چمك، سلێمانی: بەمەبەستی تاووتوێکردنی پرسی پێویستیی دامەزراندنی ئەنجومەنێکی میدیایی لەھەرێمی کوردستاندا، د.شوان ئادەم ئەیڤەس سەرۆکی رێکخراوی چاودێریی میدیای کوردی «چمک» و کاروان ئەنوەر سکرتێری لقی سلێمانیی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان بەشداریان لە پرۆگرامی «ئەمڕۆ»ی کەناڵی ئاسمانیی پەیام کرد.
لەو پرۆگرامەدا، باس لەجیاوازییەکانی نێوان ناو و ناوڕۆکی «پێشنیازەیاسای ئەنجومەنی نیشتمانیی میدیا لەھەرێمی کوردستاندا» کرا کە لەلایەن دەستەیەک لەئەکادیمیی و پسپۆڕانی میدیا لەزانکۆکاندا گەڵاڵەکراوە لەگەڵ «رەشنووسی پرۆژەیاسای ئەنجومەنی باڵای میدیا بۆ رێکخستنی راگەیاندن و رۆژنامەگەری» کە لەلایەن سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان گەڵاڵەکراوە.
سەرۆکی رێکخراوی چاودێریی میدیای کوردی «چمک» دووپاتیکردەوە کە ھەرێمی کوردستان پێویستیی بەدامەزراندنی ئەنجومەنێک یان جۆرە کۆمسیۆنێکی نیشتمانیی میدیا ھەیە؛ بەئامانجی ھەرچی باشتر راستکردنەوەی ھەڵە پیشەیی و یاساییەکانی میدیا و میدیاکاران و رێکخستنیان لەرێی ئەمجۆرە ئەنجومەنانەوە. ئەویش بەجەختکردنەوە لەسەر باشتر چەسپاندنی بنەماکانی ئازادیی دەربڕین و رۆژنامەگەریی و جێبەجێکردنی یاسا بەرکارەکانی وەک «چاپەمەنی، رۆژنامەگەری، مافی بەدەستگەیشتنی زانیاری، قەدەغەکردنی خراپ بەکارھێنانی ئامێرەکانی پەیوەندییکردن»
لەبەشێکی دیکەی پرۆگرامەکەدا، سکرتێری لقی سلێمانیی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان رەخنەی لەرۆتینیات و ئەدائی ئەم خولەی سەندیکاکەی گرت و دووپاتیکردەوە کە ھەرێمی کوردستان پێویستیی بەدامەزراندنی ئەنجومەنی باڵای میدیا نییە، چونکە مەترسیی ئەوەی لێدەکرێت کەبەشێک لەو پەڕاوێزە ئازادییەی لەیاساکانی ژمارە ٣٥ی ٢٠٠٧ و ژمارە ١١ی ٢٠١٣ چەسپێنراون، کەمبکرێنەوەو دۆخی ئازادییەکانی دەربڕین و رۆژنامەگەریی زیاتر بەرتەسک ببنەوە.
بۆ بینینی تەواوی پرۆگرامی ئەمڕۆ کە لەئامادەو پێشکەشکردنی رۆژنامەنووس حەکیم حەمەد-ە؛ دەتوانن لەرێی ئەم بەستەرەی خوارەوە بینەری بن: