چمک، لەندەن: سکرتاریەتی سێهەمین کۆڕبەندی نیشتیمانیی چمک بۆ ڕیفۆرمی میدیایی ڕۆژی هەیینی (26ی حوزەیرانی 2026) لە شاری لەندەنی پایتەختی بەریتانیا کۆبوویەوە و تاووتوێی دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی کرد کە بڕیارە لە ڕۆژانی 8-9ی تەمموزی 2026 وەک یەکهەمین کۆنفرانسی زانستیی نێودەوڵەتیی لە زانکۆی سۆواس لەندەن بەڕێوەبچێت.
لەو کۆبوونەوەیەدا؛ سەرۆک و ئەندامانی سکرتاریەتی کۆڕبەندەکە ئامادەبوون و تاووتوێی کۆتا لیستی ناوی توێژەران، وتاربێژان، ئامادەبووان و میوانانی فەرمیی کرا. پاشان هەڵسەنگاندنی ورد بۆ سەرجەم ئامادەکارییە زانستیی، کارگێڕیی و میدیاییەکانی کۆڕبەندەکە و پێداچوونەوە بە ڕێکارە لۆجستی و ئەکادیمییەکان کرا. دواتر؛ بەمەبەستی دڵنیابوونەوەی زیاتر لە بەڕێوەچوونی کۆڕبەندەکە بە بەرزترین کوالێتیی زانستیی و کارگێڕیی، بڕیاری ورد لەبارەی سەرجەم تهوهرهكان درا.
سێهەمین خولی کۆڕبەندی نیشتیمانیی چمک بۆ ڕیفۆرمی میدیایی لەژێر ناونیشانی «ڕیفۆرمی میدیایی لە هەرێمەکانی پاش ململانێ: کۆنفرانسێکی زانستیی نێودەوڵەتیی لەبارەی نەخشەڕێی سیاسەتی ستراتیژیی کوردستان» بەڕێوەدەچێت. ئەم خولەی کۆڕبەندەکە؛ بە سەرۆکایەتیی ڕێکخراوی چاودێریی میدیای کوردی (چمک) و بە هاوڕێکخەریی هەریەک لە دامەزراوەی پەروەردەیی کانگا (کیف) و دەزگای دیدگا بۆ پەرەپێدانی نێودەوڵەتیی (ڤیژن ئەید) بەڕێوەدەچێت. هەروەک چەندین نێوەندی ئەکادیمیی و پێشەیی پێذەنگی نێودەوڵەتیی لە بەریتانیا هاوبەشی سەرەکیی کۆڕبەندەکەن، لەوانە: هاوپەیمانێتیی ڕیفۆرمی میدیایی بەریتانیا (MRC)، سەنتەری توێژینەوەی میدیایی لیڤەهاڵم لە زانکۆی گۆڵدسمس، گۆڤاری نێودەوڵەتیی میدیای دیجیتاڵیی و سیاسەت (JDMP) لە خانەی چاپ و پەخشی ئینتڵیکت (Intellect) لە بەریتانیا.
ئەم بۆنە زابستییە نێودەوڵەتییە؛ بۆ ماوەی دوو ڕۆژ لە لایەن زانکۆی ناوداری سۆواس لە زانکۆی لەندەن میوانداریی دەکرێت و دەبێتە خاڵی وەرچەرخانی دەیان توێژەر، ئەکادیمی، هاوبەش و پسپۆڕانی میدیایی لە ناوەوە و دەرەوەی کوردستان. هەڵبەت ئامانجی سەرەکیی کۆڕبەندەکە؛ ئەنجامدانی گفتوگۆی چڕ و زانستییە بەمەبەستی تاووتوێکردن و داڕشتنی پێشنیازەکان بۆ «نەخشەڕێی سیاسەتی ستراتیژیی ڕیفۆرمی میدیایی کوردستان»، هەروەک هەموارکردنەوەی یاساکان، پاراستنی ماف و ئازادییەکانی دەربڕین و ڕۆژنامەگەریی، پێوەرەکانی ڕێسا پیشەییەکانی ڕاگەیاندن لە سەروەختی گۆڕانکارییە دیجیتاڵییەکاندا ئامانجێکی دیکەی ئەم خولەی کۆڕبەندەکەیە.
بۆ زانیاریی زیاتر لەبارەی کارنامە و پێشهاتەکانی کۆڕبەندەکە، دەتوانن سەردانی پۆرتاڵی فەرمیی کۆڕبەند بکەن لە ڕێگەی ئەم بەستەرەوە بەردەستە:
forum.chmk.org











