د.مەگدید سەپان
ماڵپەڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، پەنجەرەیەکی گەورەی بۆ سەدان ملیۆن کەس کردەوە، بە تایبەتیش بۆ ئەو خەڵک و کۆمەڵگایانەی دەرکردنی رۆژنامە و گۆڤار لە وڵاتەکانیان سنووردار و نائازدە، زەمینەیەکی لەباری ڕەخساند، بتوانن تێیدا بە ئاسانی بیروڕایان بنووسن و بڵاویبکەنەوە. لە هەمان کات، گرنگە ئاماژە بەو فاکتە بکەین، کە نووسین و بڵاوکردنەوەی ناوە ناوە کۆپلەیەک، بۆ هاوڵاتی ئەو وڵاتانەی کێشەی ڕێنووس و خاڵبەندییان نییە، هەستی خۆبەزلزانینیان وەک کورد پێنابەخشی و خۆیان لێنابێ بە نووسەر و رۆژنامەنووسی گەورە. دیارە ئەوان بەشێوەیەکی جوانتر و نەرمتر فەیسبووک بەکاردێنن و وەک بەشێکی زۆر لە تاکی کورد، بۆ هەڕەشە و هێڕش و بڵاوکردنەوەی درۆ و بوختان بەکاری ناهێنن و نایکەن بە مەیدانی ملمانێی سیاسی یان بڵندگۆی حزب، ئەگەر باس لە یاسای تایبەتیش بە بەکارهێنانی ئینتەرنێت لای ئەوان نەکەین.
لە دایکبوون و گەورەبوون لەناو کۆمەڵگایەکی ئاشتیخواز و یەکسان و دیموکڕات، یارمەتی هاوڵاتیی رۆژئاوای داوە، ئاسانتر رای بەرامبەر قبووڵ بکا، ڕەخنە هەزم بکا و نەرمتریش بنووسی. لەگەڵ ئەوەش هەموو لایەک دەبی بزانن، داڕشتن و نووسین بۆ رۆژنامە و گۆڤار تەواو لە داڕشتن و نووسین بۆ ماڵپەڕی کۆمەڵایەتی و ماڵپەڕی ئێلیکتڕۆنی جیایە. هەربۆنموونە: پێش بڵاوکردنەوەی نووسین یان گوتار بۆ رۆژنامە، بە چەند فلتەرێکی یاسایی، ئەخلاقی و زمانەوانی و کۆمەڵایەتی ڕەت دەبێ، جگە لەوە، رۆژنامە مۆڵەتی دەرکردن هەروەها سەرنووسەر و خاوەن ئیمتیازی هەیە، کە بەرپرسن لە ناوەڕۆکی رۆژنامەکەیان و نایانەوێ رۆژنامەکەیان هەرزان و سووکبێت یان ژمارەی خوێنەری کەمبێتەوە یان بەردەووام لە ڕێگای دادگادابن، باس لەوە هەرناکەین، یەکەم رۆژنامە: ((Relation aller Fürnemmen und gedenckwürdigen Historien لەساڵی ١٦٠٥ لە Strassburg دەرچوو، کە دەکاتە ٤١٣ ساڵ پێش ئێستا. بەمشێوەیە دیارە، رۆژنامە مێژووێکی دوورودرێژی هەیە، ئەزموونێکی دەوڵەمەند کۆبۆتەوە، خوێنەری تایبەتیش هەیە، کە ناویان نییە و دیار نین.
لە لایەکی دیکە، رۆژنامە بە کاغەزی دەمینێتەوە، هەڵدەگیرێت و دەرکردنی خەرجی زۆری تێدەچێ، چونکە بە یەک کەس بەڕێوەناچی و دەرناکرێ، بەڵکو کاری تیمە. گوتار و نووسین لە ڕۆژنامە دیزاین دەکرێ، بۆ چاپخانە ڕەواندەکرێ و چاپدەکرێ، دواتر بەسەر کۆشک و شوێنی فرۆشتنی رۆژنامە بڵاودەکرێتەوە، بەسەر ماڵ و ئابۆنەداران دابەش دەکرێ. لە هەندێك رۆژنامە هەزار کەس، لەوانەی دیکە کەمتر یان زیاتر کاردەکەن. لە رۆژنامە خەڵکی پسپۆر کاردەکەن و تێیدا دەنووسن، جگە لەوە، ئەو بابەتانە هەڵدەبژێردرێن و بەرزدەکرێنەوە، بۆ کۆمەڵ پێویستن، بۆ وشیارکردنەوە و پەروەردە و گەیاندنی زانیاری پێویستن. کارمەندانی ڕۆژنامە لە بەرامبەر کارەکانیان مووچە یان پاداشت وەردەگرن و زۆربەی کات یان خاوەن ئەزموونێکی زۆرن یانیش لە زانکۆ یان پەیمانگا خوێندوویانە و فێری کارکردن لە رۆژنامە یان دەزگایەکی ڕاگەیاندن بوون. لە رۆژنامە بابەتی جیاجیا وەک: سیاسی، کۆمەڵایەتی، وەرزش، ئابووری، فەرهەنگ… هتد، هەروەها ژانرەکانی: هەواڵ، گوتار، ڕێپۆرتاژ، گۆشە، ئینتەرڤیو…هتد هەیە.
دەرکردنی رۆژنامە لە وڵاتانی رۆژئاوا یان زۆر پێشکەوتوو، بازرگانییە و ساڵانە قازانجی زۆر دەکەن. رۆژنامە سەرەتا و کۆتایی هەیە، ژمارەی لاپەڕ و نووسینەکان دیارن، قەبارەی تێکست و وێنە سنووریان بۆداندرایە. رۆژنامە نابی خوێندنەوەی چاو هیلاک بکا و بێزارکەر بیت بۆیەش، ئەو نووسینانەی لەسەر کاغەز دەخوێندرێنەوە، زۆر جیان لەو نووسینانەی لەسەر وێب و لاپەڕەکان دەبیندرێن. بەگوێرەی هەندێک سەرچاوە، لە وێب لەماوەی ٣ – ٤ چرکە نووسەر دەبی توانیبێتی، سەرنجی خوێنەر رابکێشیت، ئەگەر بەو ئەرکەی هەڵنەستابی، بە ئاسانی ئەو میوانی لەدەست دەچی، باس لەوە هەرناکەین، لە ماڵپەرە کۆمەڵایەتی و ئێلیکترۆنییەکان، زۆربەی جار هەموو تێکستەکان ناخوێندرێنەوە و خوێنەر یان میوان بەسەریدا پاز دەدا، بۆیەش کەسانی پسپۆر داوای نووسینی کورت دەکەن، بەتایبەتیش بۆ ئەو کەسانەی ناسراونین، چونکە میوان نازانی ئەو نووسین گرنگە و دەبی هەمووی بخوێندرێتەوە. دیارە، هەموو نووسینەکان بە قووڵی ناخوێننەوە. بەگوێرەی کتێبی: (نووسین بۆ وێب) لە نووسینی (Erik Geijer) خوێنەر تەنیا یەک لەسەر پێنجی تێکستی ماڵپەڕي ئاسایی ئێلیکترۆنی دەخوێنێتەوە. چەند تێکست درێژتربی، ئەوەندە کەمتر دەخوێندرێتەوە. Jakob Nielsensدەنووسێ: خوێنەر ٢٥ چرکە بە ماڵپەڕ دەدات و چوار چرکەش بۆ نووسین. ئەوان چوار چرکە بۆ سەد وشە هەڵدەبژێرن.
زۆر گرنگە ئاماژە بەو ڕاستییە بکرێ: لەوکاتەی مرۆڤ ماڵپەڕ دەخوێنێتەوە، بەدوای زانیاری دەگەڕێ، بەڵام لەوکاتەی رۆژنامە یان کتێب دەخوێنێتەوە، دەیەوێ پشووبدا. ماڵپەڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بێ سەروبنە و پەیوەندی تایبەتی لەگەڵ خوێنەر هەیە، هیچ فلتەرێک بۆ نووسین نییە، هیچ سنوورێک بۆ دەربڕین نییە، جگە لەوە زۆر لەو کەسانەی تێیدا دەنووسن، نووسەر و ڕۆژنامەنووس نین و ئەزموونی نووسینیان نییە، بێئاگان لە لایەنی ئەخلاقی و ئاستی وشیارییان نزم و لاوازە. ئەمجۆرە کەسانە سوود لەم تەکنۆلۆجیا سەردەمە، بۆ بریندارکردنی برادەرانی ئێلیکتڕۆنی خۆیان وەردەگرن. هەر ئەو کەسانە، نازانن چ بۆ بڵاوکردنەوە گونجاوە یان گونجاو نییە، بۆیە بە دانانی وێنە یان کورتە نووسین، جگە لە کەسی بەرامبەر، هەندێکجار، کێشەی زۆر بۆخۆشیان دروست دەکەن، باس لەوە هەرناکەین، زۆربەی نووسینە توندەکان لەکاتی توڕەبوون نووسراین و لە واڵەکان داندراین. بێگومان، کاری حکومەتە، یاسایەکی تایبەت دەربکات و سنوور و چوارچیوە بۆ ماڵپەڕە کۆمەڵایەتییەکان دابنێ، کە لە خزمەت دانیشتوانی هەرێم بێ. هەروەها باشە، هەندێک ڕێنمایی بنووسرێن، بەکارهێنەران فێربکرێن، چۆن بە باشترین شێوە سوود لە ئینتەرنێت وەربگرن، چۆن خۆیان لە هەڵمەتەکان بپارێزن، لە داهاتووێکی نزیکیش باشە وانەیەک لە ئامادەیی یان زانکۆکان بخوێندرێ.
Robin Dunbar پڕۆفێسۆر لە دەروونناسی لە زانکۆی ئۆکسفۆرد دەنووسێ: مرۆڤ دەتوانی لەگەڵ چوار کەس ببێتە برادەری گیانی بەگیانی و لەگەڵ ١٤ کەسیش ببێتە برادەری نزیک، کە بتوانی لە سەرما و گەرما بەهانایانەوە بچی. هەبوونی پێنج هەزار برادەر لە فەیسبووک، کەمتر کات بۆ برادەرە نزیکەکان دەهێڵێتەوە.