هاوسەرگیری تەلەڤزیۆنیی چییە ؟

ھێمن عەبدولقادر

بۆچی زۆرینەی هاوسەرەکان لە سەرەتای پرۆسەکەدا توشی کێشە و ساردبوونەوە دەبنەوە؟ ئایا ئێوە خەڵەتێنراون؟ گرفتەکە لە کوێدایە؟

کچەکە بە دیار درامایەکی تورکیەوە خەیاڵی ڕۆشتووە و لەواقیع دابڕاوە ، پاڵەوانی دراماکە کوڕێکی جوان و ڕۆمانسیە هەمیشە خۆشەویستەکەی یان هاوسەرەکەی بە (گیانەکەم و دڵەکەم و هەناسەکەم و ئازیزەکەم و مانگەکەم و … هتد) بانگ ئەکات، تەبعەن ئەم ئەکتەرە ( دەقەکەی بۆ نوسراوەتەوە ئەگینا خۆی لە راستیدا سەرە واوێک لە مێشکیا نیە) ناوەکەی خۆی بە خۆیەتی (ئەکتەر) واتا ئەو کەسەی کە نمایش ئەکات نەک ئەوەی کە لە واقیعدا وا بێت ، ئێ کچەی داماویش کە ئەم هەموو فەنتازیا و خەیاڵە ئەبینێت ، وەکو ئەوە وایە لیمۆی ترش لە بەردەمیدا بخورێت ، ناودەمی پڕ ئەبێت لە ئاو بۆ ئەوەی لەو دۆزەخەی ماڵەوەش ڕزگاری ببێت هەموو کەسێکی لێ ئەبێت بە کوڕی ناو تەلە فزیۆنەکە،
ئیتر بێئاگایە لەوەی کە کوڕی راستەقینە یان هاوسەرەکەی لە سەعات هەشتی بەیانی ئەبێت هەستێ فریای مناڵ بکەوێت بیبات بۆ قوتابخانە ، لە بۆڵە بۆڵی (وەستا) و (بەڕێوبەر) و (خاوەنی کار)ەکەی ڕزگاری ببێت ، لە بەر ئەوە فریای ماچێکی خوا حافیزی ناکەوێت لە دەرگای حەوشە وەک پیاوی ناو تەلەفزیۆنەکە، چونکە ئەوەیان دراما بوو ئەمەیان راستەقینە.

بە پێچەوانەشەوە هەر راستە. کوڕەکە بە دیار درامایەکی مەکسیکی یان تورکی یان کۆریەوە خەیاڵی ڕۆشتووە، لە پڕ پاڵەوانی دراماکە کچێکی جوانە چاکەتێکی هەزار دۆلاری و تەنورەیەکی کورتی لەبەرایە و قاچ و قولی هەمووی بە شیلە و شامپۆ ساف و لوس کردووە بە چەتاڵ نان ئەکات بە دەمی هاوسەرەکەیەوە ئێ کە کوڕە ئەمە ئەبینێت وەکو ڕەجەب دەمی پڕ ئەبێت لە ئاو و ئەچێتە ژیانی هاوسەرگیریەوە ، بەڵام تەنها هەفتەی یەکەم تۆ دەتوانی لاسایی ژن و پیاوی دراماکان بکەیتەوە ، هەفتەی دووەم و مانگی دووەم و ساڵی دووەم راستە قینە شتێکی تری لە تۆ دەوێت، هەر بۆیە هەفتەی دووەم کوڕە کە لە ماڵەکەی خۆیدا هەڵئەستێ کچێکی داماو و بەد بەخت ئەبینێت ماکسیەکی قەیفەی لەبەرایە میلان نایبڕێت هاها بە دەستێک گسکی کارەبایی پێیە و بە دەستێک مناڵ ئەگۆڕێ ، بەدەستێک چێشت لێ ئەنێ ، بە دەستێک خزمەتی میوان ئەکات ، لە پڕ بە بەردەمتا ئەڕوات ، تەشتێک خەنەی گرتۆتە سەری ، ئەڵێی برا سەری خراوەتە نەوتەوە هاهاها ئێ ئیتر ئەو هەموو فەنتازیایەی کە هەبوو ووردە ووردە دەبێتە خەیاڵ ، هەردوو لایان هەمیشە وا هەست دەکەن ، کە خەڵەتێنراون ، یان بەرامبەرەکەی خۆشەویستی (خۆشەویستی تەلەفزیۆن)ەکەی جارانی نەماوە ، ڕۆژانە ئەوانەی پەیوەندیم پێوە دەکەن و نامە دەنێرن و سەردانم دەکەن ، پێیان دەڵێم لە راستیدا ئێوە :-

نە کەستان پێشتر فێڵتان لەوی ترتان کردووە نە خەڵەتاندنێک لە گۆڕێ هەیەو نە خۆشەویستیشتتان بۆ یەکتری کەمی کردووە ، تەنها کێشەکە ئەوەیە ئێوە ئومێدی زیاد لە پێویستان لەسەر شتێک هەڵچنیوە کە خۆی لە بنەڕەتدا جێی ئومێد نەبووە.  هەموو ئوتومبێلێک لە سەری نوسراوە توانای هەڵگرتنی (١تةن ، ٢ تةن ، ٨ تةن و .. هتد) لەو بارەی خۆی زیاتری لێبنێیت یان وەرتەگێڕی یان پەکت ئەخات ، ژن و مێردایەتیش وایە کاتێک زیاد لە پێیوست داوای لێئەکەیت ئیتر پێت نابەخشێت ، ئەمەی کە لە فیلمەکاندا ئەی بینیت بەیانی کوڕەکە یان کچەکە لەخەو هەڵئەستێ و سەر مێزەکەی پێنج نەوع مرەبا و زەیتون و شەربەت و پەنیر دانراوە لە واقیعدا ئەسڵی نیە ، ئەمەی کە کوڕ و کچەکێک ئەبینی لەقەراغی ئاوێکدا هەموو شەوێک گیتارێک و ئاگرێک و باوەشێک بوونی نیە ، یەک شەو مناڵەکەت گوی بگیرێت ئە بێت هەتا بەیانی لەبەردەم گەواریەکە نەخەویت ، ئەمەیە کە کارڵ پۆپەر دەڵێت (تەلەفزیۆن و میدیا و سۆشیال میدیا ترسناکترین داهێنراوی مرۆڤن) چونکە هەموومان لە خشتە ئەبات، ئومێدێکمان دەدەداتی کە لە بنەرەتدا درۆزنانەیە ، یاخود بوونی نیە.

سەرەڕای بوونی چەندین هۆکاری تر بۆ لێکدانەوەی ئەم دیاردەیە، چەمکی (هاوسەرگیری تەلەفزیۆنی) چەمکێک نیە پاڵپشت بە توێژینەوەیەکی کۆمەڵایەتی بێت، بەڵکو بەرەنجام و لێکەوتە و (مشاهدە) و بینینی ئەو سەدان (کەیس)انەیە کە ساڵانە دێتە بەردەستمان ، جگە لەو ئامارانەی کە بەردەوام لە لایەنە پەیوەندیدارەکان وەریدەگرین بۆ کارکردن ، بۆ نموونە لە ساڵی پاردا بە گوێرەی ئامارەکانی بەڕێوبەرایەتی ڕەگەزنامەی سلێمانی (١٣٦٥) جیابوونەوەی هاوسەرگیری تۆمار کراوە ، بەشێکی زۆری ئەمانەش لەچەند ساڵی یەکەمی سەرەتای پڕۆسەی هاوسەر گیری جیابوونەتەوە ، چونکە ئەم دۆخە لەگەڵ ئەوەی مەحکومە بە کۆمەڵێک فاکتی تری وەک (ئابووری ، سیاسی ، رەوشی خێزانی و پەروەردە) سەد ئەوەندە مەحکومە بە تێڕوانینی میپالی و هەڵواسینی زیاد لە پێویستی داواکاری و ئومێد بە (ژنێک یاخود پیاوێک) کە لە بنەرەتدا کەسیان توانای هەڵگرتنی ئەو بەرپرسیاریەتی و دۆخەیان نیە ، بۆیە من ناوم ناوە (هاوسەرگیری تەلەفزیۆنی).

دەنگدان

بە بڕوای تۆ راگەیاندنەكان لەهەرێمی كوردستاندا؛ ناسەربەخۆن؟