چمک، لەندەن: سەرۆکی ڕێکخراوی چاودێریی میدیای کوردی (چمک)؛ پ.ی.د. شوان ئادەم ئەیڤەس لە شاری لەندەنی پایتەختی بەریتانیا، بەشداریی لە دەهەمین ساڵیادی «فێستیڤاڵی دیموکراسیی میدیا ٢٠٢٦»دا کرد، کە لەلایەن هاوپەیمانێتیی ڕیفۆرمی میدیایی بەریتانیا (MRC)وە ڕێکخرابوو.
لەو بۆنە زانستییەدا کە لە زانکۆی وێست مینستە ڕێکخرابوو؛ کۆمەڵێک لە ڕۆژنامەنووسانی دیار، داکۆکیکارانی چاکسازیی میدیایی، داڕێژەرانی سیاسەت و ئەکادیمیستانی کۆکردەوە بەمەبەستی بەرەنگاربوونەوەی قۆرخکاریی میدیای کۆمپانیاکان و کێشانی نەخشەی جێگرەوە دیموکراسییەکان بۆ کایەی گشتی. هاوکات کارنامەی چڕی ئەم فێستیڤاڵە یەک ڕۆژییە، لەسەر تەوەرەکانی لێپرسینەوە لە کۆمپانیا گەورەکان، ژێرخانی ڕۆژنامەگەریی سەربەخۆ، و پێویستیی بەپەلەی سەرلەنوێ ڕێکخستنەوەی پانتایی دیجیتاڵیی گشتی چڕبۆوە.
سەرۆکی ڕێکخراوی چاودێریی میدیای کوردی (چمک) لە گوتەیەکدا لە هۆڵی فێستیڤاڵەکەوە لە لەندەن، جەختی لە گرنگیی قووڵ و پێکهاتەیی ئەم گفتوگۆیانە بۆ ناوچەکانی پاش ململانێ و قۆناغی ڕاگوزەری دیموکراسیی کردەوە و ڕایگەیاند:
“سازکردنی فێستیڤاڵی لەم شێوەیە بۆ هەرێمی کوردستانی عێراق زۆر پێویستترە، چوونکە ئێمە زیاتر و زیاتر پێویستمان بە وتووێژی گشتیی لەسەر پێناسەکردنەوەی ڕۆڵ و بەرپرسیارێتیی میدیا و ڕۆژنامەنووسان لە کۆمەڵگەکانی پاش ململانێدا هەیە. هەر لەبەر ئەم هۆکارەشە؛ هەوڵەکانی ڕێکخراوی چمک بۆ ڕیفۆرمی میدیای کوردی، لەم سەردەمەی ژیریی دەستکرددا (AI) هەنگاوێکی هەنووکەیی ئێجگار گەورە و گرنگن.”
فێستیڤاڵەکە بە پانێڵێکی باڵا لە هۆڵی (MG14) لەژێر ناونیشانی «داهاتووی میدیای گشتی» دەستیپێکرد کە تێیدا تێڕوانینە سەرەکییەکانی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیی و داکۆکیکاران خرایەڕوو؛ لەوانە تۆم میڵس و تۆم چیڤەرز لە هاوپەیمانێتیی ڕیفۆرمی میدیایی (MRC)، جەڵدیپ کاتوالا لە سەنتەری سێر لینی هێنری بۆ فرەچەشنیی میدیایی، هانا پێری (Demos)، ئانا شیا (Equity)، و لیس پێندڵتن (Media Revolution). پاش دانیشتنی سەرەکیی، فێستیڤاڵەکە دابەشبوو بەسەر چەندین دانیشتنی هاوتەریب و پسپۆڕانەدا، لەوانە:
دانیشتنی یەکهەم (١٠:٤٥ – ١٢:٠٠): تیشکی خستە سەر قۆرخکاریی تەکنەلۆژیا و ڕیفۆرمی میدیایی پێکهاتەیی. ناونیشانی پانێڵە سەرەکییەکان زۆرتر تەرخانکرابوون بۆ پرسەکانی: «ژیریی دەستکرد و داهاتووی بڵاوکردنەوە» لە هۆڵی (M322) بە سەرۆکایەتیی تۆماس بارلۆ و دانیشتنێکی تایبەت بە «خاوەندارێتی میدیایی» لە هۆڵی (M323) بە بەشداری کڵایڤ لویس ئەندامی پەرلەمانی بەریتانیا و دۆناحاد مەککارسی. هاوکات، وۆرکشۆپێک لەژێر ناوی «تۆڕی یانەی هەواڵ» باسی لە گەشەپێدانی پەروەردەی میدیایی گشتی کرد.
دانیشتنی دووهەم (١٣:٠٠ – ١٤:١٥): سەرنجی لەسەر جووڵاندنی هاوڵاتیان بوو، لە ڕێگەی وۆرکشۆپی «یەکێتیی بەکارهێنەرانی میدیایی» و پانێڵێکی تاکتیکی لەسەر دەسەڵاتی وەرگر لەژێر ناوی «خاوەندارێتی سیگناڵەکە: بنیاتنانی هێزی جەماوەر لە دەرەوەی کۆمپانیا زەبەلاحەکانی تەکنەلۆجیا»، لەگەڵ پێشکەشکردنی چوارچێوەی سەرەتایی «دیموکراسیی میدیا ١٠١» لەلایەن دێبس گرایسن.
دانیشتنی سێهەم (١٤:١٥ – ١٥:٤٥): تاووتوێی گوشارە دارایی و سیاسییەکانی کرد لە ڕێگەی پانێڵی «کێ گرنگیی بە دیموکراسیی دەدات؟» بە سەرۆکایەتیی لێکسی کێرکۆنێل کاوانا (Impress) و پانێڵی «سانسۆری میدیایی» لە هۆڵی (M323) بە سەرۆکایەتیی ڕۆژنامەنووس حەمزە یووسف، و بە بەشداریی دەنگە دیارەکانی میدیا وەک سانگیتا میسکا (The Nerve & Zeteo) و مارک کێرتیس (Declassified UK).
فێستیڤاڵەکە بە کۆبوونەوەیەکی یگشتی کراوە لەژێر ناوی «ئەنجومەنی گەل لەسەر داهاتووی میدیای گشتی» و پێشکەشکردنی گوتەی کۆتایی لەلایەن پڕۆفیسۆر دێس فێریدمان، دامەزرێنەری MRC و هاوبەڕێوەبەری سەنتەری توێژینەوەی میدیایی لیڤەهاڵم لە زانکۆی گۆڵدسمس، کۆتایی پێهات.
بەشداریی باڵای سەرۆکی ڕێکخراوی چاودێریی میدیای کوردی (چمک) لە دەهەمین خولی فێستیڤاڵەکەدا، ڕاستەوخۆ هاوتەریبە لەگەڵ ئامادەکارییە چڕەکانی بۆ بەڕێوەچوونی سێهەمین کۆڕبەندی نیشتیمانیی چمک بۆ ڕیفۆرمی میدیایی، کە بڕیارە لە ٨-٩ی تەمموزی ٢٠٢٦ لە زانکۆی سۆواس (SOAS) لە زانکۆی لەندەن سازبکرێت. چمک لە ڕێگەی بەشداربوونی لەم گفتوگۆ پێکهاتەییانەدا لەگەڵ هاوبەشە سەرەکییەکانی وەک MRC، بەردەوامە لە بەهێزکردنی پردە ئەکادیمیی و سیاسییە نێودەوڵەتییەکانی، بە ئامانجی سوودوەرگرتن لە مۆدێلە جیهانییەکانی دادپەروەریی میدیایی بۆ دەوڵەمەندکردنی نەخشەڕێی سیاسەتی ستراتیژیی ١٠ ساڵەی داهاتووی کوردستان. بۆ بەدواداچوونی زیاتری چالاکییە نێودەوڵەتییەکانی چمک و پێشهاتەکانی کۆڕبەندی داهاتووی لەندەن، سەردانی ئەم بەستەرە بکەن:
https://forum.chmk.org











