشتیمانیی چمک بۆ ڕیفۆرمی میدیایی؛ دەبنە تەوەری سەرەکیی توێژینەوەی جۆرناڵێكی نێودەوڵەتیی.
لە ژمارە 04ی بەرگی 03ی گۆڤاری هونەرەکانی زانستە مرۆیی و کۆمەڵایەتییەکان (ISRG)دا کە لەلایەن خانەی چاپ و پەخشی گروپ و بڵاوکەرەوەی توێژینەوە زانستییە نێودەوڵەتییەکان (ISRG) دەردەچێت؛ لەژێر ناونیشانی: «بەرەو ڕیفۆرمی میدیایی لەهەرێمی پاش-ململانێی کوردستاندا: لێکۆڵینەوەیەکی شیکاریی دۆخی کۆڕبەندە نیشتمانییەکانی چمک»؛ توێژینەوەیەکی زانستیی بە هاوکۆلکەی کاریگەریی 5.4 بڵاوکردووەتەوە کە دەستڕاگەیشتن بەم گۆڤارە لەسەر تۆڕی ئینتەرنێت بەردەستە و پێداچوونەوەی هاوتا بە ناوەڕۆکی ئەو توێژینەوانەیشدا دەکات کە هەردوو مانگ جارێک بۆ بڵاوکردنەوە پەسەندیان دەکات.
لە ساڵانی ڕابردوودا و لە دوو کات و شوێنی جیاوازدا؛ ڕێکخراوی چاودێریی میدیای کوردی (چمک) بە هاوبەشیی سەرۆکایەتیی زانکۆی سلێمانی لە ڕۆژانی 26 و 27ی ئایاری 2025 و لە ڕۆژی 10ی حوزەیرانی 2021دا بە سپۆنسەری میدیایی کەناڵی ئاسمانیی کەرکوک؛ دوو کۆڕبەندی نیشتیمانیی بۆ ڕیفۆرمی میدیایی ڕێکخست. لە کۆتایی هەریەکشیاندا؛ چەند ڕاسپاردەیەکی گرنگیان لێ گەڵاڵەکرا و دواتر ئاڕاستەی لایەنە پەیوەندییدارەکان و دەستەڵاتەکانی: یاسادانان، ڕاپەڕاندن، دادوەریی و هەریەک لە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیی و ڕۆژنامەوانان و دامەزراوەکانیان کران.
ئەنجامی دیاری ئەو توێژینەوە زانستییە نێودەوڵەتییە؛ «بە دۆزینەوەیەکی بەرچاو کۆتایی دێت کە جەخت لە ڕێڕەوی گەشەسەندنی دەستپێشخەرییەکانی ڕیفۆرمی میدیایی لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا دەکاتەوە. بەتایبەت ڕاسپاردەکانی یەکهەمین کۆڕبەندی نیشتمانیی چمک لە ساڵی 2021دا پێداگریی لەسەر دامەزراندنی بنەمای ڕێکخراوەیی، پێکهاتەیی، یاسایی و بەرزکردنەوەی پێوەرە پیشەییەکانی ڕۆژنامەگەریی دەکات. لەسەر ئەم بناغەیە؛ ڕاسپاردەکانی دووهەمین کۆڕبەند لە ساڵی 2025دا فراوانتر بوون و بەرەو جێبەجێکردنی کردەیی لە ڕێگەی بەشدارییپێکردنی کەرتەکانی دیکەی حکوومەت و کۆمەڵگەی مەدەنیی هەنگاوی ناوە. ئەم گۆڕانکارییە نەک بە تەنیا درێژەپێدەری بابەتیی ڕیفۆرمی یاسایی و حکوومیی و داڕشتنەوەی پڕۆگرامی پەروەردەیی لەخۆدەگرێت، بەڵکوو ڕیفۆرمی دامەزراوەیی میدیاکانییش پێشنیاز دەکات. واتە کۆڕبەندەکانی 2021 و 2025؛ بەڵگەی گواستنەوەیە لە ڕەخنەی بنەڕەتییەوە بەرە و چەسپاندنی دامەزراوەی ستراتیژیی بۆ بەردەوام بەهێزکردنی پێکهاتە یاسایی و دامەزراوەییەکان، بەرزکردنەوەی پیشەگەرێتیی ڕۆژنامەگەریی و پەروەردەکردنی گشتگیر و گفتوگۆکردنی بەردەوام لەنێوان ئەکتەرە جۆربەجۆرە جیاوازەکاندا. ئەم پەرەسەندنە؛ ئاماژەیەکیشە بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی نێوان پراکتیک و گوتار یاخوود هەنگاوێکی یەکلاکەرەوەیە لە وردبینیی چەمکییەوە بۆ حوکمڕانیی پراگماتیکی.»
بۆ خوێندنەوەی دەقی تەواوەتیی توێژینەوەکە بە زمانی ئینگلیزیی؛ کرتە لەم بەستەرەی خوارەوە بکە:
https://isrgpublishers.com/…/08/ISRGJAHSS1001672025.pdf