چمک، لەندەن: سێهەمین کۆڕبەندی نیشتمانیی چمک بۆ ڕیفۆرمی میدیایی، بە سەرکەوتوویی کۆتایی بە پانێڵ و دانیشتنە زانستییەکانی خۆی هێنا لە زانکۆی بەناوبانگی سۆواس لە لەندەن. کۆڕبەندەکە لەژێر ناونیشانی؛ “ڕیفۆرمی میدیایی لە ناوچەکانی دوای ململانێ: نەخشەڕێی سیاسەتی ستراتیژیی کوردستان (٢٠٢٦-٢٠٣٦)” بەڕێوەچوو و توانی سەرجەم ئامانجە ئەکادیمییەکانی خۆی بپێکێت.
کۆڕبەندنی ئەمساڵ وەرچەرخانێکی دامەزراوەیی گرنگ بوو، چوونکە لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان-ەوە وەک “یەکهەمین کۆنفرانسی زانستیی نێودەوڵەتیی چمک” ناسێندرا. بە پشتبەستن بە دروشمە مرۆیی و کاریگەرەکەی: “هەمووان مافی زانینیان هەیە؛ دوور لە نیشتمان، بەڵام بۆ نیشتمان”، کۆنفرانسەکە بووە مەیدانێکی دەوڵەمەند بۆ ئاڵوگۆڕی بیروڕای ئەکادیمی. گرنگترین دەستکەوتی ئەمساڵیش، داڕشتنی “نەخشەڕێی ستراتیژیی ١٠ ساڵە بۆ چاکسازیی میدیای کوردی” بوو، کە بەڵگەنامەیەکی بنەڕەتییە بۆ دووبارە ڕێکخستنەوەی پایەکانی داهاتووی کەرتی ڕاگەیاندن، ڕێسای پیشەیی، ئابووریی میدیا، بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد (AI) و پەروەردەی میدیایی لە کۆمەڵگەی کوردیی-دا.
ڕێکخراوی چاودێریی میدیای کوردی (چمک)؛ وەک ڕێکخەر سەرەکیی کۆڕبەندەکە ڕایگەیاند کە ئێستا سەرقاڵی کۆکردنەوە و ڕێکخستنی کۆتا پێشنیاز و سەرنجەکان-ە. دەقی کۆتایی و هەموارکراوی نەخشەڕێ ستراتیژییەکە لە ڕۆژانی داهاتوودا بە فەرمیی بڵاودەکرێتەوە و پێشکەش بە سەرجەم ناوەندەکانی بڕیاردان دەکرێت، لەوانە: سەرۆکایەتییەکانی هەرێمی کوردستان، پەرلەمان، حکومەت، دەسەڵاتی دادوەریی، سەندیکا پیشەییەکان، زانکۆکان، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیی و میدیاکان) بۆ ئەوەی ببێتە چوارچێوەیەکی کرداریی بۆ جێبەجێکردن.
هاوشانی ئەو دەستکەوتە ناوخۆییانە؛ کۆڕبەندەکە سەرکەوتنێکی گەورەی ئەکادیمی نێودەوڵەتیی تۆمارکرد؛ گۆڤاری جیھانیی (Journal of Digital Media & Policy – JDMP) کە لەلایەن دەزگای بەناوبانگی Intellect Books لە بەریتانیا بڵاودەکرێتەوە و لە بنکەدراوەی (Scopus)دا ئیندێکس کراوە، بە فەرمی ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر تەرخانکردنی ژمارەیەکی تایبەت (Special Issue) بە تەوەری ئەم کۆڕبەندە کە لە ساڵی ٢٠٢٨ بڵاودەکرێتەوە. ئێستا دەرگەی توێژینەوە کراوەیە و توێژەرانی بەشداربوو دەتوانن بابەتەکانیان بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان بنێرن. پڕۆفیسۆری یاریدەدەر د. شوان ئادەم ئەیڤەس وەک “سەرنووسەری میوان” سەرپەرشتی زانستیی ئەم ژمارە تایبەتە دەکات.
سەرکەوتنی ئەم سەکۆ نێودەوڵەتییە باڵایە؛ بەرهەمی ڕاستەوخۆی سەرپەرشتی و سەرکردایەتی دیدگەی ڕێکخەری گشتیی کۆڕبەندەکە، دکتۆر شوان ئادەم ئەیڤەس (سەرۆکی ڕێکخراوی چمک و پڕۆفیسۆری یاریدەدەر لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی) بوو کە لەگەڵ تۆڕێکی دڵسۆز لە خۆبەخشانی نیشتمان و تاراوگە، لە ماوەی هەشت مانگی ڕابردوودا بێوچان لە پشت پەردەوە کاریان کرد بۆ گۆڕینی ئەم خەونە ئەکادیمییە بۆ ڕاستییەکی گەشاوە لە لەندەن. لێرەوە؛ سووپاس و پێزانینی بێسنووری خۆی ئاڕاستەی سەرجەم هاوبەش و پشتیوانان دەکات، لەوانە:
-
هاوڕێکخەران: دامەزراوەی پەروەردەیی کانگا (KEF) و ئاژانسی ڤیژن بۆ گەشەپێدانی نێودەوڵەتی (VisionAID).
-
هاوبەشە ستراتیژییە نێودەوڵەتییەکان: هاوپەیمانێتیی ڕیفۆرمی میدیایی بەریتانیا (MRC)، سەنتەری لیڤەرهۆڵم بۆ توێژینەوەی میدیایی لە زانکۆی گۆڵدسمیس و گۆڤاری JDMP.
-
پشتیوانان و سپۆنسەران: زانکۆی SOASی لەندەن، زانکۆی نەورۆز، نوێنەرایەتیی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا، پارێزگای سلێمانی، ڕێکخراوی ئازادبوون، کۆمپانیاکانی (ShaPost، AlenPost، Atlas Food Wholesale، Master Cash & Carry)، و چێشتخانەی سلێمانی لە لەندەن.
لە کۆتایی دوو ڕۆژی کۆڕبەندەکەدا؛ ڕێکخراوی چمک سوپاسی قووڵی خۆی ئاراستەی سەرجەم زانایان، توێژەرانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی و میوانە بەڕێزەکان دەکات. هاوکات شانازی بەو پردە مرۆیی و ئەکادیمییە دەکات کە دەرفەتێکی دەگمەنی بۆ توێژەرانی ناوخۆی کوردستان ڕەخساند تا سەردانی لەندەن بکەن و دەنگ و ڕەنگی زانستیی کوردستان بگەیەننە جیهان. هەروەها سوپاسی هاوبەشە میدیاییەکانی دەکات بۆ ڕووماڵە پیشەییەکانیان. بۆ بینینی گەلەری وێنەکان، ڕاپۆرتی تەواوی دانیشتنەکان و دەرەنجامەکان، تکایە سەردانی پۆرتاڵی فەرمیی کۆڕبەند بکەن: forum.chmk.org











