ئەرسەلان ڕەحمان*
ئەو هەڵە ئەخلاقی و پیشەییانەی لە ڕووماڵی کەناڵەکاندا دەیبنین هۆکارێکی هەبێت، نەشارەزایی و قووڵنەبوونەوە و نەبوونی تایبەتمەندێتی و پسپۆڕیی پەیامنێرانە لەو بوارەی ڕووماڵی دەکەن.
ئەمڕۆ لەبەردەم دادگا مایکی بۆ کەسێک ڕاگرتووە، لەوێ تەواو دەبێت، دەچێتە کۆنفرانسێکی زانستییەوە، چەند لێدوانێک و ئینسێرتێک وەردەگرن و ڕادەکات بۆ کۆڵانێک و بۆ کێشەی مەیموونێکی ڕاکردوو لایڤ دەکاتەوە، لەوێشەوە ئەگەر ڕایسپێرن دەچێتە بەردەم پەرلەمان، یان نەخۆشخانەیەک و باسی حاڵەتێکی تەندروستی دەکات، یاخود لە بەردەم بانکێک دەوەستێت و باسی کێشەی دارایی هەولێر و بەغداد دەکات، هەر هیچی دەستنەکەوێت، لەسەر کۆبوونەوەی سیاسەتکارەکان ڕاپۆرتێک دەکات و لە ناو شەقامێکی سەرەکیدا دەوەستێت و دەڵێت ڕای شەقامی کوردی دابەش بووە بەسەر دوو بەرەدا. ئەمە ڕۆژنامەنووسێکە پێی دەوترێت پەیامنێر.
بۆیە پێشناکەون؛ هەر ئەم هەمەکارەییە، وایکردووە، ئەو ڕۆژنامەنووسانەی کاریان پەیامنێرییە، پێ نەگەن و گەشە نەکەن، چونکە دەم لە هەموو بوارێک ئەژەنن و لە هیچیش شارەزایی و کارامەیی پێویست بەدەست ناهێنن.
چی بکرێت؟
باشتر وایە پەیامنێر هەمەکارە نەبێت، توانا و بەهرەی لە چیدایە، لە چی شارەزایە، دەکرێت لە چیدا شارەزا بێت، ئەو بوارە هەڵبژێرێت. ببێتە پەیامنێریکی تایبەتمەند بۆ بوارێک. درووست ئەوەیە، ئەوانەی پزیشکییان خوێندووە، تەنیا کار لەسەر بواری تەندرووستی بکەن، ئەوانەی مەعریفەیەکی یاساییان هەیە بابەتەکانی پەیوەست بە یاسا ڕووماڵ بکەن، ئەوانەی کۆڕسی ڕاهێنانی تایبەت بە مەیدانی جەنگیان وەرگرتووە بچنە ڕووماڵی ناوچە گەرمەکان، نەک وەک ئەوەی بینیمان بێژەریان ناردبوویە ناوچەی شەڕ و ململانێی چەکداری.
لە کوێی گرنگ نیە، چی دەگوازیتەوە گرنگە؟
کاتێک پەیامنێرێک هیچ لە بارەی کاری پەرلەمانی نازانێت و دەچێتە بەردەم پەرلەمان، ئیدی ڕاپۆرت و زانیارییەکانی هەموو شتێکیان تێدا بێت، زانیاریان تێدا نابێت.
ئەرکی ئیدارەی کەناڵەکان
گرنگە عەقڵی میدیایی ئەگەر هەبێت لە کەناڵەکاندا، پەیامنێرانی پۆلێن بکات و کۆرسی ڕاهێنانی تایبەت بە بواری خۆیان بۆ دابین بکات، بۆ ئەوەی پێ بگەن و ئاشنای وردەکاری پیشەکەیان لەو بوارە دیاریکراوەدا بن. ئاخر شەرمە بێژەر بەرنامەی لە بارەی پرسی ژنان هەیە، بەڵام هەرچی پێی بڵێی شارەزایی لە بارەی پرسی ژن و ڕێکەوتننامە نێودەوڵەتییەکان و یاسا ناوخۆییەکانی نیە و ڕوو قایمانە قسە بۆ خەڵک دەکات و باس لە توندوتیژی دژی ژن و جیاکاری و یەکسانی ڕەگەزی دەکات. ئەو هەڵە ئەخلاقی و پیشەییانەی لە ڕووماڵی کەناڵەکاندا دەیبنین هۆکارێکی هەبێت، نەشارەزایی و قووڵنەبوونەوە و نەبوونی تایبەتمەندێتی و پسپۆڕیی پەیامنێرانە لەو بوارەی ڕووماڵی دەکەن.
*چاودێری میدیایی و خاوەن بڕوانمەی ماستەر لە زانستی ڕاگەیاندن-دا